ڕاپۆرتی کوردستانی

01:51 - 22/06/2019

ئۆجەلان ئەندازیاری دروستکردنی هەدەپەیە‌

پەیسەر

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئایاردا، لە شارەکانی تورکیا پشتگیری لە کاندیدەکانی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) کرد و دەنگی کورد بووە هۆکاری یەکلاکردنه‌وه‌ی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

پارتی و داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) لە ئیستانبوڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی قبوڵنەکرد و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕیاریدا هەڵبژاردن لە پارێزگای ئیستانبوڵ دووباره‌بكرێته‌وه‌. دوای بڕیاری دووبارەکردنه‌وه‌ی هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵ و دوای هەشت ساڵ لە گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان، حکومەت ڕێی بە پارێزەره‌كانی دا سەردانی ئیمرالی بکەن. چاوپێکەوتنی نێوان پارێزەران و ئۆجەلان لەلایەن شرۆڤەکارانی دۆخی تورکیاوە بە تاکتیکێکی حکومەتی ئاکەپە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کورد ناوبرا.

دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی ناوەڕۆکی لێدوانەکانی ئۆجەلان، کە هیچ پشتگیرییەکی بۆ دەسەڵات تێدانەبوو، بەرپرسان و میدیاکانی (ئاکەپە) باسیان لە بوونی ناکۆکی نێوان ئۆجالان و هەدەپە کرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆلۆ ڕایگەیاند، لە لێدوانەکانی ئۆجالان و بەرپرسانی هەدەپەدا ناکۆکی هەیە و شەڕی دەسەڵات لە نێوان هەردوولادا دەبینرێت. ئەردۆغان گوتی: "ئۆجالان داوای لە هەدەپە کردووە پشتگیری لە هیچ هێزێک نەکات و پشت بە خۆیان ببەستن، ئەمەش هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئۆجەلان هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی لە ناو هەدەپەدا بسەپێنێت".

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دوای لێدوانەکانی ئەردۆغان، ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئۆجەلان لە قسەکانیدا باسی لە (ڕێگەی سێیەم) کردووە و پێشنیازەکانی ئۆجەلان و سیاسەتی هەدەپەش تا ئێستا بەیەکەوە دەگونجێن.

سەزایی تەمەللی و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی هەدەپە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەکرد، عەبدوڵا ئۆجەلان یەکێکه‌ لە ئەندازیارەکانی دامەزراندنی هەدەپە، هەدەپەش لە خەباتی دیموکراسی و ئاشتیدا خاوەنی پێگەیەکی گرنگە. هەدەپە لە سیاسەتی دووفاقی نێوان هاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی کۆمار کە جەهەپە و مەهەپە سەرۆکایه‌تییان دەکەن، لایەنگر نییە. لەبەرئەوەی ئەو دوو لایەنە هه‌لی چارەسەركردنی کێشەکانی تورکیا، بە تایبەت کێشەی کوردیان نەهێشتووە و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان گەلانییان تێکداوە.

هاوسەرۆکانی هەدەپە لە بەیاننامەکەدا ئاماژه‌یان به‌وه‌شكرد، لێدوانەکانی ئۆجالان ڕوون و ئاشکران و ئەوەی خستوەتەڕوو، هەدەپە (ڕێگەی سێیەمە) و ڕێی دیموکراسی و ئاشتییە. لە سەر ئەم هێڵە هەموو ڕەنگەکانی کۆمەڵگه‌ بەیەكدەگەن.

سەزایی تەمەللی و پەروین بوڵدان رەخنەیان لە لێدوانەکانی ئەردۆغان گرت و ڕایانگەیاند، ئەردۆغان هەوڵدەدات لە نێوان هەدەپە و ئۆجەلاندا ناکۆکی دروستبکات و دژی یەکتر بەکاریانبهێنێت، بەڵام پەیوەندی و تێگەیشتنی هەدەپە و ئۆجالان لە دەرەوەی سیاسەتی ڕۆژانەی پارتەکانی تورکیادایە و پەیوەندییەکی مێژووییە. لە بارەی هەڵبژاردنەکانی ئیستانبوڵیشەوە ئاماژەیان بەوەدا، ستراتیژی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئیستانبوڵ نەگۆڕاوە، ئەمەش سیاسەتێکی کاتی و تاکتیکییە.

لە بەیاننامەکەی هەدەپەدا دەردەکەوێت، پەکەکە و هەدەپە لەم قۆناغەدا پشتگیریکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانیی گەل بە پێویستییەکی گرنگ دەزانن.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکەش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگه‌ڵ میدیایەکی هۆلەندا ناڕاستەوخۆ پشتگیری لە ئیمامئۆغلۆ کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستانبوڵدا سەربکەوێت، کاریگەریی لەسەر شارەکانی تری تورکیا دروست دەکات و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیاسەتی تورکیادا ڕوودەدات.

سبەینێ ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی پارێزگای ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت. لە هەڵبژاردنەکەی پێشوودا، کە نزیکەی ١١ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ ٤٨.٨٠٪ی دەنگەکان و بینالی یڵدرمیش ٤٨.٥٥٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ئیمامئۆغلۆ توانی بە جیاوازی نزیکەی ٣٠ هەزار دەنگ سەربکەوێت.