ڕاپۆرتی کوردستانی

05:35 - 06/06/2019

10ى حوزه‌یران..مه‌راسیمى سازان یان له‌تبوونى یه‌كجارى؟‌

پەیسەر

چاوه‌كان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى 10ى حوزه‌یرانن كه‌ تێیدا نێچیرڤان بارزانى سوێندى یاسایى ده‌خوات وه‌ك سه‌رۆك، ئێستا مه‌راسیمه‌كه‌ ته‌نها وه‌ك بۆنه‌یه‌كى پرۆتۆكۆلى نه‌ماوه‌ بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكێك، به‌ڵكو ئه‌و مه‌راسیمه‌ هه‌رێمى كوردستانى خستووه‌ته‌ دووریانێكى دیكه‌وه‌، له‌هه‌ردوو حزبه‌وه‌(یه‌كێتى و پارتى) یار و نه‌یارى مه‌راسیمه‌كه‌ هه‌ن، پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت رۆژه‌ یاساییه‌كانى دیاریكراون، مه‌راسیمه‌كه‌ یاخود گوریسى نێوان هه‌ردوو حزب به‌ ته‌واوى ده‌پچڕێنێت یاخود شوێنه‌ پچڕاوه‌كان گرێ ده‌داته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى قۆناغێكى نوێ و جیاوازى ته‌مه‌نى سیاسى خۆى ئه‌زمون ده‌كات، چاوى له‌وه‌یه‌ هه‌م به‌ لاوازى ده‌ست پێ نه‌كات، هه‌م بۆنه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونه‌كه‌ى ببێته‌ وێستگه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى دژه‌كان و له‌وێوه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان رابگه‌یه‌ندرێت و له‌یه‌كەم رۆژى سه‌رۆك بوونیدا خه‌ڵكى هێزى سه‌رۆكانه‌ى ببینن، بارزانى برازا هه‌م مه‌به‌ستیشیه‌تى له‌ په‌نجه‌ره‌ى ئه‌و مه‌راسیمه‌وه‌ یه‌كێتى بهێنێته‌وه‌ ناو ماڵى دانوستان و به‌شكردنى پشكه‌كانى پێگه‌و ده‌سه‌ڵات.

نێچیرڤان بارزانى و یه‌كێتى
نێچیرڤان بارزانى و یه‌كێتى، وه‌ك دوو حزبى هاوپه‌یمان ده‌بینرێن له‌ ده‌ره‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ واقعییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى، له‌ناو پارتى نێچیرڤان وه‌ك دۆستى یه‌كێتى ناسراوه‌و وا باس ده‌كرێت زیاد له‌ پێویست نه‌رمه‌و نازى یه‌كێتییه‌كانى هه‌ڵگرتووه‌، له‌ چه‌ند قۆناغێكى جیاواز به‌ تایبه‌ت له‌ دانوستان و واژۆى رێككه‌وتنه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى خۆى لیده‌ر بوو، په‌یسه‌ر پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ جێگرى سه‌رۆكى پارتى رۆڵى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ له‌وه‌ى یه‌كێتى سووربێت له‌سه‌ر داواكانى بۆ وره‌گرتنى ئه‌و پۆستانه‌ى له‌ پارتى ده‌ویستن، جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمیش هه‌ر ئه‌و بۆ یه‌كێتى مسۆگه‌ری كرد.

بۆ ده‌ستگرتنى یه‌كێتى هۆكارى زۆر هه‌ن پاڵ به‌ سه‌رۆكى نوێى هه‌رێمه‌وه‌ ده‌نێن، به‌ڵام سه‌ره‌كیترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م قۆناغه‌یدا كه‌ له‌ژێر ره‌حمى تیرى ركابه‌ره‌ ناوخۆییه‌كانى حزبه‌كه‌یدا یه‌كێتى بۆ ئه‌و قه‌ڵغانێكه‌، وه‌ چه‌نده‌ سه‌رى ناكۆك و نه‌یار له‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات كۆببنه‌وه‌ پێكه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌مده‌بنه‌وه‌و ئه‌وه‌نده‌ش ده‌رفه‌تى بۆ دروست ده‌بێت رۆڵى سه‌رۆكانه‌ى خۆى بخاته‌ پێش چاو وه‌ك كۆكه‌ره‌وه‌ى نه‌یاره‌كان، له‌وه‌ش گرنگتر ركابه‌ره‌كانى له‌نێو پارتى له‌ ئه‌گه‌رى به‌شدارى كاراى یه‌كێتى له‌ ده‌سه‌ڵات رۆڵیان وه‌ك ئه‌وه‌ نابێت كه‌ یه‌كێتى گۆره‌پانه‌كه‌ چۆڵ بكات، بۆیه یه‌كێتى بۆ سه‌رۆكى نوێ گونجاوترین كارته‌ و بارزانى ده‌ترسێت به‌ كاڵبوونه‌وه‌ى نه‌یاره‌كانى حزبه‌كه‌ى له‌نێو حزبه‌که‌ى خۆیدا گورگانخوارد بكرێت.

زانیارییه‌كانى چین؟
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، نێچیرڤان بارزانى به‌فه‌رمى ده‌ستپێشخه‌رى كردووه‌ بۆ یه‌كێتى كه‌ له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ به‌شداربن، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌و قۆناغى ده‌نگ نه‌دانى فراكسیۆنى سه‌وز له‌بیر ده‌كات و هه‌ڵوێستى به‌شدارییه‌كه‌یان وه‌رده‌گرێت له‌ مه‌راسیمه‌كه‌و له‌گه‌ڵ یه‌كێتى په‌ڕه‌یه‌كى نوێ هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌، گوتوشیه‌تى له‌گه‌ڵ به‌شدارى یه‌كێتى له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ دووقۆڵییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى ئه‌مه‌ى له‌رێگه‌ى به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ گه‌یاندووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یامه‌شدا راسته‌وخۆ به‌رهه‌م ساڵحى بانگهێشتى مه‌راسیمه‌كه‌ كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌یان دواى هه‌شت مانگ گرنگترین رووداوى سیاسى ده‌بێت له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا كه‌ مه‌راسیمه‌كه‌ له‌خۆى ده‌گرێت، به‌وپێیه‌ى نێوانى هه‌ردوو حزب له‌ شه‌وى 3ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ هۆڵى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنى به‌رهه‌م ساڵح به‌ سه‌رۆك كۆمار له‌جێ چوو، سه‌رۆك تیمى هه‌ردوو حزب له‌و یارییه‌ كه‌ پارتى به‌ ده‌ستى به‌تاڵ لێى ده‌رچوو، نێچیرڤان بارزانى و به‌رهه‌م ساڵح بوون، دیاره‌ ئێستاش هه‌ر لاى خۆیانه‌وه‌ ده‌بێت گرێ بدرێته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان به‌رهه‌م ساڵح پێى خۆشه‌ به‌شداربێت له‌ مه‌راسیمه‌كه‌، ره‌زامه‌ندى ماڵى تاڵه‌بانیشى وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام مه‌رجى ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ له‌و سه‌ردانەى هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى ئه‌نجام بدات، پارتى لارى نییه‌ و ده‌یه‌وێت كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ پیرمام بكرێت، سه‌رۆك كۆمار پێى خۆشه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ناو هه‌ولێر بكرێت به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ى پیرمامى ره‌تنه‌كردووه‌ته‌وه‌. گوته‌بێژى یه‌كێتى ئه‌مڕۆ دواى كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى گوتى"د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح خۆی ئازاده‌ له‌به‌شداریكردن یان نه‌كردنی له‌و مه‌راسیمه‌دا"ئه‌وه‌ش به‌ ماناى گڵۆپى سه‌وز دێت.
 
له‌ یه‌كێتى ته‌نها به‌رهه‌م ساڵح نییه‌ مه‌یلى به‌شداریكردنى هه‌یه‌ له‌ مه‌راسیمه‌كه‌، ره‌نگه‌ قوباد تاڵه‌بانى زیاتر به‌ ته‌نگ به‌شدارییه‌وه‌ بێت ئه‌گه‌ر حزبه‌كه‌شى بایكۆت بكات، كۆسره‌ت ره‌سوڵیش وه‌ك هه‌میشه‌ حه‌زى به‌ بایكۆت و دووركه‌وتنه‌وه‌ نییه‌ له‌ پارتى، به‌ڵام باسوخواسى كۆنگره‌ ده‌ستى به‌ستووه‌و به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ ده‌جوڵێته‌وه‌، راى زۆرینه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى له‌گه‌ڵ بایكۆت نین، له‌ هه‌ردوولاوه‌ یه‌كێتى و پارتى ئه‌وه‌نده‌ باسى مه‌راسیمه‌كه‌یان کردووه‌، به‌شدارى مه‌راسیمه‌كه‌ له‌ گرنگتر به‌ ده‌نگدانى په‌رله‌مان بۆ سه‌رۆك دێته‌ به‌رچاو و ده‌نگنه‌دانى فراكسیۆنى سه‌وزى به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم كردووه‌ به‌ ژێره‌وه‌. 

یار و نه‌یارى كۆبوونه‌وه‌كه‌
له‌ناو پارتیش مه‌سرور بارزانى و نزیكه‌كانى زۆر به‌ ته‌نگ به‌شدارى یه‌كێتییه‌وه‌ نین له‌ مەراسیمەكه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌ قۆناغى ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم وه‌ك ئه‌ندازیارى ته‌راكردنى یه‌كێتى باس ده‌كرێن له‌ ده‌نگدان به‌ نێچیرڤان بارزانى، ئه‌مان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى پارتى یه‌كێك له‌ بژارده‌كان كه‌ تاووتوێیان كردووه‌ پێكهێنانى حكومه‌ته‌ بێ یه‌كێتى و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامییه‌، رایان وابووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵ و یه‌كێتى ناكرێت هه‌ردوو لایان له‌ ده‌ره‌وه‌ى پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت بن، به‌ڵام ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌ دژى به‌شدارى یه‌كێتیش نین و ده‌زانن چه‌نده‌ یه‌كێتى له‌ پارتى بچێته‌ پێش زووتر حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ نوێیه‌كان دێت به‌ ده‌سته‌وه‌.

له‌ناو یه‌كێتیش ده‌گوترێت بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى و به‌رپرسه‌ نزیكه‌كانى ئه‌م دووانه‌ له‌گه‌ڵ به‌شدارى یه‌كێتى نین له‌ مه‌راسیمه‌كه‌، به‌ڵام دواجار رێككه‌وتن و نزیكبوونه‌وه‌ بڕیارى ئه‌مانیش ساغ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م دوانه‌ رێگه‌یان به‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى نه‌دا ده‌نگ به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم بده‌ن، له‌ كاردانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى پارتى سێ كاندیدى بۆ پارێزگارى كه‌ركوك ره‌تكردنه‌وه‌، دووباره‌بوونه‌وه‌ى بڕیارى له‌م جۆره‌ ئه‌سته‌م نییه‌، به‌ڵام به‌شدارى به‌رهه‌م ساڵح و قوباد تاڵه‌بانى له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ هه‌ندێك له‌ دوودڵییه‌كانى لایه‌نگرانى مه‌راسیمه‌كه‌ى له‌ هه‌ردوو حزب كه‌مكردووه‌ته‌وه‌.

په‌یوه‌ست یه‌ یه‌كێتى هیچ بڕیارێك له‌و حزبه‌دا گره‌نتى جێگیرى و به‌رده‌وامیى نییه‌، پرۆسه‌ى بڕیاردان له‌و حزبه‌دا ئاڵۆزه‌و گرێدراوى ململانێى ناوخۆى حزبه‌كه‌ و تاراده‌یه‌كى زۆریش تارانه‌، هه‌ستیارى په‌یوه‌ندیشیان له‌گه‌ڵ پارتى و نه‌مانى متمانه‌ هۆكارێكى دیكه‌یه‌،  بۆیه‌ هه‌موو بڕیارێك تا ساتى خۆى، قابیلى گۆڕانكارییه‌ و له‌ ماوه‌ى رابردوودا چه‌ند جارێك یه‌كێتى بڕیارى كوتوپڕو له‌ناكاوى داوه‌.

تا ئێستا ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن كه‌ مه‌راسیمه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى، ئاو بكات به‌و ئاگره‌ى له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ر بكات و گرێى سه‌رۆك كۆمار و پارێزگارى كه‌ركوكیش بكاته‌وه‌و حكومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ش دواى ژانێكى هه‌شت مانگه‌ له‌دایك ببێت، به‌ڵام بێ متمانه‌یى نێوان ئه‌و دوو هێزه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆر بووه‌، هه‌موو تێك چوون و ترازانێك چاوه‌ڕوانكراوه‌و پێشهاتێكى نامۆ نییه‌، چه‌ند رۆژێكى كه‌مى ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى تامى یه‌كه‌م كارى ئه‌زمونه‌ نوێیه‌كه‌ى بكات، ئایا ده‌بێته‌ شكستى دووه‌مى له‌دواى دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان بۆ ده‌نگدان به‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى، یاخود ده‌بێته‌ ده‌ستپێکێكى به‌هێز و شه‌رعییه‌ته‌كه‌ى تۆكمه‌ ده‌كات؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێتى له‌ به‌شدارى بكشێته‌وه‌ پێده‌چێت رووداوه‌كان زیاتر ئاڵۆزبن و نێچیرڤان بارزانى لانى كه‌م بۆ ماوه‌یه‌كى گرنگ له‌ ده‌ست بده‌ن، و ئه‌و پۆستانه‌شى كه‌ ده‌یانه‌وێت نه‌توانن به‌ده‌ستى بهێنن، له‌ ئه‌گه‌رى به‌شداریش ئه‌گه‌رى زۆره‌وه‌ هه‌نگاوه‌كان بكه‌وێته‌ سه‌ر سكه‌و گرێ كوێره‌ى حكومه‌ت و گرێكانى دیكه‌ش به‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م بكرێنه‌وه‌ .