ڕاپۆرتی کوردستانی

06:06 - 23/05/2019

ئایا یه‌كێتى بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك پشت له‌ نێچیرڤان بارزانى ده‌كات؟‌

پەیسەر

له‌ناوخۆى یه‌كێتى مقۆمقۆ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگدان به‌ نێچیرڤان بارزانى، هاوشان له‌ دۆخێكى ئێجگار شڵه‌ژاوى كه‌ركوكدا، ئه‌وشاره‌ى كورد تێیدا له‌ خراپترین قۆناغى خۆیدایه‌، پارتى هۆشداریداوه‌ كه‌ جارێكى دیكه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر مێزى دانوستان، یه‌كێتیش تائێستا بڕیارى فه‌رمى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پشتیوانى نێچیرڤان بارزانى بكات و ده‌نگى پێ بدات، پێناچێت ئه‌و حزبه‌ حه‌ز به‌وه‌ بكات، پشت له‌ كاندیدى پارتى بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم بكات.

چاوه‌ڕوانده‌كرێت هه‌فته‌ى داهاتوو سه‌رۆكى نوێى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبژێردرێت، پارتى ده‌ڵێت گره‌نتى ٩٠ ده‌نگیان هه‌یه‌ له‌ كۆى ١١١ ده‌نگى په‌رله‌مانتارانى په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ناو یه‌كێتى هه‌ندێك نیگه‌رانى باس ده‌كرێن، له‌وه‌ى پارتى هیچ هه‌نگاوێكى له‌گه‌ڵ نه‌ناون، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك و دانانى پارێزگار به‌ڵام یه‌كێتى له‌ هه‌نگاوه‌كانى بۆ پشتیوانى پارتى و كاندیده‌كانى بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت به‌رده‌وامه‌، په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى سه‌ركۆ ئازاد، ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ى خسته‌ به‌ر رووناكى كاتێك له‌ نوسینێكیدا گوتى"ناکرێت ئێمە بڕگە بە بڕگەی رێككه‌وتن لە هەرێم جێبەجێبکەین، ئەوان ئیلتیزام نەکەن و یاری بە کات بکەن، بۆیە به‌ڕوونی دەڵێین دەنگدانمان بە سەرۆکی هەرێم، پەیوەستە بە گرەنتی کاتێکی دیاریکراو و دانانی پارێزگارێکی کورد لە پشکی یەکێتی بۆ کەرکوک".

گوته‌كانى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌كاتێكدایه‌، تائێستا راى فه‌رمى یه‌كێتى ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌نگ به‌ نێچیرڤان بارزانى بده‌ن و له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یان به‌رده‌وام بن، ئه‌گه‌رچى ئاڕاسته‌یه‌ك دژى ئه‌مه‌ له‌ناو حزبه‌كه‌ بوونى هه‌یه‌، چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێتى ناخوازێت پشت له‌ نێچیرڤان بارزانى بكات، هاوشێوه‌ى قۆناغى پێشوو كه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پێشتر ده‌یگوت تێبینى زۆرى له‌سه‌ر هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا به‌شدارى دانیشتنه‌كانى كرد، ده‌نگى بۆ یاساكه‌ به‌رزكرده‌وه‌و تێبینى ئه‌وتۆى نه‌خسته‌ڕوو.

له‌ناو پارتى نێچیرڤان بارزانى به‌ كه‌ خه‌تى نزیك له‌ یه‌كێتى سه‌یرده‌كرێت، نزیكیى ئه‌و پیاوه‌ له‌ یه‌كێتى نوێ نییه‌، به‌ڵام له‌ سه‌روبه‌ندى دانوستانه‌كان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ یه‌كێتى و نێچیرڤان بارزانى زیاتر نزیك بوونه‌وه‌ و هاوپه‌یمانییه‌كانى رانه‌گه‌یه‌ندراویان هه‌بوو، به‌ جۆرێك نێچیرڤان بارزانى له‌ به‌رامبه‌ر ئاڵوگۆڕه‌كانى نێو پارتى و هاتنه‌ پێشى مه‌سرور بارزانى، نزیكى زیاترى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى دروستكرد، له‌ هه‌ندێك وێستگه‌دا بارزانى پشتیوانى زۆرى یه‌كێتى كرد، ته‌نانه‌ت پێشتر په‌یسه‌ر زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ زیادكردنى جێگرێك بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ یه‌كێتى له‌ رێگه‌ى نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ بووه‌، له‌ گه‌رمه‌ى ناكۆكییه‌كان به‌رپرسێكى پارتى نزیك له‌ نێچیرڤان بارزانى، په‌یوه‌ندى به‌ یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت بێ زیادكردنى جێگرێك رازى نه‌بن به‌ به‌شداریتان له‌ناو حكومه‌ت، نێچیرڤان بارزانى هاوكارى زۆرى یه‌كێتى كرد تا زۆربه‌ى داواكانیان له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ جێبه‌جێكرا، رێككه‌وتنى كۆتاییش له‌گه‌ڵ یه‌كێتى هه‌ر ئه‌م واژۆیكرد، پێناچێت یه‌كێتى بییه‌وێت پشت له‌ دۆسته‌كه‌ى بكات له‌ناو پارتى.

ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى، كه‌ نه‌یوست گوته‌كانى به‌ناوى خۆیه‌وه‌ وه‌ك لێدوان بڵاوبكرێنه‌وه‌، بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، پێى سه‌یره‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى گوتویه‌تى كه‌ ده‌نگ به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم ناده‌ن، چونكه‌ تا ئێستا بڕیارى فه‌رمى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌وه‌نییه‌ كه‌ ده‌نگى پێ نه‌ده‌ین، یاخود نه‌چینه‌ ناو دانیشتنى په‌رله‌مان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بڕیارى یه‌كێتى پابه‌ندبوونه‌ به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى نیگه‌رانى له‌سه‌ر بابه‌تى كه‌ركوك هه‌یه‌ له‌ناو یه‌كێتى، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، به‌ڵێ نیگه‌رانى هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ هه‌مان كات له‌ ئێستادا دانوستانى به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، پارتى ئاماده‌ نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ دانوستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى بكاته‌وه‌، به‌ ناڕاسته‌وخۆ هۆشداریداوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتى به‌ ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت، پارتى ده‌ستى كراوه‌ بێت له‌ ده‌ستكاریكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌و پشه‌كه‌كانى یه‌كێتى، یه‌كێتى ده‌زانێت ته‌نها له‌رێگه‌ى پارتییه‌وه‌ ده‌توانێت له‌ كه‌ركوك تامى ده‌سه‌ڵات بكاته‌وه‌، بۆیه‌ش ئاسان نییه‌ بۆى بییه‌وێت هه‌نگاوێكى له‌وجۆره‌ بنێت، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و پشكانه‌ى یه‌كێتى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت مسۆگه‌ریكردن، ماوه‌یه‌كى تاقتپڕوكێنى ویست و كاتێكى زۆرى خایه‌ند، به‌ ده‌نگنه‌دانى به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم بیانوو ده‌دات به‌ پارتى به‌وجۆره‌ى كه‌ خۆى ده‌یه‌وێت رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێبكات و به‌ ئاسانى لێى لابدات.

هێڤیدار ئه‌حمه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى پارتى، بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، ئه‌وان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بۆچوونى فه‌رمى یه‌كێتى ده‌كه‌ن، نه‌ك راى په‌رله‌مانتارێكیان، تا ئێستا راى فه‌رمى یه‌كێتى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌نگ به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌ده‌ن و رێز له‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌گرن، هیچ شتێكمان نه‌بیستووه‌ له‌ مه‌كته‌بى سیاسى كه‌ په‌شیمان بووبنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانییه‌كانى له‌سه‌ر دۆخى كه‌ركوك، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى، بۆ په‌یسه‌ر گوتى"ئێمه‌ خۆمان به‌ خاوه‌نى كه‌ركوك ده‌زانین، با واپیشان نه‌درێت كه‌ كه‌ركوك هى ئه‌وانه‌، كه‌ركوك هى یه‌كێتى نییه‌، ئێمه‌ زۆر خه‌مخۆرترین له‌ یه‌كێتى بۆ چاره‌سه‌رى دۆخى كه‌ركوك، ئێستا به‌ دانانى پارێزگار دۆخى كه‌ركوك یه‌كلا نابێته‌وه‌، ئه‌ى ئه‌و عه‌سكه‌ره‌ چى لێده‌كه‌یت، گریمان پارێزگار یه‌كێتییه‌، گریمان چونكه‌ بڕیار وانییه‌ یه‌كێتى بێت، پێمان خۆش نییه‌ كه‌سێك ببێته‌ پارێزگار ئه‌مر له‌ حه‌شدى شه‌عبى و سوپاى عێراق وه‌ربگرێت، ده‌مانه‌وێت پارێزگارێك له‌وێ بێت به‌ سه‌ربه‌رزانه‌ كارى خۆى بكات".

هێڤیدار ده‌ڵێت،"جه‌نابى سه‌رۆك(مەسعود بارزانی) به‌ جێگرى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى گوتووه‌، پێكه‌وه‌ ئه‌مه‌ حه‌ل ده‌كه‌ین، پێویست ناكات خه‌ڵكى تر ئه‌م دۆخه‌ تێك بدات، رێككه‌وتنى حكومه‌ت و سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌مووى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بووه‌ كه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو كه‌سه‌ كراوه‌، ئێمه‌ رێككه‌وتنمان كردووه‌و هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، ئه‌وه‌ لاى یه‌كێتى ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ بڕیارى چى ده‌بێت، ئێمه‌ باسى ئه‌گه‌ر ناكه‌ین باسى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ رێككه‌وتنمان كردووه‌و رێز له‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌گرین كه‌ ئیمزاى كاك كۆسره‌تى له‌سه‌ره‌، پێمان خۆش نییه‌ ئیمزاى كاك كۆسره‌ت بشكێنن، ئێمه‌ گومانى خراپمان نییه‌ له‌سه‌ر یه‌كێتى به‌ تایبه‌ت رێككه‌وتنێك كه‌ هه‌موو مه‌كته‌بى سیاسى پێى رازى بێت".

یه‌كێتى تا ئێستا هیچ كام له‌ كاندیده‌كانى بۆ پۆسته‌كان یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش په‌رله‌مانتارێكى به‌ڕێوه‌ى ده‌بات و یه‌كێتى دوو كاندیدى بۆ ئه‌و پۆستە هه‌یه‌ و یه‌كلاى ناكاته‌وه‌، هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم یه‌كێتى ده‌خاته‌ قۆناغێكى ئاڵۆزه‌وه‌ و ده‌بێت له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ مانگێكدا كاندیده‌كانى راده‌ستى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران بكات، ئه‌وه‌ش دۆخێكى سه‌خت ده‌بێت بۆ ئه‌و حزبه‌، دواكه‌وتنى ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم خزمه‌ت به‌ودۆخه‌ى ئێستاى حزبه‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ كۆتایى نییه‌و هه‌رده‌بێت بابه‌تى كاندیده‌كان به‌ لایه‌كدا بخات، بۆیه‌ ئێستا یه‌كێتى خواستى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ لانى كه‌م هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك بۆ دواى جه‌ژن دوا بكه‌وێت.

به‌پێى ئاماژه‌كان بێت، پێناچێت یه‌كێتى ئاماده‌یى تێدابێت بۆ مانۆڕێك دژ به‌ پارتى و یاخى بوون له‌ نێچیرڤان بارزانى، مه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تێك ئێران ناچارى بكات به‌ بژارده‌یه‌كى له‌م جۆره‌ به‌ڵام باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ئێران په‌یوه‌ندى كه‌مى له‌گه‌ڵ پارتى نییه‌ و له‌دواى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ نێوانى هه‌ولێر و تاران خۆشه‌، به‌ڵام وروژاندنى بابه‌تى كه‌ركوك له‌رێگه‌ى به‌شێكى یه‌كێتییه‌وه‌ ره‌نگه‌ بێ مه‌به‌ست نه‌بێت، هه‌م بیانه‌وێت فشارێك له‌سه‌ر پارتى دروست بكه‌ن هه‌م لاى راى گشتیش وا وێناى بكه‌ن ده‌یانه‌وێت هه‌ر ده‌رفه‌تێك بقۆزنه‌وه‌ بۆ ناچاركردنى پارتى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك، به‌ڵام گرفتى ئه‌م جۆره‌ مانۆڕه‌ ئه‌وه‌یه‌ زوو به‌ كاتێكى كه‌م سیحره‌كه‌ى به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند رۆژى ئاینده‌ یه‌كێتى به‌ كرده‌وه‌ پشت له‌ پارتى نه‌كات له‌ به‌رامبه‌ر دۆخى خراپى كه‌ركوك و دانه‌نانى پارێزگار، ئه‌گه‌ریش له‌گه‌ڵ پارتى بوه‌ستێت ده‌بێت یه‌كێتى بۆ قۆناغێكى پڕ ململانێ خۆى حازر بكات پێناچێت ناو ماڵى ئه‌و حزبه‌ بۆ ركابه‌رییه‌كى له‌وجۆره‌ كۆك بێت.