06:40 - 23/05/2019
پارە خەیاڵییەكانی ئەردۆغان ناتوانێت دەنگی كورد بكڕێتەوە
دوای ئەوەی بەفشاری پارتی دادو گەشەپێدان (ئەكەپە) دووبارە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەگەورەترین و چارەنوسسازترین شاری توركیا بەڕێوە دەچێتەوە، لەئێستاوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆك كۆماری توركیا چەندین ڕێگەی بۆ ڕاكێشانی دەنگی كورد بەلای ئەكەپە بەكارهێناوە، بەڵام پێناچێت كورد ئاسان كاندیدەكەی ئەردۆغان سەربخات.
دۆلار بەرامبەر بە دەنگ
شاری ئیستانبوڵ، كە وەك توركەكان دەڵێن ئەوەی شارەوانی شارەكە بباتەوە بەرەو كورسی دەسەڵاتی توركیا دەڕوات، بە هەمان پێوەر ئەردۆغان و پارتەكەی لەئیستانبوڵەوە چونە سەر تەختی سەرۆكایەتی توركیا، ئەرۆدغان خۆی لەسەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵەوە گەیشتە پۆستی سەرۆك وەزیران و دواتر سەرۆك كۆماری توركیا، بەڵام لەهەڵبژاردنەكەی مانگی ئاداری ئەمساڵی شارەوانییەكان ئەكەپە ئیستانبوڵی لەدەستدا، بەڵام ئەردۆغان ئاسان ملی بۆ ئەو شكستە نەداو لەژێر فشاردا دەستەی هەڵبژاردنەكانی توركیای ناچاركرد هەڵبژاردن لە ڕۆژی 23ی مانگی داهاتوو لەئیستانبوڵ دووبارە بكرێتەوە.
بەگوێرەی میدیای توركی، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەردۆغان هەوڵێكی بەرفراوانی دەستپێكردووە بۆ ڕاكێشانی دەنگی كورد بەسودی بناڵی یەڵدرم، كاندیدی ئەكەپە بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ.
هەوڵەكەی ئەردۆغان بەشێوەیەكە كە بەرتیلی پێشكەشی پیاوانی ئاینی و شێخە كوردەكانی توركیا كردووە، بۆئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا دەنگ بەئەكەپە بدەن، بەڵام بەشێكی زۆر لەو پیاوە ئاینیانە ئەو كارەی ئەردۆغانیان ڕەتكردەوە، تەنانەت هەندێكیان وەك "سوكایەتیكردن" بەپیاوانی ئاینی كورد ئەو كارەی ئەردۆغانیان تەماشاكرد.
ئەردۆغان و ئەكەپە ئەمجارە بۆ ڕازیكردنی كورد بۆئەوەی دەنگ بەكاندیدەكەی ئەكەپە بدەن، بڕی پێنج ملیۆن دۆلاریان تەرخانكردووە بۆ "كڕینی دەنگی" پیاوانی ئاینی كورد.
"ئیمانم لەدۆلارەكانتان بەهێزترە"
یەكێك لەو كەسایەتیە ئاینیە كوردانەی ئەردۆغان پەنای بۆ بردووە، عەبدولسەمەد ئاكارسۆی بانگخوازی ناسراوی كوردە كە بڕی 100 هەزار دۆلاری خراوەتە بەردەست، تەنیا بۆئەوەی پاڵپشتی خۆی بۆ ئەكەپە دەرببڕێت.
خورشید دلی، توێژەر و شارەزای كاروباری توركیا باس لەوەدەكات وەڵامەكەی عەبدولسەمەد ئاكارسۆی بۆ ئەردۆغان و پارتەكەی مایەی شۆك بووە، چونكە ناوبراو وتویەتی "ئیمانم لە دۆلارەكانی ئێوە بەهێزترە، ئەوە ناكەم كە دەتانەوێت".
بەكارهێنانی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ كاریگەریی دانان لەسەر كورد
بۆ هەمووان چاوەڕواننەكراو بوو كاتێك هەواڵی دیداری پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بڵاوبوەوە، چونكە لەساڵی 2011ەوە حكومەتی توركیا ڕێگەی بە پارێزەرەكان نەداوە سەردانی ئۆجەلان بكەن، ڕۆژنامەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێن حكومەت دەیەوێت ئەو بۆچوونە لای كوردەكان بجوڵێنێت كە هیوایەك بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتی لەتوركیا لەئارادایە، بەڵام لەبنەڕەتدا ئەوە كارتێكی سوتاوە.
ئەحمەد كۆلۆسۆی، نوسەری تورك لەبارەی هەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ ڕاكێشانی دەنگی كورد بەسودی پارتەكەی بۆچونی وایە"لەگەڵ ئەوەی ئەكەپە زۆرترین تاكتیك بۆ ڕاكێشانی كورد بەكاردەهێنێت، بەڵام ئەو تاكتیكانە هیچ ئەنجامێكی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵ نابێت".
هیچ تەفسیرێكی نییە بۆئەوەی كە چۆنبوو لەم كاتەدا حكومەتی توركیا نەرمی نواند بۆئەوەی پارێزەران سەردانی ئۆجەلان بكەن
فەهمی تاشكین، نوسەری تورك بۆچوونێكی دیكەی لەبارەی ڕێگەدان بەسەردانی پارێزەران بۆلای ئۆجەلان هەیەو پێی وایە، هەر پەیامێك لەئیمراڵییەوە بێت گرنگیی گەورەی هەیە، بەڵام دەشڵێ، هیچ تەفسیرێكی نییە بۆئەوەی كە چۆنبوو لەم كاتەدا حكومەتی توركیا نەرمی نواند بۆئەوەی پارێزەران سەردانی ئۆجەلان بكەن.
تاشكین باس لەوەشدەكات، مانگرتن لەخواردن لەپێناو دیداری ئۆجەلان، پلانی وێرانكردنو هێرشكردنە سەر كوردەكانی سوریا، دۆخێكی نەخوازراو و كارەساتباری بۆ توركیا دروستكردووە، بۆیە دەیەوێت كار بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو بارە بكات.
ئەردۆغان كوردی لەدەستدا
پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كە لەهەڵبژاردنەكەی مانگی ئاداری ئەمساڵی شارەوانییەكانی توركیا شاری ئیستانبوڵی بردەوە، دڵنیایە لەوەی ئەمجارەش هەڵبژاردن دەباتەوە، وەك بەرپرسانو ڕۆژنامەكانی سەر بەجەهەپە دەڵێن، نیگەران نین لەهەوڵەكانی ئەكەپە بۆ ڕاكێشانی دەنگی كورد بەسودی خۆیان، چونكە ئەردۆغان كوردی لەدەستداوە.
كورد پێیوایە بەڵێنەكانی ئەردۆغان بۆ ئەوان جگە لە "درۆ"یەك هیچی دیكە نییە، چونكە ئەوان وێرانكردنی بەشێكی شارەكانی باكوری كوردستان و بەسەربازگەكردنی هەندێكی دیكە، شەهیدكردنی ڕۆڵەكانیان و دەستگیركردنی هەزارانی دیكەیان هەرگیز لەبیر ناچێتەوە.
چاودێران پێیان وایە، هەدەپە چاودێریی دۆخەكە دەكاتو دەیەوێت بزانێت حكومەتی توركیا تا چەند جدییە لە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی
هەدەپە دوای ئەوەی هیچ كاندیدێكی بۆ هەڵبژاردنەكەی مانگی ئاداری شارەوانی ئیستانبوڵ پێشكەش نەكرد، داوای لەدەنگدەرەكانی كرد دەنگ بە ئەكەپە و مەهەپە نەدەن، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆش واتا دەنگ بە جەهەپە بدەن، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی هەدەپە بەرامبەر دەنگدان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەئیستانبوڵ كە مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، ڕوون نییە.
چاودێران پێیان وایە، هەدەپە چاودێریی دۆخەكە دەكاتو دەیەوێت بزانێت حكومەتی توركیا تا چەند جدییە لە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و بەهەندوەرگرتنی ڕۆڵی عەبدوڵا ئۆجەلان لە چارەسەركردنی كێشەی كورد لەتوركیا، بەڵام وەك كورد دەڵێ، كات نە لەبەرژەوەندی كوردە نە ئەكەپە، چونكە تەنیا یەك مانگ و یەك ڕۆژ بۆ بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە ماوە، ئەكەپەش هیچ توانایەكی سیحریی نییە بۆئەوەی لەو ماوە كەمەدا دڵی كورد كە ماوەی پێنج ساڵە شكاندویەتی، بەدەستبهێنێتەوە.