ڕاپۆرتی کوردستانی

06:37 - 16/05/2019

زاخۆییه‌كان له‌ نادیارى داهاتى ئیبراهیم خه‌لیل توڕه‌ن‌

پەیسەر

هاتوچۆى بازرگانى له‌ ده‌روازه‌ى سنورى ئیبراهیم خه‌لیل زیادبووه‌و داهاته‌كه‌شى وه‌ك هه‌میشه‌ نادیاره‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى ناوچه‌كه‌ له‌ حكومه‌تى خۆجێیى، په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نى پارێزگا، ژورى بازرگانى، رۆژنامه‌وانان و چالاکوانان، ده‌ڵێن ئاگایان نییه‌ له‌وه‌ى داهاته‌كه‌ چه‌نده‌، زاخۆییه‌كانیش نیگه‌رانن له‌وه‌ى سه‌ره‌ڕاى زۆرى داهاته‌كه‌ى، رێگاوبانه‌كانى ناوچه‌كه‌ خراپن و خزمه‌تى خه‌ڵكى سنوره‌كه‌ ناكرێت.

دەرگای سنوری نێودەوڵەتی ئیبراھیم خه‌لیل دەکەوێتە قەزای زاخۆ، رۆژانە داھاتێکی گەورەى هه‌یه‌، زاخۆییه‌كان ده‌ڵێن داهاته‌كه‌ى به‌رئه‌وان ناكه‌وێت، رێگاو بانیان وێرانه‌، ته‌نها دووكه‌ڵى ره‌شى ئۆتۆمبێله‌كانیان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، به‌رپرسه‌كانى ناوچه‌كه‌ش بێ ئاگایى خۆیان له‌ داهاته‌كه‌ به‌یان ده‌كه‌ن.به‌پێى زانیارییه‌كان داهاتى سنوره‌كه‌ ساڵى رابردوو هه‌شت ملیار دۆلاربووه‌و ئه‌مساڵ پێشبینى هه‌ڵكشانى زۆرى ئه‌و داهاته‌ ده‌كرێت.

بێوار حسێن دانیشتووى زاخۆ، ده‌رده‌دڵى خۆى بۆ په‌یسه‌ر خسته‌ڕوو"داھاتێکى زەبەلاح بە گومرکى مه‌رزه‌كه‌ په‌یداده‌بێت، بەڵام ھیچى بۆ زاخۆ نییه‌، کەس نازانێت چارەنوسی ئەم داھاتە چیە، تەنیا لە خێر و بەرەکه‌تی گومرک دوکەڵی ئۆتۆمبێل و خراپی جاددەکانمان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، دەبوو لەبەرھەبوونی گومرک و نەوتی تاوکێ کە لەزاخۆیە، قه‌زه‌كه‌ به‌هه‌شتێك بووایه‌ بۆخۆى،نه‌ك وێرانه‌". 

فرسەت عه‌لی بەرپرسی ده‌روازه‌ى سنوری ئیبراھیم خلیل، بۆ پەیسەر سه‌باره‌ت به‌ قه‌باره‌ى داهاتى خاڵه‌ سنورییه‌كه‌ گوتی"لێدوان سەبارەت به‌ داھاتی گومرک و جموجوڵی بازرگانى ئیشی من نییە، ئیشی به‌شى راگەیاندنە، ئەوان دەتوانن لێدوان لەم بابەتە بدەن". په‌یسه‌ر چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندى كرد به‌ به‌ به‌شى راگه‌یاندنه‌وه‌ به‌ڵام وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه‌.

بۆتان موحسین قایمقامی زاخۆ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گووتى"پەیوەندیمان بە گومرکه‌وه‌ نییە، تا ئێستا ھیچ ئامارێکمان لەبەردەست نییە تا بزانین داهاتى ئیبراهیم خه‌لیل چه‌نده‌، چونکە گرێدراوى حکومەتی مەرکەزی عێراقە".په‌یسه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندى کرد بە ئەیاد حەسەن بەرپرسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دھۆکه‌وه‌، گوتى"داھاتی راستەقینە نازانین، ساڵانە وەزارەتی دارایی بەیاننامەیەک بڵاودەکاته‌وه‌ و تیادا ئاماری داھاتی گومرک رادەگەیەنێت".

ئەیاد گوتیشى، دوای کۆتایى شەڕی داعش و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێى حكومه‌تى عێراق جموجوڵی بازرگانی لەو دەرگایە زیاتر بووە، ساڵانە وەزارەتی دارایی لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی گومرکەکانی کوردستان بەیاننامەیەک دەردەکات، تیادا ئاماری داھاتی گومرکەکان رادەگەیەنێت، بەڵام ئێستا مانگی ئایارەو هیچ به‌یانێك ده‌رنه‌كراوه‌.

به‌گوته‌ى به‌رپرسى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى دهۆك، ساڵی رابردوو داھاتی بازرگانی لە ئیبراھیم خلیل، گەیشتە هه‌شت ملیار دۆلار، تورکیا به‌نیازه‌ لەم ساڵدا داھاتی بازرگانی خۆی لەگەڵ ھەرێم بگەیەنێته‌ (٢٠) ملیار دۆلار. ئەنجومەنی پارێزگای دھۆکیش به‌هه‌مان شێوه‌ بێ ئاگایه‌ له‌ داهاتى سنوره‌كه‌، یونس محه‌مه‌د بەرپرسی لیژنەی بازرگانی لە ئه‌نجومه‌نى پارێزگای دهۆک بۆ په‌یسه‌ر گوتى"دەسەڵاتمان نییە بەدواداچون بكه‌ین لەسەر داھاتی گومرکی ئیبراھیم خلیل، ئەم بابەتە پەیوەندی بە حکومەتی مەرکەزییەوە ھەیە و نازانین داھاتی چەندە ". 

په‌رله‌مانتارانیش به‌هه‌مان شێوه‌ زانیارییان نییه‌ له‌سه‌ر داهاتى خاڵه‌ سنورییه‌كه‌، به‌ختیار مسلمینى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لیژنه‌ى بازرگانى و پیشه‌سازى بۆ په‌یسه‌ر گوتى"ھیچ زانیارییەکمان نییە لەسەر داھاتی گومرکی ئیبراھیم خلیل، بەدواداچوون دەکەین لە کاتێکی نزیکدا داھاتی راستەقینەى دەزانین".

رۆژنامه‌وانانیش گرفتیان هه‌یه‌ له‌ ده‌ستگه‌یشتن به‌ زانیارى، سه‌باره‌ت به‌ خاڵه‌ سنورییه‌كه‌و داهات و جموجوڵه‌ بازرگانییه‌كانى، ئەحمەد زاخۆیی رۆژنامه‌نوس بۆ په‌یسه‌ر گوتى،"ھیچ شەفافیەتێک بۆ زانیاری لەسەر داھاتی ئیبراھیم خەلیل نییە، کەس داھاتی راستەقینە نازانرێت، ئەو رۆژنامەوانانەی كارى لەسەر دەکەن رێگرییان لێ دەکرێت" .