ڕاپۆرتی کوردستانی

05:57 - 19/05/2019

سەرچاوەی بودجەی حیزبە كوردستانیەكان كوێیە و چۆن سەرفی دەكەن؟‌

پەیسەر

لە پێش ساڵی (2010)ەوە، مانگانەی یەكێتی و پارتی بە تەنیا ترلیۆنێك و 80 ملیار)دینار بووە، ، لە ساڵی (2010)دا لەمادەی (18)ی یاسای بودجەدا (90) ملیار دینار تەرخانكرا بۆ هاوكاریكردنی حیزب و رێكخراوەكان، بەڵام حكومەت (150) ملیار دیناری زیاتر لەو پارەیه خەرجكردوە، وەك شارەزایان باسی دەكەن بەردەوام پارەی تەرخانكراو بۆ حیزبەكان زیاد دەكات بۆ (250) ملیار دینار بەرەو ژوورتر.

زۆر لەپارتە سیاسییەكان نایانەوێ چالاكییەكانیان لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە چاودێری بكرێت، تا بزانرێت ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستیاندایە لە چ سەرچاوەیەكەوە دەستیان دەكەوێت و بنەماكانی دەستكەوتنی ئەو پارانە چین و لە پێناوی چیدا پێیان دەدرێت، پاشان نازانرێت لە چیدا سەرفی دەكەن و بنەماكانی سەرفكردن چین و بە كێ دەدرێت و لە كێ دەگیرێتەوە. هەروەها نایانەوێ رووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە لەكاتی پێشێلكردنی یاسادا. گەورەترین كارەسات ئەو راستییەیە كە پارتە سیاسییەكان نە دەیانەوێ داهاتی داراییان چاودێری بكرێت و نە دەیانەوێ سەرچاوەی ئەو داهاتانە ئاشكرا بكرێ تا بزانرێ یاسایین یان نا.

لەو ماوەیەی كە هەموو حیزبەكان باسیان لەوە دەكرد كە بودجەكانیان لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە بڕاوە، كەچی خەرجی بێشوماری بارەگاكانیان، دابەشكردنی پارە بۆ ئەندامەكانیان، پێدانی پارە بە نەخۆشەكانیان، پارە دان بەسەرۆك عەشرەت و بنەماڵەكان، ئیتر با ئەوە بوەستێت لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیاندا چەندە پارە و تفەنگ و ئۆتۆمبێل و ...هتد دەبەخشنەوە.  پارەی كادیر و ئەوانەی كە كاری حیزبی دەكەن. پارەی كرێی بیناكان و پێداویستەیكانیان.

هاوكاری و دەستگرۆیی دارایی بۆ حیزبەكان لەلایەن كەس و لایەنەكانەوە  شتێكی ئاشكرایەو بەشێك لەپرۆگرامی حیزبەكان لە بابەتی دارایی ئاماژەی پێدەدرێت بەڵام ئەوە تەنها بۆ پەردەپۆشكردنە، ئەگینا ئەو هەموو پارەیە بە هاوكاری و پارەی ئابوونەوەی ئەندام كۆنابێتەوە. بەشێك لە ڕەخنەگرانیش باس لەوە دەكەن هەندێكجار پارەكان لەبەرامبەر هەڵویستیەكاندا وەردەگرن و هەندێكجاری تریش لەبەرامبەر لەدەستدانی هەڵوێستەكانیاندایە.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە لە ساڵی 1992 پشكی سەرەكی لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا هەیە، خاوەنی گومرگی حیزبی و سەرچاوەی دارایی خۆیلان بوون و بەر لە 2003 ش خاوەنی بیرە نەوتەكانی (شیاواشۆك)بوون لەگەڵ بنكە گومرگیەكانی سەر سنوورو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بەڵام بە پێی هەندێك سەرچاوەی ئاگادار لە دوای راپەڕینەوە بیریان لەخۆژیاندنی یەكێتی كردووەتەوە‌و بۆ ئەو مەبەستەش (گرووپی كۆمپانیاكانی نۆكان)یان دروستكردووە كە بە گەنجینەی دارایی و عەموودی فەقەریی یەكێتی دادەنرێ ، ئەوەندەی لەناو خەڵك و میدیاكاندا باس دەكرێت پشت ‌و پەنای یەكێتی نۆكانە . بەڵام بوونی سەرچاوەی تری وەك بیری نەوت و هەموو ئەو پارانەی كە لە پاڵاوگەكانی نەوت و گومرگەكانی سنوور و ناوخۆییەكان و داهاتی كۆكراوەی ناوخۆی حكومی، كە ناچێتەوە سەر داهاتی گشتی لە نمونەكانی فەرمانگەكانی حكومەت لە سنووری دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە داهاتی فڕۆكەخانەكانیشەوە. سەدان بارەگابە پێداویستیەكانیەوە، دەیان كەناڵی ڕاگەیاندن بە كارمەندەكانیانەوە، كادرو ئەندامانی حیزبی، پێشمەرگەی حیزب و پاسەوانەكانیان، پارەی سەفەرو بۆنەكانیان، هەموو ئەوانەی پیویستی بە خەرجیەكی زەبەلاحە، هەرچەندە ئەوە ماوەی 5 ساڵە پارەی حیزبەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەك بودجەی حیزبەكان نەدراوە بەمانیش بەڵام تا ئێستە ئەو حیزبە كاریگەری دارایی لەسەر دەرنەكەوتووەو لەو پێناوەشدا نە بارەگایەكیان داخراوەو و نەكەناڵێكی ڕاگەیاندندیان كۆتایی بەكارەكانی هێناوە،بە پێچەوانەشەوە رۆژ لە دوای رۆژ موچەخۆرانی حیزب بەرەو زیادبوون رۆشتووە، لە كۆتا هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیش 2018بۆ هەركاندیدێك10 ملێۆن دیناری عێراقی خەرجكردووە، لەڕوی بانگەشەو خەرجی هەڵبژاردنەكانەوە زۆرترین دارایی خرابوویە گەڕ، چ لە ڕووی وێنەی كاندیدەكانەوە چ لە ڕووی كڕینی دەنگ و بەخشینەوەی پارەو ئۆتۆمبێل و پێداویستیەكانی ترەوە. سەرەڕای دیاری و ڕوونی هەندێك لەسەرچاوە ڕەسمی و ناڕەسمی و ناڕوونەكانی ئەو حیزبە بۆ هەموو لایەك بەڵام دەبێت گومان لەسەر سەرچاوە داراییەكانی ئەو حیزبە دابنرێت. و پێیان بگوترێت (ئەمەت لەكوێ هێناو لەكوێت خەرجكرد؟)

بە پێی سەرچاوە میدیاییەكان پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەر بەربژێرێكی حیزبەكەی لەهەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018 بڕی 10 هەزار دۆلار خەرج كردووە، سەدان بارەگای حیزبی هەیە، لە 1992 ەوە تا ئێستە پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، خاوەنی گەوەرەترین سنوورە لە گەڵ هەرسێ وڵاتی (ئێران و توركیا و سوریا) بەردەوام بودجەی هەرێمی كوردستانیان لەبەردەستدا بووە، خاوەنی دەیان بیرەنەوت و پاڵاوگە وكۆمپیانیای بازرگانی  مۆڵ و سەرچاوەی تری دارایین، پارتی بە دەوڵەمەندترین حیزبەكانی كوردستان دێتە ئەژمار، هەربۆیە زۆرجار هاوكاری حیزبە بچووكەكانی كوردستانیان كردووە. بە پێی سەرچاوە میدیاییەكانی كوردستان یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی شەری ناوخۆ كە یەكێتی و پارتی ئەنجامیاندا لەبەر ڕێنەكەوتنیان بووی كە لە سەر داهاتە گومرگیەكانی كوردستان بە گشتی و داهاتی ئیبراهیم خەلیل بە تایبەتی كە تا ئێستەش بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ماوە.

هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار خاوەنی هێزی سەربازی تایبەتن و مووچەخۆی حیزبی و پاسەوانی حیزبیان هەیە، ئەگەر بەشێك لە سەرچاوە داراییەكانی پارتی دیاربێت و بزانرێت لەكوێوە دێت و چۆن سەرف دەكرێت ئەوا زۆرینەی داهاتەكەیان ناڕوونە، هەربۆیە هیچ یەكێك لەو دوو حیزبە ناچنە ژێرباری چاودێرییەوە لەبەر ئەوەی ئەگەر زۆرینەی خەڵك نەزانێت سەرچاوە داراییەكەیان لەكوێوە هاتوەو بۆ كوێ دەچێت ئەوا خۆیان باش دەزانن چۆن و لەبەرامبەر چیدا وەریان گرتووەو چۆن ولەبەرامبەر چیشدا دەیبەخشنەوە؟

سەرباری ئەوەش نزیكەیی 100 هەزار كادری حیزبی یەكێتی و پارتی  كە پیشتر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەك بوون بەناوی ڕێكخراوەكان مووچەیان لە حكومەتی هەرێم وەردەگرت و لە ناو بارەگاكانی خۆیان كاریان بۆ حیزبەكانیان دەكرد بەڵام دواتر میلاكەكانیان گواستەوە بۆ سەر وەزارەتەكان.

هەرچەندە تا ئێستەش ئەوە یەكلایی نەبوەتەوە كە دەگوترێت بزووتنەوەی گۆڕان 30%ی مووچەی پەرلەمانتار و بەرپرسەكانیان دەگێڕنەوە بۆ كاروباری حیزب، بەڵام كۆمپانیای وشەو پرۆژە بازرگانیەكانی تری ئەو بزوتنەوەیە بە بەشی سەرەكی داهاتەكەی دادەنرێت، تەنها حیزبێك كە پارەی بۆ بەربژێرەكانی سەرف ناكاتەوە بزووتنەوەی گۆڕانەو تەنها چەند هەزار وێنەیەك و چەند مەترە فلێكسێك هاوكارییان دەكات و هیچی تر، كاتێكیش بەرپرسەكانی ئەو بزووتنەوەیە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە بۆ ئەوەی دەگێڕنەوە كە پارەیان نیە تا بیدەن بە كاندیدەكانیان و هەر كەسیش كاندید بێت دەبێت ئەركەكەی لە ئەستۆی خۆی بگرێت، ماوەیەك پێش لە ئێستەش تاكە كەناڵی ئاسمانی ئەو بزوتنەوەیە بۆ ماوەی دوو مانگ لەبەر كەمی دارایی پەخشەكەی ڕاگیرا، بەڵام دواجار كەوتەوە كارو تا ئێستەش بەردەوامە، زۆرینەی هەڵسوڕاوەكانی ئەو بزوتنەوەیە بێ بەرامبەر كار دەكەن، هەرچەندە ئەو بزوتنەوەیەش وەك حیزبەكانی تر بودجەكەی لە حكومەتی هەرێمەوە بڕاوە، بەڵام نەچوەتە ژێر باری چاودێری داراییەوە.

یەكگرتووی ئیسلامی وەك هەموو حیزبەكانی تری كوردستان مانگانەیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، بەگوتەی شارەزایانی ناوخۆو دەرەوەی ئەو حیزبە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە، جگە لە كەمكردنەوەی خەرجییەكانیان، مانگانەش ئابوونە لە مووچەخۆرانیان وەردەگرن و زۆربەی كادیرەكانیشیان بەخۆبەخش كار دەكەن. بەڵام سەرچاوە داراییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەو شێوەیە بچێت بەڕێوە جێگەی باوەڕنیە، بوونی ڕێكخراوەكانی (دەزگای خێرخوازی ئیغاسەی ئیسلامی و رابیتەی ئیسلامی) دوو پایەی بەهێزو پتەوی دەستخستنی داهات بوون بۆ ئەو حیزبە، یان بە دیوێكی تردا سووك كردنی باری داریی بوو لەسەر ئەو حیزبە چوونكە لە ڕێگەی ئەو دوو ڕێكخراوەوە توانییان خزمەتی ئەوانە بكەن كە خۆیان دەیانویست، یەكگرتووی ئیسلامی درێژكراوەی سیاسەتی (ئیخوان موسلمین)ەو لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیش حیزبێكی ناسراوە، هەر بۆیە پێناچیت كێشەی دارایی كێشەیەكی گەورە بێت، دوای بڕینی بەشە بوودجەی حیزبەكەشیان تا ئێستە نە بارەگایەكیان داخراوەو نە كەسێكیشیان لەبەر بێ پارەیی لەو حیزبە دوورخراوەتەوە. گومانەكان لەسەر ئەم حیزبە كاتێك گەورەتر دەبێت كە هەڵوێستە سیاسیەكانی لەبەرژەوەندی وڵاتێك یان  لایەنێكی دیاریكراو دەشكێتەوە و لەبەرامبەر ئەوەدا چەردە پارەیەك وەربگرێت.

كۆمەڵی ئیسلامی كە لە ساڵی 2001 دامەزراوە، پارچەیەكی سەرەكی بووە لە بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان / عێراق و پاشان بە هۆكاری ساسی و ئایدۆلۆژی و دارایی و پاشان (وەك دەگوترێت كەسیش) لەو حیزبە جیابووەتەوە. لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان بارەگای هەیە، بیگومان بارەگاكانیش جگە لە مەسرەفی رۆژانە ئەركی تایبەتی ئۆتۆمبێل و پێداویستی ئەندامەكانیشی دێتە سەر، لە ڕووی میدیاییەوە جگە لە كەناڵێكی ئاسمانی و چەند كەناڵێكی لۆكاڵی بودجەی مانگانەی ئەو حیزبە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگیراوە، بەڵام لە بۆنە جیاوازەكاندا بەرپرسانی ئەو حیزبە گلەییان لەبەشی خۆیان كردووەو گوتویانە بەشیان ناكات، سەرەڕای ئەوەش قەیرانی دارایی باری ئەو حیزبەی لاسەنگ كردووە. هەندێكجاریش لە ڕێگەی كەناڵە ئاسمانیەكەیان و سۆشیاڵ میدیاوە گوێبیستی ئەوە بووین كە لەبەر قەیرانی دارایی دەیانەوێت كەناڵەكەیان دابخەن، بەڵام ئەوەندەی نەبرد ئەو بابەتە بێدەنگی لێكراو تا ئێستەش كە ناڵەكەو بارەگاكان و ئیدارەی ئەو حیزبە بەڕێوە دەچێت و كەسیش نازانێت لە كوێی پەیدادەكەن و لە كوێشدا سەرفی دەكەن؟ بەمانایەكی دیكە دارایی كۆمەڵی ئیسلامی ناڕوونەو تا ئێستە نەچوونەتە ژێر باری چاودێری دارایی، نەك هەر ئەوەندە پێدەچێت هەموو ئەندامە باڵاكانی ئەو حیزبەش ئاگایان لە دۆخی دارایی نەبێت و نەزانن لە كوێوە دێت و بۆ كوێ دەچێت. 

شارەزایان باس لەوە دەكەن بەر لە دروستكردنی نەخۆشخانەكانی بەخشین لە شارەكانی هەرێمی كوردستان (بەدەر لە باشی و خراپی ئەو نەخۆشخانانە) دۆخی دارایی ئەو حیزبە زۆر خراپ بووە، بەڵام  دوای ئەوەی ئەو نەخاشخانانە داهاتێكی باشیان دەست كەوت بە بڕیاری تایبەت بە خۆیان داهاتەكانیان دەچێتەوە ناو قاسە شارەوەكەی كۆمەڵی ئیسلامی.

بزووتنەوەی ئیسلامی كە مانگانە بودجەی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان  هەبووە،بە پێی وتەی سەركردەكانی ئەو حیزبە حاڵی لەهەردوو حیزبە ئیسلامییەكەی دیكە خراپترە. عەبدوڵڵا وەرتێ‌ گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی پێشتر گوتویەتی زیاتر لە 100 هەزار دۆلار قەرزدارن، ناچار بوون كەناڵی ئاسمانی رابوون و چەندین رادیۆ و بارەگا دابخەن..

حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان تا ئەو كاتەی كە بودجەی مانگانەیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە 350 ملیۆن دیناربووە، بەڵام بەهۆی راگرتنی بودجەكەیان قەرزدارن. گوتەبێژی ئەو حیزبە گوتویەتی كادیرانیان ئابوونەیان پێدەدەن، جگە لەوەش خەرجییەكانیان كەمكردووەتەوە، ئەو كەسانەشی بازرگانن و دۆستیان بن هاوكاری و قەرزیان پێداون. بە پێی سەرچاوەكان ئەو حیزبە لەپای هەڵوێستە ناوخۆیی و هەرێمایەتیەكانی كە گونجاو بووە لە گەڵ پارتە دەسەڵاتدارەكان پارەیان وەرگرتووە لە ئاستی ژمارەی ئەندامەكانی و بچووكی حیزبەكەیاندا پێدەچێت ئەوەندە مەسرەفیان نەبێت، بەڵام هێشتا ئەم حیزبەش لە ژێر كۆنترۆڵی چاودێری داراییدا نین و ناشیانەوێت كەس بە حساباتیان بزانێت.

حیزبی شیوعی كوردستان كە مانگانە 450 ملیۆنیشیان وەرگرتووە، لەسەرەتای كاركردنیانەوە مووچەیان نەداوەتە ئەندامانیان. بابەعەلی جەباری گوتەبێژی ئەو حیزبە پێشتر بە میدیاكانی گوتووە، هەر لەسەرەتاوە سیاسەتی كەمكردنەوەی پارەیان پەیڕەو كردووە، بەڵام ئێستا بارە ئابوورییەكە تەنگی پێهەڵچنیون و ناچار بوون بارەگای ئافرەتان، لاوان و رۆژنامەی رێگای كوردستان دابخەن. جەباری گوتی "پەرلەمانتار و وەزیرانی خانەنشینكراومان 50%ی مووچەكەیان دەدەنە حیزب. هەندێك لە هاوڕێیانی حیزبیش خۆبەخش كار دەكەن. حیزبی شیوعیش وەك هەموو حیزبەكانی دیكە ناچنە ژێرباری چاودێری داراییەوە.

رۆژنامەنووس محمد رەئوف لە ئەكاونتی تایبەت بە خۆی شیكارێكی وردی بۆ بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووەو لەناویشیدا تیشكی خستۆتە سەر بودجەی حیزبەكان و دەنوسێت: گەر بە‌وردی لە دابەشكردنی بودجەی هەرێم ‌لە رابردوودا وردبینەوە، زۆر بەئاسانی بۆماندەردەكەوێت، كە پشكی گەورەی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ حیزب بووە نەك فەرمانبەران، لە ساڵی 2004‌وە تا سەرەتای ساڵی 2010، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان مانگانە هەریەكەی( 35 ملیۆن دۆلار)یان بۆخۆیان بردووە،( دیارە بە‌و تەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و دواتریش سەرۆكی پێشووی پارلەمانی كوردستان)‌واتا بە هەردوو پارتەكە مانگانە (70 ملیۆن دۆلار)یان بۆخۆیان بردووە، بەو پێیەش ساڵی (840 ملیۆن دۆلار)یان بۆخۆیان بردوە، بەشەش ساڵەكەش ( 5 ملیارو 40 ملیۆن دۆلار.

هەروەها، لەساڵی 2004، كەبودجەی هەرێمی كوردستان ( 2 ملیارو 330 ملیۆن دۆلار) بووە یەكێتی‌و پارتی لە كۆی بودجەی ئەوساڵە، لە( 36%) ی بودجەكەیان بۆخۆیان بردووە، ئەگەر كۆی ئەو شەش ساڵە بخرێتە رو‌و، واتە لە ساڵی 2004 تا 2010 ، یەكێتی‌و پارتی( 5 ملیارو 40 ملیۆن دۆلار)یان بۆخۆیان بردووە، كە نزیكە لە بودجەی هەندێك لە‌وڵاتانی دەوروبەر، سەرەڕای ئەوەی كۆی بودجەی ساڵی 2004‌و 2005ی هەرێمی كوردستان 5 ملیارو 454 ملیۆن دۆلار بووە، واتا یەكێتی پارتی بەو شەش ساڵە بە قەد بودجەی دوو ساڵی هەرێمی كوردستانیان پارەیان بۆ خۆیان بردوە. 

لە كابینەی شەشەمیشدا دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بودجەی هەردوو حیزبەكەی بۆ نزیكەی 5 ملیۆن دۆلار كەمكردەوە، بەو پێیەش مانگانە بە هەردوو پارتەكە 10 ملیۆن دۆلارو ساڵانە60 ملیۆن دۆلاریان بۆ خۆیان بردووە كە دەكاتە 6 هەزار دەفتەر دۆلار. 

سەرەڕای ئەوەی ئامار و داتاكانی ئەو رۆژنامەنووسە چەند ساڵێكی بەسەر دا تێپەڕیوە بەڵام دەتوانین لەو ڕوانگەیەوە تاڕادەیەكی زۆر لە ڕاستیەكان نزیك ببینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پرسیاری جدی ئەوەیە ئاخۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەو بڕە پارەیە دەتوانن حیزبەكانیان و پرۆسەی سیاسی خۆیان بەڕێوە ببەن لەكاتێكدا كە سەرچاوەكانی داهاتی نەوت و گاز و گومرگەكان و زۆریەینەی بازرگانی ئەم هەرێمە لە ژیردەستی ئەواندایە؟ 

ئەگەر هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار كە توانای دارایی و سەربازی و ئیدارییان لە لابێت و نەیانەوێت بچنە ژێرباری پرۆسەی دەرخستنی دەستكەوتن و خەرجكردنی پارەكانیانەوە ئەوە بیانوویەكی گەورەیە بەدەست حیزبەكانی دیكەوە كە نەچنە ژێر باری چاودێری داراییەوە.
عەلی مەحموود چالاكوانی سیاسی لەسەرو بەندی هەڵبژاردنەكانی 2018 دا لەو بارەیەوە دەنوسێت: لە كوردستان پارت و لیستەكان نەبودجەی پارتەكان و نە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانیان دیار نیە، لە كاتێكدا چەند ساڵە بودجەكانیان بڕاوە، كەچی سەتەلایت و ماشینی ڕاگەیاندن و خەرجی بێشوماری بارەگانیان و هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیان ڕانەوەستاوە....ئەو چالاكوانە دریژە بە نوسینەكەی دەدات و دەڵێت: ئەگەر پایەی پارتێك لە سەر ناشەفافیەت دامەزرێنرابێت چۆن دەتوانێت لە ئایندەدا سستەمێكی شەفاف بنیات بنێت؟ كە شەووڕۆژ قژ ڕنینانە بۆی، ئایا دەنگدەری حیزب ئاگاداری خەرجیەكانی حیزبەكەیەتی؟ كە مافی خۆیەتی بزانێت كێ هاوكاری دەكات ؟ كام لۆبی قاچاخچییە دەستی دەگرێت؟ قاچاخچی نەوتە یان تلیاك؟ پارەی بەكارهاتوو ڕەشە یان سپی؟ سەرچاوەی دیارە یان نەزانراوو بێ دایك و باوكە؟ سەرچاوەكەی كوێیە؟  ناوخۆییە یان دەرەكی؟ دزییە یان هەواڵگری وڵاتان؟ هەرێمییە یان نێو دەوڵەتی؟ هاوڵاتیانی خانوە قوڕەكانە یان فیرعەونەكان؟...