ڕاپۆرتی کوردستانی

06:57 - 26/06/2019

ناوه‌رۆكى فایله‌كه‌ى كارو قه‌یوان له‌ په‌رله‌مانى عێراق؟‌

پەیسەر

دوو دۆسیه‌ى كۆمپانیاى (كار)ى پارتى و كۆمپانیاى (قه‌یوان)ى یه‌كێتى، له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق-ه‌وه‌، كه‌وتوونه‌ته‌ نێو مشتومڕو لێكۆڵینه‌وه‌. هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاران ده‌ڵێن، دۆسیه‌ى گرێبه‌ستى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانى نه‌وت و كاره‌باى حكومه‌تى عێراق، گه‌نده‌ڵى گه‌وره‌ى تێدایه‌، گومانیان هه‌یه‌ گرێبه‌سته‌ زه‌به‌لاحه‌كان له‌سه‌ر حسابى مووچه‌و به‌رژەوه‌ندییه‌كانى خه‌ڵك بێت.

له‌ساڵى (٢٠١٧) ه‌وه‌، به‌دیاریكراوى له‌دواى رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، هه‌ردوو كۆمپانیاى كار و قه‌یوان، گرێبه‌ستى قه‌به‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زاره‌تى نه‌وت و كاره‌باى عێراق بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ ئه‌نجامداوه‌. ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ به‌گوته‌ى په‌رله‌مانتاران له‌ژێر چاودێرى په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌كانى چاودێرى دارایى و ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى نه‌كراون. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئه‌و دووكۆمپانیایه‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت، به‌ ١٠ دۆلار ده‌پاڵێون بۆ حكومه‌تى عێراق. به‌ گوته‌ى غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران"نرخى راسته‌قینه‌ی پاڵاوتنى به‌رمیلێك پێنج دۆلاره‌، گومانمان هه‌یه‌ ئه‌مه‌ چاوپۆشییه‌كى دوولایه‌نه‌ بێت(كۆمپانیاى كار و قه‌یوان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى نه‌وت)، بۆ ده‌ستكه‌وتنى داهات به‌رێگه‌ى ناشه‌رعى".

له‌بوارى كاره‌باش، كۆمپانیای كار ٢٠٠ مێگاوات و كۆمپانیا قەیوان ١٢٥ مێگاوات، كاره‌با بۆ حكومه‌تى عێراق به‌رهه‌مده‌هێنن. غالب محه‌مه‌د بۆ په‌یسه‌رپرێس ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، له‌ گرێبه‌سته‌كانى كاره‌باش گومانى زۆر هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ر كیلۆواتێك به‌ چوار سه‌نت به‌رهه‌مده‌هێنن، ئه‌وه‌ش نرخێكى زۆره‌. جگه‌ له‌وه‌ى زیان له‌ خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان ده‌دات، چونكه‌ هه‌ردوو كۆمپانیا به‌ تۆڕه‌كانى كاره‌باى حكومه‌تى هه‌رێم، كاره‌باكه‌یان بۆ حكومه‌تى عێراق ده‌گوازنه‌وه‌ بێئه‌وه‌ى هیچ پاره‌یه‌كیش بده‌ن. له‌كاتێكدا حكومه‌تى هه‌رێم خۆى كێشه‌ى تۆڕو وێستگه‌كانى كاره‌باى هه‌یه‌، به‌ڵام دوو وێستگه‌ى گه‌وره‌و تۆڕه‌كانى گواستنه‌وه‌ى كاره‌باى هه‌رێم، خراونه‌ته‌ خزمه‌تى ئه‌و دوو كۆمپانیایه‌وه‌. له‌كاتێكدا هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان گیرۆده‌ى گرفتى كاره‌بان.

زیانه‌كانى گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانیش بۆ خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان، به‌گوته‌ى په‌رله‌مانتاره‌كان ئه‌وه‌یه‌، كۆمپانیاكان سوته‌مه‌نى بۆ شوێنى دیكه‌ به‌رهه‌مده‌هێنن، له‌كاتێكدا خه‌ڵكى له‌هه‌رێمى كوردستان به‌ نرخى گران سوته‌مه‌نى ده‌كڕن"کاتێک داوای سوتەمەنی لە عێراق دەكەیت، دەڵێت ئێمە لای ئێوە دەستمان دەكەوێت و لە پاڵاوگەكانی ئێوە نەوتی خاو دەپاڵێوین كەچی داوا لە ئێمە دەكەن. ئەوان نازانن كە ئەم دوو پاڵاوگە بۆ یەكێتی و پارتی كاردەكات نەك بۆ هاوڵاتیانی هەرێم".

ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بڕیاریداوه‌ لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ پێكبهێندرێت، لاپه‌ره‌كانى ئه‌م گرێبه‌سته‌ هه‌ڵبدرێته‌وه‌. جارێ دیار نییه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ى وه‌ك زۆرینه‌ى لیژنه‌كانى دیكه‌ ده‌بێت، یاخود ده‌گاته‌ لێپرسینه‌وه‌و بانگكردنى وه‌زیر و سزادانى كۆمپانیاكان.

په‌رله‌مانتاران سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین و غالب محه‌مه‌د، گومانى خۆیان نەشارده‌وه‌ له‌م گرێبه‌سته‌ زه‌به‌لاحانه‌، كه‌ به‌گوته‌ى خۆیان قه‌باره‌كه‌ى ملیاران دۆلاره‌. له‌كاتێكدا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا له‌ دووساڵى رابردوو له‌ خراپترین دۆخیدا بووه‌، به‌ڵام گرێبه‌ستى قه‌به‌و رووپۆشكراو واژۆكراوه‌."ئێمە دەپرسین، کۆمپانیاکانی کار و قەیوان لەسەر حسابی کێ ئەم گرێبەستە ملیاران دۆلارانە دەکەن لەگەڵ عێراق، بۆیە گرنگە هاوڵاتیانی کوردستان بزانن کە بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاکانیان، چۆن مەلەفی نەوت و مووچەی کوردستان خراوەتە مەزادی گرێبەست و رێکەوتنی ژێربەژێر بە ناوی سەربەخۆیی ئابوری".

تیمى پارتى و یه‌كێتى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، هه‌وڵیانداوه‌ رێگه‌نه‌ده‌ن ئه‌و بڕگه‌یه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ى كارى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌وه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ دووجار له‌به‌رنامه‌ى كار دواخراوه‌. ئه‌وه‌ش به‌ گوته‌ى په‌رله‌مانتاره‌كان، به‌ڵام داواجار سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بڕیارى دروستكردنى لیژنه‌ى داوه‌. 

هه‌ڵدانه‌وه‌ى فایلى (قه‌یوان و كار)، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌ولێر بۆ به‌غدا. نێچیرڤان بارزانى خواستى خۆى ده‌ربڕیوه‌ بۆ راده‌ستكردنى نه‌وت، به‌وه‌ش نێوانى هه‌رێم و ناوه‌ند رووه‌و ئاساییبوونه‌وه‌ هه‌نگاوى ناوه‌. دیارنییه‌ دۆسیه‌ى گرێبه‌سته‌كانى كۆمپانیاكانى یه‌كێتى و پارتى له‌ دۆخێكدا كه‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ره‌و لێكتێگه‌شتن ده‌ڕوات، چه‌نده‌ به‌زیانى هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدارى هه‌رێمى كوردستان ده‌جوڵێندرێت، به‌غدا بێ ره‌چاوكردنى خواستى یه‌كێتى و پارتى ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌ یاخود چاوپۆشى لێده‌كرێت و جموجوڵى په‌رله‌مانتاره‌كان بێئه‌نجام ده‌بێت؟