06:02 - 14/05/2019
پەیامەکەی ئیمراڵی دەرفەتێکی زێڕینە بۆ تورکیا
پهیسهر- زەمەن
عەبدوڵڵا ئۆجەلان جارێکی تر لەڕێی پەیامێکەوە جەخت لەسەر دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا دەکاتەوەو پەکەکەو هەدەپەش لەگەڵ ئەوەی گومانیان لە حکومەتی تورکیا هەیە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان، بەڵام ئەو پەیامە بە دەرفەتێکی گرنگ دەبینن بۆ چارەسەری کێشەی کورد.
رۆژی دووی ئەم مانگە ژمارەیەک پارێزەری ئۆجەلان رێگەیان پێدرا دیدار لەگەڵ ئۆجەلان لە دورگەی ئیمراڵی ئەنجام بدەن، دوای دیدارەکە ئۆجەلان پەیامێکی بە پارێزەرەکانیدا بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە، کە تیایدا جەختی لەسەر ئاشتی و دانوستانی هێمنانە کردۆتەوە.
پەیامەکەی ئۆجەلان هەر زوو کاردانەوەی لەناو ناوەندی سیاسی و رۆژنامەوانی تورکیا دروستکردو بەشێک لە میدیاکانی تورکیا بابەتیان لەسەر ئەو پەیامە بڵاوکردەوە. لەناو کوردیشدا پەکەکەو هەدەپە وەک دوولایەنی سەرەکی کە نوێنەرایەتی زۆرایەتی کورد دەکەن لە باکووری کوردستان هەڵوێستی خۆیان روونکردەوەو پێشوازییان لەو پەیامەی ئۆجەلان کرد. ئەوان داواشیان لە حکومەتی تورکیا کرد پەیامە ئاشتیانەکەی ئۆجەلان بە هەند وەربگرێت و ئەو دەرفەتە لەدەست نەدات بۆ هێنانەکایەی ئاشتی.
گونای کوبیلای، وتەبێژی هەدەپە به رۆژنامهی زەمەنی راگهیاندووه: "ئەم دیدارە زۆر بایەخدارە بۆ گەلی کوردو بۆ تورکیاش، پێویستە پەیامەکە بە وردی بخوێنرێتەوەو کاری لەسەر بکرێت، پەیامەکە بۆ دیموکراسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی گەلانی تورکیا زۆر گرنگە".
وتەبێژی هەدەپە، جەخت دەکاتەوە پەیامەکەی ئۆجەلان دەرفەتێکی ترە بۆ حکومەتی تورکیاو گەلی کورد تا دانوستانەکان دەستپێبکەنەوەو ئاشتی بەرقەراربێ، بۆ ئەوەش داوا لە تورکیاو پەکەکە دەکات ئەم هەلە لەدەست نەدەن و چەکەکانیان بێدەنگ بکەن بۆ ئەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان قسە بکات.
کوبلای روونیکردەوە، بڕیارێکی وا هەیە بۆ لەمەودواش دیداری پارێزەرەکان لەگەڵ ئۆجەلاندا بەردەوامبێ، وەک خۆی دەڵێت ئەو گۆشەگیرییەی سەر ئۆجەلان کە هەشت ساڵە پەیڕەو دەکرێت، دژی دەستوورو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە.
پەیامەکەی ئۆجەلان دەرفەتێکی ترە بۆ حکومەتی تورکیاو گەلی کورد تا دانوستانەکان دەستپێبکەنەوەو ئاشتی بەرقەراربێ
لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا ٨١٠ جار پارێزەرەکانی ئۆجەلان داواکارییان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو بەرزکردۆتەوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی تورکیاو دادگای ئەو وڵاتە هەر جارەو بە بیانوویەک داواکەیانی رەتکردۆتەوە.
لە ساڵی ٢٠١١وە رێگە بە پارێزەرەکانی ئۆجەلان نەدراوە سەردانی ئیمرالی بکەن و دیدار لەگەڵ ناوبراو بکەن، بەڵام لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٥ جارێکی تر گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان لابراو دیدارو بینینەکانی لەگەڵ پارێزەرو خانەوادەو بەرپرسانی هەدەپە دەستیپێکردەوە.
پارتی کرێکارانی کوردسان پهكهكه لەگەڵ ئەوەی رێگەدان بە بینینی ئۆجەلان بە “تاکتیک و سیناریۆ” دەزانێ، هاوکات بە “دەرفەتێکی بەهادار”یش وەسفی دەکات و رایدەگەیەنێ دەبێ پەیامەکەی ئیمرالی جێبەجێ بکرێت.
سەرحەد ڤارتۆ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک رێگە نادرێ پارێزەرەکان سەرنجەکانی ئۆجەلان بنووسن و گۆشەگیری بەردەوامەو ههلومهرجی ئازادی بۆ ناڕەخسێنرێ، دەریدەخات ئوم دیداره تاکتیکەو تهنیا بۆ یهك جاره، لهپێناو كۆتایی هێنانه به فشارهكانی رای گشتی لهسهر دهسهڵات.
سەرحەد ڤارتۆ بە “زەمەن”ی وت: “رێبهر ئاپۆ ئەمجارەش باسی بهرپرسیارێتیی مێژوویی و چارهسهرو رێوڕێبازهكانی كردووه بۆ ئاشتی، بۆیە پێمانوایە چارهسهری كێشهكان دەبێ بە ڕێبازی دانوستانی دیموكراتی بن، پەیامەکەی ئاپۆ له بنهڕهتدا پهیامێكه بۆ توركیاو هێزه دیموكراتییهكان و گهلان”.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە باسی لەوەشکرد، ئۆجەلان لەو دیدارەدا پەیامی زۆر بەهێزی بۆ دیموکراتی هەیە، ئاشتی و دانوستانی دیموکراتی و چارەسەری هێناوەتە پێشەوە، بۆیە پێیوایە پێویستە هەلومەرج بۆ پەیامەکە بڕەخسێندرێت و تورکیا بەو پەیامە رەچاو بکات، وەک خۆی دەڵێت، هەڵوێستی گەلی کوردیش روونە کە هەمیشە ئاشتی و دانوستانی بە بنەما گرتووە.
پەکەکە دوای پەیامەکەی ئۆجەلان هەڵوێستی خۆی روونکردەوەو رایگەیاند، پێویستە پایەمەکەی ئۆجەلان بە گرنگ ببینرێ و وتەکانی ئۆجەلانی دووبارە کردۆتەوە کە رایگەیاندووە، كێشهكانی توركیاو ناوچهكه به هێزی نهرم واته به هێزی عهقڵ، سیاسی و كولتووری چارهسهر بكهن نهك به رێبازی توندوتیژیی فیزیكی.
ئۆجەلان لە نەورۆزی ٢٠١٣دا پەیامێکی ئاشتی راگەیاندو داوای بێدەنگکردنی چەکەکانی لە تورکیاو پەکەکەی کرد، بەوتەی پارێزەرەکانی ئۆجەلان لەم دیدارەیدا جەختی لەسەر پەیامی نەورۆز کردۆتەوەو بەگرنگی زانیوە لەبەرچاو بگیرێت.
دوای دیدارەکەی پارێزەران، خانەوادەی ئۆجەلان سەردانی دادگایان کرد بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئۆجەلاندا، بەڵام داواکارییەکەیان رەتکرایەوە، ئەوەش دەریدەخات ئەم دیدارە مەرج نییە لەداهاتوودا بەردەوامبێت.
ئەم دیدارە بۆ ئێمە جێگای دڵخۆشییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە گۆشەگیریی سەختی سەر رێبەر ئۆجالان کۆتایی هاتووە
ڕێزان سارجە، کە یەکێکە لە پارێزەرەکانی ئۆجەلان بە “زەمەن”ی وت: “ئەم دیدارە بۆ ئێمە جێگای دڵخۆشییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە گۆشەگیریی سەختی سەر رێبەر ئۆجالان کۆتایی هاتووە، ئێمە بەم چاوپێکەوتنە رازی نابین و بەرخۆدانمان فراوانتر دەکەین”.