ڕاپۆرتی کوردستانی

03:55 - 03/06/2019

به‌رپرسانى كورد بێده‌نگ و عه‌بدولمه‌هدى بۆ كه‌ركوك هاته‌ ده‌نگ‌

پەیسەر

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌سه‌ر رووداوه‌كانى كه‌ركوك له‌ به‌یانه‌كه‌یدا بۆچوونى هاوسه‌نگى سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ باسكرد، دواى زیاتر له‌ مانگێك له‌ شه‌ڕو هه‌ڕه‌شه‌و ده‌ركردن و روخانى ماڵه‌ كورده‌كان و سوتاندنى زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانى كورد، په‌یامه‌كه‌ ئاهێكى هێناوه‌ به‌به‌رى كورددا، به‌ڵام له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هیچ به‌یانێكى فه‌رمى حكومه‌ت نییه‌ تا ئێستا، له‌رووى كرده‌ییشه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك هێز حكوم ده‌كات و راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدیش ته‌نها حیبرى سه‌ر په‌ڕه‌یه‌.

پێشتر فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان به‌یانى هاوبه‌شیان ده‌ركرد و سه‌ردانى سه‌رۆك وه‌زیرانیشیان كرد، چه‌ند په‌رله‌مانتارێكیان چوونه‌ ئه‌و ناوچانه‌، په‌رله‌مانتاره‌ یه‌كێـتییه‌كانیش گوتیان سه‌رۆك كۆمار هه‌وڵى زۆرى داوه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ر خه‌ته‌، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیران دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نیشتیمانى هاته‌ سه‌رخه‌ت و به‌یانى بڵاوكرده‌وه‌. به‌ڵام ئایا كورد ئه‌وه‌نده‌ سه‌نگى هه‌یه‌ په‌یامه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران بكات به‌ كردار و فشار بكات بۆ جێبه‌جێكردنى؟ بۆچى پێشتر سه‌رۆك وه‌زیران له‌كاتى رووداوه‌كان و له‌سه‌ر داواى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان و سه‌رۆك كۆمار نه‌هاته‌ سه‌ر خه‌ت.

له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، له‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆماریشه‌وه‌ كه‌ به‌ده‌ست كورده‌وه‌یه‌، تا ئێستا هیچ به‌یان و هه‌ڵوێستێكى فه‌رمیی بڵاو نەکراوەتەوە، كه‌سانى ده‌ورووبه‌رى ئه‌و به‌رپرسانه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌و خه‌ریكى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانن، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت به‌یانه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران و بێده‌نگى ئه‌وان، جارێكى دیكه‌ دیمه‌نى شپرزه‌یى كوردى هێنایه‌وه‌ پێش چاو. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى له‌ په‌یامه‌كه‌یدا داواى هه‌ماهه‌نگى كرد له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

دۆخى خراپى كورد له‌ كه‌ركوك هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندى خراپى یه‌كێتى و پارتى په‌رته‌وازەیى زۆریى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، ئه‌وه‌ش پانتایى زۆرى له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌ ركابه‌ره‌كانى كورد كرده‌وه‌ و ده‌رفه‌تى بۆ ره‌خساندن ئه‌وه‌ى بیانه‌وێت جێبه‌جێى بكه‌ن، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر نزیكه‌ى ١٠ هه‌زار خێزانى عه‌ره‌ب له‌ دواى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هێندراونه‌ته‌ كه‌ركوك، جگه‌ له‌ سوتاندنى هه‌زاران دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى كورد.

رێبوار كه‌ریم په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى سه‌ربه‌خۆ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، باسى له‌وه‌كرد ئه‌مڕۆ سه‌رۆك كۆمار جارێكى دیكه‌ داواى له‌ سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌ كه‌ كاربكرێت، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و ته‌نها به‌ به‌یاننامه‌ نه‌بێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكى كرده‌یى نه‌بووه‌، به‌داخه‌وه‌ كێشه‌ى گه‌وره‌ هه‌یه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ كورد بۆ پێكهێاته‌كانى دیكه‌ش، پێگه‌ى كورد لاوازه‌و له‌ ئاستى پێویست نییه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك. 

سه‌باره‌ت به‌ بێده‌نگى حكومه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆك كۆماریش، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتى، به‌بڕواى ئه‌و له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ئیراده‌ نییه‌ بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌، وه‌ ئه‌و گرفتانه‌ى نێوانى یه‌كێتى و پارتى هه‌یه‌ كێشه‌یه‌ بۆ كه‌ركوك."ره‌نگه‌ خه‌ڵك ته‌بیعه‌تى به‌رهه‌م ساڵح بناسن زۆر حه‌زى به‌وه‌ نییه‌ هه‌موو هه‌نگاوه‌كانى خۆى بدات به‌ راگه‌یاندن، له‌سه‌ر ئه‌م بواره‌ ئیشى كردووه‌، به‌ڵام بوونى پارێزگارێكى كورد كه جێگه‌ى ره‌زامه‌ندى ئه‌و ناوچانه‌ بێت، هه‌نگاوێكى زۆر گه‌وره‌یه‌ و كارئاسانى زۆر ده‌كات چونكه‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئه‌منى، به‌دڵنیاییه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تى كورد به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى ئاماده‌نین به‌ دانانى پارێزگارێكى كورد، زۆر روونه‌ ئه‌وه‌ رێگریكردنه‌ له‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كه‌ركوك".

پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر رێككه‌وتنێكى مه‌ترسیدار رێگه‌ به‌ دورینه‌وه‌ى زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانى كورد دراوه‌ له‌ په‌لكانه‌و ئه‌و ناوچانه‌ى رێگه‌ به‌ دروێنه‌ نه‌ده‌درا، ئه‌ویش به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ رێگه‌ بدرێت كورد دروێنه‌ بكات، له‌ به‌رامبه‌ردا ساڵى داهاتوو به‌بێ رێككه‌وتن ئه‌و زه‌وییانه‌ دانه‌چێندرێت. رێبوار كه‌ریم گوتى"سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانى كه‌ركوك و ده‌ره‌وه‌ى كه‌ركوك له‌سه‌ر خه‌ته‌و توانیویه‌تى هه‌ندێك هه‌نگاو بنێت، به‌ تایبه‌ت كێشه‌ى جوتیارانى سه‌رگه‌ران و په‌لكانه‌و كۆتایى به‌و كێشانه‌ بهێنێت، به‌ڵام ئه‌و كێشه‌یه‌ پێویستى به‌ رێكخستنه‌وه‌ى نێوماڵى كوردى هه‌یه‌ و تا ئێستاش ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ ئارادا نییه‌".

دۆخى كه‌ركوك له‌دواى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ به‌سه‌ر كورددا قڵپ بوویه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا باره‌كه‌ زیاتر قورس بووه‌، ژیان له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان پڕه‌ له‌ دوودڵى، ناوچه‌كه‌ ته‌كێندراوه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى كورد و به‌رپرسى كورد، خه‌ڵكى له‌ژێر ئه‌و بڕیارانه‌ن كه‌ له‌پارێزگاره‌ عه‌ره‌به‌كه‌وه‌ یاخود سه‌ركرده‌كانى سوپاوه‌ یان له‌به‌غداوه‌ ده‌گات، به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌، نه‌ حكومه‌تى هه‌رێم نه‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار به‌یانى فه‌رمییان نه‌بووه‌، له‌ كوردستان حزبه‌كان راگه‌یه‌ندراویان بڵاوكرده‌وه‌ بۆ دۆخى كه‌ركوك، به‌ڵام هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدار رووى تانه‌یان له‌یه‌كه‌و هه‌ریه‌كه‌یان ده‌ڵێت، ئه‌و خۆى خه‌مخۆرى كه‌ركوكه‌.

ناسر هه‌ركى ئه‌ندامى لیژنه‌ى به‌رگرى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ڵێت، عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆچوونى له‌سه‌ر كورد و كێشه‌ى كه‌ركوك باشه‌و ئه‌گه‌ر لێى بگه‌ڕێن كارى باش ده‌كات، و باوه‌ڕی به‌پێكه‌وه‌ ژیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش وه‌كو كورد یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك  هه‌ڵوێست بین ده‌كرێت، به‌یاننامه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ كردار بكه‌وێته‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

هه‌ركى، كه‌ ئه‌ندامى فراكسیۆنى پارتییه‌ پێى وایه‌، كورد له‌ به‌غدا ئه‌وه‌نده‌ش په‌رته‌وازه‌ نییه‌و هه‌ماهه‌نگییان هه‌یه‌ پێكه‌وه‌ و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان پێكه‌وه‌ سه‌ردانى ئه‌و ناوچانه‌یان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد یه‌ك ده‌نگ بێت ئه‌نجامى هه‌وڵه‌كانى زۆر باشتر ده‌بێت.

په‌یامه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى هه‌رچه‌ند بۆ كورد مایه‌ى ئومێدبێت، به‌ دیوێكى دیكه‌دا ئاماژه‌ى نائومێدى زۆره‌، به‌وه‌ى نوێنه‌رانى كورد له‌ به‌غدا سه‌نگ و پێگه‌ى ئه‌وه‌یان نییه‌ شتێكى ئه‌وتۆ بۆ كورد بكه‌ن، كاتێك رووبه‌ڕووى گرفت و هه‌ڕه‌شه‌و ماڵوێرانى ده‌بنه‌وه‌و بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستى خۆیان بڵاوناكه‌نه‌وه‌و جددى ده‌رناكه‌ون له‌ به‌ده‌مه‌وه‌ چوونى خه‌ڵك، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ چاویان له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى و حكومه‌ته‌كه‌یه‌تى، عه‌بدولمه‌هدى یه‌كه‌م جارى نییه‌ به‌وجۆره‌ دێته‌ سه‌ر خه‌ت كاتێك كورد بێده‌نگه‌ له‌ ئاستى كێشه‌كانى خۆى، له‌ رووداوه‌كانى شیلادزێش له‌ زستانى رابروو كاتێك خه‌ڵكى خۆپیشاندانیان كرد دژى سوپاى توركیا له‌ ناوچه‌كه‌و شه‌هید و بریندارى لێكه‌وته‌وه‌، ته‌نها سه‌رۆك وه‌زیران هاته‌ ده‌نگ و داكۆكى له‌ خۆپیشانده‌ران كرد، حكومه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆك كۆمار بێده‌نگ بوون.