ڕاپۆرتی کوردستانی

06:06 - 28/05/2019

ئامانجى توركیا لە ئۆپەراسیۆنى ناوچەى خواكوڕك چیە؟‌

پەیسەر

سوپاى توركیا دەستى بە ئۆپەراسیۆنێكى بەرفراوان كردووە، بۆ سەر ناوچەى خواكورك و شاخى شەكیفى گرتووە. 

دوێنێ ئێوارە (٢٧ ئایارى ٢٠١٩) فڕۆكە جەنگیەكانى سوپاى توركیا بۆ ماوەى زیاتر لە سێ كاتژێر بەردەوام شاخى (شەكیف)یان لە ناوچەى خواكورك بۆمباران كرد، بە گوێرەى ئەو زانیاریانەى لەناوچەكە دەست (په‌یسه‌ر پرێس) كەوتوون زیاتر لە ٣٠ فڕۆكە لەم پڕۆسە چەند كاتژمێرییەدا بەشدارى كردووە. 

دواى فڕۆكە جەنگییەكان ئەمجارە بە هەلیكۆپتەرى كۆبرا ناوچەكەى بۆردومان كردووه‌، دواتر لە ئاسمانەوە بە هەلیكۆپتەرى بارهەڵگرى سەربازیان لە لوتكە بەرز و ستراتیژیەكانى شەكیف دابەزراندووە. ئەمڕۆ بەیانیش (٢٨ى ئایار) سوپای توركیا لە بەرزایەكانى لێلكان لە ناوچەى (دەشتا هێرتێ) بەرەو گەرووى شێخزادە، بە ئاراستەى سەر روواران، بە پاڵپشتى كۆبرا جوڵەى كردووە. 

هەر بەگوێرەى زانیارییە تایبەتیەكانى (پەیسەر پرێس) سوپاى توركیا لە گوندى (چەمانێ)ش دەستى بە جوڵە كردووە، گەرووى (ئارێ) كە دەكەوێتە سەر خاڵى سفر لە سنوورى نێوان باكوور و باشوورى كوردستان لەژێر دەستى سوپاى توركیا دایە. تا ساتى ئامادەكردنى ئەم راپۆرته‌، سوپاى توركیا بەردەوامە لەسەر پێشڕەویكردنى بەرەو بەرزاییەكانى (سەرێ روواران) كە درێژدەبێتەوە بەرەو دۆڵى (ژوولیان) لە نزیك سیدەكان و گوندى (بێركمێ). 

سوپاى توركیا لە بارەى ئەم ئۆپەراسیۆنەدا لە لێدوانێكیدا دەڵێت" دوێنێ شەو (شەوى ٢٧ /٢٨ ئایار) لە زەمین و ئاسمانەوە سوپەكەمان دەستى بە ئۆپەراسیۆنێكى چەكدارى كردووە لە ناوچەى خواكورك. ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنەدا، تێكدان و تەقاندنەوەى كۆگا و حەشارگاكانى پەكەكەیە" سوپاى توركیا لەم لێدوانەیدا باس لە وادەى كۆتایى هاتنى ئۆپەراسیۆنەكە ناكات، ئەمەش دەرگا بۆ خوێندنەوەى جیاواز لە بارەى ئامانجى ئۆپەراسیۆنى سوپاى توركیادا خۆش دەكات.

ئایا ئێران گڵۆپى سەوزى بۆ توركیا هەڵكردووە؟
شاخى شەكیف دەكەوێتە ناوچەى سێگۆشەى عێراق، ئێران و توركیا. لە ئاسمانەوە ١٢ – ١٥كم لە سنوورى توركیا دوورە. تەنیا ٥كم لە سنوورى ئێران دوورە و پایه‌گایەكى سوپاى ئێران لە ناوچەى خنێرە بەرامبەر شاخى شەكیفە. لە ٢٧ى ئادارى رابردوو سەلەیمان سۆیلو وەزیرى ناوخۆى ئێران رایگەیاند كە وڵاتەى لەگەڵ ئێران لەمەڕ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى هاوبەش بۆ سەر پەكەكە رێككەوتنیان كردووە. بەڵام لایەنى ئێرانى لەسەر زارى (محەمەد باقرى) سەرۆك ئەركانى سوپاى ئێران چەند رۆژێك دواى لێدوانەكەى سۆیلو هەواڵەكەى بەدرۆ خستەوە. ئەمڕۆش لەگەڵ پێشڕەویەكانى سوپاى توركیا لە شاخى شەكیف و ناچەى دەشتا هێرتێ، هەواڵى بۆمبارانكردنى چیاى قەندیل و ئاسۆس لەلایەن تۆپخانەكانى ئێران لە چەند سایتێكى لۆكاڵى هەرێمى كوردستاندا بڵاوكرایەوە. 

لە ئەگەرى هەڵگیرسانى چراى سەوز لەلایەن ئێران بۆ سوپاى توركیا، دوورنیە لە داهاتوویەكى نزیكدا ئێران – توركیا رێگایەكى بازرگانى لە نێوان هەردوولادا لەناوچەى خنێرە بكەنەوە، ئامانج تیایدا سووككردنى دەرئەنجامەكانى گەماڕۆى ئەمریكا بێ بۆ سەر ئێران. 

ئایا ئۆپەراسیۆنى سوپاى توركیا كاتیە؟
بە گوێرەى راگەیەندراوى وەزارەتى بەرگرى توركیا ئۆپەراسیۆنەكە بۆ ماوەیەكى كاتیە، ئامانج تیایدا لەناوبردنى كۆگا و حەشارگەكانى پەكەكەیە. دەكرێت ئەم لێدوانەى توركیا بە دیوى جوڵەى گەریلاكانى پەكەكە راستى تیادا هەبێت. لە بەهاران دواى توانەوەى بەفر و كردنەوەى دەرچەكان بۆ پەڕینەوەى گەریلا لە باشوور بۆ باكوور دەكەوێتە جوڵە، لەناو خاكى توركیادا دەست بە چالاكى سەربازى دەكات. بەهەمان شێوە لە بەهاراندا سوپاى توركیا دەكەوێتە جوڵە و هەوڵدەدات ئامادەكاریەكانى پەكەكە تێكبدات و رێگا بگرێت لە جێبەجێكردنى ئەجێنداكانیان. لەم ماوەیەى دوایشدا گەریلاكانى پەكەكە لە لێلكان و ناوچەى دەشتە حەیات چەند جارێكى هێڕشیان كردە سەر ئەو گردانەى سوپاى توركیا لێى گیرساوەتەوە. دوورنیە ئامانج لە ئۆپەراسیۆنى شەكیف و گەلى خواكوڕك بۆ رێگرتن بێ لە هێڕشى زیاتر گەریلا بۆ سەر ئەم ناوچانە.

بەڵام كاتێك لەچوارچێوەى زانستى سەربازى و بەلەبەر چاوگرتنى راستى جوگرافى ناوچەكە سەیرى ئۆپەراسیۆنى (٢٧/٢٨ ئایار) دەكەین، دەگەینە ئەو ئەنجامەى كە مەرامى سوپاى توركیا زۆر لەوە گەورەترە كە بانگەشەى بۆ دەكات. 

سوپاى توركیا لە ساڵى ٢٠١٧ لە ناوچەى خواكورك هاتە ناو خاكى هەرێمى كوردستان، لەسەرەتادا تەنیا بەرزاییەكانى (عەبدال كوڤى) گرت. لە بەهارى ٢٠١٨ دەستى بە هەڵمەتێكى دیكە كرد و ئەمجارە، بەرزاییەكانى لێلكان و كەوێتێ و چەند ناوچەیەكى دیكە لە دەشتا حەیاتێ گرت.

بۆیە پێدەچێت ئۆپەراسیۆنى ئەمجارەى تەواوكەرى هەردوو هەڵمەتەكەى پێشووتر بێت. ئەگەر ئەم زانیاریانەى لەناوچەكە دزە دەكەن راستبن، دوورنیە سوپاى توركیا بەرزایەكانى (قوپى موهاجیران) لەسەر سیدەكان بگرێت و تەواوى دەشتا هێرتێ بخاتە ژێر دەستى خۆى، هەوڵبدات لە رۆژانى داهاتوو بەرەو (كێلەشین) كە خاڵگى گومرگى پەكەكەیە بچێت. تا شاخى بەربزنان كۆنتڕۆڵ بكات.

بەڵام سروشتى جوگرافى ناوچەكە، پێویستى بە چەند هەزار سەربازێك و زنجیرە قەرەقوڵێك هەیە. ئەگەر ئەمە نەكرێت سوپاى توركیا زیاتر دەبێتە ئامانجى هێڕشەكانى پەكەكە.

لەم ساڵانەى دواییدا سوپاى توركیا بە پێچەوانەى ساڵى نەوەدەكانى سەدەى رابردوو، زیاتر لە پاراستنى خۆیدا پەنا بۆ تەكنیك و تەكنەلۆژیاى سەربازى دەبات و ژمارەى سەربازانى لە ئۆپەراسیۆنەكاندا كەم دەكاتەوە. بەڵام ئەمە لەناوچەى خواكورك بۆى ناچێتە سەر یان دەبێت لە تەواوى ناوچەكەدا هەزاران سەرباز جێگیر بكات، یان ئەوەتا ناتوانێ ئامانجەكانى بپێكێت.

لە ئێستادا تابلۆكە ناڕوونە. بەڵام لە چەند رۆژى داهاتوودا زیاتر دیار دەبێت و ئامانجى ئۆپەراسیۆنى سوپاى توركیا ئاشكرا دەبێت.