ڕاپۆرتی کوردستانی

07:22 - 20/06/2019

سعودیه‌ له‌رۆژئاوا ده‌رگایه‌كى نوێ بەرووی كورددا ده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر

عەرەبستانی سعودی داوا لە عەشیرەتە عەرەبەكانی دێرەزوور دەكات، خۆیان لە هەر بەگژداچوونەوەیەك لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكراتی بەدوور بگرن، هیچ كەناڵێكی دانوستاندن لەگەڵ توركیا و ئێراندا دروست نەكەن. بەم شێوەیە دەتوانن هاوكاری دارایی و سیاسی لە وڵاتانی كەنداو بەدەستبهێنن.

تەنیا چەند رۆژێك دوای رزگاركردنی ناوچەی باغۆزی سەر بە دێرەزوور لە باكووری سوریا لە دەستی چەكدارانی داعش، كە دوا ناوچەی ژێر دەستی ئەم رێكخراوە بوو،  خۆپیشاندان و ناڕەزایی بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو لەدژی هێزەكانی سوریای دیموكراتی و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دێرەزوو، ئەم ناوچەیەی تەنیەوە.

لە 25 ی نیسانی رابردوو شارۆچكەی ئەلبەسیڕە، شارەدێی معیزیلە و ئەلعەزبە بوونە پێشەنگی خۆپیشاندانەكان، لە 28 نیسانیش خۆپیشاندان گوند و ناوچەكانی رۆژهەڵاتی دێرەزووری بەهەمان مەبەست گرتەوە.

لە سەرەتای مانگی ئایاریش، بۆ هەفتەی دووەم لەسەر یەك خۆپیشاندانەكان هەموو دێرەزووریان گرتەوە، تیایدا خۆپیشاندەران داوای باشكردنی گوزەرانیان، رێگرتن لە بە قاچاغبردنی نەوتیان دەكرد. بۆ ناوچەكانی ژێر دەستی رژێمی سوریا.

لەلای خۆیەوە ئەنجوومەنی سوریای دیموكرات، كە باڵی سیاسی هێزەكانی سوریای دیموكراتە رایگەیاند، كە ئەوان گرنگی بە داواكاری خەڵكی دێرەزوور دەدەن. لەمبارەیەوە ئەمجەد عوسمان گوتەبێژی ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتی، لە لێدوانێكیدا لە رۆژی 28 ئایاری رابردوو گووتی"ئێمە بە گرنگییەوە گوێ لە داواكارییەكانی خەڵكی دێرەزوور دەگرین، پێویستە كێشەكانیان چارەسەربكرێن. بەڵام لەپشتەوە چەندین لایەن هەوڵ دەدەن ئاڵۆزی و گرژی لە دێرەزوور درووستبكەن. توركیا بە هەماهەنگی لەگەڵ چەندین گرووپی سەربازی كە خەڵكی دێرەزورن و لە ئدلب دەمێنەوە دەخوازێت ئاستەنگ لەبەردەم سەقامگیریی دێرەزوور دروستبكات".

ئەمجەد لە درێژەی لێدوانەكەیدا دەشڵێت"لە هەمان كاتدا رژێمی سوریا لەگەڵ ئێران هەوڵ دەدەن بارودۆخەكە بەرەو خراپی ببەن، بەڵام ئێمە ئاگامان لێیە و چاومان كراوەیە".

هاوكات لەگەڵ ئەم رووداوانەدا، رۆژی پێنجشەممە (14 حوزەیرانی 2019) سامر ئەلسەبهان وەزیری دەوڵەت لە میرنشینی عەرەبستانی سعودی، لەگەڵ هەریەك لە جویل رابیون جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، و ویلیام روباك نوێنەری ئەمریكا سەردانی كێڵگەی نەوتی (عومەر)ی کرد لەناوچەی دێرەزور، كە لە ئێستادا بنكەیەكی سەربازی هێزەكانی ئەمریكایە لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا.

ئەمە یەكەم سەردانی وەزیری ناوبراو نییە بۆ باكووری رۆژهەڵاتی سوریا. بەڵكو دوای ئازادكردنی شاری رەققە لە دەستی داعش، ئەو بەرپرسە سعودییە لە 17ی تشرینی دووەمی 2017 سەردانی رەققەی كرد و لەگەڵ برێت مەكگۆرك نوێنەری پێشووی ئەمریكا، دەربارەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە گفتوگۆیان كردو لایەنی سعودی بەڵێنی تەرخانكردنی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری دا بۆ پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە.

لە سەردانى دووه‌میدا وەزیرە سعودییەكە، لەگەڵ سێ كەسایەتی دیاری عەشیرەتە عەرەبییەكانی دێرەزور و چەند فەرماندەیەكی هێزەكانی سوریای دیموكراتی(قەسەدە) بەجیاو دواتریش بە سێقۆڵی كۆبوونەوە.

سەردانی وەزیری سعودی بۆ ناوچەكە، لەدوای ناڕەزاییەكانی خەڵكی ناوچەكە دێت، لەدژی سوپای ئەمریكا و هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە دوای نەمانی داعش دەستیان بەسەر ناوچەكەدا گرتووە. هەر بۆیە سەردانەكە وەكو هەوڵێكی ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی گرژی و بەریەككەوتن لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە لێكدەدرێتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەر پرێس کەوتوون، سامر ئەلسەبهان بە سەركردەی عەشیرەتە عەرەبییەكانی راگەیاندووە، كە عەرەبستانی سعودی پشتگیرییان دەكات، لە رێگای دۆزینەوەی دەرفەتی كار، بونیادنانەوەی گوندەكان و قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان و بەشداریپێكردنی خەڵكی ناوچەكە لە بەڕێوەبردندا.

لەهەمانكاتدا وەزیری دەوڵەتی عەرەبستانی سعودیە، مەرجی وڵاتەكەشی بۆ هاوكاریكردنی ناوچەكە خستۆتەڕوو. داوای لێكردوون خۆیان لە هەر پێكدادانێك لەگەڵ قەسەدە بەدوور بگرن، هیچ كەناڵێكی دانوستان و پەیوەندی لەگەڵ توركیا و قەتەر نەكەنەوە.

هەرچەندە ئەلسەبهان بە سیفەتێكی فەرمی سەردانی ناوچەكەی كردووە، بەڵام سەردانەكە ئەگەر بە روواڵەتیش بێت مۆركێكی عەشیرەتییانەی پێوەدیاربوو. چونكە ناوبراو سەر بە عەشیرەتی ئەلشەمەرە، كە پەیوەندی خزمایەتی ژن و ژنخوازییان لەگەڵ عەشیرەتە عەرەبەكانی دێرەزور و ئەلحەسكێ هەیە. هەروەها وەزیرە سعودییەكە بەرلەوەی سەردانی ناوچەكە بكات، لەگەڵ چەند عەشیرەتێکی عێراقی لە ناوچەكانی سەر سنووری نێوان عێراق و سوریا دانیشتووە.

بەرژەوەندی عەرەبستانی سعودی و ئەمریكا لە پاڵپشتیكردنی عەشیرەتەكان هاوبەشە. سعودیە پێیوایە ئەم عەشیرەتانە دەتوانن ببنە ئاستەنگ لە بەردەم هەژموونی ئێران لەناوچەكەدا، هەروەها لە بەرژەوەندی ئەمریكادایە، كە ناوچەكە سەقامگیر بێت و پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە دەست پێبكات.

وەلید چۆلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكانی ناوەندی فوڕات بۆ توێژینەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی ستراتیژی، پێیوایە سەردانی سامر ئەلسەبهان ئەوەندەی پەیوەندی بە رووداوەكانی ناوچەكەوە، هەیە ئەوەندە پەیوەندی بە خۆپیشاندانەكانی دێرەزوورەوە نییە. لە وەڵامی پرسیارەكانی پەیسەر پرێس، چۆلی دەربارەی مەرامی وەزیری سعودی بۆ ناوچەكە دەڵێت"سەردانەكە لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییە رۆژهەڵاتییە دایە، كە هەریەك لە سعودیە، ئیمارات، میسر و ئۆردون لەخۆدەگرێت. دوو ئامانجی هەیە، یەكەمیان، وەستانەوەیە لەدژی پڕۆژەی ئێران لەناو سوریا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قوڵایی عەرەبی. دووەمیان، بەرەنگاربوونەوەی پڕۆژەی توركیایە، كە دەخوازێت سەركرایەتی جیهانی سوننە بگرێتە دەست".

هەروەها گوتیشی"بەتایبەتی دوای ئاشكرابوونی پلانی دەوڵەتی توركیا و ئێران لە بارەی سوریاوە، سعودیە و هاوپەیمانەكانی ناتوانن خۆیان بێدەنگ بكەن، چونكە لە دواڕۆژدا چاوتێبڕین و سیاسەتی توركیا و ئێران لە سوریادا، رەنگدانەوەی خراپی لەسەر ئەم وڵاتانە دەبێت".

دەربارەی ئەوەی تا چەند ئەمریكا لە پشت سەردانەکەی وەزیری سعودیەوەیە، بۆ ئەوەی سەقامگیری بگەڕێنێتەوە ناوچەكەو لەرێگای ئەم سەردانەوە كۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزییەكان بهێنێت كە دوای نەمانی داعش بۆتە سیمایەكی رۆژانەی ناوچەكە؟ وەلید چۆلی بەم شێوەیە درێژە بە قسەكانی دەدات" لە رووی سیاسییەوە سەردانەكەی وەزیری سعودی پەیوەندی بە خۆپیشاندانەكانی دێرەزوورەوە نییە، چونكە ئەمانە رووداوی لۆكاڵین، لە پشت ئەم رووداوانەوە رژێمی سوریا، روسیا و توركیا وەستاون".

بەڕێوەبەری ناوەندی فوڕات، ئەوانەی لە پشت خۆپیشاندانەكان وەستاون بە "گێرەشێوێن" وەسف دەكات و باسلەوەدەکات"ئەو كەسانە بە تایبەتی لەسەردەمی سوپای سوریای ئازاد لە بازرگانیكردن بە نەوتی ناوچەكە سوودمەندبوون. دوای نەمانی داعش هاوپەیمانان دەستیان بەسەر كێڵگەی نەوتیی عومەردا گرتووە. ئەم بارودۆخە لە بەرژەوەندی ئەو كەسانە نییە، بە هاوكاری رژێم گێرەشێوێنی دروست دەكەن. سعودیە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ عەشیرەتەکان لەگەڵ ئەم ناوچەیە بەكاربهێنێت، بۆ لێدان لە ئەجێندای هەریەك لە رژێم و توركیا".

سەبارەت بە تەوەری ناكۆكی ئەو ناوچەیەش لەگەڵ قەسەدە، چۆلی پێیوایه‌"ئەم عه‌شیره‌تانه‌ خۆیان بە خاوەنی ناوچەكە دەزانن. ناكۆكییان لەگەڵ قەسەدە لەسەر ئەم بنەمایەیە. ئەوان چاویان لەوەیە ناوچەكەیان لەسەر بنەمای تیرەیی و بە مۆدێلی بەڕێوەبەرایەتی میرنشینی بەڕێوەبچێت، نە كورد نە قەسەدە چاوی لەوەنیە بەڕێوەبەرایەتی ناوچەكە قۆرخ بكات وەكو ئەوان بانگەشەی بۆ دەكەن. قەسەدە دەخوازێت بەڕێوەبەرایەتییەكی مەدەنی هاوشێوەی حەسه‌كه‌، قامیشلۆ و منبج هەبێت. ئەوانەی سەركێشی خۆپیشاندان دەكەن ئەم مۆدێلە رەتدەكەنەوە. دەخوازن بەڕێوەبەرایەتییەكی میرنشینی بەرتەسك هەبێت، تا لەسایەیەوە نەوت و غازی ناوچەكە قۆرخ بكەن".

سەردانەكەی سامر ئەلسەبهان بۆ ناوچەی دێرەزوور، هاوكاتە لەگەڵ كردنەوەی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموكراتی لە واشنتن پایتەختی ئەمریكا، كە ئەمەش ئاماژەیە بە پێشكەوتنی پەیوەندی سیاسی لە نێوان ئەمریكا و رۆژئاوای كوردستان، كە تا ئەم سەردەمە زیاتر پەیوەندییەكی سەربازی و جەنگی بوو.

حوسێن عومەر نووسەر و سیاسەتمەداری رۆژئاوای كوردستان كە لە وڵاتی بەلجیكا نیشتەجێیە، سامر ئەلسەبهان بە هەماهەنگیكەر لە نێوان ناوچەكە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وه‌سف ده‌كات، بۆ پەیسەر پرێس گوتى"سامیر ئەلسەبهان چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدەدات، بەڵام یەكەمین جارە سەردانەكەی ئەوەندە گرنگی پێدەدرێت، كە دیپلۆماتكارانی ئەمریكی تیایدا لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر كۆدەبنەوە و نوێنەرایەتی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە واشنتن دەكرێتەوە، هەروەها هاوكاتە لەگەڵ لێدوانی ئەمریكا كە گوتى، بە پێویستی دەزانێت كورد بەشداری لە پرۆسەی چارەسەری سوریا و كۆبوونەوەكانی جنێڤ بكات".

عومەر گوتیشى"بە مەزەندەی خۆم، ئامانج لە سەردانی ئەلسەبهان بۆ دێرەزور و كۆبوونەوەی لەگەڵ عه‌شیره‌ته‌كاندا، بۆ دڵنەوایی ئەم ناوچەیە و پتەوكردنی متمانەیە لە نێوان خۆپیشانده‌ران و قەسەدە، دوای ئەوەی رژێم و شانە نووستووەكانی داعش ویستیان ئاڵۆزی لەناوچەكەدا دروست بكەن. پێموایە عەرەبستانی سعودیه‌ كاریگەری لەسەر ئەم عه‌شیره‌تانه‌ هەیە و رۆڵی دەبێت لە لاوازكردنی هەڵوێستی توركیا، و بنخستنی ئەجێنداكانی لەناوچەكەدا".

چاودێرانی سیاسی لە ناوچەكەدا سەردانی وەزیرە سعودییەكە بەباش وەسف دەكەن، و پێیانوایە سەردانەكە لە چوارچێوەی هەوڵی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دایە بۆ قەتیسكردنی رۆڵی هەریەك لە توركیا و ئێراندا. نورەدین عومەر راگەیه‌ندكاری رۆژئاوای كوردستان كە لەناوچەكەدا چاودێری سەردانەكەی كردووە بۆ پەیسەر پرێس، دەڵێت" سەردانی وەزیری سعودی هاندانی وڵاتانی دیكەی عەرەبییە، بۆ زیاتر پشتگیریكردنی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا. ئەمریكا داوا لە سعودییەكان دەكات رۆڵی زیاتر بگێڕن، بەو پێیەی وڵاتێكی سوننە و خەڵكی شارەكانی دێرەزور، رەقا و منبج قبوڵیانە".

ئەمینە عومەر هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتی، كە باڵی سیاسی هێزەكانی سوریای دیموكراتیە، پێیوایە سەردانی وەزیری سعودی خزمەت بە گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا دەكات. لەمبارەیەوە بۆ پەیسەر پرێس بۆچوونه‌كه‌ى روونكرده‌وه‌و گوتى" سعودیە بەڵێنی داوە چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری دروستبكات، كە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاوارەكان. سەردانەكە بۆ ئێمە سوپرایز نەبووە. پاڵپشتی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانە نووستووەكانی داعش".

پێده‌چێت ده‌ستوه‌ردانى سعودیه‌ له‌ ناوچه‌كانى ژێركۆنتڕۆڵى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات، چه‌كێكى كاریگه‌ربێت بۆ خاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و گرژییانه‌ى كه‌هه‌یه‌، سه‌رئێشه‌ى كورد كه‌م ده‌كاته‌وه‌ به‌ده‌ست عه‌شیره‌ته‌كانه‌وه‌، سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كورد ده‌بێت، به‌ڵام به‌جۆرێكى دیكه‌ش به‌ره‌یه‌كى دیكه‌ى نه‌یار به‌ ئه‌جێنداكانى سعودیه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌كه‌ونه‌ خۆیان و پێناچێت ده‌ستوه‌ستان بن.