04:58 - 18/05/2019
یه‌كێتى به‌به‌ڵێنى دانانى پارێزگارى كه‌ركوك تاكوێ له‌گه‌ڵ پارتى ده‌ڕوات؟
پرۆسه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكى نوێى هه‌رێمى كوردستان و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ له‌به‌رده‌م ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ى نوێدایه، تا ئێستا دیارنییه فراكسیۆنى یه‌كێتى له پرۆسه‌ى ده‌نگدان به سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌ڵوێستى چۆن ده‌بێت، چونكه حزبه‌كه چاوه‌ڕێیه دۆخى كه‌ركوکیش جوڵه‌یه‌كى تێبكه‌وێت به‌ڵام هیچ پێشهاتێك سه‌باره‌ت به ئاساییكردنه‌وه‌ى شاره‌كه ده‌نگى نییه، به‌شێك له یه‌كێتیش پێیان وایه له‌گه‌ڵ پارتى له هه‌ولێر له‌وه‌زیاتر نه‌ڕۆن تا پارتیش له كه‌ركوك چه‌ند هه‌نگاوێك له‌گه‌ڵیان نه‌چێته پێش، بەڵام رێککەوتنێکیشیان هەیە لەسەر کەرکوک.
بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی ناوی تەواوی كاندیدانی سەرۆكایەتی هەرێم ئاشكرا بكات، پێشبینى ده‌كرێت له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا سه‌رۆكى نوێى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبژێردرێت، به‌شێكى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن پرۆسه‌ى ده‌نگدانه‌كه بكه‌نه ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى پارتى ناچار بكه‌ن له كه‌ركوك چه‌ند هه‌نگاوێك بچێته پێش، له پرسى ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شاره‌كه‌و دانانى پارێزگارێكى كورد، به‌ڵام پارتی سورە لەسەر ئەوەی كە سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم دواناخات.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس تا ئێستا سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى هیچ راسپارده‌یه‌كى نه‌بووه بۆ فراكسیۆنى یه‌كێتى، كه ئایا له ده‌نگدان به سه‌رۆكى هه‌رێم چى بكه‌ن؟ به‌رده‌وام بن یاخود به‌هۆى چه‌قبه‌ستوویى دۆخى كه‌ركوکه‌وه به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه نه‌كه‌ن، تا ئێستا فراكسیۆنه‌كه به‌رچاوى روون نییه‌و هیچى پێ نه‌گوتراوه.
ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى كه نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه، بۆ په‌یسه‌ر گوتى، له‌رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى هاتووه، كه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ هه‌نگاو بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوكیش ده‌نرێت، كاتێك شاندى دانوستانكارى یه‌كێتى رێككه‌وتنه‌كه‌ی له سه‌ركردایه‌تى خوێندووه‌ته‌وه به‌م جۆره‌بووه، به‌ڵام به‌گوته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى، ئێستا ئه‌وه‌ى روون نییه له‌و ده‌قه ئه‌وه‌یه كه ئایا پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌كه‌وێته ئه‌و چوارچێوه‌ى كه رێككه‌وتنه‌كه ئاماژه‌ى پێداوه، یاخود رێككه‌وتنه‌كه ته‌نها مه‌به‌ستى كابینه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه نه‌ك سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، كه شاندى دانوستانكار ئه‌م بابه‌ته‌ی رووننه‌كردووه‌ته‌وه بۆ سه‌ركرادیه‌تى، بۆیه له‌ناو یه‌كێتى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ناڕوونه و تا ئێستا دیارنییه له به‌رامبه‌ر مانه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك به هه‌ڵپه‌سێردراوى هه‌ڵوێستى یه‌كێتى چى ده‌بێت، بایكۆتى دانیشتنى په‌رله‌مان ده‌كات یاخود به‌شدارى ده‌كات و ده‌نگ به كاندیدى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌دات.
یه‌كێتى له ده‌ستپێكى دانوستانه‌كانه‌وه پێداگرى زۆرى كرد، كه هاوشان له‌گه‌ڵ پێكهێنانى حكومه‌ت، پارێزگارى كه‌ركوكیش بۆ ئه‌و حزبه یه‌كلایى ببێته‌وه، به‌ڵام دواى چه‌ند مانگێك ئه‌نجامه‌كه‌ى هه‌رئه‌وه‌بوو كه كه گوتیان ئه‌م پرسه له‌نێوان مه‌سعود بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه، به گوته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى، ئه‌مه‌ش هیچ روون نییه كه ورده‌كارییه‌كه‌ى چۆنه هه‌رده‌ڵێن له‌نێوان ئه‌وان یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌و ته‌واو هیچ ورده‌كارییه‌ك نه‌خراوه‌ته‌ڕوو.
رێبوار بابكه‌یى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له فراكسیۆنى پارتى بۆ په‌یسه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، تا ئێستا نه به‌فه‌رمى نه به‌نافه‌رمى له هه‌ڵوێستى فراكسیۆنى یه‌كێتى ئاگادارنه‌كراون كه بیانه‌وێت ده‌نگ به سه‌رۆكى هه‌رێم نه‌ده‌ن. به گوته‌ى ئه‌و پێشبینى ده‌كرێت له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا سه‌رۆكى نوێى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبژێردرێت، تا ئێستا هیچ گرفتێك نییه له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه و پێیان وایه ٩٠ دەنگی مسۆگه‌ر كردووه.
پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وه، كه یه‌كێتى به فه‌رمى سازشى له‌سه‌ر مه‌رجى كه‌ركوك كردووه، به‌وجۆره له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتووه كه دوابخرێت به‌دواى پێكهێنانى حكومه‌ت و له‌رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كه‌وه كار بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شاره‌كه بكرێت، به‌ڵام ئه‌م لێكتێگه‌یشتنه به ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى نه‌گوتراوه‌و ته‌نها ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ لێى ئاگادارن، ئه‌و بڕگه‌یه بۆ جه‌ماوه‌رى حزبه‌كه‌ش ئاشكرا نه‌كراوه.
بۆیه پێده‌چێت ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ى له‌ناو یه‌كێتى هه‌یه، كه ئێستا باس له یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك ده‌كه‌ن، ئه‌و به‌رپرسانه بن كه ئاگادارى ئه‌وه‌نین پرسى كه‌ركوك رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام هێشتاش یه‌كێتى وروژاندنى ئه‌م بابه‌ته‌ى له‌به‌رژه‌وه‌ندیدایه و به‌وجۆره ناوبه‌ناو ناوى كه‌ركوك ده‌داته‌وه به گوێى راى گشتیدا، جگه له‌وه‌ش دوایین سازانى یه‌كێتى و پارتى و واژۆكردنى رێككه‌وتنى هه‌ردووحزب له‌رێگه‌ى نێچیرڤان بارزانییه‌وه بوو له سلێمانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى خۆى وه‌ك دۆستى یه‌كێتى ده‌ناسێنێت ئه‌ندازیارى ئه‌و سازانه‌ش بوو كه یه‌كێتى هێنایه ژێربارى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ بێ پاكێجى كه‌ركوك. پێ ناچێت یه‌كێتى بییه‌وێت لینكه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى درزى تێبكه‌وێت به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر فراكسیۆنى یه‌كێتى ده‌نگ نه‌دات پێى پێشبینى ده‌كرێت ٧٠ ده‌نگ بهێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌نگى پێبده‌ن به ٩٠ ده‌نگ ده‌بێته سه‌رۆكى نوێى هه‌رێمى كوردستان.
پێده‌چێت ئامانجى یه‌كێتى ئه‌وه‌بێت له‌م قۆناغه‌دا لانى كه‌م پارتى بێته ژێربارى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراق هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگارى كه‌ركوكیش بكرێت، به‌ڵام پارتى ئه‌مه‌ى لا په‌سه‌ند نییه‌و ئاماده‌نییه بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه، له‌رووى كرده‌ییه‌وه هیچ گۆڕانكارییه له تێڕوانینى پارتى بۆ پرسى كه‌ركوك رووینه‌داوه، كه‌مال كه‌ركوكى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى له‌دوایین لێدوانى خۆى گوتبووى، ده‌بێت دۆخى پاره‌كه ئاسایى بكرێته‌وه‌و ئه‌و هێزانه بچنه ده‌ره‌وه‌و دۆخى شاره‌كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغى پێش شڵه‌ژانى، ئه‌وجا پارێزگار داده‌نرێت ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته دواى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ.
دۆخى كه‌ركوك ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ى دوایى زیاتر شڵه‌ژاو كورد له هه‌لومه‌رجێكى ته‌واو ناله‌باردایه له شاره‌كه، دوورنییه سازانى هه‌ردووحزب كاتێك بێت هه‌مووشت له‌ده‌ستچووبێت، چونكه به‌شێك له په‌رله‌مانتاران و لایه‌نه‌كان هۆشدارى مه‌ترسیداریان داوه له هه‌نگاوه‌كانى پارێزگارى به وه‌كاله‌تى شاره‌كه، كه له بۆشایى رێكنه‌كه‌وتنى كورد له‌سه‌ر پارێزگارێك پیاده‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى پارێزگار ده‌كات.
سێ سیناریۆ له‌به‌رده‌م یه‌كێتیدا سه‌باره‌ت به دۆخى كه‌ركوك، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كردووه‌و هاوشان له‌گه‌ڵ پارتى هه‌وڵى گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵات بداته‌وه له كه‌ركوك، ئه‌مه‌ش زۆر به‌دڵى یه‌كێتى نابێت چونكه پارتى له‌م بژارده‌یه هاوبه‌شێكى كاراى ده‌سه‌ڵاتى كه‌ركوك ده‌بێت، ئه‌وه‌ش له قۆناغى پێش ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر یه‌كێتى بێزار كردبوو، سیناریۆى دووه‌م ئه‌وه‌یه كه له هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت رابوه‌ستێت تا پارتى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى كه‌ركوك هه‌نگاوى له‌گه‌ڵ ده‌نێت، ئه‌م سیناریۆیان دیار نییه سه‌رى له‌كوێوه ده‌رده‌چێت چونكه پارتى به‌پێى لێکتێگەیشتنەكه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ده‌چێته پێش کە مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ ئەمە یەکلا دەکەنەوە و قورسه له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وه له‌ژێر فشاردا هه‌نگاوبنێت، سیناریۆى سێیه‌م ئه‌وه‌یه كه وه ك باس ده‌كرێت ئێران خواستى ئه‌وه‌ى هه‌یه كه یه‌كێتى پشت له رێككه‌وتنه‌كه‌ى بكات له‌گه‌ڵ پارتى، له‌م حاڵه‌ته‌یان روون نییه دۆخى كه‌ركوك چى به‌سه‌ردێت هیچ به‌رچاو رونیی نییه یه‌كێتى بتوانێت به‌پشتیوانى ئێران كه‌ركوك به‌رێته‌وه، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمیش ده‌كه‌وێته بارێكى هه‌ڵپه‌سێردراوه‌وه.
پێده‌چێت له‌كۆتاییدا یه‌كێتى هه‌ر ئه‌و رێگه‌یه هه‌ڵبژێرێت كه ئێستا له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كردووه، به‌ڵام ورده‌كارى جێبه‌جێكردنه‌كه‌ى و ته‌فسیركردنى گێره‌و كێشه‌ى زۆرى له پێشه، دیارنییه پارتى تا كه‌ى یه‌كێتى به به‌ڵێنى پێدانه‌وه‌ى پارێزگارى كه‌ركوك به‌دواى خۆیدا راده‌كێشێت و یه‌كێتیش تا چ ئاستێك ئاماده‌یه بڕوات، به‌ڵام قورسه حزبه‌كه له‌ناوخۆى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له‌سه‌ر یه‌ك هێڵ بێت و هه‌موان یه‌ك بۆچوونیان هه‌بێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆسیه‌یه.