03:12 - 25/06/2019
روونكردنه‌وه‌كان هۆكارى بردنه‌دواوه‌ى زه‌ینه‌ب لێڵترده‌كه‌ن
روونكردنه‌وه‌كانى وه‌زیر و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده، سه‌باره‌ت به گۆڕینى شوێنى وه‌ستانى زه‌ینه‌ب-ی نیقاب پۆش (یه‌كێك له كچه خوێندكاره یه‌كه‌مه‌كانى قۆناغى ١٢)، له مه‌راسیمى راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كان، مشتومڕه‌كانى گەرمتركرد. روونكردنه‌وه‌كان باس له كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر ده‌كه‌ن بۆ ریزكردنى خوێندكاره‌كان. په‌یسه‌ر له یه‌كێك له خوێندكاره یه‌كه‌مه‌كانه‌وه زانیارى سه‌باره‌ت به بردنه‌دواوه‌ى زەینەب بڵاوده‌كاته‌وه. وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ش په‌یوه‌ندى به ماڵى زه‌ینه‌ب-ه‌وه ده‌كات.
رووداوه‌كه ده‌نگۆو مشتومڕى زۆرى درووستكرد، زۆرینه‌ى بۆچوونه‌كان كه خرانه‌ڕوو، ئیدانه‌ى ئه‌و حاڵه‌ته‌یان كرد، وایان لێكدایه‌وه كه به‌هۆى نیقابه‌كه‌یه‌وه ئه‌و خاتوونه خوێندكاره براوه‌ته ریزى كۆتایى له‌ریزى پێشه‌وه لابراوه، هه‌ندێك ئه‌وه‌یان وه‌ك پێشێلكارى دژ به ئازادییه‌كانى تاك لێكدایه‌وه. هه‌ندێكیش ده‌ڵێن، ئه‌و حاڵه‌ته له دژایه‌تى نیقاب و دینیى ئیسلامه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه.
یه‌كێك له خوێندكاره یه‌كه‌مه‌كان كه له مه‌راسیمه‌كه ئاماده‌بوو، له نزیكه‌وه ئاگادارى ئه‌و شوێنگۆڕینه‌بوو بۆ په‌یسه‌ر قسه‌یكرد، ئه‌وه نه‌یوست ناوى بڵابكرێته‌وه‌و گوتى، به زه‌ینه‌ب-یان گوتووه بچێته ریزى دواوه بوه‌ستێت، ئه‌و ره‌تیكرده‌وه به‌پێى ریزبه‌ندى نمره ریزه‌كان دیاریكرابن، به‌وپێیه‌ى خۆى یه‌كه‌م بووه به‌ڵام له ریزى یه‌كه‌م نه‌وه‌ستاوه، چه‌ند كه‌سێكیش له ریزى یه‌كه‌م بوون، كه پله‌ى دووه‌م یاخود سێیه‌میان هه‌بووه.
گوته‌كانى ئه‌و خوێندكاره بۆ په‌یسه‌ر، له‌كاتێكدایه روونكردنه‌وه‌ى لیژنه‌ى ئه‌زموونه‌كان ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبوو، كه ریزى وه‌ستانى خوێندكاره‌كان له مه‌راسیمه‌كه به‌پێى ریزبه‌ندى نمره‌كان بووه، به‌جۆرێك یه‌كه‌مه‌كان له‌ریزى یه‌كه‌م و دووه‌مه‌كان له ریزى دووه‌م، سێیه‌مه‌كانیش له سێیه‌م ریز وه‌ستاون. به‌ڵام به‌پێى به‌دواداچوونى په‌یسه‌ر، ریزبه‌ندییه‌كه به‌پێى نمره رێكنه‌خراوه، ته‌نانه‌ت زینه‌ب كه پله‌ى دووه‌م بووه ده‌خرێته ریزى سێیه‌م و كۆتایى.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر له‌دواى كاردانه‌وه زۆره‌كانى رووداوه‌كه، پشتیوان سادق وه‌زیرى په‌روه‌رده په‌یوه‌ندى به به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان-ه‌وه كردووه‌و رایسپاردووه، كه سه‌ردانى ماڵى زه‌ینه‌ب بكات، له ناحیه‌ى رزگارى له نزیك قه‌زاى كه‌لار. به‌پێى زانیارییه‌كان وه‌زیرى په‌روه‌رده په‌یامى ئه‌وه‌ى بۆ ماڵى زینه‌ب ناردووه كه قسه بۆ راگه‌یاندنه‌كان نه‌كه‌ن و له ده‌رفه‌تێكدا خۆى پێشوازییان لێده‌كات و له‌نزیكه‌وه ده‌یانبینێت. تا ئێستا زه‌ینه‌ب و باوكى قسه‌یه‌كى ئه‌وتۆیان بۆ راگه‌یاندنه‌كان نه‌كردووه. ئه‌گه‌رچى زه‌ینه‌ب لە لێدوانێكى كورتدا بۆ په‌یام دڵته‌نگى خۆى راگه‌یاند له گۆڕینى شوێنى وه‌ستانه‌كه.
به‌پێى زانیارییه‌كان زه‌ینه‌ب گوتویه‌تى، كه پێیان گوتووه، شوێنه‌كه‌ى بگۆڕێت و باڵابه‌رزه‌كان بچنه ریزى دواوه‌و به‌پێى ریزبه‌ندى پله‌كانیان له‌ریزه‌كان بوه‌ستن. به‌ڵام به‌پێى ئه‌و گوته‌یه بێت، خۆى له‌وانه‌ى پێشه‌وه باڵاى به‌رزتر نه‌بووه‌و جگه‌له‌وه‌ش له‌برى ریزى دووه‌م براوه‌ته ریزى سێیه‌م. ئه‌گه‌رچى روونكردنه‌وه‌ى لیژنه‌ى ئاماده‌كارى مه‌راسیمه‌كه له وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده، ده‌ڵێت، زینه‌ب له ریزى دووه‌م بووه.
وه‌زیرى په‌روه‌رده له چاوپێكه‌وتنێكى له كه‌ناڵى رووداو گوتى، ئه‌گه‌ر له ١٥ خوێندكار كه‌متر ئاڵوگۆڕى پێكرابێت، ئه‌و ئاماده‌یه داواى لێبوردن له زه‌ینه‌ب و باوكى زه‌ینه‌ب بكات، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كان چه‌ند خوێندكارێكى كه‌م ئاڵ‌وگۆڕیان پێكراوه(دوو بۆ سێ خوێندكار). وه‌زیرى په‌روه‌رده له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا باسى له هیچ پێوه‌رێك نه‌كرد بۆ ریزكردنى خوێندكاره‌كان، باسى له هیچ هۆكارێكیش نه‌كرد، ته‌نها ره‌تیكرده‌وه كه بردنه دواوه‌ى زه‌ینه‌ب په‌یوه‌ندى به نیقابه‌یه‌كه‌وه هه‌بووبێت، بۆئه‌وه به‌ڵگه‌یه‌كى ئه‌وتۆى نه‌خسته‌ڕوو. جه‌ختى له روونكردنه‌وه‌كه‌ى وه‌زاره‌تیش نه‌كرده‌وه كه گوتبووى به‌پێوه‌رى پله‌كانیان ریزه‌كان دیاریكراون. وزیری پەروەردە لەبەشێکی قسەکانیدا خۆی بێبەریکردوو گوتی، کاری لیژنەکە پەیوەندی بەوەوە نییە.
لیژنه تایبه‌تەكه‌ى وه‌زاره‌ت له روونكردنه‌وه‌كه‌دا ده‌ڵێت"ئەم پروپاگەندانە هەوڵێکە بۆ شاردنەوەى ئەو سەرکەوتنەى پڕۆسەى ئەزموونەکانى ئەمساڵ، کە ئاستى دەرچوون بە بەراوردى ساڵى ڕابردوو، دوو بەرامبەرە"ئه‌وه له كاتێكدایه كه خوێندكاران چه‌ندین خۆپیشاندانیان كرد دژى ئه‌و هه‌ڵانه‌ى له تاقیكردنه‌وه‌كان هه‌بوون، به‌ڵام وه‌ڵامێكى ئه‌وتۆیان نه‌درایه‌وه. به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى له گرته‌یه‌كى ڤیدیۆییدا ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر به‌گوێى ئه‌ویان بكردایه پرسیاره‌كان ٤٩ هه‌ڵه‌ى تێدانه‌بوو.
به سه‌رنجدان له روونكردنه‌وه‌كانى وه‌زاره‌ت و قسه‌كانى وه‌زیر، هۆكارى بردنه‌دواوه‌ى كچه خوێندكاره‌كه ناڕوونترده‌بێت، به‌وپێیه‌ى وه‌ستانى خوێندكاره‌كان به‌پێى پێوه‌رێكى دیاریكراو نییه. نه‌به‌پێى باڵا نه‌به‌پێى پله‌كانیان وه‌ك خۆیان باسى ده‌كه‌ن. دوو گریمانه ده‌مێنێته‌وه، یاخود حاڵه‌تێكى هه‌ره‌مه‌كى بووه‌و له‌خۆوه‌و بێ مه‌به‌ست ئه‌و گۆڕانكارییه كراوه، یاخود وه‌ك ئه‌وه‌ى زۆرێك له خه‌ڵكى بۆچوونیان به‌وجۆره‌یه كه‌به‌هۆى نیقابه‌كه‌یه‌وه ئه‌و خاتونه له‌ریزى پێشه‌وه لابراوه.