03:55 - 29/06/2019
زاخۆییه‌كان گۆڕیان بۆ مردن ده‌ستناكه‌وێت
گۆڕستانه‌كانى زاخۆ، شوێنى به‌تاڵیان بۆ گۆڕى نوێ تێدانه‌ماوه، كه‌سوكارى مردووان كات و هه‌وڵى زۆریان ده‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ى دوومه‌تر زه‌وى په‌یدابكه‌ن و مردووه‌كه‌یان بنێژن. زاخۆ دوو گۆڕستانى هه‌یه. یه‌كه‌میان له‌مێژه شوێنى تێدانه‌ماوه‌و پڕ له گۆڕبووه. دووه‌میش رووبه‌رێكى كه‌مى ماوه. گۆڕستانى سێیه‌مى زاخۆ تا ئێستا له‌نێوان نوسرواو نوسراوكارى فه‌رمانگه‌كانه، دیارنییه ئارامگه‌ى نوێى مردووانى زاخۆ كه‌ى ده‌كرێته‌وه.
سۆفی عەونی دانیشتووى قەزای زاخۆ، به‌ده‌م سه‌رقاڵى دۆزینه‌وه‌ى شوێنێك بۆ گۆڕى مامى، باسى له كۆژانى زاخۆییه‌كان كرد به ده‌ست بێشوێنى گۆڕه‌وه"شوێنی گەورە نەماوە، بۆ بە خاکسپاردنی مردوو، كاتژمێرێکه ده‌گه‌ڕێم بۆ شوێنێك ده‌ستم نه‌كه‌وتووه، گۆڕى لێهه‌ڵبكه‌نین".
شاره‌وانى زاخۆ تا ئێستا به‌فه‌رمى گۆڕستانى نوێى زاخۆى ده‌ستنیشان نه‌كردووه. سۆفى عه‌ونى، گوتى"نازانم بۆ شاره‌وانی زاخۆ شوێنێک دابین ناکات، له‌كاتێكدا زاخۆ خاوه‌نى رووبه‌رێكى فراوانى زه‌وییه، داوا دەکەم بە زووترین کات شوێنێک دابینبکات".
لاى مامۆستایانى ئاینى تێبینى دیكه هه‌یه و ته‌نها حكومه‌ت خه‌تابار نییه. ردوان سامی مامۆستای ئاینیى، بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، خەڵک شوێنێکی گەورە بە فیڕۆدەدات بۆ هه‌ڵكه‌ندنى گۆڕ، شوێنێكى گه‌وره ده‌گرن، كه گۆڕێك ئه‌وه‌نده زه‌وى پێویست نییه.
مامۆستا سامى ده‌ڵێت،"خه‌ڵكى شوێنى دووگۆڕ ده‌گرێت، بە بلۆک و چیمەنتۆ زەوی زیاتر ده‌گرێت، كه له‌ڕووى ئاینی-یه‌وه ئه‌مه دروست نییه".شاره‌وانى زاخۆ ده‌ڵێت، ٥٠ دۆنم زه‌وى بۆ گۆڕستانى نوێ ئاماده نییه.
دیندار سالم جێگری سەرۆکی شارەوانی زاخۆ، بۆ پەیسەر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، پێشتر چەندین جار داوایان لە پارێزگاى دهۆك، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شاره‌وانی و گەشتوگوزاری دھۆک و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كردووە، بۆ دابینکردنی زه‌وییه‌ک بۆ گۆڕستانی مردووەکان، سەرەتا وەڵامیان نەبوو.
دیندار سالم گوتیشى"بەڵام لەئێستادا پلانمان داناوە و زەوییەکی ٥٠ دۆنمیمان ئامادەکردووە، لە گوندی چەم مشکو، شوێنێکی دوور نییە بۆ ھاوڵاتیان، ئەم موڵکە ھی حکومەتە، ھیچ قەرەبوویەکیشى ناوێت، ره‌زامه‌ندى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانمان وه‌رگرتووه".
له زاخۆ دوو گۆڕستان هه‌یه، (تلکەبەر و زاخۆ)، زاخۆ له‌مێژه شوێنى بۆ مردوو تێدانه‌ماوه، تلكه‌به‌ریش رووبەرەکەی ٥٩ ھەزار و ٩٥٠ مەتری دووجایە، ئێستا ئیدى له تلكه‌به‌ریش به ئاسانى شوێن بۆ مردووان ده‌ستناكه‌وێت.