ڕاپۆرتی کوردستانی

05:40 - 10/06/2019

مه‌راسیمى نمایشى هێزى پارتى و خزانى یه‌كێتى و به‌رهه‌م ساڵح‌

پەیسەر

بارزانى و پارتى به‌ ده‌ستبردن بۆ دوو كارت، ململانێكانى حزبه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان گۆڕى، مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم وه‌ك نمایشى هێزو بازوى سیاسى پارتى ده‌ركه‌وت، په‌رته‌وازەیى لایه‌نه‌كانى دیكه‌و خزانى یه‌كێتى خسته‌ به‌رچاوى خه‌ڵك، نێچیرڤان بارزانیش به‌ مه‌راسیمێكى قه‌به‌ ویستى قه‌ره‌بووى ده‌نگه‌ كه‌مه‌كانى له‌ دانیشتنى په‌رله‌مان بكاته‌وه‌، مه‌راسیمێك كه‌ بۆخۆى كردییه‌ ده‌ستپێكێكى به‌هێز، به‌ڵام له‌ مه‌راسیمێك ده‌چوو بۆ سوێندخواردنى سه‌رۆكێك له‌ سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى ره‌هادا، نه‌ك سیسته‌مێكى په‌رله‌مانیى.

خزانى یه‌كێتى
یه‌كێتى هه‌شت مانگه‌ سه‌رقاڵى مانۆڕى كاتى و جیڕبوونه‌وه‌و خاوبوونه‌وه‌یه‌، ناوبه‌ناو هه‌ڵوێستى توند ده‌خاته‌ڕوو، به‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م هه‌ڵوێستى نه‌رم ده‌كاته‌وه‌، به‌نیازبوو له‌ ده‌نگدان به‌ سه‌رۆك له‌ په‌رله‌مان پارتى ناچار بكات كورسى پارێزگارى كه‌ركوكى پێ یه‌كلایى بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ نه‌كرا، یه‌كێتى ویستى به‌شدارى له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم بكاته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ى پارتى ناچار بكات به‌ داواكارییه‌كانى، بۆ ئه‌وه‌ش به‌ گه‌وره‌یى و گرنگى مه‌راسیمه‌كه‌ى پیشانى خه‌ڵكدا و باسى له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌گه‌ر به‌شدار نه‌بێت شه‌رعییه‌ت نادات به‌و سه‌رۆكه‌، یه‌كێتى بۆخۆى به‌ مه‌به‌ست مه‌راسیمه‌كه‌ى به‌ گرنگ پیشانى خه‌ڵكدا، تا به‌شدارى خۆشى به‌ گرنگ سه‌یر بكرێت و پارتى ناچاربێت بێته‌ ژێر بارى داواكانى، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ زیان بۆ یه‌كێتى شكایه‌وه‌و به‌شدارییه‌كه‌ى ره‌خنه‌ى زۆرى هێنایه‌ سه‌ر.

چه‌ند به‌رپرسێكى حزبه‌كه‌ گوتیان، وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن نه‌كرێت له‌سه‌ر پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك، به‌ڵام پێش مه‌راسیمه‌كه‌ پارتى ئاماده‌ نه‌بوو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و شانده‌ى یه‌كێتى بكات كه‌ بۆ دانوستان له‌ هه‌ولێر بوون، هێشتاش یه‌كێتى به‌شدارى كاراى هه‌بوو، ته‌نها وه‌ك میوان به‌شدار نه‌بوو به‌ڵكو وه‌ك خانه‌خوێش مامه‌ڵه‌ى كرد و پێشوازى له‌میوانه‌كان كرد.

كارته‌كانى پارتى و بارزانى
دوو هه‌نگاو له‌ پارتییه‌وه‌، ناوخۆى یه‌كێتى شڵه‌قاند و كردنى به‌چه‌ند به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناكۆكییه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتى، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌بوو بارزانى له‌ كاتى زیادكراودا مه‌له‌فى كه‌ركوك و پارێزگاره‌كه‌ى خسته‌ ده‌ستى نێچیرڤان بارزانى، به‌و هه‌نگاوه‌ش یه‌كێتى ناچاركرد له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى بڕوات، وه‌ك تاكه‌ ده‌رگاى گفتوگۆ له‌نێو پارتى، جگه‌ له‌وه‌ش بارزانى نێچیرڤان بارزانى خسته‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌ به‌هه‌ستیارییه‌وه‌ بجوڵێته‌وه‌و له‌ناوخۆى پارتى به‌ سازش خه‌تابار نه‌كرێت، شتێك كه‌ مامى نه‌یبه‌خشیوه‌ ئه‌م نه‌یبه‌خشێت، بۆیه‌ش هیچ به‌ڵێنێكى به‌یه‌كێتى نه‌داوه‌، جگه‌ له‌ به‌ڵێنى گفتوگۆ.

په‌یسه‌ر پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وه‌، كه‌ ئه‌رسه‌لان بایز له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى مه‌كته‌بى سیاسى یەکێتی، گوتوویه‌تى له‌ناو پارتى ته‌نها ده‌رگاى نێچیرڤان بارزانییان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ بۆ گفتوگۆ ناكرێت ئه‌و ده‌رگایه‌ش دابخه‌ن، كۆسره‌ت ره‌سوڵ و زۆرینه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى هاوڕابوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌و خێرا بڕیارى به‌شدارییان دا، كه‌واته‌ بڕیارى بارزانى بۆ گواستنه‌وه‌ى مه‌له‌فى كه‌ركوك بۆلاى برازاكه‌ى كارى خۆى كرد، یه‌كێتى بیانووى له‌ بارزانى نه‌ماو نه‌شى توانى دووجار له‌سه‌ر یه‌ك دواى ده‌نگنه‌دان به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم، دڵى نێچیرڤان له‌خۆى ته‌را بكات، بۆیه‌ دواجار بڕیارى به‌شدارییان هه‌ڵبژارد. 

كارتى به‌رهه‌م ساڵح
چاوه‌كان هه‌مووى له‌سه‌ر به‌شدارى به‌رهه‌م ساڵح بوون له‌ مه‌راسیمه‌كه‌، به‌وپێیه‌ى به‌شێكى زۆرى كێشه‌كانى یه‌كێتى و پارتى، له‌ شه‌وى به‌سه‌رۆك كۆماربوونى ئه‌مه‌وه‌ ته‌قینه‌وه‌و پارتى كه‌وت به‌ رقدا له‌و هه‌نگاوه‌، به‌ڵام بانگهێشتێكى به‌رهه‌م ساڵح هاوكێشه‌كه‌ى به‌ته‌واوى گۆڕى و ناوخۆى یه‌كێتى په‌رتكرد، به‌جۆرێك هه‌ر باڵێكى ئه‌و حزبه‌ په‌له‌ى بوو زوو بڕیارى به‌شدارى بدات له‌ مه‌راسیمه‌كه‌، له‌پێناوى ئه‌وه‌دا ركابه‌رییه‌كه‌ى پارتى به‌سه‌ریدا قڵپ نه‌بێته‌وه‌.

به‌رهه‌م ساڵح هه‌شت مانگى رابردوو، یه‌كێك بووه‌ له‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى سیاسه‌تى پارتى له‌نێو یه‌كێتى، بۆئه‌مه‌ش له‌ به‌رپرسه‌ دژه‌ پارتییه‌كان نزیك بوو، ته‌نانه‌ت زانیارى هه‌یه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى مه‌كته‌بى سیاسى له‌ كه‌سه‌ تونده‌كان بووه‌ كه‌ باسى له‌وه‌كردووه‌، یه‌كێتى تا بژارده‌ى دوو ئیداره‌ییش بڕوات به‌ڵام سازش بۆ پارتى نه‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح ببێت به‌سه‌رۆك كۆمار یه‌كێتى خۆى رووبه‌ڕووى رق و توڕه‌یى پارتى كرده‌وه‌، به‌ڵام به‌شدارى به‌رهه‌م ساڵح و شێوازى به‌شدارییه‌كه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوبوو، به‌ جۆرێك سه‌رۆك كۆمار له‌ قسه‌كانى روپامایى(موجامه‌له‌)ى زۆر به‌ قسه‌كانیه‌وه‌ دیاربوو، به‌ تایبه‌ت بۆ مه‌سعود بارزانى.

به‌شدارى به‌رهه‌م ساڵح ته‌نها به‌شدارییه‌كى ئاسایى نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ گوتاره‌كه‌یدا ستایشى زۆرى بارزانى كرد ته‌نها به‌ نه‌رمییه‌كه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ جۆرێك قسه‌كانى زیاتر ستایشى مه‌سعود بارزانى بوو، چه‌ند جارێك جه‌ختى له‌ رۆڵى سه‌رۆكانه‌ى ئه‌و كرده‌وه‌و به‌ سه‌رۆك و رێبه‌ر ناوى هێنا، به‌ جۆرێك ده‌تگوت مه‌راسیمى سوێندخواردنى بارزانییه‌ نه‌ك برازاكه‌ى، چونكه‌ زۆرتر رووى ستایشى له‌ مه‌سعود بارزانى بوو، هه‌رگیز له‌ گوتارى مه‌راسیمێك نه‌ده‌چوو كه‌ مه‌راسیمى ئاشته‌وایى دواى گرژى و ئاڵۆزى بێت و یه‌كه‌م گوتارى دواى ناكۆكییه‌كان بێت.

كارتى دووه‌مى پارتى به‌رهه‌م ساڵح بوو، پارتى زیره‌كانه‌ حه‌زو ویستى به‌رهه‌م ساڵحى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ پارتى، قۆسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نێوخۆى یه‌كێتى بشڵه‌قێنێت، به‌فه‌رمى بانگهێشتى به‌رهه‌م ساڵحى كرد، به‌وه‌ش باڵێكى یه‌كێتى به‌شدارى یه‌كلا بووه‌وه‌، قوباد تاڵه‌بانیش كه‌ وه‌ك نوێنه‌رى ماڵى تاڵه‌بانییه‌ نه‌ك به‌شدارى یه‌كلابووه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ تیمى پێشوازى بوو، ئه‌وه‌ش كۆسره‌ت ره‌سوڵى دوودڵ كردوو به‌په‌له‌ داواى كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى كرد.

په‌یسه‌ر دوێنێ ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ نیگه‌ران بووه‌ له‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح كه‌ جێگرى دووه‌مه‌ به‌شدار ده‌بێت، قوباد تاڵه‌بانى وه‌ك نوێنه‌رى خانه‌واده‌كه‌ى به‌شدار ده‌بێت به‌وه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان بنه‌ماڵه‌كه‌ى و پارتى ده‌پارێزێت، به‌ڵام ئه‌و وه‌ك جێگرى یه‌كه‌م و مه‌كته‌ب سیاسى به‌شدار نابن، بۆیه‌ داواى كۆبوونه‌وه‌ى به‌په‌له‌ى مه‌كته‌بى سیاسى كرد و به‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م به‌ فه‌رمى بڕیارى به‌شدارى حزبه‌كه‌ درا له‌ مه‌راسیمه‌كه‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ نیگه‌رانى ئه‌وه‌بوو له‌ قۆناغى هه‌ڵبژاردنى نێچیرڤان بارزانیش ماڵى تاڵه‌بانى و چه‌ند كه‌سێكیان پیرۆزباییان له‌ نێچیرڤان بارزانى كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و پیرۆزبایى نه‌كرد، به‌وه‌ش هه‌ستى ده‌كرد خۆى رووبه‌ڕووى هه‌موو ركابه‌رییه‌كانى پارتى بووه‌ته‌وه‌و رق و توڕه‌یى پارتى ته‌نها بۆ باڵه‌كه‌ى ئه‌و ده‌بێت. بۆیه‌ش هه‌رزوو بڕیارى به‌شداریدا.

په‌یسه‌ر دوینێ ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت هه‌ندێك ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى، نیگه‌ران بوون له‌وه‌ى نه‌كراونه‌ته‌ ئه‌ندامى شانده‌كه‌، له‌وانه‌ش جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، عه‌دنان موفتى، سه‌عدى پیره‌. پارتى له‌ بانگهێشتى به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌و به‌ به‌شدارى مسۆگه‌رى قوباد تاڵه‌بانى یه‌كێتى خسته‌ دۆخێكه‌وه‌، كه‌ به‌رپرسه‌كانى په‌له‌بكه‌ن له‌بڕیارى به‌شدارى و ركابه‌رى بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ندامى شاند بن، ته‌نانه‌ت په‌یسه‌ر زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ شێوازى به‌شدارى یه‌كێتى نیگه‌رانى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ له‌نێو حزبه‌كه‌، هه‌ریه‌ك له‌ شاناز ئیراهیم ئه‌حمه‌د، مه‌حمود سه‌نگاوى، لاهور شێخ جه‌نگى نیگه‌رانن، به‌وپێیه‌ى شێوازى به‌شدارییه‌كه‌یان پێ گونجاو نه‌بووه‌و هه‌ریه‌ك له‌ بێگه‌رد تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانى له‌ تیمى پێشوازى بوون.

لاوازى و په‌رته‌وازه‌یى ئۆپۆزسیۆن
كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو تا كاته‌كانى نزیك كۆبوونه‌وه‌كه‌، گوتیان تاووتوێى به‌شدارى ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچى ده‌نگیان به‌ یاساكه‌و سه‌رۆك نه‌دابوو له‌ كۆتاییدا فراكسۆنى كۆمه‌ڵ، فراكسیۆنى یه‌كگرتوو، ئه‌میندارى یه‌كگرتوو به‌شدارى مه‌راسیمه‌كه‌ بوون، پێشتر سۆران عومه‌ر له‌ نوسینێكدا ره‌خنه‌ى توندى گرتبوو له‌ به‌شداریكردن، ئه‌و خۆى بایكۆتى كردبوو، نوسیبووى"راستگۆیى نییه‌ دژى یاساكه‌ بووبیت و ده‌نگت به‌ سه‌رۆكه‌كه‌ نه‌دابێت، بچێت له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنه‌كه‌ى به‌شداربێت". ئه‌و مه‌راسیمه‌ دیسان په‌رته‌وازه‌یى و لاوازى ئۆپۆزسیۆنى خسته‌ پێش چاو، كه‌ تواناى بڕیاردانى نییه‌و پێچه‌وانه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌كانى پێشووى ده‌جوڵێت و ئیراده‌ى به‌رهه‌ڵستكارانه‌ى تا ئاستێكى كه‌مه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات.

گوتاره‌كه‌ى بارزانى
مه‌سعود بارزانى گوتارێكى كه‌مى داو قسه‌ى گشتى كرد، خۆى دوورگرت له‌وه‌ى ده‌ست بخاته‌ سه‌ر برینه‌كان، به‌پێى قسه‌كانى په‌رۆشى زۆرى بۆ دۆخه‌كه‌و بۆ مه‌راسیمه‌كه‌ پێوه‌ دیار نه‌بوو، پیرۆزبایى له‌ برازاكه‌ى دواخست بۆ ئه‌م مه‌راسیمه‌و به‌ڵێنى پشتیوانیشى پێدا، به‌گشتى گوتارێكى سارد دیاربوو، بۆ به‌شدارى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار قسه‌ى تایبه‌تى نه‌بوو و ناوى هیچ لایه‌كیشى نه‌برد، له‌ په‌یامه‌كه‌ى جه‌ختى كرده‌وه‌ له‌ سبه‌ینێ وه‌ هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌ستپێده‌كات، كه‌ بارزانى ئه‌مه‌یانى مه‌به‌سته‌ زوو ته‌واوبكرێت. په‌یوه‌ست به‌ كێشه‌كانى ناوخۆى لایه‌نه‌كانى هه‌رێم ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ى گوت"هیوادارم لایه‌نه‌كان به‌ گیانى به‌رپرسیارێتى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن"، گوتارێكى كورت كه‌ تێكڕا سێ خوله‌ك و 40 چركه‌ى خایه‌ند.

مه‌راسیمى سه‌رۆكانه‌
نیچیرڤان بارزانى مه‌راسیمێكى قه‌به‌ى رێكخستبوو، ئه‌وه‌ش له‌پێناو به‌گه‌وره‌ پیشان دانى رۆڵى خۆى و ده‌ستپێكێكى باش، هه‌روه‌ها بۆ قه‌ره‌بووى ده‌نگه‌ كه‌مه‌كانیشى كه‌ به‌ده‌ستیهێنا له‌ هه‌ڵبژادنى، سوێندخواردنى سه‌رۆكێك له‌ سیسته‌مێكى په‌رله‌مانیدا پێویستى به‌ مه‌راسیمێكى وا گه‌وره‌ نییه‌، به‌ڵام به‌چه‌ند هۆكارێك سه‌رۆكى نوێى هه‌رێم ئه‌م مه‌راسیمه‌ى لا مه‌به‌ست بوو.

*ناوخۆى له‌نێو حزبه‌كه‌ى باش نییه‌، ویستى له‌ ده‌ستپێكه‌وه‌ هێزو پێگه‌ى سیاسى و دیبلۆماسى خۆى پیشان بدات.
*ویستى له‌ سه‌ره‌تاوه‌ رۆڵێكى سه‌رۆكانه‌ى خۆى پیشان بدات، كۆكه‌ره‌وه‌ى سه‌ره‌ دژه‌كان بێت، مه‌راسیمه‌كه‌ى وێستگه‌یه‌ك بێت بۆ چاره‌سه‌رى ناكۆكییه‌كان.
*هێنانى به‌رپرسى باڵاى توركیا، تا پشتیوانى ئه‌و وڵاته‌ به‌ تایبه‌ت بۆخۆى پیشانى خه‌ڵك بدات، وه‌ك باس ده‌كرێت توركیا به‌م قه‌باره‌یه‌ پشتیوانى مه‌سرور بارزانى نییه‌و پشتى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌گرێت.
*مه‌به‌ستى تایبه‌تى هه‌یه‌ له‌ داهاتوو سه‌رۆكێكى بێ ده‌سه‌ڵات نه‌بێت، ترسى هه‌یه‌ له‌مپه‌رو ئاسته‌نگى هه‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌ مانۆڕى دیبلۆماسى و سیاسى و په‌یوه‌ندى باشى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
*نێچیرڤان بارزانى ده‌نگى له‌ مامى كه‌متر هێنا، ویستى مه‌راسیمه‌كه‌ى له‌وه‌ى ئه‌و گه‌وره‌تربێت.

پارتى بێ خاڵى لاواز نه‌بوو، لابردنى سرودى ئه‌ى ره‌قیب كه‌ له‌به‌رنامه‌ى كارى په‌رله‌مان بوو، لاوازى ئیراده‌ى ئه‌و حزبه‌ پیشان ئه‌دات به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌، به‌ تایبه‌ت توركیا و له‌به‌ر به‌شدارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌، جگه‌ له‌وه‌ش پرۆتۆكۆلى رێورەسمه‌كه‌ موجامه‌له‌ى زۆرى به‌غداى تێدابوو، له‌ فرۆكه‌خانه‌وه‌ تا هۆڵه‌كه‌ ئاڵاى عێراق هه‌ڵكرابوو، گوتارى عه‌مار حه‌كيمیش دیسا ئاماژه‌ى پێگه‌ى لاوازى پارتین له‌ ئاستى به‌غداو وڵاتان، كاتێك گوتى، مه‌رج نییه‌ نه‌وه‌ى دووه‌مى سیاسییه‌كان هه‌مان خه‌ونى پێشوویان هه‌بێت.

پارتى به‌ مه‌راسیمه‌كه‌ به‌شێكى ئامانجه‌كانى پێكا، لایه‌نه‌كانى ركابه‌رى بچوك و په‌رته‌وازه‌ ده‌ركه‌وتن، خۆشى وه‌ك حزبى پێشڕه‌و و بارزانیشى وه‌ك مه‌رجه‌ع پیشاندا، گوتاره‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵح و دانپێدانانه‌ زۆره‌كه‌ى ئاسانكارى بۆ به‌ مه‌رجه‌ع پیشاندانى بارزانى كرد، پێده‌چێت پارتى به‌و مه‌راسیمه‌ یه‌كێتى خستبێته‌ دۆخێكى جه‌نجاڵه‌وه‌ كه‌ گیرسانه‌وه‌ى ئاسان نییه‌.