12:53 - 20/05/2019
سه‌رژمێرییه‌كى شاراوه‌ى ده‌سته‌ى ئامار جیاوازى له شاره‌كاندا دروستكردووه
ئه‌گه‌رچى له ساڵى 1987ه‌وه هیچ جۆره سه‌رژمێرییه‌ك له عێراقدا ئه‌نجام نه‌دراوه، به‌ڵام هه‌ریه‌كه له وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق و هه‌رێم به شێوه‌ى مه‌زه‌نده‌كردن و له ڕێگه‌ى گه‌مارۆسازیی و ژماره‌دانانه‌وه، چه‌ندین سه‌رژمێرییان ئه‌نجامداوه، وا بڕیاریشه له كۆتایی ساڵى 2020 له ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراقه‌وه سه‌رژمێریی گشتى ئه‌نجام بدرێت.
وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق له ڕێگه‌ى مه‌زه‌نده‌كردنه‌وه، بۆ ساڵى 2019 ژماره‌ى دانیشتووانى عێراقى به (38124182) كه‌س خه‌مڵاندوه، له‌م ژماره‌یه‌ش دانیشتوانى هه‌رێمى به(5309592)كه‌س مه‌زه‌نده كراوه، واتا ڕێژه‌ى له %13.97 كۆى دانیشتوانى عێراق، ئه‌مه له كاتێكدایه به‌پێى خه‌مڵاندنى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێم بۆ ساڵى 2019(6033814) كه‌سه، به‌م پێیه‌ش بێت جیاوازیی ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێم له نێوان ئه‌م دوو ئاماره‌دا زیاتر له (500000)كه‌سه، كه ئاماره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق كه‌متر دایناوه.
سیروان محەمەد سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامار له هه‌رێمى كوردستان، به په‌یسه‌رى ڕاگه‌یاند ئه‌م جیاوازییه په‌یوه‌ندى به‌و ناوچانه‌وه هه‌یه كه ناوچه‌ى جێناكۆكن و سه‌ر به حكومه‌تى ناوه‌ندین، به‌ڵام له ڕووى بودجه و خزمه‌تگوزارییه‌وه حكومه‌تى هه‌رێم ئیداره‌یان ده‌دات.
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه ئه‌نجامنه‌دانى سه‌رژمێریی په‌یوه‌ندى به ده‌ستێوه‌ردان و ئاسته‌نگ دروستكردنه‌وه هه‌یه، له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكى سیاسییه‌وه، به‌وته‌ى ئه‌و له ئێستادا ئاماده‌كاریی ده‌كرێت بۆ سه‌رژمێری له ساڵى 2020دا‌و له‌م ساڵیش‌دا حكومه‌تى عێراقى بڕى 50ملیار دینارى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخانكردووه، سه‌رژمێرییه‌كه‌ش به شێوه‌ى ئه‌له‌كترۆنى ده‌بێت، به وته‌ى ئه‌و ده‌سته‌كه‌شیان دوو نوێنه‌رى ده‌بێت له‌و لیژنه باڵایه‌ى سه‌رژمێرى ده‌گرێته خۆى.
به‌پێى توێژینه‌وه‌یه‌ك كه له‌لایه‌ن مامۆستایه‌كى زانكۆوه ئه‌نجامدراوه، ده‌ركه‌وتوه كه ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ى له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێمه‌وه ئه‌نجامدراوه، به شێوه‌ی گه‌مارۆسازیی و ژماره‌دانان له ساڵى 2009، كه بووه به بنه‌ما بۆ ساڵه‌كانى دواتریش تاوه‌كو ساڵى 2020، جیاكارییه‌كى زۆر له نێوان پارێزگاكانى هه‌رێمدا كراوه له ڕووى ئاستى گه‌شه‌ى دانیشتوان.
به‌پێى توێژینه‌وه‌كه له ساڵى 2007 ژماره‌ى دانیشتوانى سلێمانى (1ملیۆن و 893هه‌زار و 617 كه‌سه) واتا ڕێه‌ژى له %48 دانیشتوانى هه‌رێم، به‌ڵام له 2007 بۆ 2020 به‌پێى خه‌مڵاندنه‌كه‌ى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم ژماره‌ى دانیشتوانى سلێمانى (378433 كه‌س) زیادیكردوه، ئه‌مه له كاتێكدایه له ساڵى 2007 ژماره‌ى دانیشتوانى پارێزگاى دهۆك (505 هه‌زار و 491 كه‌سه)، به‌ڵام به‌پێى ئامارى ده‌سته‌كه له نێوان ساڵانى 2007-2020 (1134120 كه‌س ) زیادیكردوه، به‌م پێیه‌ش بێت ڕێژه‌ى دانیشتوانى سلێمانى له %48 ه‌وه كه‌م ده‌كات بۆ له %38 و ڕێژه‌ى دانیشتوانى دهۆكیش له %13 ده‌بێت به %25 ، رێژه‌ى دانیشتوانى هه‌ولێریش %47 دانیشتوانى هه‌رێم پێكده‌هێنن.
سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامار هۆكارى ئه‌م جیاكارییه‌ى، گه‌ڕانده‌وه بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاستى گه‌شه له پارێزگاى سلێمانیی و زۆرى له دهۆك، هه‌روه‌ك زیادكردنى ناوچه‌كانى شێخان و به‌شێك له ناوچه جێناكۆكه‌كانى سنورى پارێزگاى نه‌ینه‌وای له‌سه‌ر پارێزگاى دهۆك به هۆكارێكى تر زانى، ده‌شڵێت ئاماره‌كه‌ى ئه‌وان له ڕاستییه‌وه نزیكه.
ئه‌ركان ڕه‌ئوف مامۆستاى زانكۆ و خاوه‌نى لێكۆڵینه‌وه‌كه به په‌یسه‌رى گوت، له هیچ شوێنێكى دونیادا نییه ژماره‌ى دانیشتوان له ماوه‌ى دوو ساڵدا له پارێزگایه‌ك %10 كه‌م بكات و له پارێزگایه‌كى تر هه‌ر له هه‌مان وڵات‌دا %12 زیاد بكات، به‌وته‌ى ئه‌و ئه‌وه ناكۆكه له‌گه‌ڵ ستانداردى جیهانى.
ئه‌و مامۆستایه ده‌شڵێت، ئه‌وه‌ى ده‌سته‌ى ئامار كردویه‌تییه بنه‌ما بۆ پلانى پارێزگاكان له بودجه و دامه‌زراندن و ئاوه‌دانكردنه‌وه هه‌ڵه‌یه و جیاكارییه چونكه ناكرێت ئامارى گه‌مارۆسازى به ئه‌نجامى كۆتایی ژماره‌ى دانیشتوان دابنرێت ئه‌نجامیداوه.
ئه‌ركان ڕه‌ئوف باسى له‌وه‌ش كرد، كه له ئێستادا حكومه‌تى هه‌رێم كار به‌م ئاماره ده‌كات، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بووه له‌سه‌ر ته‌واوى سێكته‌ره خزمه‌تگوزارییه‌كان و هه‌لى كار و په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌كردنى شاره‌كان، به تایبه‌ت ڕه‌نگدانه‌وه‌ى نه‌رێنى به‌سه‌ر پارێزگاى سلێمانیی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌كانى ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیانه‌وه به‌جێهێشتووه.
به‌یار عومه‌ر، ماسته‌ر له پلانسازیی شار و هه‌رێمه‌كان به په‌یسه‌رى گوت، ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانان و ده‌سته‌ى ئامار كردویانه، به پلان بوه تا رۆژبه‌ڕۆژ پارێزگاى سلێمانى بچووك بكه‌نه‌وه له ڕووى ژماره‌ى دانیشتوانه‌وه.
به‌یار ده‌شڵێت ئه‌م ژماره ساخته‌یه وا ده‌كات، ساڵ به ساڵ نوێنه‌رى سنورى سلێمانى له حكومه‌ت و په‌رله‌مان كه‌مبكرێته‌وه و له ڕووى ئابوریشه‌وه ناوچه‌كه زیانى زۆر بكات، چونکە له ئێٍستادا ئه‌م جیاوازییه گه‌وره‌یه ده‌بینین به تایبه‌ت له ڕووى خزمه‌تگوزارییه‌وه.
روونیکردەوە، له كاتێكدا هه‌ولێر شه‌قامى 150م دروست ده‌كات، به‌ڵام له سلێمانى پاره نییه بۆ پڕكردنه‌وه‌ى چاڵ و چۆڵى ڕێگاكان، "ناعه‌داله‌تیه‌كى جوگرافى گه‌وره هه‌یه و جگه له بودجه ته‌واوى ئه‌و پارانه‌ى دێنه هه‌رێم برێكى یه‌كجار كه‌مى بۆ سلێمانى خه‌رج ده‌كرێت ، ئه‌وه سه‌ره‌ڕاى ئه‌و كۆمپانیا وه‌به‌هێنه‌رانه‌ى كه هاتونه‌ته هه‌رێمى كوردستان و كه‌مترینیان ڕوو له پارێزگاى سلێمانى ده‌كه‌ن، ده‌سه‌ڵاتدارانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى باكیان به‌م سنووره نییه".