ڕاپۆرتی کوردستانی

07:23 - 24/06/2019

یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ى دیبلۆماسیى سه‌رۆكانه‌ى نێچیرڤان بارزانى‌

پەیسەر

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ یه‌كه‌م مانۆڕى دیبلۆماسى خۆى وه‌ك سه‌رۆك، هه‌ندێك خاڵى لاواز و هه‌ندێك رۆڵى هاوسه‌نگیشى خسته‌ڕوو. سه‌ردانه‌ كوتوپڕه‌كه‌ى كه‌ یه‌كه‌م جوڵه‌ى بوو بۆ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، دواى وه‌رگرتنى پۆسته‌ نوێیه‌كه‌ى بۆنى گۆڕانكارى لێهات، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر، به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌، به‌ڵام پاڵه‌وانى ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ جارێ روون نییه‌ له‌كام پایته‌خت ده‌بێت.

ئایا سه‌رۆكى هه‌رێم له‌یه‌كه‌م گه‌رى دیبلۆماسی خۆیدا سه‌رۆكانه‌ ده‌ركه‌وت؟ یاخود ره‌خنه‌كانى رابردووى، له‌سه‌ر سه‌ردانى شانده‌كانى هه‌رێم دووباره‌كرده‌وه‌؟ ئایا یه‌كه‌م گه‌رى دیبلۆماسیى سه‌رۆك سه‌ركه‌وتووبوو؟ یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه‌، سیماى قۆناغێكى لاوازى هه‌رێمه‌كه‌ى پیشاندا له‌ به‌غداو له‌ ئه‌نقه‌ره‌ش؟ ئایا سه‌ردانه‌كه‌ به‌ردێك ده‌خاته‌ سه‌ر به‌ردێك، یاخود وه‌ك جموجوڵه‌ دیبلۆماسییه‌كانى دیكه‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى كێشه‌كان ناڕوات؟ توانا دیبلۆماسییه‌كانى سه‌رۆك له‌یه‌كه‌م گه‌ڕیدا چه‌نده‌ بوو؟ چه‌نده‌ به‌خێر بۆ خه‌ڵكى ده‌شكێته‌وه‌؟ 

سه‌ردانێكى پێشتر رانه‌گه‌یه‌ندراو و كوتوپڕ بۆ به‌غدا، كه‌ په‌له‌په‌لى پێوه‌دیاربوو، رێوشوێنه‌ پرۆتۆكۆلییه‌كان سیماى پێشوازییان له‌ سه‌رۆكێك پێوه‌دیارنه‌بوو، به‌ڵام ناوه‌رۆكه‌كه‌ى چه‌ند بابه‌تێكى هه‌ستیار و كێشه‌له‌سه‌رى له‌خۆگرتبوو. وادێته‌ پێشچاو كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كیش بێت ئاوێكى به‌و ئاگره‌دا كردبێت، كه‌ له‌به‌غداوه‌ به‌هێواشى سه‌رى هه‌ڵدابوو. راسته‌وخۆ فڕین له‌به‌غداوه‌ به‌ره‌و ئه‌نقه‌ره‌ پێده‌چێت سیماى ده‌ستپێكى ئه‌و قۆناغه‌ نوێیه‌ بێت، كه‌ ئه‌ندازیاره‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدى و ئه‌ردۆغان بوون و سنورێكیان بۆ نێوانه‌ دووقۆڵییه‌كه‌ى هه‌رێم و توركیا كێشا.

له‌سه‌ردانه‌كه‌ وه‌ك سه‌رۆكێك رێوشوێنى پرۆتۆكۆلى ئه‌وتۆ بۆ نێچیرڤان بارزانى رێك نه‌خرا. له‌به‌غدا و له‌ ئه‌نقه‌ره‌ش پێشوازیى ئاسایى لێكرا. رێوشوێنه‌كانى پێشوازى بۆ دوایین سه‌ردانى جیاوازى ئه‌وتۆى نه‌بوو له‌سه‌ردانه‌كانى پێشووى، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران بوو پێشوازى گه‌رمترى لێده‌كرا. ئه‌گه‌رچى گه‌رمى ئه‌و جۆره‌ مه‌راسیمانه‌ زۆرجار په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ هه‌ژموون و سه‌نگوپێگه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌. بۆچوونێكیش هه‌یه‌ كه‌ دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان هه‌رئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵده‌گرێت،  هه‌رێمى كوردستان كارتى كه‌مى له‌ده‌ستدا ماون و زۆرتر بۆ چاره‌سه‌ر رووى له‌به‌غدایه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدیدا، نێچیرڤان بارزانى گوتى، ئه‌وان وه‌ك قوڵایى ستراتیژى له‌به‌غدا ده‌ڕوانن، هه‌ربۆیه‌ش به‌غدا یه‌كه‌م وێستگه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى بووه‌. ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ى روونى ئه‌و قۆناغه‌یه‌ كه‌ ئیدى نێچیرڤان له‌به‌غداوه‌ به‌دواى چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێت، وه‌ك پێشتر ده‌رگاى ئه‌نقه‌ره‌ى به‌روودا كراوه‌ نییه‌.

پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ ئه‌نقه‌ره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون، كه‌ گرێبه‌سته‌ ٥٠ ساڵییه‌كه‌ى نه‌وت چیدیكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان نه‌مێنێت و لایه‌نى یه‌كه‌م به‌غدابێت و دووه‌میش ئه‌نقه‌ره‌. نێچیرڤان بارزانى باش ئاگادارى ئه‌و پێشهاتانه‌ بوو کە له‌ ئه‌نقه‌ره‌و سه‌ریان ده‌رهێناوه‌. ده‌شزانێت عه‌بدولمه‌هدى خۆوه‌به‌ره‌یه‌و نێوانى خۆشتره‌ له‌گه‌ڵ توركیا به‌ به‌راورد به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ى عه‌بادى هه‌یبوو. ته‌نانه‌ت عه‌بدولمه‌هدى ئه‌و سكاڵایه‌ى عه‌بادى راگرت كه‌ له‌فه‌ره‌نسا له‌سه‌ر توركیا تۆماریكردبوو، به‌تۆمه‌تى ناده‌ستووریبوونى مامه‌ڵه‌ى نه‌وتیى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نقه‌ره‌. ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ پێشوه‌خته‌ى ئه‌ردۆغان و عه‌بدولمه‌هدى بێت، وایكردبێت نێچیرڤان بارزانى یه‌كه‌م گه‌رى دیبلۆماسى به‌هه‌ندێك خاڵى لاوازه‌وه‌ تێبپه‌ڕێنێت.

خاڵێكى دیكه‌ى لاواز كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى دیسان هاوشێوه‌ى زۆربه‌ى سه‌ردانه‌كانى پێشوو دووباره‌یكرده‌وه‌، ناڕوونى ئه‌جێنداى سه‌ردانه‌كه‌و بێ ئاگایى په‌رله‌مانى كوردستان بوو له‌سه‌ردانه‌كه‌. ئه‌و كه‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مه‌ له‌ په‌رله‌مان متمانه‌ى پێدراوه‌ كه‌ ببێته‌ سه‌رۆك، له‌یه‌كه‌م سه‌ردانیدا هاوشێوه‌ى ئه‌و ره‌خنانه‌ى كه‌ هه‌بوون له‌سه‌رۆكى پێشووى هه‌رێم، ره‌خنه‌كه‌ى له‌سه‌ر خۆشى جێبه‌جێكرد. نه‌ هیچ زانیارییه‌کى بۆ په‌رله‌مان خسته‌ڕوو نه‌ ئاگاداریشیكرده‌وه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ته‌نانه‌ت هیچ كام له‌ حزبه‌كان ئاگادارى ناوه‌رۆكى سه‌ردانه‌كه‌ نه‌بوون. له‌ شانده‌كه‌ش فره‌ ڕه‌نگى نه‌بیندراو كه‌سه‌نزیك و هاوحزبییه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ بوون، ئه‌وه‌ش دیسان خاڵێكى لاواز بوو بۆئه‌و، به‌وپێیه‌ى وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم سه‌ردانه‌كه‌ى كردبوو، ده‌بوو شاندێكى پیشه‌ییانه‌ى له‌گه‌ڵبن به‌ڕه‌چاوكردنى تایبه‌تمه‌ندى.

خاڵێكى دیكه‌ كه‌ دیسانه‌وه‌ى مایه‌ى ره‌خنه‌ى چه‌ند باره‌بوو له‌ نێچیرڤان بارزانى، ناڕوونى و ناشه‌فافى مه‌له‌فى نه‌وته‌. ئه‌گه‌رچى له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا پڕۆژه‌یه‌كى بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر مه‌له‌فى نه‌وت له‌گه‌ڵ خۆى بردبوو. به‌ڵام كه‌س ئاگادارى ناوه‌رۆكى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش نه‌بوو. كه‌سیش نازانێت سه‌رۆك ده‌یه‌وێت چۆن رێككه‌وتنێك بكرێت، له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وت. كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ هه‌موو خه‌ڵكه‌وه‌، تەنها هەندێک زانیاری رۆژنامەوانی بەردەستن کە ئاماژە بە رەزامەندی هەرێمی کوردستان دەکات، بە رادەستکردنی نەوت.

نێچیرڤان بارزانى له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا، ئاماده‌یى خۆى پیشاندا بۆ راده‌ستكردنى نه‌وت. ئه‌وه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌دواى ساڵى ٢٠١٤ ه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ى سازش بێت له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، بۆ خودى نێچیرڤان بارزانى ره‌نگه‌ رێككه‌وتێكى باش نه‌بێت، كه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانى به‌ به‌خشین ده‌ستپێبكات نه‌ك وه‌رگرتن. به‌ڵام بۆچوونى زۆریش هه‌ن ئه‌مه‌ به‌خاڵى به‌هێز باس ده‌كه‌ن، و پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ به‌ سوودى گشتییه‌و مه‌ترسى سه‌ر مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان ناهێڵێت و پشكى هه‌رێم له‌ بوودجه‌دا جێگیرده‌بێت.

خاڵێك كه‌ زۆر جێگه‌ى مشتومڕبوو، وێستگه‌ى ئه‌نقه‌ره‌ى سه‌ردانه‌كه‌بوو. ئه‌نقه‌ره‌ وه‌ك پێویست دڵى نێچیرڤان(نزیكترین دۆستیى هه‌رێمى كوردستانى) رانه‌گرت، ئاماده‌نه‌بوو به‌ مه‌راسیمێكى شایسته‌ قه‌ره‌بووى ئه‌و دۆخه‌ نوێیه‌ى بۆ بكاته‌وه‌، كه‌ كه‌ تێیدا رۆڵى یه‌كه‌م به‌ به‌غدا دراوه‌ته‌وه‌. دوو ئاڵاى توركیا له‌سه‌ر لاى راست و چه‌پى بۆنیتى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى، شێوازى پێشوازییه‌كه‌، شوێنه‌كه‌، شێوازى دانیشتن. وێناى ئه‌وه‌ى تێدا نه‌بینرا كه‌ ئه‌ردۆغان پێشوازى له‌سه‌رۆكێك ده‌كات کەوخۆی پێشوەخت بە"میوانی تایبەت" وەسفیکردبوو. ئه‌گه‌رچى پێشتر ئه‌ردۆغان گوتبووى پێشوازى له‌ میوانێكى تایبه‌ت ده‌كات له‌ ئه‌نقه‌ره‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ش پێده‌چێت زۆرتر په‌یوه‌ندى به‌ قۆناغى دواى ریفراندۆمه‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ پێناچێت توركیا ئه‌و نازه‌ى پێش ریفراندۆم جارێكى دیكه‌ به‌ كورد بداته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى له‌لێدوانه‌كانیشى كه‌ بۆمیدیاى فه‌رمى توركیا قسه‌یكرد، دواى كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان، زۆرتر باسى له‌ په‌یوه‌ندى بازرگانى عێراق و توركیا كرد، كه‌ گوتى گرنگه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بۆ سه‌رووى ١٣ ملیار دۆلار هه‌ڵبكشێت، خۆى له‌قه‌ره‌ى باسكردنى په‌یوه‌ندى سه‌ربه‌خۆى هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ نه‌دا. به‌ڵام به‌ جۆرێك باسیكرد كه‌ رۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانى به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ گرنگه‌ له‌به‌رچه‌ند هۆكارێك. واته‌ وه‌ك لقێكى نێو ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ باسى له‌پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان كرد.

سه‌ربارى ئه‌و خاڵانه‌ى كه‌ سه‌ردانێكى شپرزى پیشانى خه‌ڵكدا، هێشتا بۆ سه‌ركه‌وتنى سه‌ردانه‌كه‌ كات ئه‌نجامه‌كه‌ى روون ده‌كاته‌وه‌. بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌ندێك خاڵ هه‌بوون كه‌ ده‌كرێت وه‌ك ئاماژه‌ى به‌هێزى سه‌ردانه‌كه‌ لێكبدرێته‌وه‌. له‌یه‌كه‌م وێستگه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى، سه‌ردانى به‌رهه‌م ساڵح-ى كرد، كه‌ له‌سه‌ره‌تاى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى رابردوو نێوانیان تێكچوو، نێچیرڤان بارزانى له‌یه‌كه‌م وێستگه‌، دیبلۆماسییه‌تى پێش كێشه‌كان خست، له‌وه‌ش تێگه‌یشتووه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ى بێ په‌یوه‌ندى باش له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، ناتوانێت به‌ رۆڵى چاوه‌ڕوانكراوى خۆى هه‌ڵبسێت له‌ به‌غدا. جگه‌له‌وه‌ش باشبوون و رێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مدا ده‌ستكه‌وتێكى بچوك نییه‌ و خه‌ڵكى باجى زۆرى تێكدانى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یان دا، به‌ڵام به‌ومه‌رجه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كه‌ به‌ره‌و چاكبوونى كۆنكرێتى بڕوات. ئه‌گه‌رچى پێشتر مه‌سعود بارزانى به‌سه‌ردانێك بۆ به‌غدا رێگاكه‌ى شێلابوو، به‌جۆرێك زه‌مینه‌سازى هه‌بوو بۆ سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌ى دیكه‌.

جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى بۆ رێككه‌وتنى نه‌وتیى سه‌ربگرێت. ئه‌وه‌ شتێكى ئه‌وتۆ بۆسه‌رۆك وه‌زیرانى نوێى هه‌رێمى كوردستان ناهێڵیته‌وه‌ و خۆى ده‌كات به‌ سه‌رمه‌شقى قۆناغى رێككه‌وتنى مه‌له‌فى پڕكێشه‌ى نه‌وت. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ى داوایكردووه‌ هه‌رێمى كوردستان پشكى هه‌بێت، له‌ كۆمپانیاى سۆمۆ و هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتى دیكه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بچڕێت، رێككه‌وتنه‌ نه‌وتییه‌كه‌ به‌ سودى خه‌ڵك بشكێته‌وه‌و مووچه‌ له‌ دوودڵى رزگاربكات.

نێچیرڤان بارزانى زوو خۆى له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ نوێیه‌ گونجاند كه‌ له‌نێوان به‌غداو ئه‌نقه‌ره‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌. به‌ تێگه‌یشتن له‌وه‌ له‌ به‌غداوه‌ سه‌ردانى ئه‌نقه‌ره‌ى كرد، پێده‌چێت ئیتر پایته‌ختى ژماره‌ یه‌ك به‌غدا بێت، به‌ڵام ئه‌نقه‌ره‌ش قسه‌ى كۆتایى خۆى بكات، په‌یسه‌ر پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانى ره‌شنوسى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى بۆ به‌غداى بردووه‌ خستووه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌ردۆغان، ئه‌وه‌ش به‌ ماناى ئه‌وه‌دێت كه‌ قسه‌ى كۆتایى ئه‌ردۆغان ده‌یكات. هه‌ندێك له‌ پارتییه‌كان به‌ قه‌به‌تر باس له‌ توانا دیبلۆماسییه‌كانى نێچیرڤان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، دواى ریفراندۆم ئه‌و توانى ده‌رگاى وڵاتان به‌رووى كورددا بكاته‌وه‌. 

به‌كۆى گشتى پێناچێت مانۆڕه‌كه‌ مانۆڕى دڵخوازى نێچیرڤان بارزانى بووبێت. به‌ڵام له‌وه‌ش ده‌گات، ئێستا ئه‌و قوڕه‌ى له‌ دۆخى چه‌قبه‌ستووى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌وتۆزه‌ى لێهه‌ڵده‌ستێت و سه‌ردانه‌كه‌ له‌دۆخى ناچاریدایه‌ و بژارده‌ى جۆراوجۆر له‌به‌رده‌میدا نییه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌نقه‌ره‌ش په‌نجه‌ بۆ رێگایه‌ك راده‌كێشێت(به‌غدا). بۆیه‌ش پێناچێت هیچ گه‌رێكى به‌غدا بۆ هه‌رێمى كوردستان، له‌ پێگه‌ى به‌هێزه‌وه‌بێت له‌م قۆناغه‌دا، به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستانیش وادیارە كه‌ په‌نجه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ نوێیه‌ نه‌رم كردبێت.