ڕاپۆرتی کوردستانی

12:04 - 06/12/2018

‏په‌یوه‌ندییه‌كی نێوان ده‌زگای پاراستن و میتی توركیا ئاشكرا ده‌بێت‌

پەیسەر

ئه‌فسه‌رێكی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا كه‌ ئێستا له‌ ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل(هه‌په‌گه‌)یه‌ باس له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی نێوان ده‌زگای پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ده‌زگای هه‌واڵگیری توركیا(میت) ده‌كات، كه‌ چۆن له‌سه‌ر ئاستی باڵا پێكه‌وه‌ ئیش بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن، ڕێگری له‌ كاره‌كانی كورده‌كانی خۆرئاوای كوردستان بكه‌ن، ئه‌وكاره‌ش له‌ ڕێگای نیزامه‌دین تاشه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان(په‌كه‌كه‌)و له‌ ساڵی 2004 جیابۆته‌وه‌.

له‌ ڕاپۆرتێكی ئاژانسی (خه‌به‌ر 24) هاتووه‌، ئه‌فسه‌رێكی تورك به‌ناوی ئایدن كۆنال كه‌ ئه‌فسه‌ری ده‌زگای هه‌واڵگیری توركیا كه‌ میت ناسراوه‌(Millî İstihbarat Teşkilatı) له‌ مانگی ئابی 2017 له‌ باشووری كوردستان ده‌ستگیراوه‌، ئاشكرایده‌كات له‌ ساڵی 2017 نیزامه‌دین تاش دووجار له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی میت كۆبۆته‌وه‌ ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی هه‌ماهه‌نگی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بووه‌. له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا نیزامه‌دین تاش پێشنیازی دامه‌زراندنی حیزبێكی كردووه‌ كه‌ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان بێت، سه‌رانی توركیاش به‌ پێشنیازه‌كه‌ ڕازی بووه‌.

نیزامه‌دین تاش داوای كردووه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردی له‌ باكوری كوردستان دروست بكه‌ن

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ڕوونیكردۆته‌وه‌" تاش كه‌ نازناوی شاخی (بۆتان)ه‌ كاتێك ویستوویه‌تی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگای هه‌واڵگیری توركیا ئه‌نجام بدات، داواكارییه‌كی تاش له‌ڕێگه‌ی كونسوڵخانه‌ی توركیاوه‌ بووه‌، ده‌زگای پاراستنیش ڕۆڵی نێوه‌ندگیری گێڕاوه‌. له‌ ئازاری 2017یش له‌ مه‌سیفی سه‌ڵاحه‌دین كۆبوونه‌ته‌وه‌".

 

له‌ قسه‌كانی ئایدندا باس له‌وه‌شكراوه‌، به‌رپرسی كه‌یسی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ پاراستن ناوی (س. بارزانییه‌) و نوێنه‌ری ده‌زگای میت-یش له‌ هه‌ولێر ناوی ( س شه‌نه‌ل)، به‌ ده‌ر له‌م كه‌سانه‌ش وه‌رگێڕێكی زمانه‌وانیان له‌گه‌ڵدا بووه‌.

له‌وكۆبوونه‌وه‌یه‌دا نیزامه‌دین تاش داوای كردووه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردی له‌ باكوری كوردستان دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ به‌دیلی پارتی كرێكاری كوردستان و له‌ڕووی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ لاواز و په‌راوێز بخه‌ن.

ئایدن كه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بووه‌ ده‌ڵێت: نیزامه‌دین باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ 2004ه‌وه‌ ده‌ستبه‌رداری په‌كه‌كه‌ بووه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ عوسمان ئۆجه‌لان و حه‌یده‌ر ساریسكاكا پارتی نیشتیمانی دیموكراتیان (PWD) درووستركووه‌، ئه‌و حیزبه‌ش له‌ ژێر سێبه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌جوڵایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی 13 ساڵدا شكستیان هێنا، تاش باسی له‌ دامه‌زراندنی حزبێك كردۆته‌وه‌ كه‌ كۆكراوه‌ی حیزبه‌كانی(pwd, pak, HAK-PAR) ئه‌و حیزبه‌ش له‌ توركیا له‌ ڕێگه‌ی یاساییه‌وه‌ ڕێگه‌ پێدراو بێت.

مه‌به‌ست له‌ درووستكردنی ئه‌و حیزبه‌ش لێدان بووه‌ له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان، حیزبه‌ تازه‌كه‌ پاڵپشتی ئه‌و خێزانانه‌ بكات كه‌ له‌ گونده‌كان ده‌ژین

مه‌به‌ست له‌ درووستكردنی ئه‌و حیزبه‌ش لێدان بووه‌ له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان، حیزبه‌ تازه‌كه‌ پاڵپشتی ئه‌و خێزانانه‌ بكات كه‌ له‌ گونده‌كان ده‌ژین، هه‌روه‌ها ئه‌و گه‌ریلا كۆنانه‌ش كه‌ هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستانیان جێهیشتووه‌، كارێك بكه‌ن ڕێكخستن بخه‌نه‌ ناو خوێندكارانی زانكۆ و هه‌وڵیش بدرێت كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی بكه‌نه‌وه‌، تاش داوایشی كردووه‌ كه‌ میت رێگه‌ به‌ چالاكیه‌كانی حیزبه تازه‌كه‌ بدات له‌وه‌ی بتوانن كادر ڕه‌وانه‌ی توركیا بكه‌ن.نیزامه‌دین تاش داوای پاره‌ی له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه‌.

له‌ درێژه‌ی ئه‌و ڕاپۆرته‌دا هاتووه‌، ئایده‌ن ده‌ڵێت دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌فده‌كه‌ بۆ ئه‌نكه‌ره‌ ڕاپۆرته‌كه‌یان گه‌یاندۆته‌ ده‌زگای هه‌واڵگری له‌ پایته‌ختی توركیا، ئه‌وانیش بڕیاریانداوه‌ به‌رده‌وام بن له‌ پرۆژه‌كه‌ی نیزامه‌دین تاش.

 به‌ ده‌ستگیركردنی ئایدن كوناڵ و هاوڕێكه‌ی ئه‌رهان به‌كچه‌تین له‌ مانگی ئابی 2017 پرۆژه‌ی دروستكردنی حیزبه‌ كوردیه‌كه‌ شكستی هێنا

كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می تاش له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2017 بووه‌، دیسان له‌ نێوان ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا و ده‌زگای پاراستن، به‌ سه‌رۆكایه‌تی ڕێكخه‌ری هه‌واڵگری توركیا سه‌ركان پاكسوی له‌ پێش كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕاپۆرتی كۆبوونه‌وه‌ی پێشووی خوێندۆته‌وه‌، كه‌ دوای بردنی ڕاپۆرته‌كان بۆ توركیا، توركیا چیتر له‌ تاش ناترسێت، په‌یڕه‌و پرۆگرامی حیزبه‌ تازه‌كه‌یان بۆ داده‌ڕێژێت. ئایده‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ده‌بوو به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كانی دوای جه‌ژنی قوربانی بكات كه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، به‌ڵام ده‌ستگیركراوه‌ و نه‌یتوانیووه‌ ئاماده‌ بێت.

ڕه‌نگه‌ به‌ ده‌ستگیركردنی ئایدن كوناڵ و هاوڕێكه‌ی ئه‌رهان به‌كچه‌تین له‌ مانگی ئابی 2017 پرۆژه‌ی دروستكردنی حیزبه‌ كوردیه‌كه‌ شكستی هێنا بێت.

له‌ كۆتایی دانپێدانانه‌كه‌یدا، ئایدن باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌زگای هه‌واڵگیری توركیا هه‌میشه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات پارتی كرێكارانی كوردستان جێگره‌وه‌یه‌كی هه‌بێت وه‌كو ئه‌وه‌ی توركیا پێشوازی له‌ كه‌ماڵ بورقای دامه‌زرێنه‌ری حیزبی (psdk) ده‌كرد.

سه‌رچاوه‌: http://xeber24.org/archives/144365