ڕاپۆرتی کوردستانی

05:55 - 02/06/2019

كۆنگره‌ى یه‌كێتى ده‌رده‌ یا ده‌رمان؟‌

پەیسەر

له‌ یادى ٤٤ ساڵه‌ى دامه‌زراندنى یه‌كێتیدا، به‌رپرسانى یه‌كێتى به‌ تێكڕا باسیان له‌ گرنگى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ كرد و نوسین و په‌یامى ڤیدیۆیى جیاجیان بڵاوكرده‌وه‌، به‌پێى په‌یامه‌كان له‌ ناو یه‌كێتیدا نه‌یارى كۆنگره‌ نییه‌، به‌ڵام كۆنگره‌ پێنج ساڵ له‌واده‌ى خۆى دواكه‌وتووه‌و تائێستاش رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى نییه‌، چه‌ندین واده‌ى بۆ دیاریكراوه‌و دواخراوه‌، په‌یامه‌ جۆراوجۆره‌کان ئاماژه‌ى ناكۆكى قوڵى حزبه‌كه‌ن له‌سه‌ر كۆنگره‌.

یه‌كێتى له‌ته‌مه‌نى خۆیدا سێ كۆنگره‌ى به‌ستووه‌و دوایین كۆنگره‌ى خۆى له‌ 1ى ئایارى 2010 به‌ ئاماده‌بوونى مام جه‌لال به‌ڕێوه‌چوو، بڕیاربوو 2014 كۆنگره‌ى چوار بكرێت، به‌رپرسه‌كانى ئه‌و حزبه‌ داواى كۆنگره‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ ناواخندا گرفتى زۆریان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆنگره‌و به‌شێكى كه‌میشیان هه‌رچۆن بێت كۆنگره‌ بۆیان خێرى تێدایه‌. به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی ده‌بێت هه‌ر سێ ساڵ جارێك كۆنگره‌ ببه‌ستێت.

ئه‌وه‌ى مایه‌ى سه‌رنجه‌ تێكڕاى به‌رپرسه‌كانى حزبه‌كه‌ داواى كۆنگره‌ ده‌كه‌ن، كه‌واته‌ كۆنگره‌ بۆچى ناكرێت؟ بۆچى له‌سه‌ر كاته‌كه‌ى و میكانیزمه‌كانى به‌ڕێوه‌چوونى كۆنگره‌ رێككه‌وتن ناكرێت؟ بۆچى هه‌موو به‌رپرسه‌كانى حزبه‌كه‌ لە یادى 44 ساڵه‌دا له‌ هه‌ركات زیاتر باسى كۆنگره‌یان كرد؟ په‌یسه‌ر له‌م راپۆرته‌دا سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى له‌ناو یه‌كێتى هه‌ن بۆ ئه‌نجامدانى كۆنگره‌. 

ناكۆكییه‌كان
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر کە له‌سه‌رچاوه‌ى ئاگادار له‌ كێشه‌كانى یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌ستى كه‌وتوون، كۆسره‌ت ره‌سوڵ و باڵه‌كه‌ى پشتیوانى ئه‌وه‌ن كۆنگره‌ ئه‌مساڵ بكرێت، به‌ڵام كۆنگره‌یه‌ك نا كه‌ به‌پێى خواستى به‌رامبه‌ركه‌یان رێكخرابێت، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن كۆنگره‌یه‌كى شه‌فاف و پاك و پێگه‌رد بێت، هیچ لایه‌نێك هه‌وڵ نه‌دات لایه‌كه‌ى دیكه‌ دووربخاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ جێگرى یه‌كه‌م مه‌ترسى هه‌یه‌ كۆنگره‌ى چوار وێستگه‌ى لاوازكردنى باڵه‌كه‌ى بێت، بۆیه‌ش گره‌نتى ده‌وێت كه‌ كۆنگره‌ بۆ پاكتاوكردنى ركابه‌ره‌كان نه‌بێت، گوتارى كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ كۆنگره‌ مانه‌وه‌ى هه‌ژمون و به‌رگرى لێكردنیه‌تى نه‌ك راماڵینى به‌رامبه‌ره‌كانى، به‌ڵام هێشتا مانه‌وه‌ هه‌روا ئاسان نییه‌.

ماڵی تاڵه‌بانی ده‌یانه‌وێت له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو كۆنگره‌ بكه‌ن و له‌به‌رژوه‌ندی خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌ به‌هۆی خراپی باری ته‌ندروستییه‌وه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ هیچ پۆستێك وه‌رنه‌گرێت، هه‌ریه‌ك له‌ شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و لاهور شێخ جه‌نگیش بكرێنه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی. ئه‌مه‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵى دوودڵ كردووه‌، چونكه‌ بۆ كۆنگره‌ ماڵى تاڵه‌بانى بارودۆخیان باشتره‌.

به‌رهه‌م ساڵح، پشتیوانی هیچ كام له‌و بۆچوونانه‌ ناكات و پێی وایه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان پێش به‌ستنی كۆنگره‌، ئه‌وه‌ كۆنگره‌ی چواره‌م له‌بری ئەوەی ده‌رفه‌تی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بێت، ده‌بێتە سه‌ره‌تایه‌كی خراپ. ئه‌م بۆچوونه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ناوه‌رۆكى ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ ئێران له‌رێگه‌ى نوێنه‌رى سوپاى پاسدارانه‌وه‌ به‌ یه‌كێتى گه‌یاندووه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌(بێ رێككه‌وتنى پێش وه‌خت كۆنگره‌ مه‌كه‌ن).

هه‌ریه‌ك له‌عیماد ئه‌حمه‌د و حاكم قادر، پێیان وایه‌ ئێستا كاتی به‌ستنی كۆنگره‌یه‌وه‌ و نابێت له‌وه‌ زیاتر دوابخرێت، سه‌باره‌ت به‌ مه‌لا به‌ختیاریش پێی باشه‌ كۆنگره‌ ببه‌سترێت و پرۆژه‌شی بۆی هه‌یه‌، چاوى له‌وه‌یه‌ پرۆژه‌كه‌ى رووناكى ببینێت، كێشه‌ی له‌كاتی به‌ستنه‌كه‌ی نیه‌.

په‌یامه‌كان
به‌پێى په‌یامه‌ گه‌رمه‌كان بێت، ململانێى چڕ ده‌ستیپێكردووه‌، تا هه‌ر به‌رپرسێكى یه‌كێتى جێ پێی خۆى بكاته‌وه‌، له‌ كۆنگره‌ بلیتێكى سه‌ركردایه‌تى یاخود مه‌كته‌ب سیاسى به‌رێته‌وه‌، سه‌ره‌ گه‌وره‌كانیش ركابه‌رى قورسیان له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ى مام جه‌لاله‌، كه‌ شه‌ش ساڵه‌ كه‌سى له‌سه‌ر دانه‌نیشتووه‌.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ
كۆسره‌ت ره‌سوڵ، له‌ یادى دامه‌زراندنى حزبه‌كه‌ى گوتى،"پێمان باشه‌ كۆنگره‌ ببه‌سترێ، كۆنگره‌یه‌كى ته‌ندروست، كۆنگره‌یه‌ك یه‌كێتى به‌هێز بكا نه‌ك كۆنگره‌ك بیه‌وێت یه‌كێتى تێكبدات و دابه‌شی بكات".جێگرى سكرتێرى گشتى په‌یامه‌كه‌ى ئه‌وه‌نده‌ ناڕوون نییه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆنگره‌ ئه‌گه‌ر ته‌ندروست نه‌بێت یه‌كێتى دابه‌ش ده‌كات و تێكى ده‌دات، كۆنگره‌ى ته‌ندروستیش وه‌ك باسیكردووه‌، كۆنگره‌یه‌كى شه‌فاف بێت و كه‌س هه‌وڵى پاكتاوى كه‌س نه‌دات.

گوتیشى"ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ كۆنگره‌ ده‌ترسن كه‌ مێژوویه‌كى باشیان نه‌بێ یان زه‌ره‌ریان له‌ یه‌كێتى دابێ"،ئه‌م قسه‌شى دیسان هه‌م بۆ وه‌ڵام بوو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ره‌خنه‌ى لێده‌گرن به‌ دواخستنى كۆنگره‌، هه‌م بۆ ركابه‌ره‌كانیشى بوو له‌ناو حزبه‌كه‌ى، گومانیش ده‌خاته‌ سه‌ر مێژووى به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌كانى حزبه‌كه‌ى و پێیان ده‌ڵێت، ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ له‌ كۆنگره‌ ده‌ترسن. كۆى قسه‌كانى ئاماژه‌ى كۆنگره‌یه‌كى پڕ كێشه‌ى تێدا ده‌بیندرێت و په‌رده‌ له‌سه‌ر ململانێكان لاده‌دات. كۆنگره‌ى چوار بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئێجگار چاره‌نوسسازه‌، هه‌م ده‌بێت پارێزگارى له‌پێگه‌ى خۆى بكات، هه‌م ئاگادارى ئه‌وه‌بێت كوڕه‌كانیشى له‌یارى كۆنگره‌ به‌ ده‌ست به‌تاڵ ده‌رنه‌چن.

بافڵ تاڵه‌بانى
كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ى تاڵه‌بانى ئێستا پیاوى ده‌سترۆیشتوو و قسه‌ رۆیشتووى ناو یه‌كێتییه‌، خۆى ئامادەكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تاجه‌كه‌ى باوكى له‌سه‌ربنێت، ئه‌و ده‌ڵێت، له‌ مه‌كته‌بى سیاسى مافى ده‌نگدانى نییه‌. به‌ڵام ده‌نگه‌كانى ناو مه‌كته‌بى سیاسى پێده‌چێت زۆرینه‌ى ده‌نگى ئه‌م بێت. بافڵ له‌ په‌یامه‌كه‌دا گوتى"به‌ره‌ و قۆناغێكی نوێی سیاسی ھه‌نگاوده‌نێین و كۆنگره‌ی نوێبوونه‌وه‌ و به‌ھێزتركردنه‌وه‌ و خۆ ڕێكخستنه‌وه‌ ده‌به‌ستین".قسه‌كانى كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ى تاڵه‌بانى به‌راورد به‌ به‌رپرسه‌كانى دیكه‌ په‌یامه‌كه‌ى هاوسه‌نگ بوو، بۆنى په‌یامى سكرتێرانه‌ى لێده‌هات، كه‌متر لۆمه‌و ره‌خنه‌ى بۆ ركابه‌ركانى له‌ناو حزبه‌كه‌ى و ده‌ره‌وه‌ى حزبه‌كه‌ى تێدابێت.

تاڵه‌بانى كوڕ بۆ خۆى به‌ربه‌ستى ئه‌وتۆى له‌به‌رده‌م نییه‌ بۆ كۆنگره‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتى كۆنگره‌ به‌وجۆره‌ى كه‌خۆى ده‌یه‌وێت سه‌رئێشه‌و به‌ربه‌ستى زۆرن و هه‌روا بە ئاسانی ئیشه‌كانى نایه‌ت به‌ ده‌سته‌وه‌، له‌یه‌ك كاتدا رووبه‌ڕووى نیگه‌رانى پورى و باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى و مه‌لا به‌ختیارى خه‌زورى و دوودڵى به‌رهه‌م ساڵح و لاهور شێخ جەنگیش ده‌بێته‌وه‌. تا ئێستا روون نییه‌ ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ى بافڵ سكرتێرى تاقانه‌ ده‌بێت هاوشێوه‌ى باوكى یاخود چه‌ند كه‌سێك یاخود به‌ هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى به‌ڕێوه‌ده‌برێت، به‌ڵام به‌و هه‌ژمون و پێگه‌ى ئێستا هه‌یه‌تى، ئه‌گه‌ر هاوسه‌رۆكى یاخود لیژنه‌ش هه‌بێت قسه‌ى كۆتایى هه‌ر لاى ئه‌م ده‌بێت.

مه‌لا به‌ختیار
مه‌لا به‌ختیاریش داكۆكى له‌ به‌ڕێوه‌چوونى كۆنگره‌ ده‌كات، بۆ یاده‌كه‌ ئه‌م گوتى"پلە وپایە ئەوە ناهێنێت مێژوی یەکێتی قوفڵ بدەین، ئەم حزبە موڵکی کەس نییە، بە دڵنیاییەوە كۆنگره‌ نەبەسترێت دۆخی یەکیتی خراپتر دەبێت"، مه‌لا به‌ختیار ئێستا ده‌یه‌وێت له‌ ده‌رگاى ماڵى تاڵه‌بانییه‌وه‌ بكشێته‌وه‌ ناو بڕیارى یه‌كێتى، كه‌ ماوه‌یه‌ك نیگه‌رانه‌و له‌ ماڵه‌وه‌یه‌، به‌ نزیك بوونه‌وه‌ى ئه‌م دواییه‌ له‌ ماڵى تاڵه‌بانى و سه‌ردانه‌كانى بۆلاى هێرۆ خان رێگاكه‌ى شێلاوه‌، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش پشتیوانى ده‌كات، به‌ڵام بوونى به‌رهه‌م ساڵح و لاهور شێخ جه‌نگى به‌ربه‌ستى به‌رده‌مى ده‌بن له‌گه‌ڵ هه‌ندێك نه‌یارى سیاسى دیكه‌، به‌ڵام جوڵه‌كانى چڕكردووه‌ته‌وه‌و هه‌ست ده‌كات ئێستا ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت ببێته‌ سه‌رده‌مى زێڕینى له‌ناو یه‌كێتى، به‌وپێیه‌ى فه‌راغێك دروست بووه‌ ده‌رفه‌ت به‌م ده‌دات ئه‌سپى خۆى تاو بدات، پێده‌چێت ماڵى تاڵه‌بانى له‌به‌رامبه‌ر خواسته‌ له‌ مێژه‌كانى به‌رهه‌م ساڵح گرنگى پێ بده‌ن و كارئاسانى بۆ بكه‌ن بۆ هاتنه‌وه‌ى بۆ ناو ده‌سه‌ڵات.

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌هه‌موان تانه‌و لۆمه‌ى زیاترى هه‌یه‌ بۆ دواكه‌وتنى كۆنگره‌، ئه‌م وه‌ك باس ده‌كرێت، یه‌كێك ده‌بێت له‌ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى، بۆ یاده‌كه‌ گوتى"یەکێتییەکان پێویستیان بە پەیامی پیرۆزبایی بەقسەی ڕەنگا و ڕەنگ و گوڵی ڕیایی و سەردانی مەزاری مام جەلال نیە، بە قافڵەی ئۆتۆمبێلی درع و ڕەتڵی پاسەوانەوە، فەرموون بڕیاری کۆنگرەی نوێبوونەوە بدەن"،شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌یه‌ك كاتدا گرفتى له‌گه‌ڵ هه‌ژمونى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵحیش هه‌یه‌ و ماوه‌یه‌كى زۆره‌ چاوه‌ڕوانى كۆنگره‌یه‌، پشتیوانى مه‌لا به‌ختیاره‌، ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن به‌هه‌مان ناكۆكى و گرفته‌وه‌ بچنه‌ ناو كۆنگره‌وه‌.

قوباد تاڵه‌بانى
قوباد تاڵه‌بانى گرنگى زۆرى به‌ په‌یامه‌كه‌ى تایبه‌ت به‌ كۆنگره‌ داو پێشتر ریكلامى بۆ كرد، گوتى"یه‌كێتى ده‌بێت خۆى نوێ بكاته‌وه‌ باشترین رێگاش بۆ ئه‌مه‌ كۆنگره‌یه‌، داواده‌كه‌م چیتر بیانوو نه‌دۆزینه‌وه‌ بۆ دواكه‌وتنى كۆنگره‌"، تا ئێستا روون نییه‌ تاڵه‌بانى كوڕه‌ بچوك له‌ناو حزب پێگه‌ى چى ده‌بێت، پێده‌چێت پۆستى حكومه‌تى لا گرنگتر بێت، به‌ڵام نیگه‌رانه‌ له‌ سیاسه‌تى حزبه‌كه‌ى و پێى وایه‌ كۆنگره‌ ئاسانكارى بۆ ئه‌و ده‌كات و فره‌ مه‌رجه‌عى له‌ناو حزبه‌كەدا ناهێڵێت و ئه‌و ده‌ردانه‌ چاره‌ ده‌كات كه‌ ئێستا یه‌كێتى گیرۆده‌ى بووه‌.


حاكم قادر
حاكم قادر ئێستا كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسى به‌ڕێوه‌ده‌بات، له‌ غیابى مه‌لا به‌ختیاردا، له‌ گوته‌یه‌كیدا باسیله‌وه‌كرد"ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاردەدات كەی كۆنگرە دەبەستین، نەك بە قسەی ئەمو ئەو، به‌سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی كۆنگره‌كه‌ دەبەستین".به‌مه‌ش پشتیوانى خۆى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و باڵه‌كه‌ى ده‌ربرى، حاكم قادریش به‌رچاو روونى زۆرى نییه‌ كه‌ ئاینده‌ى چۆن ده‌بێت و كۆنگره‌ چى لێ ده‌كات، به‌ڵام به‌هه‌ردوو جه‌مسه‌رى ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵیش هه‌وڵى داوه‌ كه‌ كۆنگره‌ بۆ ئه‌وه‌ى بێ زیان بێت و بچێته‌وه‌ سه‌ر كورسییه‌كه‌ى.به‌ڵام قسه‌كانى جیاوازبوو له‌ په‌یامه‌كه‌ى مه‌لا به‌ختیار، كاتێك گوتى ده‌بێت سه‌ركردایه‌تى بڕیار له‌ كۆنگره‌ بدات، به‌ڵام مه‌لا به‌ختیار گوتى، كۆنگره‌ له‌ ده‌ستى سه‌ركردایه‌تى نه‌ماوه‌و ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ند بڕیارى لێده‌دات.

مه‌حمود سه‌نگاوى
سه‌نگاوى كه‌ ده‌نگى دووه‌مى كۆنگره‌ى سێ بوو، له‌ په‌یامه‌كه‌یدا داواى كۆنگره‌ى چوارى كردوو به‌تانه‌وه‌ قسه‌كرد، گوتى"ئومێدده‌كه‌م یه‌كێتى كۆنگره‌یه‌ك ببه‌ستێت كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكى پرۆفیشناڵ بێته‌ پێشه‌وه‌، كۆنگره‌یه‌ك نه‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ى دێنه‌ ناو یه‌كێتییه‌وه‌ به‌ ته‌ما بن یه‌كێتى بكه‌نه‌ بازاڕێك بۆ گیرفانى خۆیان".سه‌نگاوى ئه‌گه‌ر خۆشى كاندید نه‌كاته‌وه‌ كاندیدی خۆى ده‌بێت و ئه‌مه‌ش رووبه‌ڕووى باڵه‌كانى ده‌كاته‌وه‌، پێناچێت چانسى هه‌بێت بۆ سه‌رخستنى كاندیدى خۆى، به‌وپێیه‌ى ماڵى تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵى كۆك نین و كۆسره‌ت ره‌سوڵیش پێناچێت بتوانێت هاوكارى بێت، به‌رهه‌م ساڵحیش به‌ خه‌مى چاره‌ى دۆخى خۆیەوه‌یه‌تى و دیار نییه‌ ده‌یپه‌رژێته‌ سه‌ر دۆسته‌كانى یان نا".


لاهور شێخ جه‌نگى و به‌رهه‌م ساڵح
به‌رهه‌م ساڵح كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ ناو یه‌كێتى، داواى كۆنگره‌ى كردبوو بۆ ئه‌مه‌ش پرۆژه‌ى هه‌بوو، به‌ڵام كاتێك دۆخه‌كه‌ى بینى كشایه‌وه‌و ئێستا پشتیوانى كۆنگره‌ ناكات، سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك به‌رهه‌م ساڵح بۆ په‌یسه‌ر گوتى، به‌رهه‌م ساڵح ئێستا حه‌زى به‌ كۆنگره‌ نییه‌و له‌پێگه‌ى خۆى دوودڵه‌، هاتنه‌وه‌ى مه‌لا به‌ختیار بۆ گۆڕه‌پانه‌كه‌و ئاماده‌یى شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و نه‌مانى نێوانه‌كه‌ى جارانى له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ، وایكردووه‌ حه‌زى به‌ كۆنگره‌ نه‌بێت.سه‌رۆك كۆمار ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر پێش كۆنگره‌ رێككه‌وتن نه‌كرێت كۆنگره‌ كێشه‌ى زیاتر دروست ده‌كات. لاهور شێخ جه‌نگیش ئه‌گه‌رچى نه‌یارى كه‌م نین به‌ڵام وه‌ك باس ده‌كرێت یه‌كێك بێت له‌ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى، ئه‌میش دوو دڵى هه‌یه‌ كه‌ كۆنگره‌ دڵخوازى ئه‌و نه‌بێت و بۆ هه‌میشه‌ بافڵ تاڵه‌بانى یه‌كێتى بكه‌وێته‌ ده‌ست، یاخود كۆنگره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌منییه‌كه‌ى لێ بسه‌نێته‌وه‌.

به‌و هه‌موو ئەو كێشانه‌ى كه‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌، پێناچێت كۆنگره‌ ده‌رمان بێت بۆ ده‌ردى یه‌كێتى، یه‌كێتى له‌نێوان سێ بژارده‌ى خراپه‌ مانه‌وه‌ى وه‌ك ئێستاو به‌رده‌وامى كێشه‌كان، ئه‌نجامدانى كۆنگره‌و ته‌قینه‌وه‌ى كێشه‌كان له‌ كۆنگره‌، یاخود رێككه‌وتن پێش كۆنگره‌ كه‌ ئه‌مه‌ى كۆتاییان مه‌حاڵه‌، به‌و هه‌ستیارییه‌ زۆره‌ى به‌رپرسه‌كانى حزبه‌كه‌ بۆ كۆنگره‌ و كێشه‌ ناوخۆییه‌كان هه‌یانه‌، كۆنگره‌ى خێر بۆ یه‌كێتى ئه‌گه‌رێكى لاوازه‌.