ڕاپۆرتی کوردستانی

10:59 - 23/05/2019

بۆچی دیاریكردنی میری نوێی ئێزدیان درەنگ كەوتووە؟‌

پەیسەر

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ و نیو بەسەر كۆچی دوایی میرەكەیان، هێشتا خانەوادەی میرانی ئێزیدی لەسەر كێ شوێنی میری كۆچكردوو دەگرێتەوە رێكنەكەوتوون.

لە 28ى كانوونى دووەمى 2019 تەحسین سەعید بەگ میرى ئێزیدیانی كوردستان و جیهان لە تەمەنى ٨٦ ساڵیدا دواى ململانێیەكى درێژ لەگەڵ نەخۆشى لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانى ئەڵمانیادا كۆچى دوایی كرد.

میر تەحسین بەگ لە ١٥ ئابى ١٩٣٣ لە گوندى باعدرێ لە دایكبووە، لە ساڵى ١٩٤٤ دواى تێپەڕبوونى ١٥ رۆژ بەسەر مردنى سەعید بەگى باوكى لە تەمەنى ١٣ ساڵیدا لەلایەن داپیرەیه‌وه‌، میان خاتوون وەكو میرى ئێزیدیان دەستنیشان دەكرێت. بۆ ماوەى زیاتر لە ٧٠ ساڵ رابەرى رۆحى و ئیدارى ئێزیدیەكان بووە.

یەكێك لەو هۆكارانەی هەڵبژاردنی میری ئێزدیانی درەنگ خستووە، نەبوونی وەسیەتنامەیەكە لەلایەن میر تەحسین سەعید بەگ بەر لەوەی كۆچی دوایی بكات. ئەمیرە عالیە بایزید ئیسماعیل بەگ، كە برازای میر تەحسین بەگە و لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دا ئەم هۆكارە بە سەرەكیترینیان دادەنێت بۆ درەنگ خستنی هەڵبژاردنی میری داهاتووی كۆمەڵگای ئێزیدی. لەمبارەیەوە دەڵێت: " میری كۆچ كردوو كەسی دەستنیشان نەكردووە تا جێگای بگرێتەوە. مەسەلەكەی بۆ رێكەوتنی خانەوادەی میرانی ئێزیدی بەجێهێشتووە، تا كەسێك بكەنە میر هەموو عەشیرەت، ریش سپی، رۆشنبیر و ئەوانەی پەیوەندیان بەمەسەلەكەوە هەیە پێی رازیبن".

بەگوێرەی زانیاریەكانی پەیسەر پرێس كە لە چەند سەرچاوەیەكی ناو خانەوادەی میرانی ئێزیدی بەدەستی خستووە، بە فەرمی هەریەك لە  (حازم تەحسین بەگ كوڕی گەورەی میر تەحسین بەگ. كامەران خەیری بەگ برازی میر تەحسین و ئەندامی یەكەم خولی پەرلەمانی عێراق. هارمان میرزا بەگ. شێرزاد فاروق بەگ. سالم نەجمان بەگ. میران سەباح جاسم بەگ. عامر مەحمود سەیدۆ بەگ) خۆیان كاندید كردووە بۆ شوێنگرتنەوەی میر تەحسین بەگ كە هەموویان ئامۆزای یەكترن. 

میان خاتوون، داپیرەى میر تەحسین بەگ، دوای مردنی سەعید بەگی كوڕی و باوكی میر تەحسین بەگ لە ساڵی 1945 دا چەند مەرجێكى دانا، بە ئەو كەسەى دەبێتە میرى كۆمەڵگاى ئێزیدى. كە گرنگترینیان پێویستە دایك و باوكى ئەو كەسەى دەبێتە میر لە بنەماڵەى میرانى ئێزیدى بن. بە دانانی ئەم مەرجە میان خاتوون توانی ئیسماعیل بەگ برای سەعید بەگ لە وەرگرتنی پۆستی میریایەتی دووربخاتەوە و ئەم پۆستە بۆ نەوەكانی پاوان بكات. بەم شێوەیە میر تەحسین بەگ لە تەمەنی 13 ساڵیدا كرایە میری ئێزدیان، چونكە دایكی برا گەورەكانی میر تەحسین لە خانەوادەی میرانی ئێزیدی نەبوو.  لە ئێستادا دوای مردنی میر تەحسین مەرجەكانی میان خاتوون گەورەترین ئاستەنگ و كێشەیە بۆ هەڵبژاردنی میرێكی نوێ.

بەم هۆیەوە حازم تەحسین بەگ كوڕی گەورەی میر تەحسین كە یەكێكە لە كاندیدان بۆ جێگرتنەوەی شوێنی باوكی رووبەڕوی ناڕەزایی و كاردانەوە دەبێتەوە لەلایەن خانەوادەی میرانی ئێزیدی و ئامۆزاكانی. سالم نەجمان داود بەگ تەمەن (62) كە یەكێكە لە كاندیدەكان و لە ئەمریكا گەڕاوەتەوە لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) رەخنە لە كوڕەكانی میر تەحسین بەگ دەگرێت و دەڵێت:" نابێت كوڕانی میر خۆیان كاندید بكەن چونكە دایكی ئەوان لە خانەوادەی میرانی ئێزیدی نییە. واتە ئەو مەرجەی تێدانیە كە خاتوون میان دایناوە. بە درێژایی 900 ساڵ 19 میر حوكمڕانی ئێزیدەكانی كردووە دایك و باوكی هەمووان لە ماڵی میرانی ئێزیدی بووە". هەروەها دەڵێت:" منداڵەكانی میر تەحسین دەخوازن هەر ئەوان میربن. وەكو خانەوادەی داود بەگ و حوسێن بەگ ئێمە هیچی دیكە قەبوڵ ناكەین ئەوان میربن. داوا دەكەین بەرنامەیەك و سیستەمێك هەبێت هەموو كەس لە ماڵی میران پابەند بكات. ئەوان 75 ساڵە لەسایەی ئەو یاسایە حوكم دەكەن، ئەمڕۆ بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەخوازن ئەم یاسایە هەڵبگرن و پێشێڵ بكەن".

بەڵام كامەران خەیری بەگ، برازای میر تەحسین درەنگ كەوتنی جێگرەوەیەك بۆ شوێنی مامی بە ئاسایی وەسف دەكات و بۆ (پەیسەر پرێس) دەڵێت: " ئێزیدی بەشێكن لە كۆمەڵگای كوردی، چۆن لە كوردستان هەشت مانگە هەڵبژاردن كراوە هێشتا حكوومەت دانەمەزراوە. كۆمەڵگای ئێزیدیش هەمان عەقڵ و لۆژیكی هەیە. هەموو بەدوای كورسی میرایەتی دەگەڕێن، ژمارەی كاندیدان زۆرە، لە رابردوو تەنیا كاندیدێك هەبوو. لە رابردوو تەنیا لە شێخان میر هەڵدەبژێردرا. لە ئێستادا ئێزیدی بە زۆر شوێنی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. كارەسات بەسەر كۆمەڵگای ئێزدی داهاتووە، كێشەیان زۆرە، برینەكانیان قوڕسن. دەبێت میر بە زۆرینەی دەنگی رۆشنبیر و زانایان هەڵبژێردرێت. لە رابردوودا ئەم سیستەمە نەبوو، یەكێك كە دایك و باوك لە خانەوادەی میران بووایە خۆی كاندید دەكرد و چەند ریشسپیەك دەنگیان پێدەدا و دەبڕایەوە. لە ئێستادا بۆچوونی ئێزیدیان جیاوازە كەسێكیان دەوێت خزمەتیان بكات. جیهان پێشكەوتووە، جیهانگیری شتێكی نوێیە، ئەمڕۆ كۆمەڵگای ئێزیدی بەم گۆڕانكاریانە كاریگەر دەبێت".

هۆكارێكی دیكە كە وایكردووە ژمارەی كاندیدان زۆربێت، بۆ سەردەمی حكومی میر تەحسین بەگ دەگەڕێتەوە، كە ماڵی براكانی فەرامۆش كرد بوو، هیچ حسابێكی بۆ رۆڵ و پێگەی ئەوان نەكردووە. عالیە بایزید ئیسماعیل بەگ برازی میر تەحسین ئەمە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت: " سیاسەتی میری كۆچكردوو، بریتی بوو لە فەرامۆشكردنی كەسە نزیكەكانی، بەبێ گەڕانەوە و پرسكردن بڕیاردان، دەست بەسەرداگرتنی داهاتی شەنگال بوو كە كەس نازانێت بڕەكەی چەند بووە. هەموو ئەمانە نیگەرانیان لەلای خانەوادەی ماڵباتی میرانی ئێزیدی دروستكردووە، ئەمڕۆش ئەم نیگەرانییە لە مەسەلەی ململانێ لەسەر هەڵبژاردنی جێگرەوەی میر تەحسین رەنگدەداتەوە".

ئێزیدیەكان لە عێراق و كوردستاندا لە دوو ناوچەی لێكدابڕاو نیشتەجێنە. یەكەمیان: ناوچەی شێخان و دەوروبەری كە هەریەك لە بەعشیقە، بەحزانی، سمێل و شاریا دەگرێتەوە و بە (وڵاتی شێخ) بەناو دەكرێت. دووەمیشیان، ناوچەی چیای شەنگالە. ژمارەی دانیشتووانی شەنگال بە بەراورد لەگەڵ ناوچەی شێخان زیاترە. لە مێژووشدا ئەو كەسە بۆتە میری ئێزدیان كە دەنگی شەنگالیەكانی بەدەستهێناوە. عالیە بایزید ئەم راستیە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت:" پێموایە رۆڵی ئێزیدیەكانی شەنگال لە یەكلاییكردنەوەی میری داهاتوو یەكلایی كەرەوە دەبێت. لە مێژوودا ناوچەی شەنگال رۆڵی هەبووە لە گۆرینی هاوسەنگی هێز لە هەڵبژاردنی میردا".

هەرچەندە كۆمەڵگای ئێزیدی كۆمەڵگایەكی چینایەتیە و رێسا چینایەتیەكان ئەوەندە توندن دەرفەت نادات چینەكان لەگەڵ یەكتر تێكەڵ بن، بەڵام نەبوونی دەستوور و رێسای نووسراوە ئەم كۆمەڵگایە كردۆتە كۆمەڵگایەكی نەریتیە، كە ئەمەش لەم رۆژگارەدا گەورەترین ئاستەنگە لە بەردەم گۆڕانكاری، كرانەوەی ئەم كۆمەڵگایە. زۆربەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگای ئێزیدی دركیان بەو راستیە كردووە، بەڵام هەر كەسێك دەخوازێت لە روانگەی بەرژەوەندیەكانی هەوڵی ئەنجامدانی گۆڕانكاری بدات. یەكێك لە كەموكوڕیەكان كە هەموویان لەسەری كۆكن نەبوونی ئەنجوومەنێكە كە نوێنەران هەمووی كۆمەڵگای لەخۆ بگرێت. عیسمەت میر تەحسین بەگ لەمبارەیەوە بۆ (پەیسەر پرێس) دەڵێت:" بۆ ئەوەی گازه‌ندە لەسەر ماڵی میرانی ئێزیدی كەمبێتەوە، میر تەحسین هەوڵیداوە ئەنجوومەنێكی سەرتاسەری بۆ هەموو ئێزیدیان دروست بكات. بەو مەرجەی ئێزدیانی شەنگال، شێخان، توركیا، سوریا، قەفقاسیا و ئەوروپا لەخۆ بگرێت".

عەلی ئاتاڵان، پەرلەمانتاری پێشووی هه‌ده‌پ (پارتی دیموكراتی گەلان) كە لە ئێستادا لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە و ناوبژیوانی دەكات بۆ ئەوەی ئێزیدیەكان لە یەكتر نزیك بكاتەوە، لەبارەی كێشە و مەترسی سەر كۆمەڵگای ئێزیدی بۆ (پەیسەر پرێس) قسە دەكات و دەڵێت:" دەربارەی دواڕۆژی ئێزیدیان چۆن بێت ڕای جۆراوجۆر هەیە. دەربارەی پلان، رۆڵ و بەرنامە جیاوازی هەیە. ئەمەش وایكرد لەسەر مێژوو و باوەڕی ئێزیدیان خوێندنەوەی جیاواز بكرێت. بێگومان هەموو ئەم جیاوازیانە ئەنجامی ئەو فەرمانان بەسەر ئێزیدیەكاندا جێبەجێ كراون. بە پارچەبوونی كوردستان ئێزیدەكان پارچەبوونە بۆیە هەبوونی جیاوازی ئاساییە. باكوور، باشوور، خۆرئاوا، ئەرمینیا و قەفقاسیا، رووسیا و ئەوروپا و ئەڵمانیاشی هاتەسەر. واتە جیهانبینی ئێزیدی جۆراوجۆر دروستبووە". ئاتاڵان چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگای ئێزیدی دەبەستێتەوە بە دامەزراندنی پلاتفۆڕمێك بۆ هەموو ئێزیدیان:" جیاوازیەكان كێشە دروست ناكەن ئەگەر دامەزراوەیەكی گفتوگۆ و بڕیارگرتن هەبێت. لەناو كۆمەڵگای ئێزیدیدا دامەزراوەیەكی بڕیاردان نیە. ئەنجوومەنی رۆحانی هەیە كە هەموو نوێنەرانی لە چینی شێخ و دەرەبەگەكانن. تەنیا نوێنەرایەتی ئێسفنێ و دەوروبەری دەكەن. نوێنەرایەتی باكوور، قەفقاسیا و رووسیا ناكەن". پێشیوایە:" بەبێ هەبوونی دامەزراوەیەكی بەم شێوەیە كێشەی هەڵبژاردنی میری ئێزیدیان چارەسەر نابێت"

كامەڕان خەیری بەگ كە یەكێكە لە كاندیدان بۆ ئەوەی شوێنی میر تەحسینی مامی بگرێتەوە، لە عەلی ئاتاڵان دوورتر دەڕوانێت و پێیوایە دەبێت گۆڕانكاریەكان ریشەیی بن. لەمبارەیەوە دەڵێت:" دەبێت گۆڕانكاری بەسەر ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزیدی دابێت و ببێتە ئەنجوومەنی زانایانی ئێزیدی. ئەنجوومەنی رۆحانی پڕ لە كەم و كوڕی. لە ئێستادا پێشنیارێك هەیە و رەنگە لەدواڕۆژ جێبەجێ بكرێت ئەویش دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵا بۆ كاروباری ئاینی ئێزیدی".

ئەمیرە عالیە بایزید پێیوایە گۆڕانكاری ریشەیی لەگەڵ راستی چینایەتی ئاینی ئێزیدی یەكناگرێتەوە، بۆیە لەدژی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزیدیەكان دەوەستێتەوە و دەڵێت:" ئەنجوومەنی رۆحانی ئەركی تایبەتیان هەیە و هاوكاری میر دەكەن لە فەتوا دەركردن. دەكرێت ئەنجوومەنی راوێژكاری بەرفراوان بكرێت كە كەسانی بە ئەزموون و بە توانا لەخۆ دەگرێت ژمارەكەیان 30 كەسە، پێویستە جگە لە ئێزیدیەكانی شێخان و شەنگال، نوێنەری ئێزیدیەكانی توركیا، سوریا، جۆرجیا، ئەڵمانیا و ئەمریكا و كەنەدا لە ئەنجوومەنی راوێژكاریدا جێبگرن".

پێدەچێت پڕ كردنەوەی كورسیە 70 ساڵیەكەی میر تەحسین زۆر لەوە قوڕستر بێت كە پێشبینی دەكرا. دووریشنییە لەسایەی ئەم ناكۆكیانەی لەسەر كورسی و سامانی میریایەتی لە ئارادایە، كۆمەڵگای ئێزیدی بۆ ماوەیەكی درێژ بێ میر و سەرپەرشتیار بمێنێت و نەتوانێ برینی فەرمانی 74 چارەسەر بكات و ئەوەندەی دیكە بەرەو پوكانەوە بچێت.