10:14 - 09/12/2018
زۆرینەی سلێمانیەكان پێیان وایە هەرێم بەئاراستەیەكی هەڵەدا دەڕوات
بەپێی راپرسیەك كە رێكخراوی ئێن دی ئای بەپشتیوانی دارایی حكومەتی بەریتانیا ئەنجامیداوە، ئاستی گەشبینی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا زیادیكردووە.
راپرسییەكە لەسێ پارێزگای سلێمانی ( هەولێر – سلێمانی – دهۆك) ئەنجامدراوە و تیایدا 14هەزار و 440 كەس تیایدا بەشداریكردووەو لەنێوان 17ی ئاب تا 11ی ئەیلولی ئەم ساڵ ئەنجامدراوە.
راپرسیەكە بەپێی تەمەن و رەگەز و شوێنی نیشتەجێبوون( شار و گوند) ئەنجامدراوە و ئەنجامی راپرسیەكە گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە هێشتا لە یەكترازان و ناڕەزامەندبوون لەگەڵ حكومەتی ناوەندبوونی هەیە،بەڵام هەندێك كراوەیی هەیە بۆ باشتركردنی پەیوەندیەكان لەگەڵ بەغدا.
هەروەها راپرسیەكە گەیشتوەتە ئەوەی لاوازی پرسەكانی ئابوری و كێشەی بودجەی چارەسەرنەكراو و مووچە بزوێنەری نیگەرانیەكانیخەڵكن بە گشتی.
لەبارەی سلێمانیشەوە راپرسیەكە گەیشتوەتە ئەوەی سەرتۆپكی پرسەكانی خەڵكی پارێزگای سلێمانی پرسی گەندەڵییە، هەروەها لەكاتێكدا مافەكانی ژنان بە شێوەیەكی بەرفراوان وەك رۆشناییەكی پۆزەتیڤ دەبینرێن لەم پارێزگایە.
راپرسیەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ئەو راستییەی پێی گەیشتوون ئەوەیە بوونی پەیوەندیی واستە و بەرتیل وەك پێویستی بۆ بەدەستهێنانی كار لەحكومەت دەبینرێن.
رێكخراوی ئێن دی ئای لەو راپرسیەدا نوسیویەتی، زۆرینەی بەشداربووانی سنوری پارێزگای سلێمانی قسەی جدیان لەسەر گەندەڵی كردووە، و ئاستی متمانەی خەڵك بەدامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم دابەزیووە، 2 هەزار و 344 كەس بەشداریان تێداكردووە.
هەرێمی كوردستان بەئاراستەیەكی هەڵەدا دەڕوات؟
بەپێی راپرسیەكە 79% بەشداربوانی سلێمانی پێیان وایە هەرێمی كوردستان بە ئاراستەیەكی هەڵەدا دەروات، بەڵام لە45% بەشداربووانی هەولێر و 47% بەشداربوانی دهۆك پێیان وایە هەرێم بە ئاراستەیەكی هەڵەدا دەروات، لەبەرامبەردا 20% بەشداربووانی سلێمانی و 46% هەولێر و 46% دهۆك پێیان وایە حكومەتی هەرێم بە ئاراستەیەكی راستدا دەروات.
پێداگری لەسەر مافەكان
بەپێی راپرسیەكە 72% بەشداربووانی سنوری پارێزگای سلێمانی پێداگری لەسەر یەكسانی مافەكان دەكەن، هەروەها لەپارێزگای هەولێر 38% و لەپارێزگای دهۆك 26%
واستە جێگەی نیگەرانی هاوڵاتیانە
بەپێی راپرسیەكە 71% بەشداربوان پێیان وایە پێویستی ناسینی كەسی مەبەست كاریگەری هەیە لەسەر دەستكەوتنی كار لەكەرتی گشتی و تایبەت، 20% پێیان وایە لێهاتووترین كەسەكان لەكەرتی تایبەت كاریان دەست دەكەوێت و 21% پێیان وایە لێهاتووترینەكان لەكەرتی گشتی كاریان دەست دەكەوێت.
متمانهبوون به دامهزراوهكانی حكومهت بهردهوامه له دابهزین
ژنان رۆڵیان باشتر بووە
60% ی بەشداربووان پێیان وایە رۆڵی ژنان لە سیاسەت و 54%ی یشیان پێیان وایە رۆڵی ژنان لە ژیانی گشتی باشتر بوو، لەبەرامبەردا 31% پێیان وایە رۆڵی ژنان لە سیاسەت و 33%ش پێیان وایە رۆڵی ژنان لە ژیانی گشتی خراپ بووە.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی راپرسیەكە سەردانی ئەم لینكە بكە
راپرسی رێكخراوی ئێن دی ئای