ڕاپۆرتی کوردستانی

07:22 - 06/12/2018

چیرۆكى ئه‌و كادیرانه‌ى یه‌كگرتوو له‌سه‌ر ئاڵاى كوردستان له‌ بادینان كوژران‌

پەیسەر

نیوه‌ڕۆى 6ى 12ى 2005 له‌ بادینان كادیرانى یه‌كگرتوو چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رووبه‌ڕووى دۆخێكى دژواربوونه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك چوونه‌ به‌رده‌م باره‌گاكانیان و داواى داگرتنى ئاڵاى كوردستانیان كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ ئێواره‌یه‌كى خوێناوى كۆتاییهات و چوار كادیرى حزبه‌كه‌ به‌ گوله‌ى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كوژران.

هه‌ڵبژاردنى خولى یه‌كه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ یه‌كگرتووه‌كان یاده‌وه‌یه‌رییه‌كى تاڵه‌، ئه‌و كاته‌ى ساڵى 2005 بڕیاریاندا به‌ سه‌ربه‌خۆ و جیا له‌ لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى یه‌كێتى و پارتى، به‌شدارى یه‌كه‌م ئه‌زمونى دیموكراسى دواى رژێمى سه‌دام بن له‌ عێراق، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ رووبه‌ڕووى سه‌رئێشه‌و به‌ربه‌ست و دواتریش باجدانى كردنه‌وه‌و نۆ رۆژ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ چوار كادیریان كوژران.

دواى  بڕیارى یه‌كگرتوو له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى زۆربووه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ عێراقچێتى ده‌كات و دژى مافه‌كانى كورده‌، ره‌خنه‌كان رۆژى 6ى 12ى ئه‌و ساڵه‌ بوونه‌ هه‌ڕه‌شه‌و خوێن رشتنى لێكه‌وته‌وه‌، كاتژمێر 12:30 خوله‌كى ئه‌و رۆژه‌ له‌ ناوچه‌كانى ئاكرێ، دهۆك، زاخۆ، سێمێڵ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك چوونه‌ سه‌ر باره‌گاكانیان، سه‌ره‌تا داوایان له‌ به‌رپرسانى یه‌كگرتوو كرد ئاڵاى كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانیان دابگرن و هوتافیان دژى حزبه‌كه‌ ده‌وته‌وه‌، توڕه‌یى ئه‌وان له‌ بڕیارى حزبه‌كه‌ بوو بۆ به‌جیا به‌شداریكردنى له‌ هه‌ڵبژاردن.

مه‌ڵبه‌ندى دهۆكى یه‌كگرتوو زۆرترین فشارى له‌سه‌ر بوو، سه‌ره‌تا 100 بۆ 150 كه‌س دەچنه‌ به‌رده‌م باره‌گاكه‌و داواى داگرتنى ئاڵاى كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵان به‌رپرسانى باره‌گاكه‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆپیشانده‌ران توڕه‌ده‌كات و به‌ به‌رد هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاكه‌ ده‌ستپێده‌كات.

دواى ماوه‌یه‌كى كه‌م له‌ ده‌ستپێكردنى كێشه‌كه‌ قایمقامى ئه‌وكاتى دهۆك(ماجد سه‌ید ساڵح) ده‌چێته‌ ناو باره‌گاى مه‌ڵبه‌ند و داوا له‌ كادیرانى یه‌كگرتوو ده‌كات كه‌ رێگه‌بده‌ن گه‌نجه‌كان بچن ئاڵاى كوردستان دابگرن، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌و رازى نابن.

قایمقامى دهۆك به‌ كادیرانى یه‌كگرتوو ده‌ڵێت، ئه‌وان ناتوانن كۆنتڕۆڵى خه‌ڵكه‌كه‌ بكه‌ن وتوویه‌تى"گه‌نجن و خوێن گه‌رمن و ناتوانین كۆنتڕۆڵیان بكه‌ین"، به‌ڵام وته‌كانى قایمقام یه‌كگرتووه‌كان قایل ناكات.

له‌گه‌ڵ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى قایمقام له‌ باره‌گاى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كگرتوو، ئه‌و خه‌ڵكه‌ى كه‌ له‌به‌رده‌م باره‌گاكه‌ بوون ده‌ست به‌ به‌رد بارانى باره‌گاكه‌ ده‌كه‌ن و ئۆتۆمبێله‌كانى به‌رده‌م مه‌ڵبه‌ند ده‌سوتێنن و ئاگر له‌ ژوورێكى باره‌گاكه‌ به‌رده‌ده‌ن، كه‌ ژوورى په‌یوه‌ندییه‌كانى مه‌ڵبه‌ند ده‌بێت.

له‌ ده‌ورووبه‌رى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كگرتوو هێزێكى زۆرى ئه‌منى جێگرده‌بن، به‌ڵام به‌وته‌ى شایه‌تحاڵانى رووداوه‌كه‌ هێزه‌كه‌ رێگرى له‌و خه‌ڵكانه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر مه‌ڵبه‌ندى یه‌كگرتوو هاتبوون، ژماره‌یه‌كى زۆر كادیرى یه‌كگرتووش له‌ ده‌ورووبه‌رى مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌كه‌ رێگه‌ ناده‌ن هیچ كادیرێكى یه‌كگرتوو بچنه‌ ناو باره‌گاكه‌.

ئه‌رشه‌د ئه‌حمه‌د، براى یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندى دهۆك ئه‌و رۆژه‌ كوژراوه‌، ئه‌و بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، له‌كاتی رووداوه‌كه‌، ئه‌ندامانى لقى پارتى و به‌رپرسى قوتابیانى پارتى و قایمقام وه‌ستابوون سه‌یرى رووداوه‌كه‌یان ده‌كرد.

گوتیشى، هێزێكى زۆرى ئه‌مینى له‌وێ بوون رێگه‌یان به‌هیچ كادیرێكى یه‌كگرتوو نه‌دا بچنه‌ ژووره‌وه‌، رێگه‌شیان له‌ هێرشى خه‌ڵكى نه‌ده‌گرت بۆسه‌ر باره‌گاكه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكى له‌ هێرشه‌كانیان به‌رده‌وام بوون تا ئاگریان له‌ باره‌گاى مه‌ڵبه‌ند به‌ردا.

ئه‌و هێزه‌ی له‌وێ ده‌بن هێزى ئاسایش و زێره‌ڤانى ده‌بن كه‌ جلوبه‌رگى فه‌رمییان له‌به‌ربووه‌، له‌وكاته‌ى خۆپیشانده‌ره‌كان ئاگر له‌ باره‌گاكه‌ به‌رده‌ده‌ن چه‌ند كادیرێكى یه‌كگرتوو له‌سه‌ر سه‌ربانی باره‌گاكه‌وه‌ به‌ به‌رد بڵاوه‌ به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ورووبه‌رى مه‌ڵبه‌ند چۆڵ ده‌بێت، به‌ڵام كێشه‌كه‌ قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ راسته‌وخۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ دووقۆڵه‌وه‌ ده‌ست به‌ ته‌قه‌ ده‌كه‌ن له‌ باره‌گاى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كگرتوو، كادیرانى یه‌كگرتوو سوورده‌بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى باره‌گاكه‌یان چۆڵ نه‌كه‌ن له‌گه‌رمه‌ى ته‌قه‌كاندا جارێكى دیكه‌ ئاڵاى یه‌كگرتوو له‌سه‌ر باره‌گاكه‌ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌رشه‌د كه‌ خۆى شایه‌تحاڵى رووداوه‌كه‌یه‌ ده‌ڵێت، خه‌ڵكى مه‌ده‌نى ده‌مانچه‌یان پێبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ته‌قه‌ى كرد هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بوون بۆ ئه‌وه‌ى كادیران ناچار بكه‌ن له‌ باره‌گاى مه‌ڵبه‌ند بێنه‌ ده‌ره‌وه‌و به‌ ته‌واوى بیسوتێنن.

دواى كاتژمێر 03:00ى دوانیوه‌ڕۆ كاتێك باره‌گاكه‌ خه‌ریكه‌ به‌ ته‌واوى بسوتێت، كادیرانى یه‌كگرتوو ته‌نگه‌ نه‌فه‌س ده‌بن و ناچارده‌بن بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌رگاى پشته‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرن بۆ ئه‌وه‌ى پارێزراوبن.

له‌كاتى چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان له‌ ده‌رگاى پشته‌وه‌ ده‌مه‌قاڵێیان له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ ئه‌فسه‌ره‌كانى ئاسایش بۆ دروست ده‌بێت، كاتێك دوو كادیرى یه‌كگرتوو وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ به‌ ده‌مانچه‌یه‌كه‌ى ده‌ستى راسته‌وخۆ دوو كه‌سیان ده‌كوژێت(عیسمه‌ت به‌ندى و مه‌لا موشیر ئه‌حمه‌د) مه‌لا موشیر به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى ئاكرێ بووه‌و ئه‌و رۆژه‌ به‌ئیشوكارى حزب سه‌ردانى دهۆكى كردبوو).

له‌ زاخۆش به‌ هه‌مان شێوه‌ كارمه‌ندێكى ئاسایش دوو كادیرى یه‌كگرتوو به‌ ده‌مانچه‌ ده‌كوژرێن(شه‌فیق كێسته‌یى و عه‌بدولره‌حمان هرورى)، دوو كه‌سى دیكه‌ش له‌ دهۆك به‌ ته‌قه‌ بریندارده‌بن، و ژماره‌یه‌كى دیكه‌شیان به‌ به‌رد بریندار ده‌بن.

سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌میندارى یه‌كگرتوو، ئه‌مڕۆ بۆیادى كوژرانى ئه‌و كادیرانه‌ى حزبه‌كه‌ى په‌یامێكى 18 وشه‌یى له‌ تویته‌رى خۆى بڵاوكرده‌وه‌و به‌ شه‌هیدانى رێگه‌ى ئازادى و برایه‌تى دادپه‌روه‌رى  وه‌سفیكردوون.


له‌دواى رووداوه‌كه‌ پارتى هه‌وڵه‌كانى ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى له‌رێگه‌ى حزبییه‌وه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ربكات، هه‌مان ساڵ( 2005)یه‌كگرتوو و پارتى ده‌گه‌نه‌ لێكتێگه‌یشن بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌، ناوه‌رۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌یان به‌جۆرێك ده‌بێت كه‌ باره‌گاكانى یه‌كگرتوو نۆژه‌نبكرێنه‌وه‌و قه‌ره‌بووى حزب بكرێته‌وه‌و قه‌ره‌بووى ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئۆتۆمبێلیان سوتاوه‌، هاوكات گره‌نتى به‌ یه‌كگرتوو بدرێت ئه‌و هێرشانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌.

 نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى سه‌رپه‌رشى ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ده‌كات بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌، هه‌رچه‌نده‌ پارتى و یه‌كگرتوو ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام كه‌سوكارى كوژراوه‌كان ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

دواى ئه‌وه‌ى كه‌سوكارى كوژراوه‌كان له‌ دهۆك سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن و ئه‌نجامى نابێت سكاڵاكه‌یان ده‌به‌نه‌ به‌غدا و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ  پارتى رێككه‌وتووه‌، به‌ڵام كه‌سوكارى قوربانییه‌كان پێیان وایه‌ نابێت ئه‌و كێشه‌یه‌ حزب بڕیارى لێبدات و له‌سه‌ر سكاڵاكه‌یان به‌رده‌وام ده‌بن.

كێشه‌كه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوى ده‌مێنێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ى یه‌كگرتوو به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ى دۆسیه‌كه‌ ده‌وه‌ستێنێت و سكاڵاكه‌ى دادگاش ناچێته‌ پێشه‌وه‌ به‌وپێیه‌ى  تۆمه‌تباران راده‌ست ناكرێن.

ساڵى 2011 و دواى شه‌ش ساڵ له‌ رووداوه‌كه‌ نێچیرڤان بارزانى له‌رێگه‌ى سه‌لاحه‌دین به‌هادینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سوكارى كوژراوه‌كان داده‌نیشێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ داواى چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت"ناتوانین كه‌سى تاوانبار بدۆزینه‌وه‌، من تاوانبارم و له‌وبابه‌ته‌ ئێوه‌ چیتان هه‌یه‌ من ئاماده‌م، وه‌رن من بكوژن".

دواى ئه‌و دانیشتنه‌ كه‌سوكارى كوژراوه‌كان رێده‌كه‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى سكاڵاكه‌یان له‌ به‌غدا بكشێننه‌وه‌ و مه‌بله‌غێك وه‌ك قه‌ره‌بوو به‌ كه‌سوكارى قوربانییه‌كان ده‌درێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌ ته‌واوى ئاوی نه‌كردووه‌ به‌ ئاگرى كێشه‌كه‌دا و كه‌سوكاریان هه‌رچاویان له‌ سزادانى بكوژه‌كانه‌.

ئه‌رشه‌د ئه‌حمه‌د، گوتى" داواكارى سه‌ره‌كى ئێمه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بكوژانى سه‌ره‌كى دادگایی بكرێن و سزابدرێن، نه‌ك هه‌ركه‌سێكى ده‌وڵه‌مه‌ند كه‌سێك بكوژێت دواتر داواى لێبوردن بكات و له‌رێگه‌ى مادده‌وه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات".