ڕاپۆرتی کوردستانی

05:29 - 20/05/2019

عه‌بدولمه‌هدى دوبه‌ڵێنى داو بۆ كه‌ركوك ده‌ستینا به‌ڕووى كورده‌وه‌‌

پەیسەر

شڵه‌ژانى دۆخى كه‌ركوك و خانه‌قین، فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقی، هه‌ڵپێچا به‌ره‌و نوسینگه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستى نه‌نا به‌ڕووى كرده‌وه‌و لەسەر بەشێک لە داواکارییەکان، بۆچوونه‌كانى باش بوون به‌رامبه‌ر كۆى داواكان به‌ڵام هێشتا قسه‌ى كۆنكرێتى بۆ راگرتنى ئه‌و دۆخه‌ شێواوى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان نه‌كردووه‌و بۆئەوەیان بەڵێنی نەداوە.

ئه‌مڕۆ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان هه‌ریه‌كه‌و به‌ نوێنه‌رێك جگه‌ له‌ فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ، سه‌ردانى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقیان كرد، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كوردانه‌ چه‌ند داوایه‌كیان خسته‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى، ئه‌و داواكارییانه‌ن بچوك نین و ئه‌وانه‌ن كه‌ زۆرینه‌ى خه‌ڵكى كوردستان چاوه‌ڕێى جێبه‌جێكردنى ده‌كه‌ن، عه‌بدولمه‌هدى وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ نه‌رمى شانده‌كه‌ى ره‌وانه‌ كرده‌وه‌، بۆهه‌ندێك له‌ داواكان به‌ڵێنى داو هه‌ندێكیش داواى كاتى كرد.

په‌رله‌مانتاره‌كان، مه‌له‌فى دۆخى شڵه‌ژاوى كه‌ركوك، مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران، مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌یان پێ بوو، به‌هار مه‌حمود ئه‌ندامى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، كه‌ ئه‌نجامى شانده‌كه‌ بوو بۆ په‌یسه‌ر ناوه‌رۆكى داواكان و وه‌ڵامه‌كانى عادل عه‌بدولمه‌هدى خسته‌ڕوو، سه‌باره‌ت به‌ دۆخى كه‌ركوك و خانه‌قین نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ وه‌ڵامى كۆنكرێتییان له‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌ هەڵوێستی زۆر روون نەبووە، به‌ڵام گوتوویه‌تى به‌دواداچوون ده‌كه‌ن و لێپرسینه‌وه‌ له‌پارێزگارى به‌ وه‌كاله‌تى شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌ند گوتویه‌تى"پێكهاته‌كانى دیكه‌ش جگه‌ له‌ كورد له‌ شاره‌كه‌ ده‌ژین و ئه‌وانیش پێشتر كه‌ ده‌سه‌ڵاتى كوردى لێبووه‌ گله‌ییان هه‌بووه‌، من نامه‌وێت به‌ڵێنێكتان پێ بده‌م و نه‌توانم جێبه‌جێى بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ى پێمان بكرێت ده‌یكه‌ین".

كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێوه‌چوو، ماوه‌ى كاتژمێرێكى خایه‌ند، فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان هه‌وڵى زۆریانداوه‌ كه‌ باوه‌ڕ به‌ عادل عه‌بولمه‌هدى بهێنن ئه‌وه‌ى راكان جبورى پارێزگارى به‌وه‌كاله‌تى كه‌ركوك ده‌یكات ترسناك و مه‌ترسیداره‌، سه‌رۆك وه‌زیران گوتویه‌تى،"پێشێلكارییه‌كانم بۆ بنێرن رێكارى پێویستى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین"به‌گوته‌ى به‌هار مه‌حمود سه‌رۆك وه‌زیران قسه‌ى په‌رله‌مانتاره‌كانى پێ راست بووه‌، كه‌ رێوشوێنه‌كانى پارێزگارى كه‌ركوك نایاساییه‌ به‌ڵێنى داوه‌ هاوكارى كورده‌كان بێت.

په‌رله‌مانتاره‌كان ده‌ڵێن، به‌گشتى عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆچوونى باش بووه‌ سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كانى په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان، كاتێك پێان گوتووه‌ ده‌بێت پشتیوانمان بێت گوتویه‌تى"من هه‌میشه‌ پشتیوانى كورد بووم و پشتیوانتان ده‌بم، له‌به‌رئێوه‌ شه‌قامى عه‌ره‌بى بووه‌ به‌ دوژمنم".

له‌ناو ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئێستا ئاڕاسته‌یه‌ك هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى فشاربكرێت تا حكومه‌تى عێراق مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌م جۆره‌ى ئێستا ره‌وانه‌ نه‌كات، به‌وپێیه‌ى هه‌رێم پابه‌ندى یاساى بودجه‌ نه‌بووه‌، په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان داواى دڵنیاییان له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌ تێكه‌ڵى كێشه‌ سیاسییه‌كان نه‌بنه‌وه‌، له‌ وه‌ڵامدا گوتوویه‌تى"به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نابڕدرێت و به‌رده‌وام ده‌بن به‌ ناردنى مووچه‌".

سه‌باره‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌و مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌و هاوتاكردن و یه‌كخستنى له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق و ره‌وانه‌كردنى مووچه‌كانیان، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق داوایكردووه‌ هه‌موو داواكارییه‌كانى بۆ بكرێت به‌ نوسراوێك به‌ناوى فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانه‌وه‌ى ئاڕاسته‌ى بكرێت و ئه‌ویش كاریان له‌سه‌ر ده‌كات.

داوكارییه‌كى دیكه‌ى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان چاره‌كردنى پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران بوو، به‌هار مه‌حمود گوتى"پێمان گوت كه‌ ئه‌مساڵ باران زۆر باریوه‌و به‌رهه‌م زۆر بووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ پاره‌ى جوتیاران زووبدرێت و به‌رهه‌مى زیاتریش بۆ ئه‌مساڵ له‌ جوتیارانى هه‌رێمى كوردستان وه‌ربگیرێت".سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئه‌م داواكارییه‌ به‌ڵێنى داوه‌، بۆ ئه‌مساڵ هه‌ر جوتیارێك كاتێك گه‌نمه‌كه‌ راده‌ست ده‌كات راسته‌وخۆ له‌ماوه‌ى كه‌متر هه‌فته‌یه‌كدا پاره‌كه‌ى وه‌ربگرێت، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ ساڵانى پێشوو باسیله‌وه‌كردووه‌، پێویستیان به‌وه‌یه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ خه‌رجكردنه‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌، ئه‌مه‌ ماناى ئه‌وه‌نییه‌ خه‌رجیى ناكه‌ن به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ پێویستیان به‌وه‌یه‌ ده‌ره‌چه‌یه‌ك بۆ خه‌رجكردنى بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵێنیشى داوه‌ بۆ ئه‌مساڵ گه‌نمى زیاتر وه‌ربگیرێت له‌ جوتیارانى هه‌رێمى كوردستان.

به‌شیر حه‌داد جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانید، سه‌باره‌ت به‌ ناوەرۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ گوتى"به‌ڵێنى ئه‌وه‌مان لێ وه‌رگرت ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ به‌رده‌وام بێت، ئیشه‌ڵا له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا مزگێنى خۆش ده‌ده‌ین به‌ خه‌ڵكى كوردستان، ئه‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵك داواى ده‌كات ئه‌وه‌ى كه‌ ئێمه‌ ده‌یبینین له‌گه‌ڵیان قسه‌ ده‌كه‌ین شتێكى كه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌چین به‌س داواى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین، ئه‌وان 15 پارێزگاى دیكه‌شیان له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ ناكرێت بڵێین ئیلا ده‌بێت ئێستا بۆمان بكه‌ن، به‌ڵام به‌ڵێنیان پێداوین".

به‌پێى گوته‌ى په‌رله‌مانتاره‌كان بێت، عه‌بدولمه‌هدى به‌رامبه‌ر دۆخى كه‌ركوك و خانه‌قین شتێكى ئه‌وتۆى بۆ كورد پێ نه‌بووه‌، به‌رامبه‌ر پرسى موچه‌و گه‌نمى جوتیارانیش هه‌ڵوێسته‌كانى پێشووى دووپاتكردووه‌ته‌وه‌و به‌ڵێنیشى داوه‌، بۆ هاوتاكردنى مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌ش قسه‌ى كۆنكرێتى نه‌كردووه‌، پێده‌چێت ورده‌كارى ئه‌و گرفتانه‌ له‌ ئاستێكى باڵادا پێویستى به‌ دانوستان بێت له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا عه‌بدولمه‌هدیش بۆ ئه‌م شانده‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى پێبووبێت.