ڕاپۆرتی کوردستانی

09:49 - 05/12/2018

قۆناغێكی نوێی دۆخی سیاسی لەهەرێمی كوردستان‌

پەیسەر

بۆیەكەم جار لەدوای راپەرینەوە، پارتی بەبێ گەڕانەوە بۆ یەكێتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هەرێم دیاریكرد، ئه‌م رووداوه‌ش له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ وێنه‌ی نه‌بووه‌ و بۆ یه‌كه‌مجاره‌ حیزبه‌كه‌ی بارزانی بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حیزبه‌كه‌ی تاڵه‌بانی پۆسته‌كان دیاریده‌كات.

رۆژی 3ی 12 ی 2018 سەرەتای قۆناغێكی نوێیە لەمێژووی باشوری كوردستان، لەو رۆژەدا ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی كۆبۆوە و بڕیاریدا بە كاندیدیكردنی مەسروربارزانی بۆ سەرۆكی كابینەی حكومەت و نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، ئەو هەنگاوە بەیەكەم روداوی لەو شێوەیە دادەنرێت لەدوای راپەرینی بەهاری ساڵی 1991.

 

 كاتێك 19ی ئایاری ساڵی 1992 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو، سێ‌ رۆژ دواتر و رۆژی 22ی ئایاری ساڵی 1992 مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب لە شەقڵاوە، بەئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كۆبونەوە و تێیدا رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی بێت و جێگرەكەی بۆ یەكێتی و سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی و جێگرەكەی بۆ پارتی و وەزارەتەكانیش پەنجا بەپەنجا دابەش بكەن.

زۆری نەخایاند و لە1- 5ی ساڵی 1994 شەڕی ناوخۆ سەری هەڵدا بەهۆیەوە حكومەتی هەرێم دابەشی دوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر بوو، ئەگەرچی رۆژی 17ی ئەیلولی سالی 1998 مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بەسەرپەرشتی مادلین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ئەمریكا رێككەوتننامەی ئاشتیان لەواشنتۆن واژۆكرد، بەوەش شەڕی ناوخۆ كۆتایی هات.

ئەگەر پارتی ئەمجارە ناوی كاندیدی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێمی ئاراستەی یەكێتی بكردایە ئەوە یەكێتی توشی ئیحراجیەكی گەورە دەكرد

لە ساڵی 2006 هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر یەكیانگرتەوە، ساڵی 2007یش یەكێتی و پارتی رێككەوتننامەی ستراتیژیان واژۆكرد، بەپێی رێكەوتنەكەی پارتی  و یەكێتی، پۆستەكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان دیاریكرابوون و پۆستی سەرۆكی هەرێمیش لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بە پێی رێكەوتنی پێشوەختەی تاڵەبانی و بارزانی گفتوگۆی لەبارەوە كرابوو.

مامەڵەی ئێستای پارتی لەگەڵ یەكێتی لەسەر بنەمای كاردانەوەیە نەك شتی تر

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: لەدوای رێككەوتنی سەڵاحەدین كە رۆژی 1/12/2004 لەنێوان مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی واژۆكرا، عورفێكی سیاسی لەهەرێمی كوردستان  دروست بوو كە بریتی بوو لەوەی پارتی و یەكێتی  لە كابینەكانی حكومەت و بۆ پۆستەكانی پەرلەمان و بەغداد ناوی كاندیدەكانیان ئاراستەی یەكتر دەكرد و پاشان رایاندەگەیاند، بەڵام ئەمجارە پارتی ئەو عورفە سیاسیەی نەهێشت هۆكارەكەشی ئەوەبوو كە پارتی پێی وایە یەكێتیش لەپۆستی سەرۆك كۆمار و دیاریكردنی بەرهەم ساڵح راوێژی بە پارتی نەكردووە.

دیاریكردنی پۆستەكان لەلایەن پارتییەوە بێ گەڕانەوە بۆ یەكێتی، دوای ئەوە دێت كە لە ماوەی رابردوودا پەیوەندیەكانی ئه‌و دوو حیزبه‌، بەهۆی دوو رووداوەوە ئاڵۆزبوون

بەرای ئەو ئەندامە سەركردایەتی یەكێتی، ئەگەر پارتی ئەمجارە ناوی كاندیدی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێمی ئاراستەی یەكێتی بكردایە ئەوە یەكێتی توشی ئیحراجیەكی گەورە دەكرد، بەڵام خۆشبەختانە ئەو هەنگاوەی نەنا. فەرید ئەسەسەرد دەشڵێت، مامەڵەی ئێستای پارتی لەگەڵ یەكێتی لەسەر بنەمای كاردانەوەیە نەك شتی تر.

ئەگەرچی پارتی بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانی پرسی بە یەكێتی نەكرد، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێكی كەم لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پشتیوانی بڕیارەكەی پارتی دەكەن، هەمان  رۆژ وتەبێژی یەكێتی بە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی راگەیاندووە، یەكێتی پێشوازی لە بڕیاری پارتی دەكات بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران.

 

دیاریكردنی پۆستەكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هەرێم لەلایەن پارتییەوە بێ گەڕانەوە بۆ یەكێتی، دوای ئەوە دێت كە لە ماوەی رابردوودا پەیوەندیەكانی پارتی و یەكێتی، بەهۆی دوو رووداوەوە ئاڵۆزبوون یەكێكیان پرسی 16ی ئۆكتۆبەربوو كە پارتی و بارزانی، پێیان وایە یەكێتی خەنجەری ژەهراوی لێدوان و خیانەتی لێكردوون، ئەوی دیكەیان "شكاندنی رێكەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەلایەن یەكێتییەوە".

 

 هێشتا برینی 16ی ئۆكتۆبەر لەلای پارتی سارێژنەبوو، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار هێندەی تر پارتی لە یەكێتی دوورخستەوە.چونكە سەرنەكەوتنی فواد حسێن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە یەكێتی لەرێگەی تیمێكەوە بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی لەپشتی بوو، بەلای بارزانی و پارتیەوە واتە شكاندنی قسەی ئەو، پێشتر پارتی و بارزانی لەهەوڵدابوون بۆ ئەوەی لەرێگەی كەناڵە دیبلۆماسیەكانیان لەگەڵ یەكێتی بگەنە رێككەوتنێك بۆ كشانەوەی كاندیدەكەی یەكێتی لەبەرامبەردا پارتی ئامادەبوو لاپەرەیەكی نوێ لەگەڵ یەكێتی هەڵبداتەوە، بەڵام ئەم رووداوە هێندەی تر بووە هۆی توڕەیی بارزانی لە یەكێتی و زیاتر لەو حیزبەی دوورخستەوە.

 

تا بەر لە نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، یەكێتی و پارتی هەر كێشە و ئاڵۆزیەكیان لەنێواندا هەبووبێت لەرێگەی كۆبونەوەیەكی دوو قۆڵی تاڵەبانی و بارزانیەوە چارەسەریان دەكرد، بەڵام لە ئێستادا پارتی پێی وایە هیچ كەسێك لەناو یەكێتیدا نیە جێگەی تاڵەبانی بۆ پارتی بگرێتەوە  و پارتی كێشەكانی لەگەڵ چارەسەر بكات.

 

بەم پێیە ئێستا هەرێمی كوردستان لە قۆناعێكی نوێی سیاسیدایە، گفتوگۆكانی پێكهێنان و شێوازی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومه‌ت لە داهاتوو دەریدەخەن، هەرێمی كوردستان لەگەڵ دۆخە سیاسییە نوێكەدا بەچی شێوازێك دەست وپەنجە نەرم دەكات.