ڕاپۆرتی کوردستانی

08:31 - 19/06/2019

شه‌ڕه‌جنێو له‌ قۆناغى رێككه‌وتندا‌

پەیسەر

له‌ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا گوتارى دوو به‌رپرسى یه‌كێتى و ره‌خنه‌ و قسه‌ى توندیان به‌رامبه‌ر پارتى، ئاڵۆزى و ته‌نگه‌ژه‌ى زۆرى له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى دروستكرد. لاهور شێخ جه‌نگى و مه‌حمود سه‌نگاوى گوتارى چاوه‌ڕواننه‌كراویان دا سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانى نێوان حزبه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى. به‌رپرسانى پارتیش كاردانه‌وه‌ى توندیان هه‌بوو. نێوانى هه‌ردوو حزب له‌ هه‌شت مانگى رابردوو به‌رزى و نزمى زۆرى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. هه‌ندێك ئاماژه‌ له‌ پشت په‌یامه‌ تونده‌كانه‌وه‌ن.

لاهور شێخ جه‌نگى له‌ یادى دامه‌زراندنى حزبه‌كه‌یدا گوتى"ئه‌گه‌ر جارێكى دیكه‌ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك بێ به‌ڵگه‌ تۆمه‌ت بۆ یه‌كێتى دروست بكات، قۆنده‌ره‌ى منداڵێكى كه‌ركوكى ده‌خه‌مه‌ ده‌مى". مه‌حمود سه‌نگاوى دوێنێ له‌ مه‌راسیمێكى تایبه‌تى حزبه‌كه‌یدا ره‌خنه‌ى توندى له‌ پارتى و بارزانى گرت و به‌ "بچوك" وه‌سفى كرد، گوتى ئه‌و له‌سه‌رووى یه‌كێتى-یه‌وه‌ نییه‌. پارتى له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ردوو لێدوانه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ى توندى هه‌بووه‌، جارى پێشوو له‌ میدیاى فه‌رمییه‌وه‌ وه‌ڵامى لاهور شێخ جه‌نگی-یان دایه‌وه‌و گوتیان كه‌سیان وه‌ك ئه‌و "بێ ئه‌ده‌ب"ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌. له‌كاردانه‌وه‌ى قسه‌كانى مه‌حمود سه‌نگاویش چه‌ندین قسه‌و لێداونى توند له‌ پارتی-یه‌وه‌ دژى سه‌نگاوى درا، به‌"چه‌ته‌ و رێگر" وه‌سفكرا، ته‌نانه‌ت باره‌گاى بارزانى سه‌نگاوى به‌ "مافیا و تاڵانچی و بكوژ"وه‌سفكرد. ئه‌و قسانه‌ نه‌ له‌ قۆناغى شه‌ڕى ناوخۆدایە، نه‌ له‌سه‌رده‌مى دوو ئیداره‌یى، له‌ قۆناغێكدان هه‌ردوو هێز سه‌رقاڵى دروستكردنى حكومه‌تن و دوو رێككه‌وتنیان هه‌یه‌ و به‌نیازى رێككه‌وتنى سێیه‌میشن. به‌ڵام قسه‌و وشه‌ توندو برینداركه‌ره‌كانیان هیچ له‌ قسه‌كانى سه‌رده‌م شه‌ڕى ناوخۆ جیاواز نییه‌.

راگه‌یه‌ندراو و قسه‌ توند و ناشیاوه‌كان به‌رامبه‌ر یه‌كدى، له‌نێوان به‌رپرسانى هه‌ردوو حزب له‌سه‌روه‌ختى قۆناغێكى تایبه‌ت و ئاڵۆزدایه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، چه‌ندین دۆسیه‌ به‌هه‌ڵپه‌سێردراوى ماونه‌ته‌وه‌، پێكهێنانى حكومه‌ت، دۆسیه‌ى نه‌وت و گاز، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، پرسى كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، دۆسیه‌ى چاكسازى، كێشه‌ى مووچه‌ و چه‌ندین گرفتى دیكه‌، كه‌ خه‌ڵكى چه‌ندین ساڵه‌ چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ن چاره‌سه‌ر بكرێت.

لێدوانه‌ تونده‌كان له‌ یه‌كێتی-یه‌وه‌ پێناچێت له‌ خۆوه‌ بن، ناوخۆى یه‌كێتى له‌دۆخێكى تایبه‌تدایه‌، پۆسته‌كانى حزب و حكومه‌تیش له‌به‌رده‌م كۆنگره‌و به‌شدارى حكومه‌تدا ناكۆكیی ئاڕاسته‌ جیاوازه‌كانى حزبه‌كه‌ى گه‌یاندووه‌ته‌ به‌رزترین ئاست. ئه‌و به‌رپرسانه‌ى یه‌كێتى كه‌ هه‌ست ده‌كه‌ن له‌ یارى به‌شداریى یه‌كێتى له‌ حكومه‌ت هیچیان چنگ ناكه‌وێت، نایانه‌وێت له‌نێو حزبه‌كه‌شیان شوێن پێیان له‌ق ببێت، باشترین رێگه‌ش بۆ ئه‌وه‌، هه‌ڵوێستو گوتارى تونده‌ به‌رامبه‌ر پارتى، له‌و بۆشاییه‌ى كه‌ دروست بووه‌ بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات. به‌وه‌ش به‌ ئاسانى ده‌توانن جه‌ماوه‌رى حزبه‌كه‌یان له‌ ده‌ورى خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌، هه‌م پێگه‌ى خۆیان به‌هێز ده‌كه‌ن و هه‌م تۆڵه‌ له‌ ركابه‌ره‌ ناوخۆییه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ده‌ستكه‌وتى زۆریان له‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى بۆخۆیان بردووه‌.


په‌یسه‌ر پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ پارتى ڤیتۆى له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌حمود سه‌نگاوى بۆ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ و كاروانى كوڕى بۆ وه‌زیرى پلاندانان هه‌بووه‌. ئه‌وه‌ش بیانوویه‌كى باش بووه‌ بۆ باڵه‌كانى دیكه‌ى یه‌كێتى تا سه‌نگاوى و كوڕه‌كه‌ى له‌ پۆسته‌كان بێبه‌ش بكه‌ن. ره‌نگه‌ ڤیتۆكانى پارتى هۆكارى پشت قسه‌ تونده‌كانى سه‌نگاوى بن. هه‌رچه‌ند په‌یسه‌ر ئه‌وه‌شى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ سه‌نگاوى له‌وه‌ش نیگه‌ران بووه‌ كه‌ شاندى یه‌كێتى چه‌ند رۆژێك چوونه‌ هه‌ولێر پێش مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم، به‌ڵام بارزانى ئاماده‌نه‌بوو له‌گه‌ڵیان كۆببێته‌وه‌. بۆیه‌ سه‌نگاوى گوتى"بارزانى خۆى له‌سه‌رووى یه‌كێتى-یه‌وه‌ ده‌بینێت".

به‌ لۆژیكى"ئه‌گه‌ر یارییه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیم نه‌بێت ده‌توانم تێكى بده‌م"ئه‌و به‌رپرسانه‌ى یه‌كێتى گوتارەکانی خۆیان ئاڕاستە دەکەن و به‌رامبه‌ر قسه‌ تونده‌كانیان هیچ له‌ ده‌ست ناده‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كێرفى جه‌ماوەری خۆیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌. پارتیش كاردانه‌وه‌ى له‌ راده‌به‌ده‌رى بۆ رووداوه‌كان هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچى قسه‌و لێدوانى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى یه‌كێتى كه‌سیى بوون، ته‌نانه‌ت یه‌كێتى بێبه‌ریبوونى خۆى له‌ قسه‌كانى مه‌حمود سه‌نگاوى راگه‌یاند. به‌ڵام مه‌كته‌بى سیاسى پارتى و باره‌گاى بارزانیش راگه‌یه‌ندراوى ئێجگار توندیان بڵاوكرده‌وه‌و راگه‌یاندنه‌كانى پارتى لێدوانى توندى به‌رپرسه‌كانیان گواسته‌وه‌. ته‌نانه‌ن كاردانه‌وه‌ى پارتى گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى حه‌سیره‌ له‌ گه‌رمیان رابگرێت. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، پارتى داواى ته‌جمیدكردنى مه‌حمود سه‌نگاوى له‌ یه‌كێتى كردووه‌.

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ لاهور شێخ جه‌نگییه‌، دواى پێشوازى له‌ شانده‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى له‌ دووشه‌ممه‌ى رابردوو، وه‌ تویتێكى سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌كه‌ كه‌ گوتبووى، خۆشحاڵ بووه‌ پێشوازى له‌ كاندیدى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت كردووه‌، هه‌ندێك دۆخه‌كه‌ى سه‌باره‌ت به‌خۆى له‌گه‌ڵ پارتى ئاسایى كرده‌وه‌. به‌ڵام هێشتا له‌نێو یه‌كێتى به‌و كه‌سانه‌ ناوى رۆیشتووه‌ كه‌ به‌رهه‌ڵستكارى سیاسه‌تى پارتی-یه‌و بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌شى له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ زۆرینه‌ى له‌ ده‌ورى كۆبوونه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ پێناچێت وازوو بتوانێت ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و شێوازه‌ تایبه‌ته‌ى بێت له‌ گوتاره‌ سیاسییه‌كانى. 



پارتیش به‌و هه‌ستیارییه‌ زۆره‌ى سه‌باره‌ت به‌ گروپێكى یه‌كێتى، كه‌ به‌ گروپى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر ناویان ده‌هێنێت، په‌راوێزێكى فراوانى بۆ نیگه‌رانى ئه‌و به‌رپرسانه‌و لێدوان و قسه‌ تونده‌كانیان كردووه‌ته‌وه‌. ئاڵۆزبوونه‌وه‌ى نێوانى هه‌ردوولا گه‌یشتنى بۆ ئاستى ئه‌و وشه‌و لێدوانه‌ توندانه‌، كه‌ خودى مه‌سعود بارزانى ماوه‌یه‌كى زۆر نییه‌ به‌ بڕیارێك هه‌ڵمه‌تى راگه‌یاندنى له‌ حزبه‌كه‌ى یاساغ كردووه‌، ئاماژه‌ى روونى هه‌ستیارى نێوانى هه‌ردوولایه‌، كه‌ ده‌كرێت به‌ لێدوانى به‌رپرسێك تێكبچێت. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌ژێر فشارى باره‌گاى بارزانی-دا روونكردنه‌وه‌ى داوه‌، به‌ڵام بارزانى ته‌نانه‌ت روونكردنه‌وه‌کەى به‌دڵ نه‌بووه‌. بۆیه‌ش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا گوتى، یه‌كێتى روونكردنه‌وه‌كه‌ى نه‌دایه‌ باشتر بوو.

شپرزیی ناوخۆى یه‌كێتى و نه‌مانى بڕیارى ناوه‌ندى تێیدا. دابه‌شبوونى حزبه‌كه‌ به‌سه‌ر چه‌ندین ئاڕاسته‌و باڵ و گرووپدا، نه‌به‌ستنى كۆنگره‌، دۆخێكى وه‌هاى دروستكردووه‌ كه‌ شتێكى چاوه‌ڕوانكراوه‌، هه‌ر رێككه‌وتنێك ئه‌و حزبه‌ بیكات له‌گه‌ڵ حزبێكى دیكه‌، به‌شێكیان به‌ ئاشكرا دژایه‌تى بكه‌ن. له‌ به‌رامبه‌ردا كاردانه‌وه‌ زۆرو تونده‌كانى پارتى و ئه‌و هه‌ستیارییه‌ زۆره‌ى كه‌ هه‌یه‌تى سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی خۆى و كه‌سایه‌تییه‌كانى، دۆخێكى ئێجگار ناسكى دروستكردووه‌، دۆخێك هه‌میشه‌ له‌ لێوارى ترازان و ته‌قینه‌وه‌دایە.



گرفتى گه‌ورە له‌ كێشه‌ى نێوان ئه‌م دووهێزه‌ ئه‌وه‌یه‌، به‌ زوویى كێشه‌كانى خۆیان تێكه‌ڵ به‌ ژیانى گشتى خه‌ڵك ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ هه‌ر گرفت و ته‌نگه‌ژه‌یه‌ك هه‌رزوو ده‌ست بۆ بابه‌تى دابه‌شكردنى سامانى سروشتى و داهاته‌كانى دیكه‌و دامه‌زراوه‌كان و هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌به‌ن. هه‌ردوولایان هێزیان هه‌یه‌ و كه‌سیان ئاماده‌ نین هێزو سه‌نگى سیاسى و سه‌ربازى خۆى بخاته‌ خوارووى یاسا كارپێكراوه‌كانه‌وه‌، به‌وه‌ش ئه‌گه‌رى مه‌ترسیدار و رووداوى خراپ شتێكى چاوه‌ڕواننه‌كراو نییه‌. ئه‌زمونى سیاسى و سیستمى حكومڕانى و ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م ره‌حمى بیروبۆچوونه‌كانى به‌رپرسانى ئه‌و دوو حزبه‌دایه‌، كاتێك ئه‌وان توڕه‌بن هه‌موو شت ئه‌گه‌رى تێكچوونى هه‌یه‌ و كاتێكیش ئارام بن دۆخه‌كه‌ له‌ شوێنه‌ هه‌ستیاره‌كه‌ى خۆى ده‌بێت.