ڕاپۆرتی کوردستانی

05:44 - 14/05/2019

ته‌گه‌ره‌ى نوێ رێككه‌وتنى یه‌كێتى و پارتى خستۆته‌ گێژاوه‌وه‌‌

پەیسەر

ناڕوونى و لێدوانى جیاواز سه‌باره‌ت به‌و رێككه‌وتنه‌ى له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى كراوه‌، بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و دۆخى پارێزگاى كه‌ركوك، چاره‌نوسى پێكهاتنه‌كه‌ى خستووه‌ته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، به‌رپرسانى هه‌ردوولا سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك قسه‌ى جیاواز ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچى په‌یسه‌ر زانیارى هه‌یه‌ به‌ جۆرێك له‌سه‌رى رێككه‌وتوون كه‌ پرسه‌كه‌ دوابخرێت و به‌ لیژنه‌و لیژنه‌كارى بسپێردرێت.

یه‌كێتى له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى ساڵى رابردووه‌وه‌، تا نیسانى ئه‌مساڵ سه‌رقاڵى مانۆرى پێكه‌وه‌ لكاندنى پاكێجه‌كان بوو، پێداگرى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك و دانانى پارێزگارێكى یه‌كێتى له‌ كه‌ركوك ماوه‌یه‌كى تاقه‌تپڕوكێنى له‌ دانوستانه‌كان برد بێ ئه‌نجامى ئه‌وتۆ، به‌ڵام دواى واژۆكردنى سێ رێككه‌وتن له‌ پێنجى شوبات، چوارى نیسان، ٥ی ئایار، له‌نێوان هه‌ردوولا هێشتا پرسى كه‌ركوك به‌ ئاینده‌ سپێردراو یه‌كێتیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بێده‌نگى پێوه‌ دیاره‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، رێككه‌وتنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك هه‌موو یه‌كێتى لێى ئاگادار نییه‌، به‌ڵام ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ لێى ئاگادارن، و به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ دواى پێكهێنانى حكومه‌ت لیژنه‌یه‌ك له‌ یه‌كێتى و پارتى ده‌كه‌ونه‌ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك و دانانى پارێزگار، به‌وجۆره‌ش ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌و دانانى ئه‌و پارێزگارەی یه‌كێتى ته‌قه‌لاى زۆرى بۆ كرد، ده‌كه‌وێته‌ ناو كێشه‌و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ى دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌گه‌ر و گریمانه‌ى زۆرو جیاوازو دیارنییه‌ سه‌رى ئه‌و دانوستانه‌و كه‌ى و له‌كوێوه‌ ده‌رده‌چێت.

كه‌مال كه‌ركوكى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى، كه‌ گه‌ڕى كۆتایى دانوستانه‌كان سه‌رۆكى شاندبوو، رۆژى حه‌وتى ئه‌م مانگه‌ به‌ ده‌نگى ئه‌مریكاى گوتبوو"دەبێت کەرکوک ئاسایى بکرێتەوە، پێشمەرگە و سوپا لەدەرەوەى شار جێگیربن و ژورێکى هەماهەنگیان هەبێت، کەرکوک رادەستى پۆلیسى ناوخۆیى بکرێت، بارەگاکانى پارتى دیموکرات و پارتى گەلى تورکمان رادەست بکرێنەوە، پاشان ئەنجومەن دەست بەکارببێتەوە، دەبێت کەسایەتییەکى نیشتیمان پەروەرى کوردى کەرکوک بکرێتە پارێزگار، نە یەکێتى بێت و نە پارتیش بێت".

ئه‌و گوته‌یه‌ى كه‌ركوكى و بێده‌نگى به‌رپرسانى یه‌كێتى له‌ ئاستى فه‌رمیدا، ئاماژه‌ى روونه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى دانانى پارێزگارێك كه‌ دیار نییه‌ له‌ كام حزب ده‌بێت به‌وته‌ى خۆى، ده‌كه‌وێته‌ دواى رێوشوێنى ئاڵۆزو ماندوكه‌ر كه‌ هیچ دڵنیاییه‌ك نییە وا به‌زووى به‌جێ بگه‌یه‌ندرێت، له‌ به‌رامبه‌ردا رزگارى عه‌لى كه‌ به‌ گوته‌ى خۆى ته‌نها كاندیدى یه‌كێتییه‌ بۆ پۆستى پارێزگار له‌ وه‌ڵامى لێدوانه‌كه‌ى كه‌ركوكى گوتى"تا ئێستا لە دانیشتنە دوو قۆڵیەکان یا ڕێکكەوتنە سەربەخۆکە لەسەر کەرکوک کراوە باسی ئەوە نەکراوە پارێزگار لایەندار یا بێ لایەن بێت بەڵام ڕای یەکلایی کەرەوەی یەکێتی ئەوەیە کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەبێت بۆ یەکێتی بێت، من ڕێزم بۆ هەموو برادەرانی پارتی هەیە، دەبێت هەم برادەرانی ئێمە وە هەم برادەران پارتی پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بین کە لە 4/3 واژۆمان کردووە."

رزگار عه‌لى به‌ روونى ده‌ڵێت، باسى ئه‌وه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ پارێزگار لایه‌ندار بێت یان بێ لایه‌ن، ده‌شڵێت"راى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت پارێزگار یه‌كێتى بێت نه‌ك راى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هه‌ردوولا بۆیه‌"ئه‌وه‌ش ئه‌و زانیارییانه‌ى په‌یسه‌ر پشت راست ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ساغ كردنه‌وه‌ى پرسى كه‌ركوك به‌لیژنه‌یه‌ك سپێردراوه‌ كه‌داوى له‌دایكبوونى حكومه‌تى نوێ ده‌كه‌وێته‌ سه‌رپێ، هاوكات له‌سه‌رووى ئه‌و لیژنه‌شه‌وه‌ مه‌سعود بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێكه‌وه‌ بڕیار له‌وه‌ده‌ده‌ن كێ ده‌بێته‌ پارێزگارى كه‌ركوك. 

له‌تیف شێخ عومه‌ر، گوته‌بێژى یه‌كێتى ئه‌مڕۆ دواى ته‌واوبوونى کۆبوونەوەی مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى، گوتى"چاوه‌ڕوانین له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت، پرسی كه‌ركوك و به‌غدا چاره‌سه‌ربكرێن"بێ ئه‌وه‌ى بچێته‌ ناو  ورده‌كارییه‌وه‌ ناوبراو پێشتر له‌مانگى نیسان كاتێك رێككه‌وتنى حزبه‌كه‌ى و پارتى راگه‌یاند، گوتى"پرسى كه‌ركوكمان حه‌واڵەى كاك مه‌سعود و كاك كۆسره‌ت كردووه‌".

یه‌كێتى هه‌ر پرسى كه‌ركوكی به‌ لیڵى تێنه‌په‌ڕاندووه‌ له‌گه‌ڵ پارتى، پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمیش كه‌ پێداگرى ده‌كرد بۆ كاروبارى سه‌ربازى بێت له‌ كۆتاییدا رازى بوو كه‌ هیچ ناونیشانێكى نه‌بێت، پۆستى وه‌زیرى دادیش كه‌ یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانى بوو بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى تا ئێستا كاندیدى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى بۆ دیارینه‌كراوه‌، له‌كاتێكدا باس له‌وه‌ده‌كرێت عه‌ره‌به‌كان كاندیدیان پێشكه‌ش كردبێت و ته‌نها كاندیده‌كه‌ى كورد ماوه‌ بۆ پۆستى وه‌زیرى داد.

ئه‌و لێدوانه‌ لێڵ و لێك جیاوازانه‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌ ته‌مه‌ن ٢٠ رۆژه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌ هێشتا هه‌نگاوه‌كان بۆ دروستكردنى حكومه‌ت نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ خاڵى ده‌ستپێك و جارێ چاوه‌كان له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمن، له‌ زنجیره‌ دانوستان و رێككه‌وتنه‌كانیش له‌گه‌ڵ پاترى كۆسره‌ت ره‌سوڵ هه‌م ئه‌ندازیاربوو هه‌م واژۆكار، دوایین قسه‌كان لاى ئه‌مه‌وە كراون و دوایه‌مین رێككه‌وتنیش له‌گه‌ڵ پارتى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى ئه‌م و نێچیرڤان بارزانى له‌ سلێمانى یه‌كلاكرایه‌وه‌ ئه‌وجا واژۆكرا، ماڵى تاڵه‌بانى به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌ ئه‌گه‌رچى هه‌موو رێككه‌وتنه‌كان گڵۆپى سه‌وزى ئه‌مانى تێدا نه‌بووبێت تێنه‌په‌ڕیوه‌.

له‌پشت لێدوانه‌ دژ به‌یه‌كه‌كانى به‌رپرسه‌كانى هه‌ردوولا، بێده‌نگى ماڵى تاڵه‌بانى و بێ ئاگایى به‌شێكى یه‌كێتى، كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌و ناڕوونى هه‌ن كه‌ كات روونیان ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌بیندرێت ماڵى تاڵه‌بانى وه‌ك كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كى دانوستانه‌كان و تێپه‌ڕاندنى رێككه‌وتنه‌كان خۆیان ناخه‌نه‌ پێش چاو، ئه‌گه‌رچى رێككه‌وتنه‌كان بێ ئۆكەى ئه‌مان ئه‌سته‌م بوون بێنه‌دى، به‌وجۆره‌ش خۆیان له‌ پریشكى هه‌ر شكستێك ده‌پارێزن كه‌ له‌ ئه‌نجامى رێككه‌وتنه‌كه‌ ره‌خنه‌ بێنێته‌ سه‌ر یه‌كێتى.

ئه‌گه‌رى دیكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ماڵى تاڵه‌بانى چاوه‌ڕێى بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ن تا به‌رچاویان روونبێت، دۆخه‌كه‌ به‌ كوێ ده‌گات، به‌وپێیه‌ى ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م قۆناغێكى هه‌ستیار و گۆڕانكارى چاوه‌ڕوانكراودایه‌، ئه‌وه‌ش واده‌خوازێت هه‌م پێداگرى نه‌كه‌ن و هه‌ندێك بابه‌ته‌ نه‌كه‌نه‌ كێشه‌ بۆ رێككه‌وتن گرفت بۆ پێگه‌ى خۆیان دروست نه‌كه‌ن له‌ ئه‌گه‌رى هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك، هه‌م بێده‌نگیش بن تا به‌رپرسیارێتى ده‌رئه‌نجامى رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌هێننه‌ ملى خۆیان، به‌ڵام بێده‌نگى بۆ ئه‌م دۆخه‌ باشترین بژارده‌یه‌ به‌وجۆره‌ش ده‌توانن ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ پابه‌ندنه‌بوون بهێڵنه‌وه‌ له‌ ئاینده‌ ئه‌گه‌ر ویستیان، ئه‌وه‌ش چاره‌نوسى رێككه‌وتنه‌كه‌ى به‌ ناڕوونى هێشتووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئایا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت یاخود نا.

رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكى ئاڵۆزدا له‌دایكبوو، له‌ هه‌لومه‌رجێكى ئاڵۆزتریشدا جێبه‌جێكردنى ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوانده‌كرێت ته‌نها بۆ ئه‌و دوولایه‌نه‌ گرفت نه‌بێت و بۆ خه‌ڵكیش ببێته‌ كێشه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بابه‌تى زۆر و ئاڵۆزى له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، بابه‌تى كه‌ركوك له‌ گرنگترین دۆسیه‌كانى ناویه‌تى كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ هه‌موو خه‌ڵكییه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ ئه‌گه‌رى قڵپبوونه‌وه‌ى به‌نده‌كانى شاره‌كه‌ دەکه‌وێته‌وه‌ دۆخێكى ئاڵۆزتره‌وه‌و ناسنامه‌ كوردییه‌كه‌ى ده‌كه‌وێته‌ گێژاوى قوڵتره‌وه‌ له‌ ئێستا، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ فشۆڵ و ناسكه‌و له‌سه‌ر بناغه‌ى لاوازو بێمتمانه‌یى و ناڕوونى و لێڵى زۆر بنیاتنراوه‌..