ڕاپۆرتی کوردستانی

01:52 - 29/06/2019

ده‌یان ساڵه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى مین نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌‌

پەیسەر

رووبه‌رێكى فراوانى زه‌وى مینڕێژكراو له‌ هه‌رێمى كوردستان، تا ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیانى هه‌زاران هاوڵاتى ده‌كه‌ن. گوندنشینان قوربانى یه‌كه‌مى مینن، مه‌رگ هه‌میشه‌ نزیكى ده‌رگاكه‌یانه‌. به‌رپرسێكى ده‌زگاى مین ده‌ڵێت، خاوێنكردنه‌وه‌ى زه‌وییه‌ مینڕێژكراوه‌كان له‌تواناى ئه‌وان به‌ده‌ره‌و هه‌وڵى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى پێویسته‌. ٢٦٥ كیلۆمه‌تر زه‌وى دووجا، به‌كه‌مینى مه‌رگ داچێندراو تا ئێستا پاكنه‌كراوه‌ته‌وه‌.

به‌ درێژایی سنوره‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتى ئێران، به‌ مین و ته‌قه‌مه‌نى چێندراوه‌ و زۆربه‌ى رووبه‌رى كێڵگه‌ مینڕێژكراوه‌كانیش، ده‌كه‌ونه‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى.

كێڵگه‌ مینڕێژكراوه‌كان چه‌نده‌ مێژووه‌كه‌یان كۆنتربێت، مه‌ترسییان زۆرترده‌بێت. كات كابوسى مین كاڵناكاته‌وه‌. مه‌رگێكى ئاماده‌و بێده‌نگ. مێژووى ئه‌و كێڵگانه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ساڵانى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو، به‌ڵام له‌ ساڵانى هه‌شتاكان تا شه‌ڕى ئێران-عێراق گه‌رمترده‌بوو.  رژێمى به‌عس رووبه‌رى زیاترى زه‌وى كشتوكاڵى و له‌وه‌ڕگاو دارستانى به‌مین داده‌پۆشى، ئێران-یش له‌وه‌دا درێغى نه‌ده‌كرد.

به‌پێى ئامارێكى ده‌زگاى كارووبارى مین له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ رووبه‌رى ئه‌و زه‌وییانه‌ى به‌ مین چێندرابوون، ٧٧٦ كیلۆمه‌تر دووجا بووه‌. ئێستا له‌و رووبه‌ره‌ ٢٦٥ كیلۆمه‌تر دووجاى وه‌ك خۆى ماوه‌و مین رووپۆشى كردوون و شوێنه‌واره‌كانى ژیان له‌و رووبه‌ره‌دا تا ئێستا سڕاوه‌یه‌، نازانرێت كه‌ى ئاوه‌دانى یاخود دڵنیایى بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. جگه‌ له‌و رووبه‌ره‌ زه‌وییه‌ى داعش به‌ مین و بۆمبه‌كانى مه‌رگڕێژى كردوون.

رووبه‌رى زه‌وییه‌ پاككراوه‌كان له‌ مین له‌ هه‌رێمى كوردستان، ٥١١ كیلۆمه‌تر دووجایه‌. عوبێد ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌كنیكى له‌ ده‌زگاى گشتى كاروبارى مین، بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، پێشتر رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رۆڵى گه‌وره‌یان بینیوه‌ له‌ پاككردنه‌وه‌ى كێڵگه‌كان و هۆشیاركردنه‌وه‌ى خه‌ڵك، به‌هۆى زۆرى كێڵگه‌كانى مینه‌وه‌ ئیستا پێویستیان به‌و رێكخراوانه‌هەیه‌.

له‌ دواى ساڵى ١٩٩٢، له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌زگایه‌كى تایبه‌ت نه‌بوو بۆ پاككردنه‌وه‌ى زه‌وییه‌ مینڕێژكراوه‌كان، له‌وكاته‌دا رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ستى هه‌رێمى كوردستانیان گرت، به‌ڵام ئێستا ئه‌و ده‌سته‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ نه‌ماوه‌و حكومه‌تى هه‌رێم خۆى خه‌ریكى پاككردنه‌وه‌ى زه‌وییه‌كانه‌.

عوبێد ده‌ڵێت، پاككردنه‌وه‌ى كێڵگه‌ پیسبووه‌كان له‌ تواناى ده‌زگاكه‌یان به‌ده‌ره‌،"گه‌ر ڕێكخراوه‌كان هاوكارنه‌بن، ناتوانین به‌ چه‌ندین ساڵى دیكه‌ش ئه‌و زه‌وییانه‌ پاك بكه‌ینه‌وه‌".

بێتوانایى و ده‌ستكورتى حكومه‌ت، بۆ پاككردنه‌وه‌ى كێڵگه‌كان هاوكاتە، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامى و هه‌ڵكشانى ژماره‌ى قوربانییه‌كان. به‌پێى ئامارى ئه‌و ده‌زگایه‌، له‌ هه‌رێمى كوردستان تا كۆتایی ساڵى ٢٠١٨ به‌هۆى مینه‌وه‌ ١٣ هەزارو ٥٢١ كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانى( شه‌هید و برینداربوون).

هۆشیار عەلى ناوێكى دیاره‌، له‌گه‌ڵ باسكردنى كێشه‌ى مین و ته‌قه‌مه‌نى ناوى ئه‌وه‌ش دێته‌ ناو باس. هۆشیار سەرووی دوو ملیۆن و نیو مینی جۆراوجۆری هەڵگرتووەتەوەو له‌و پرۆسه‌یه‌شدا هه‌ردوو قاچى له‌ده‌ستداوه‌. هۆشیار بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد. ئه‌و مینانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان چێندراون، یابانى، ڕوسی، ئه‌مریكى، ئێرانى، ئیتالی، ئه‌ڵمانی،  پۆڵه‌ندى و سویدین.

هۆشیار، له‌ ساڵانى هه‌شتاكانه‌وه‌ هاوڕێى مین و كێڵگه‌ مینڕێژكراوه‌كانه‌. به‌گوته‌ى خۆى تا ئێستا ٥٤٠ هەزار دۆنم زه‌وى له‌ مین پاككردووه‌ته‌وه‌، ١٦٢ كه‌سیشى له‌ كێڵگه‌ى مین رزگاركردووه‌، له‌شه‌ڕى داعش به‌شداربووه‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى مین.

هۆشیار ده‌ڵێت، زۆربه‌ى مینه‌كان له‌ وڵاتى ئیتالیا دروستكراون، مه‌ترسیداره‌كه‌یان جۆره‌كانى ڤاڵماراو ڤى ئێس-ه‌. زۆربه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى به‌ مین داپۆشراون، زه‌وى كشتوكاڵى و پاوان و جێگه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ن كه‌ به‌ ئاژه‌ڵدارییه‌وه‌ خه‌ریكن، ئه‌وه‌ش له‌مپه‌رى ژیانى ژماره‌یه‌كى زۆر خه‌ڵكه‌، ساڵانێكى زۆره‌ شێوه‌كانى ئاوه‌دانى له‌وناوچانه‌ سڕیوه‌ته‌وه‌.