ڕاپۆرتی کوردستانی

08:42 - 25/05/2019

یه‌كێتى و پارتى ده‌ڵێن سه‌رۆك كۆمار و بارزانى ئاڵۆزییه‌كانى كه‌ركوكیان چاره‌كردووه‌‌

پەیسەر

كورد له‌ جوگرافیاى مادده‌ى ١٤٠ له‌ ناله‌بارترین دۆخى مێژووى خۆیدایه‌، ماڵه‌ كورده‌كان ده‌رده‌كرێت، هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرێت، ناونوس ده‌كرێن، داواى چۆڵكردنیان لێده‌كرێت، به‌رهه‌مى زه‌وییه‌كانیان ده‌سوتێندرێت، سه‌ركردایه‌تى كورد هیچ هه‌وڵێكى هاوبه‌شى نییه‌ بۆ رێگرى له‌ودۆخه‌، به‌ڵام پارتى و یه‌كێتى و هه‌ریه‌كه‌یان له‌رێگه‌ى میدیاكانیانه‌وه‌، بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بارزانى یاخود به‌رهه‌م ساڵح كێشه‌كانى چاره‌كردووه‌.

پارتى له‌رێگه‌ى میدیاكانییه‌وه‌، چه‌ند رۆژێكه‌ به‌وجۆره‌ روماڵى كێشه‌كانى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ده‌كات، كه‌ باره‌گاى بارزانى هاتووه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت بۆیه‌ش كێشه‌كان چاره‌بوون، لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مان راگه‌یه‌ندراوێكى له‌وجۆره‌ى بڵاوكرده‌وه‌و گوتى" بەهیمەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی، کەهەر زوو بەدەنگییانەوە هات و بەدانیشتنی لیژنەکەمان لەگەڵ جووتیارانی ئەو گوندانەو بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، توانرا ڕێگە لەو پلانە بگیرێت، ئێستا رێگه‌ به‌ جوتیاران ده‌درێت كه‌ كارى دروێنه‌ى خۆیان بكه‌ن".دواتر هه‌ریه‌كه‌ له‌ جێگر و بڕیارده‌رى ئه‌و لیژنه‌ راپۆرته‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه‌و گوتیان سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ خۆى نوسیویه‌تى.

له‌ به‌رامبه‌ردا یه‌كێتى ده‌ڵێت، كه‌ هه‌وڵه‌كانى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار بووه‌ته‌ هۆى چاره‌سه‌ركردنى ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، باڵانبۆ محه‌مه‌د په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى بۆ میدیاكانى به‌رهه‌م ساڵح گوتبووى"سەرۆک بەرهەم کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانی چارسەرکردوە نەک بارزانی"،هاوكات مه‌ڵبه‌ندى دووى یه‌كێتى له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا گوتى"بەھەوڵی سەرۆک کۆمار بڕیارەکان دەربارەی پەلکانە و سەرگەڕان دوبز ھەڵوەشانەوە".
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، رێككه‌وتنێكى نهێنى مه‌ترسیدار هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پرسه‌، له‌ راستیدا نه‌ به‌رهه‌م ساڵح و نه‌ باره‌گاى بارزانى كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر نه‌كردووه‌، به‌ڵكو رێككه‌وتنێكی نهێنی به‌ ئاگاداری لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌په‌رله‌مانی كوردستان، ئیداره‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان كراوه‌، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ش رێگه‌ به‌جوتیارانی كورد ده‌درێت، به‌رهه‌می گه‌نم و جۆی ئه‌م ساڵیان بدورنه‌وه‌ به‌مه‌رجێك ساڵی داهاتوو به‌بێ رێككه‌وتن ئه‌و زه‌ویانه‌ دانه‌چێنن.

هه‌ردوو حزب له‌ ئاستى زۆر باڵادا باس له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌ ده‌كه‌ن له‌لاى خۆیانه‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌یان ده‌ڵێت، كه‌ ئه‌وى دیكه‌ رۆڵى نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ناو كه‌ركوك شتێكى دیكه‌ ده‌گوزه‌رێت ئه‌وانه‌ى ئاگادارى دۆخى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانن باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، هیچ شتێك چاره‌سه‌ر نه‌بووه‌، دابه‌زینى خواستى سه‌ركردایه‌تى كورد بۆ ئاستێك كه‌ بوونه‌ته‌ هۆى ئه‌وى جوتیاره‌ كورده‌كان به‌رهه‌مه‌كانیان بدورنه‌وه‌، بۆ خه‌ڵكى ئه‌و ناوچانه‌ مایه‌ى نائومێدى زۆره‌و مایه‌ى دڵخۆشى نییه‌.

مه‌لا فه‌رمان چاودێرى سیاسى و ئاگادار له‌ دۆخى كه‌ركوك، بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى"كێشه‌كان وه‌ك خۆیان ماون، ئه‌مانه‌ دوولاى دۆڕاون له‌سه‌ر ئاستى كه‌ركوك و حكومڕانى خۆشیان، كێ گوێ له‌مانه‌ ده‌گرێت، ئه‌مانه‌ جارێ با یه‌كڕیزى خۆیان و چاره‌بكه‌ن، ده‌بوو هیچ نه‌بوایه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن، دۆخى كه‌ركوك له‌وپه‌ڕى خراپیدایه‌ و ته‌عریب هاوشێوه‌ى سه‌رده‌مى به‌عس به‌ جۆرێكى دیكه‌ به‌رده‌وامه‌".

ئه‌و چاودێره‌ بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى"دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ خراپتره‌ كه‌ ئه‌م حزبانه‌ واده‌كه‌ن، نه‌خێر هیچ چاره‌سه‌رنه‌بووه‌، ئه‌م دوو حزبه‌ هیچ كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر نه‌كردووه‌، كێشه‌كان كه‌ڵه‌كه‌بوون، ئه‌و دۆخه‌ى كه‌ دروست بووه‌ به‌رپرسى یه‌كه‌م ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاته‌ حزبیه‌یه‌ كه‌ ئه‌سڵه‌ن كه‌ نه‌ك كێشه‌كه‌یان چاره‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو كێشه‌ى كه‌ركوك خه‌ڵكى كه‌ركوكیان ناشیرین كردووه‌، خه‌ڵكیان والێكردووه‌ هیچ ئومێدێكى نییه‌".

دۆخى كه‌ركوك له‌دواى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ به‌سه‌ر كورددا قڵپ بوویه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا باره‌كه‌ زیاتر قورس بووه‌، ژیان له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان پڕه‌ له‌ دوودڵى، ناوچه‌كه‌ ته‌كێندراوه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى كورد و به‌رپرسى كورد، خه‌ڵكى له‌ژێر ئه‌و بڕیارانه‌ن كه‌ له‌پارێزگاره‌ عه‌ره‌به‌كه‌وه‌ یاخود سه‌ركرده‌كانى سوپاوه‌ یان له‌به‌غداوه‌ ده‌گات، به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌، نه‌ حكومه‌تى هه‌رێم نه‌ سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان هیچ به‌یان و جوڵه‌ و هه‌ڵوێستێكى هاوبه‌شیان نییه‌، به‌ڵام هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدار رووى تانه‌یان له‌یه‌كه‌و هه‌ریه‌كه‌یان ده‌ڵێت، ئه‌و خۆى خه‌مخۆرى كه‌ركوكه‌.

عه‌زیز ره‌وف چاودێرى سیاسى، ره‌خنه‌ى توند له‌ بۆچوونى هاوبه‌شى هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدار ده‌گرێت، ئه‌و نوسه‌ره‌ بۆ په‌یسه‌ر گوتى"خۆى ئه‌وه‌ به‌ته‌واوى گۆڕه‌پانى سیاسى ئێمه‌ ده‌رده‌خات، ئێمه‌ له‌ ریفراندۆمیشدا هه‌مان دۆخمان هه‌بوو دونیاى ئێمه‌ له‌وناوچانه‌ پڕه‌ له‌ دۆخێكى ئاڵۆزى ناڕوون كه‌ تا ئێستا به‌رده‌وامه‌، له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا چۆن ئه‌و بابه‌ته‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى بزانین هۆكار كێ بوو، پارتى یه‌كێتى تاوانبار ده‌كرد، یه‌كێتیش پارتى به‌ ریفراندۆم تۆمه‌تبار ده‌كرد، ئه‌م دۆخه‌ به‌و پارچه‌ پارچه‌ كراوییه‌ مابووه‌وه‌ تا ئێستا".

عه‌زیز ره‌وف پێى وایه‌، ئه‌و دۆخه‌ى له‌ كه‌ركوك هه‌یه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌و خراپتریش چاوه‌ڕوانكراوه‌، یه‌كێتى پێى وایه‌ خۆى كێشه‌كه‌ى چاره‌كردووه‌ له‌رێگه‌ى به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ پارتیش پێى وایه‌ ئه‌مه‌ بارگاى بارزانییه‌ كاریگه‌رى هه‌یه‌ ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن به‌ موزایه‌ده‌ى سیاسى، به‌ڵام پێم وایه‌ ئه‌مه‌ هیچیان نییه‌ جگه‌ له‌ به‌تاڵى ئه‌وان، ئه‌مه‌ قه‌زیه‌یه‌كى قوڵى ناوچه‌ییه‌و چاره‌سه‌رى ریشه‌ییمان نییه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سوتاندنى گه‌نم و گوندى په‌لكانه‌ فراوانتره‌، ئه‌م براده‌رانه‌ى ئێمه‌ نه‌ده‌توانن چاره‌ى بكه‌ن به‌م عه‌قڵییه‌ته‌ سیاسییه‌ى لاى یه‌كێتى و پارتى چاره‌سه‌ر ناكرێت و خراپتر ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر رێگه‌ به‌ هه‌ندێك جوتیار درابێت به‌رهه‌مه‌كانیان بدورنه‌وه‌ ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر نییه‌، كێشه‌كه‌ له‌وه‌ قوڵتره‌، ئه‌مه‌ شه‌قامێكیان پێ قیرتاو ناكرێت ئه‌بێ له‌ بابه‌تێكى ده‌ستورى نه‌ته‌وه‌یى وه‌ك كه‌ركوك چییان پێ بكرێت.

پێده‌چێت ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ حزبییه‌ دژ به‌یه‌ك له‌برى هه‌وڵى هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورده‌كانى كه‌ركوك، كێشه‌كه‌ زیاتر ئاڵۆزبكات و به‌رده‌كه‌ زۆرتر به‌ره‌و قوڵایى گۆمه‌كه‌ بچێت، له‌ هه‌لومه‌رجێكى وه‌هادا كه‌ هه‌موو تیره‌كان روویان له‌ كورده‌، چه‌نده‌ سه‌ركردایه‌تى پارته‌كان ناكۆك بن و تیر لێك بسون ئه‌وه‌نده‌ زیاتر ده‌رفه‌ت نه‌یاره‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن پاكتاوى كورد بده‌ن، به‌ڵام تا نه‌هامه‌تى كورد له‌ كه‌ركوك قوڵتر ده‌بێته‌وه‌ ركابه‌رى و ململانێكانى یه‌كێتى و پارتى له‌ رواڵه‌تدا قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، پێده‌چێت ئه‌وه‌ش كورد به‌ زیانى گه‌روه‌ لێى ده‌ربچێت.