پێده‌چێت ئه‌و میراتییه پڕكێشه‌یه‌ى كه بۆ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ماوه‌ته‌وه، ته‌نها كه‌موكوڕییه ئیدارییه‌كان و دۆسیه‌ى دارایى و گرفته‌كانى خزمه‌تگوزارى و به‌ڕێوه‌بردن نه‌بن، به‌ڵكو ده‌رده‌سه‌رى و خه‌وشوخاڵى سیاسى زۆرى له حكومه‌ته‌كانى پێشوو بۆ ده‌مێنێته‌وه. نه‌ریتى وه‌زاره‌تى به‌تاڵ و ناكۆكییه سیاسییه‌كان، وه‌ك پێشوو خۆیان ده‌كه‌ن به حه‌وشه‌ى كابینه نوێیه‌كه‌دا، له‌كاتێكدا سه‌رۆكى نوێ بانگه‌شه‌ى كابینه‌ى به‌هێز و ته‌كنۆكرات و كه‌سانى تایبه‌تمه‌ند ده‌كات بۆ كابینه‌كه‌ى. جیاواز له‌كابینه وەزارییه‌كانى دواى شه‌ڕى ناوخۆ، كابینه‌ى نۆیه‌م، كه بڕیاره مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكایه‌تى بكات، پێش له‌دایكبوونى كێشمه‌كێشم و ئاڵنگارى سیاسى زۆرى له‌ناوخۆدا لێئاڵاوه، دواى نۆ مانگ له هه‌ڵبژاردنى خولیى نوێی په‌رله‌مان، هێشتا نه‌سازانى یه‌كێتى و پارتى، رێگه‌ى به له‌دایكبوونى كابینه‌كه نه‌داوه. دوایین كۆبوونه‌وه‌ى نێوانیان ئاماژه‌ى باشى بۆ حكومه‌ته نوێیه‌كه پێ نییه. چاوه‌ڕوانده‌كرێت په‌تاى وه‌زارەتى به‌تاڵ له‌كابینه‌ى هه‌شته‌وه بۆ نۆش بگوازرێته‌وه. جگه له هه‌ڕه‌شه‌وگوڕه‌شه به‌رده‌وامه‌كان سه‌باره‌ت به دووئیداره‌یى، كه ئاسته‌نگێكى بچوك نابن بۆ ستافى نوێى حكومه‌ت و رێگە له مه‌ینیى به‌رنامه سیاسییه‌كه‌ى ده‌گرێت. زانیارییه‌كان چین دوایین كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى، ته‌نها یه‌ك تروسكایى تێدابووه بۆ رێككه‌وتن(دواخستنى كاتى راده‌ستكردنى كاندیده‌كانى كابینه‌ى وه‌زاریى)، مه‌سرور بارزانى به‌م داوایه‌ى یه‌كێتى ره‌زامه‌ند بووه، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ى چوارشه‌ممه، درزى نێوانى هه‌ردوو حزبى هه‌ندێكى دیكه گه‌وره‌تر كردووه، نیگه‌رانییه‌كانى یه‌كێتى زیاتربوون، كاتێك له‌سه‌ر مێزى دانوستان شاندى یه‌كێتى له رێككه‌وتنى پارتى و به‌غدا، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پارتى بۆ كه‌ركوك به‌ئاگابوون. یه‌كێتى ترسى هه‌یه ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه به جۆرێك بێت له‌سه‌ر حسابى پێگه‌و پۆسته‌كانى ئه‌وبێت، بۆیه پێناچێت نه‌خشه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ى به‌دڵ بێت. ئه‌وه ئاوى دانوستانه‌كان لێڵتر ده‌كات، كه چیتر یه‌كێتى ته‌نها خه‌مى پۆستی پارێزگارى نییه. به‌ڵكو ده‌بێت خه‌مى هه‌موو پۆسته‌كانى دیكه‌ش بخوات له شاره‌كه. به تایبه‌ت پۆسته ئه‌منییه‌كان. به‌پێى زانیارییه‌كانی پەیسەر، هێزى ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ى پارتى بۆ چه‌ند شوێنێكى دیاریكراو له كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێنه‌وه. ئه‌وه‌ش یه‌كێتى دوودڵكردووه كه هه‌رچه‌نده خۆى پێگه‌ى جه‌ماوه‌ریى هه‌یه له بابه‌گوڕگوڕ، به‌ڵام له‌ده‌سه‌ڵات داماڵراوه‌و وه‌ك هێزێكى مه‌ده‌نى له كه‌ركوك رێگه به بوونى ده‌درێت، یه‌كێتى گله‌یى ئه‌وه‌یكردووه كه ده‌بوو گه‌ڕانه‌وه به‌ڕاوێژ بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وان نه‌ك به‌غدا. گرێى پارێزگاریش وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه. ته‌نها یه‌ك پێشهاتى ئه‌رێنى هه‌بوو(رازیبوونى پارتى به كاندیدكردنى لیواجه‌مال تاهیر)، به‌ڵام یه‌كێتى زوو ئه‌و كاندیده‌ى كشانه‌وه. ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن كه وه‌زاره‌ته‌كانى یه‌كێتى(پێنج وه‌زاره‌تى حازر و دانه‌یه‌كى دروستنه‌كراوه) به‌به‌تاڵى بمێننه‌وه، وەزارەتی چۆڵ یاخود وەزارەتی بەوەکالەت و وزیری دوو وەزارەت، په‌تاى كابینه‌ى هه‌شته‌و دیسان یه‌خه‌ى كابینه نوێیه‌كه‌ش ده‌گرێته‌وه، ئه‌وه‌ش بۆشاییه‌كى گه‌وره ده‌بێت بۆ كابینه‌یه‌ك كه كێشه‌وئاڵنگاری زۆروزه‌به‌ند له حه‌وشه‌كه‌یه‌تى. دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆى كابینه‌ى هه‌شت به‌ڵام به‌شێوازیى لێڵتر، نازانرێت كه بۆشاییە چاوەڕوانکراوەکان كه‌ى و چۆن پڕده‌كرێنه‌وه، كه‌ی ئه‌و كابینه ساوایه ده‌كه‌وێته سه‌رقاچه‌كانى، له‌دۆخێكى وه‌هادا كابینه‌یه‌ك به پێنج وه‌زاره‌تى چۆڵه‌وه ده‌ستپێبكات، له‌كۆى ١٩ وه‌زاره‌ت، پێناچێت وازوو جێپێى خۆى قایم بكات. له‌كابینه‌ى هه‌شتى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، وەزاره‌ته‌كانى(دارایى، ئه‌وقاف، بازرگانى و پیشه‌سازى، پێشمه‌رگه) له‌گه‌ڵ دوورخستنه‌وه‌ى گۆڕان له حكومه‌ت چۆڵ بوون، دواتر وه‌زاره‌ته‌كانى، كشتوكاڵ، كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و گواستنه‌وه‌وگه‌یاندن، به‌هۆى كشانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو چۆڵ بوون، جگه له سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مین و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى ژینگه‌و سه‌رۆكى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان. ئه‌گه‌رچى سه‌رۆكى كابینه‌كه ئه‌م وه‌زاره‌تانه‌ى به وه‌زیره‌كانى به‌رده‌ستى سپارد، به‌شێك له وه‌زیره‌كان دوو وه‌زاره‌تیان لابوو، به‌ڵام كاریگه‌رى قورسى هه‌بوون، كابینه‌كه بێ زیان له‌و ته‌نگه‌به‌ره ده‌رنه‌چوو. به‌پێى ئه‌و به‌ركه‌وتانه‌ى یه‌كێتى بێت، كه رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كردووه، ئه‌گه‌ر یه‌كێتى به‌مزووانه كاندیده‌كانى خۆى یه‌كلانه‌كاته‌وه‌و پێشكه‌شیان نه‌كات، وه‌زاره‌ته‌كانى پێشمه‌رگه، خوێندنى باڵا، رۆشنبیرى، كشتوكاڵ، پلاندانان، چۆڵ ده‌بن، سه‌ره‌ڕاى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت. بژارده‌یه‌كى له‌وجۆره ده‌ستپێكێكى باش نابێت بۆ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، پێده‌چێت مه‌سرور بارزانیش هه‌رله‌به‌رئه‌وه داواكارى یه‌كێتى بۆ دواخستنى واده‌ى پێشكه‌شكردنى كاندیده‌كانی لا په‌سه‌ند بووبێت، هه‌رچه‌نده پێشتر پارتى ئه‌مڕۆى وه‌ك دوا واده د‌یاریكردبوو بۆ لایه‌نه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى كاندیده‌كانى خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن. تائێستا ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن كابینه‌ى نوێ، به‌رێگه‌ى پڕكێشه‌ى كابینه‌ى وه‌زارى پێشتردا ڕێبكات. ئه‌گه‌رچى وه‌زاره‌تى به‌تاڵ ته‌نها له‌مپه‌رى به‌رده‌مى نابێت. ته‌حه‌داى ئاڵۆزى دیكه هه‌ڕه‌شه له ئه‌گه‌ره‌كانى سه‌ركه‌وتنى ئه‌و كابینه‌یه ده‌كه‌ن، مه‌له‌فه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، كێشه هه‌رێمییه‌كانى وڵاتان، ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌رى شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تاران. كێشه‌ى كه‌ركوك-و ناوچه جێناكۆكه‌كان، ئابورى سه‌ربه‌خۆ، فایلى نه‌وت و وزه، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌و په‌كه‌كه، قه‌یرانى دارایى. چاڵى و چۆڵى مه‌ترسیدارى به‌رده‌م كابینه‌ى حكومه‌ت، به‌ڵام هه‌ر كه‌لێنێك له تیمى حكومه‌ته‌كه‌وه، ئه‌و ئاسته‌نگانه قه‌به‌تر ده‌كات به‌رامبه‌ری. له‌هه‌موو دۆخێك‌دا كابینه‌یه‌كى یه‌كگرتوو ده‌توانێت تۆكمەتر رووبه‌ڕووى ئاڵنگارییه‌كان ببێته‌وه، به‌ڵام هه‌ركێشه‌یه‌كى سیاسى درزى زۆر له‌شوێنپێى حكومه‌تدا دروستده‌كات. كابینه‌یه‌ك به‌لێكترازان و ده‌ستبادانى لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه، باره‌كه‌ى گرانتر ده‌بێت و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌بێته ئه‌ركێكى مه‌حاڵ بۆى. له‌ده‌ستپێكى ره‌وینه‌وه‌ى تارمایى قه‌یرانى دارایى ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ده‌چوون، كه حكومه‌تێك له‌دایك ده‌بێت وه‌ك پێشتر ده‌ستكورت و گیرۆده‌ى بێ پاره‌یى نابێت. باشبوونى نێوانى هه‌ولێر و به‌غداش و ره‌وانه‌كردنى مووچه، ئاماژه‌ى دیكه‌ن كه ئه‌گه‌رى ئه‌وه به هه‌ركابینه‌یه‌كى حكومه‌ت ده‌ده‌ن بیپه‌رژێته سه‌ر خه‌ڵك و پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان. كێشه سیاسییه‌كان و دواكه‌وتنى دوورمه‌وداى دروستكردنى حكومه‌ت، به‌هێواشى ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ى له‌به‌رچاوان كه‌مكردنه‌وه‌و ته‌نكیكردن كه بۆ له‌دایكبوونى حكومه‌تێكى به‌هێز باسده‌كران، ئه‌گه‌رچى ئێستاش چانسى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و چاره‌سه‌رى گرفتی مووچه نه‌سووتاوه‌و وه‌ك پێشتر قه‌رزو قه‌یران نه‌كه‌وتووه‌ته سه‌رئێسقان. به‌ڵام به‌رده‌وامى گرفته سیاسییه‌كان و رێكنه‌كەوتنى حزبه‌كان، كابووسى به‌رده‌م هه‌موو ئه‌گه‌ره باشه‌كانن بۆ كابینه‌ى نوێ. ره‌نگه دووركه‌وتنه‌وه‌ى زیاترى له دایكبوونى حكومه‌ت و درێژبوونه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه بێئه‌نجامه‌كان، دانه دانه ته‌نگ به‌و ئاماژه باشانه هه‌ڵبچنێت كه سه‌باره‌ت به كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان باس ده‌كرێن .
تورکیا چەندە جدییە عێراقیش هەر ئەوەندە!
عێراق؛ پڕۆژەی فاوی گەورە کوردستان؛ دوو بەرەکی بەردەوام !
بنەچەى پەتاکە لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە؟
مرۆڤ لە بەخێوکردن زیاتری دەوێت