ڕاپۆرتی کوردستانی

05:45 - 29/05/2019

چى له‌ پشت بڕیاره‌ كاتى و كوتوپڕه‌كانى یه‌كێتییه‌وه‌یه‌؟‌

پەیسەر

یه‌كێتى له‌ قۆناغى پێش هه‌ڵبژاردنى ٣٠ ئه‌یلول و رۆژى هه‌ڵبژاردن و له‌ ده‌ستپێكى دانوستانه‌كانه‌وه‌و تا ده‌نگدان به‌ كاندیدى سه‌رۆكى هه‌رێم، هه‌ر قۆناغه‌و كارتێكى فڕێداوه‌ته‌ گۆڕه‌پانى سیاسى و مانۆڕى سیاسى جۆراو جۆرى كردووه‌، به‌ڵام هیچ كام له‌و مانۆڕانه‌ سه‌رى له‌ به‌رنامه‌و ستراتیژێكه‌وه‌ ده‌رنه‌چوو، له‌دوایین هه‌نگاویدا یه‌كێتى بایكۆتى ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كرد له‌ په‌رله‌مان، هه‌مووان چاوه‌ڕێى هه‌نگاوى دواترى ئه‌و حزبه‌ بوون، راى گشتى و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان باسیان له‌و هه‌نگاوه‌ى یه‌كێتى كرد مشتومڕى له‌سه‌ر دروستبوو، به‌ڵام یه‌كێتى له‌ راگه‌یه‌ندراوێكى سه‌ركردایه‌تى پێچه‌وانه‌ى هه‌ڕه‌شه‌و لێدوانه‌ تونده‌كان، چه‌ند جارێك باسى ته‌بایى و گرنگى هه‌ماهه‌نگى كرد له‌گه‌ڵ پارتى دۆخه‌كه‌ى نه‌رم كرده‌وه‌.

یه‌كێتى پێش هه‌ڵبژاردن هه‌ندێك جموجوڵى كرد به‌ ئاڕاسته‌ى دواخستنى هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام دواتر پشتى له‌و هه‌نگاوه‌ى كرد و پشتیوانى هه‌ڵبژاردنى كرد، ماوه‌یه‌ك به‌مانۆڕى دواخستنه‌وه‌ خه‌ریك بوو، رۆژى هه‌ڵبژاردن گوته‌بێژه‌كه‌ى سه‌رله‌ئێواره‌ ئه‌نجامه‌كانى ره‌تكرده‌وه‌، چه‌ند كاتژمێرێك دواتر حزبه‌كه‌ پێشوازى له‌ ئه‌نجامه‌كان كرد، له‌ سه‌ره‌تاى دانوستانه‌كانه‌وه‌ رێككه‌وتنى ره‌تكرده‌وه‌و گوتى، تا وه‌زیرێكى له‌ به‌غدا پێنه‌درێت و پارێزگارێكى یه‌كێتى بۆ كه‌ركوك دانه‌نرێت له‌سه‌ر كابینه‌ى حكومه‌ت رێك ناكه‌وێت، به‌ڵام دواتر دوو رێككه‌وتنى واژۆكرد، ماوه‌یه‌كیش ئه‌و حزبه‌ سه‌رقاڵ دروستكردنى به‌ره‌بوو به‌رامبه‌ر پارتى به‌ره‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامییه‌وه‌ ده‌ستى پێده‌كرد، به‌ڵام رۆژێك دواتر پشتیان له‌ بیرۆكه‌ى به‌ره‌كردوو له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتنیان واژۆكرد.

دواتر بایكۆتى دانیشتنى په‌رله‌مانى كرد بۆ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مانتاره‌كانى گوتیان، تێبیینان هه‌یه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌و خراپه‌، دواتر له‌ دانیشتنى دووه‌م ده‌نگیان به‌ یاساكه‌ دا، دوایین مانۆڕى یه‌كێتى بایكۆتى ده‌نگدان بوو به‌سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ى توندى دوو ئیداره‌یى چه‌ند به‌رپرسێكى، به‌ڵام رۆژێك دواتر سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى كۆبووه‌وه‌ جه‌ختى له‌ گرنگى ته‌بایى و هه‌ماهه‌نگى كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى.

جموجوڵە پێچه‌وانه‌كانى ئه‌و هێزه‌ پرسیار و لێكدانه‌وه‌ى زۆر هه‌ڵده‌گرن، كه‌ ئه‌وه‌ى له‌ پشت هه‌ڵوێسته‌ كوتوپڕو ماوه‌ كورته‌كانى یه‌كێتییه‌وه‌یه‌ چییه‌؟ بۆچى ئه‌و حزبه‌ به‌چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌ك جوڵه‌ ده‌كات، لایه‌ك بایكۆت ده‌كات و لایه‌ك پیرۆزبایى، لایه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ده‌كات و لایه‌ك داواى ته‌بایى ده‌كات؟ لایه‌ك بۆ پارێزگارى كه‌ركوك رێكده‌كه‌وێت لایه‌كه‌ى دیكه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌؟ لایه‌ك دوو ئیداره‌یى به‌ هه‌نگاوى پیرۆز وه‌سف ده‌كات و لایه‌كه‌ى دیكه‌ به‌خیانه‌ت؟ له‌پشت هه‌موو ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ جۆراوجۆرانه‌وه‌ چه‌ند هۆكارێك هه‌ن كه‌ ناوه‌ندى بڕیارى له‌ حزبه‌كه‌دا شڵەقاندووە، كێشه‌ى ناوخۆیى و فشارى هه‌رێمى، سیحرى بڕیاره‌ كوتوپڕه‌كانى یه‌كێتین، به‌جۆرێك وایكردووه‌ حزبه‌كه‌ پرۆسه‌ى بڕیاردانى تێدا ته‌واو ئاڵۆزبێت، له‌پڕ راى گشتى به‌ بابه‌تێكه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كات و له‌پڕ خۆى بابه‌ته‌كه‌ جێ ده‌هێڵێت.

فشارى ده‌ره‌كى

پێده‌چێت هۆكارى سه‌ره‌كى ئه‌و بڕیاره‌ كوتوپڕانه‌ و پشتكردن لێیان، په‌یوه‌ندى زۆرى به‌ كاریگه‌رى تارانه‌وه‌ هه‌بێت له‌سه‌ر بڕیارى یه‌كێتى، ئێران له‌هه‌ر بڕیارێك كه‌ پێویست بێت یه‌كێتى بیدات، رۆڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هه‌یه‌و ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و هێزه‌ بتوانێت بێ خواستى تاران بڕیار بدات، بۆیه‌ش بڕیارى كوتوپڕو جوڵه‌ى پێچه‌وانه‌و رێككه‌وتن و پاشگه‌زبوونه‌وه‌، چاوه‌ڕوانكراوه‌، ئێران له‌ دۆخێكى ئێجار تایبه‌ت و ناله‌باردایه‌ و ده‌ست به‌ هه‌موو ئه‌و لق چیلكانه‌وه‌ ده‌گرێت كه‌ ده‌ستى ده‌یانگاتێ، یه‌كێتى و ناوچه‌ى سلێمانى دواتریش هاوكێشه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت به‌ دڵى خۆى بیرێسێت گرنگى ئێجگار تایبه‌تى هه‌یه‌ بۆ ئێران هه‌یه‌.

تاران ده‌یه‌وێت هه‌ر بڕیارێكى سیاسى له‌ناوچه‌كه‌ خۆى دروستكه‌رى بێت و له‌ خزمه‌تى ئه‌و ئه‌جێندایه‌دا بێت كه‌ خه‌ریكیه‌تى بۆ رێگرى له‌به‌رنامه‌ى ئه‌مریكى و ره‌وینه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌و سزاو مه‌ترسییه‌كان، هه‌ر بڕیارێكى یه‌كێتیش به‌ده‌رنییه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌ى كه‌ ئێران سه‌رقاڵیه‌تى، بۆیه‌ش هه‌موو بڕیاره‌كانى ئه‌و حزبه‌ په‌یوه‌ست به‌ حكومه‌ت و بابه‌ته‌كانى دیكه‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر داواى ئێران نه‌بێت ئه‌و بڕیارانه‌ن كه‌ تاران لارى نییه‌ لێیان یاخود له‌سه‌رى ره‌زامه‌نده‌، له‌ ساده‌ترین خوێندنه‌وه‌دا ئه‌گه‌ر تاران مه‌به‌ستى بێت زوو كابینه‌ى نوێ پێكبێت له‌ چه‌ند كاتژمێرێكى كه‌مدا هه‌رچى گرفته‌ لاى یه‌كێتییه‌وه‌ چاره‌ ده‌كات.

كێشه‌ ناوخۆییه‌كان و كۆنگره‌

ره‌نگه‌ هۆكارى گه‌وره‌ى راجیایى و جموجوڵه‌ پێچه‌وانه‌كان، گرفته‌ ناوخۆییه‌كان و ناكۆكییه‌كان بێت له‌سه‌ر كۆنگره‌ى حزب، ئه‌وه‌ى پشتیوانى ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ ده‌كات، یه‌كێتى ته‌نها له‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى كێشه‌ى نه‌بوو، به‌ڵكو له‌رێككه‌وتنه‌كانیشى له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌شێكى دژ بوون و به‌شێكى پشتیوانى رێككه‌وتنه‌كه‌ بوون، تا له‌ كۆتاییدا رێككه‌وتنه‌كه‌یان سڕكرا، له‌گه‌ڵ پارتیش هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌رۆكى تیمى یه‌كێتى بوو بۆ دانوستان و رێككه‌وتن و واژۆكردن، كۆسره‌و ره‌سوڵ كرایه‌ هێماى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى، بۆیه‌ش پابه‌ندنه‌بوون به‌ رێككه‌وتنه‌كانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوبوو، به‌وپێیه‌ى ئاڕاسته‌یه‌كى زاڵ له‌ناو یه‌كێتى له‌ ركابه‌رى توندان له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ، له‌سه‌ر چارەنوسى یه‌كێتى و كۆنگره‌و ئاینده‌ى خاوه‌ندارێى حزب.

له‌ ده‌نگ نه‌دانیش به‌ نێچیرڤان بارزانى كاندیدى سه‌رۆكى هه‌رێم، بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى رۆڵى سه‌ره‌كییان هه‌بوو، كۆسره‌ت ره‌سوڵ و قوباد تاڵه‌بانیش دژى ئه‌مه‌بوون، زانیارى هه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیش دژى ئه‌و بڕیاره‌ بوون، ره‌نگه‌ هۆكارى سه‌ره‌كى بڕیاره‌ له‌ناكاوه‌كانى گروپه‌ گه‌نجه‌كه‌ى یه‌كێتى كۆنگره‌ بێت، به‌جۆرێك ئێستا راى گشتى ناو حزبه‌كه‌یان له‌ده‌ورى خۆیان كۆ كۆكردووه‌ته‌وه‌و پێیان وایه‌ چه‌ند سیاسه‌تى به‌رهه‌ڵستكارانه‌ى یه‌كێتى به‌رامبه‌ر پارتى پیشانى خه‌ڵك بده‌ن له‌ كۆنگره‌ پێگه‌و سه‌نگیان مسۆگه‌رتر ده‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ش چه‌نده‌ مه‌سه‌له‌ى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت دوابكه‌وێت ململانێكه‌ به‌رده‌وام بێت ده‌رفه‌تى زیاتر ده‌بێت بۆ ئه‌و گروپه‌ى یه‌كێتى ئه‌و رووداوانه‌و كاته‌كه‌ش به‌كاربهێنن تا به‌تێشووى زۆره‌وه‌ بچنه‌ ناو كۆنگره‌، به‌وپێیه‌ى ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌موو مه‌ڵبه‌نده‌كانه‌وه‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ ئاماده‌كارییان ده‌ستپێكردووه‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌ باشى ئاگادارى ئه‌و جوڵانه‌یه‌و ئاڕاسته‌ى ناڕازى دیكه‌ش هه‌ن، بۆیه‌ ئه‌سته‌مه‌ یه‌كێتى له‌دۆخێكى وه‌هادا ببێته‌ خاوه‌نى بڕیارى یه‌كگرتوو و روون.

ره‌نگه‌ ئه‌و روونكردنه‌وه‌ى فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر كاتێك گوتى، كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ چه‌ندین جار دواى لێكردووه‌، كاندید بێت بۆ پارێزگارى كه‌ركوك ئه‌و ناكۆكییه‌ قوڵه‌ پشت راست بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ناو یه‌كێتى هه‌یه‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى، گوته‌بێژى پارتیش به‌هه‌مان شێوه‌ گوتى، كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌سعود بارزانى له‌سه‌ر فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر رێككه‌وتوون بۆ پارێزگارى كه‌ركوك، به‌ڵام باڵى ماڵى تاڵه‌بانى ره‌تیانكرده‌وه‌و ئاماده‌ نه‌بوون په‌سه‌ندى ناوى ئه‌و كاندیده‌ بكه‌ن، بۆیه‌ ریسه‌كه‌ بوویه‌وه‌ خورى

یه‌كێتى له‌دوایین راگه‌یه‌ندراویدا، جیاواز له‌ گوته‌ تونده‌كانى گوته‌بێژه‌كه‌ى زۆر به‌ نه‌رمى گوتاره‌كانى ئاڕاسته‌ كردووه‌ و جه‌ختى له‌ كارى پێكه‌وه‌یى و ته‌بایى كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بایكۆتى دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان خواستێكى ستراتیژى نه‌بووه‌، بۆ جێبه‌جێكردنى به‌رنامه‌یه‌كى سیاسى تایبه‌ت بە جۆرێک قۆناغى دیكه‌ى به‌داوادابێت، به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامى گرفته‌ ناوخۆییه‌كانه‌و ته‌نها تاكتیكى قۆناغ بووه‌ تاكتیكێك كه‌ لانى كه‌م چه‌ند رۆژێك گرفته‌ ناوخۆییه‌كان سڕ بكات كه‌ تا ئێستا هیچ كام له‌ كاندیده‌كانى بۆ پۆسته‌كان به‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مانیشه‌وه‌ یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه‌، هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌رى دوو ئیداره‌یى و خواستى ئێرانه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌، یه‌كێتى ده‌زانێت دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌جۆرێك هه‌ستیاره‌ كه‌ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ رووداوێكى بچوك به‌ته‌واوى دۆخه‌كه‌ قڵپ بكاته‌وه‌و له‌ده‌ست ده‌ربچێت، دوو دڵى ئه‌وه‌شه‌ ئه‌گه‌ر زیاتر له‌گه‌ڵ ئێران به‌رده‌وام بێت و شه‌ڕ رووبدات ئه‌وه‌ پێگه‌و به‌رژوه‌ندییان سه‌لامه‌ت نابێت و ئه‌مریكا تۆڵه‌ى ئه‌مه‌ ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ بۆ دۆخى ئێستا پشتیوانى ئێران ئه‌وه‌نده‌ مایه‌ى ترس و دوودڵییه‌ ئه‌وه‌نده‌ مایه‌ى دڵخۆشى نییه‌.

پێناچێت ئه‌م دۆخه‌ى ناروونه‌ى ناوماڵى یه‌كێتى به‌مزووانه‌ روون ببێته‌وه‌، تا گرفته‌كانى ناوخۆیان هه‌بن، رێككه‌وتن و كشانه‌وه‌و هۆشدارى و هه‌ڕه‌شه‌و لێدوانى توند و نه‌رم و دانوستان و رێككنه‌كه‌وتن ده‌مێنێت، یاخود پێده‌چێت ئه‌مه‌ ژانى له‌دایك بوونى قۆناغێكى دیكه‌یە له‌ناو یه‌كێتى كه‌ پاكتاوى چه‌ند گروپێك بكرێت و ده‌رگاى ناكۆكى قوڵتر و سه‌رئێشه‌ى گه‌وره‌تر له‌ناو یه‌كێتى بكاته‌وه‌، ره‌نگه‌ یه‌كێتى دواى حكومه‌ت بكه‌وێته‌ سه‌رخۆى و كۆنگره‌ ناكۆکییه‌كان به‌ ته‌نگه‌به‌رێك بگه‌یه‌نێت راستكردنه‌وه‌ى هه‌روا ئاسان نه‌بێت.