03:52 - 12/05/2019
یەکەم ڕۆبۆت لە جیهاندا لەلایەن کوردێکەوە دروست کراوە
لە سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی و شیرکۆی مامی و کۆڕەکانی دا، گەورەترین و بەناوبانگترین زاناکان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و جیهان دا زانا کوردەکان بوون، داهێنانی گەورەی زانستیان کردووە و لە سەدەکانی دواتر لە زانایانی رۆژئاوا پەرەیان بە داهێنانەکانی ئەوان داوە، بەڵام ناویان نەهێنراوە یان وەک کورد ناویان نەهێنراوە.
هەندێک لەو زانا گەورانەی کورد کە لە گەورەترین زاناکانی سەردەمی خۆیان بوون بریتین لە: ئیسماعیلی جزیری باوکی رۆبۆتی جیهان ( ١١٥٣ – ١٢٣٣)، ئیبن ئەسیری جزیری، ئیبن خەلکان ( ١٢١١ – ١٢٨٢) شەهابەدین سوهرەوەردی ( ١١٥٥ – ١١٩١)، ئیبراهیم خەلاتی ( سەدەی ١٣)، فەخرەدین ئەخلاقی (سەدەی١٣)، ئەبولفیدا (سەدەی ١٣)، شەمسەدین شارەزووری (سەدەی ١٣)، سەفیەدین ئۆرمەوی (١٢١٦ – ١٢٩٤)، موسا کەمالەدین (١١٥٦ – ١٢٤١)، فەیلەسوف مەزن ئامێدی (١١٥٦ – ١٢٣٣)، ئیبن ئەرزاق (١١١٦ – ١١٧٦).
٨٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا لە ناو قەڵای شاری ئامەدی باکوری کوردستان، زۆربەی کار و پیشەکان بە ئامێری هایدرۆ ئۆتۆماتیکی پێشکەوتوو دەکران. داهێنەری زۆربەی ئەو ئامێرە پێشکەوتووانەش بەدیعولزەمان ئیسماعیل ئەبولعەز ئیبن رەزاز ئەلجەزیری بووە کە لە سەر فەرمانی قەرە ئەرسەلان حاکمی ئەو کاتەی ویلایەتی ئامەد لەو شارە نیشتەجێ بوو، یەکێک لە داهێنانەکانی دروستکردنی دەرگای گەورەی شاری ئامەد بووە کە ئەو کاتە شارەکە لە ناو قەڵای ئامەد دا بووە. جەزیری توانیویەتی ئامێرێکی هایدرۆلیک – ئۆتۆماتیک لە سەر دەرگای قەڵای ئامەد دروست بکات کە دەرگاکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کراوەتەوە و داخراوە.
ئەو زانا گەورەیە هەروەها توانیویەتی کەشتیەکی ئۆتۆماتیکی و کاتژمێرێکی ئۆتۆماتیکی دروست بکات کە بە کاتژمێری فیل ناسراوە و بە یەکەمین کۆمپیوتەری مێژوو ناوی دەهێنرێت.
بەدیعوزەمان ئیسماعیل ئەبولعەز ئیبن رەزاز ئەلجەزیری کێیە؟
لە ساڵی ١١٥٣ لە گەڕەکی تۆڕای شاری جزیری ئێستای باکوری کوردستان لە دایک بووە. باوکی ئەندازیار بووە، جزیری لە خوێندنگای ( الجامعە)ی شاری جزیر دەستی بە خوێندن کردووە و تا گەنجێتی هەر لەو شارەدا ماوەتەوە. بە هۆی ژیری و زیرەکییەوە، لە سەر داوای قەرە ئەرسەلانی حاکمی ئامەدی دەولەتی ئەیوبی سەردانی ئامەدی کردووە و بۆ ماوەیەکی درێژ لەوێ ماوەتەوە، لە ساڵی ١٢٣٣ی زایینیدا کۆچی دوایی کردووە، خاوەنی ٥٠ داهێنانی گەورەیە و وەکو ئەندازیار، پیشەساز، پلاندانەر، فیزیازان و بیرکاریزانی سەردەمی خۆی دەناسرێت.
کەشتیە موزیکژەنەکەی جزیری
بە ناوبانگترین بەرهەم و داهێنانی جزیری کەشتیە موزیکژەنەکەی بووە کە لە بۆنە تایبەتەکاندا لەلایەن دەسەلاتدارەکانەوە بە کارهێنراوە.
لە سەر کەشتیەکە هەشت ڕۆبۆت لە سەر شێوەی ژن دروتکرابوون و هەشت رۆبۆتەکە بەسەر دوو بەشدا دابەشکرابوون، چوار رۆبۆتی یەکەم گروپێکی موزیکژەن بوون، یەکێکیان دەهۆڵژەن، یەکێک بلوێرژەن، یەکێک تەمبوورژەن و ئەویتریشیان دەفژەن بووە. گرنگی ئەم ڕۆبۆتانە ئەوەیە کە بە هێزی ئاو لە ڕێگای پەمپێکەوە توانیویانە ٥٠ ئاوازی جیاواز بژەنن، بەپێی هەندێک لە لێکۆلینەوەکان دەوترێت ئەگەر جزیری شارەزای موسیقاش نەبوایە نەیدەتوانی ٨٥٠ سال بۆ ٩٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئامێرێکی ناوازەی لەم شێوەیە دروست بکات.
بەشی دووەمەکەشی لە چوار ڕۆبۆت پێکهاتووە، یەکێکیان شەرابی دروست کردووە، یەکێک شەرابی پێشکەشکردووە، یەکێک ئاوی کردووە بە دەست بەکارهێنەران دا و یەکێکیش خاولی پێبووە و داویەتی بە دەست بەکارهێنەرەکانەوە.
ئەو زانا گەورەیە بە پشتبەستن بە هێزی ئاو، ئامێرێکی بۆ جەژن و رێوڕەسمەکان دروست کردووە کە پێشوازیکردووە لە میوانەکانی حاکم و خانەدانەکانی ئەو کاتەی کورد.
جەزیری هەروەها ئامێری پەمپی ئاوی دروستکردووە کە بە هێزی ئاژەڵ کاری کردووە و لە ڕێگای ژمارەیەک بۆری کە ئەوەش هەر لە داهێنانی خۆی بووە، ئاوی لە بیرەکان دەرهێناوە و بۆ خواردنەوە و ئاودێری بەکارهێنراوە. پەمپی بیری ئاوی نەخۆشخانەی شاری حەلەبی سوریاش کە تا ساڵی ١٩٣٦ کاری کردووە، بەپێی بیرۆکەکەی جەزیری دروستکرابوو.
هەروەها ئامێرێکی دیکەشی دروست کردووە کە یارمەتی وەستاندنی خوێنی لەشی مرۆڤی داوە کە ئەمەش دەریدەخات، جزیری لە بواری پزیشکیشدا شارەزایی هەبووە.
لە گۆرانیە کۆنەکانی ناوچەی جزیری بۆتانی باکوری کوردستان باس لە داهێنانەکانی جزیری کراوە و بۆ نمونە لە گۆرانییەکدا بەم شێوەیە هاتووە: " جزیرە جزیرە وای، سەعات و زنجیرە وای، چاڤڕەشا من وەزیرە وای ". لە گۆرانیەکەدا باس لە کاتژمێرە فیلەکەی جزیری کراوە.
کتێبە بەناوبانگەکەی ئیسماعیل جزیری
لە سەردەمی جزیری دا، بە تەنیا لە کتێبخانەکەی ئامەد سەد و چل هەزار کتێبی جۆراوجۆر هەبووە، جزیری لە ئامەد زۆربەی کاتەکانی بۆ خوێندنەوەی کتێب تەرخانکردووە و بەشێک لە بیرۆکەی داهێنانەکانی لەو کتێبانە وەرگرتووە.
ئیسماعیل جزیری کتێبێکی بە ناوی ( الجامع بین العلم و العمل، النافع فی صنایع الحیل) نووسیوە، پرۆفیسۆر دۆمناڵد هێڵ لە ساڵی ١٩٧٤ دا کتێبەکەی بە ناویThe Book of Knowledge of Ingenious Mechanical Devices وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، هەروەها محەمەد جەواد ناتق، حەمید رەزا نەفیسی و سەعید رەفعەت جاهـ لە ساڵی ٢٠٠٠دا کتێبەکەیان بە ناوی ( مبانی نڤری و عملی مهندسی مکانیک در تمدن اسلامی) وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی، لە ساڵی ١٩٧٩ دا پرۆفیسۆر ئەحمەد یوسف حەسەن لە شاری حەلەب کتێبەکەی جزیری بۆ سەر عەرەبی نوێ وەرگێڕاوەتەوە.
ژمارەیەک ئەندازیاری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگێڕانی کتێبەکەن بۆ سەر کوردی کورمانجیو هێشتا وەرگێڕانەکەی تەواو نەبووە.
جەزیری لە کتێبەکەی دا ئامێر و داهێنانەکانی بە شێوەی وێنە کێشاوە و وشەی کوردی بە کارهێناوە کە بە شێوەیەکی زۆر سادە خوێنەر لێی تێدەگات، زۆربەی داهێنانەکانی جزیری لە لایەن ئەلهارد وەدەمان و فرتز هاوسەر دوو ئەندازیاری ئەڵمانی دروستکراونەتەوە و لێئۆنارد داڤینجی زانای ئیتاڵیش لە زۆربەی داهێنانەکانی دا سوودی لە کتێبەکەی جزیری وەرگرتووە.
پرۆفیسۆر دۆناڵد هیل ئەندازیاری میکانیک و ڕۆژهەڵاتناسی بەریتانی (١٩٢٢ – ١٩٩٢) کە لە ساڵی ١٩٧٤ دا کتێبەکەی جزیری بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە دەڵێت، هەتا ئێستا لە هیچ شوێنێکی جیهان و لە هیچ شارستانیەتێکدا، بەرهەمێکی زانستی وەکوو کتێبەکەی جزیری نەبینراوە و کتێبەکەی جزیری بە گەورەترین "زانستی پراتیک" ناودەبات.
جزیری لە کتێبەکەیدا بە باشترین شێوە باسی لە چۆنیەتی دروستکردن و کارکردنی ٥٠ داهێنانەکەی خۆی بە شێوەی هایدرۆ ئۆتۆماتیک کردووە، لە ڕێی دروستکردنی "گێربۆکس" هێزی خولانەوەی بۆ چوون و هاتن واتە "جوڵە" ی گۆڕیوە و بەم شێوەیە بناغەی سیستەمی ئۆتۆمبیل و کەشتی دروست کردووە.
لە لێدوانێکدا بۆ پەیسەر پڕێس عەدالەت ماکۆیی ئەندازیاری کیمیا کە لە گەل ژمارەیەک ئەندازیاری دیکە سەرقاڵی وەرگێڕانی کتێبەکەی جزیرین بۆسەر زاراوەی کورمانجی، لەبارەی "جزیری" یەوە دەڵێت، لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی پێنج سەد ملیۆن کەس ئیسماعیلی جزیری وەک باوکی رۆبۆتی جیهان دەناسن، بەڵام بە داخەوە بە تەنیا نزیکەی نیو ملیۆن کورد دەزانن کە جزیری کێیە، پێویستە لە ساڵنامەی کوردی دا ڕۆژێک وەک " رۆژی جزیری " دەستنیشان بکرێت و لەو ڕۆژەدا هەموو زانستخوازان بە یەکەوە کۆببنەوە و لەڕێی کۆنفرانس و کۆبۆنەوە و نووسینەوە باوکی ڕۆبۆتی جیهان بە تاکی کورد و جیهان بناسێنن، چونکە کوردێک ٨٥٠ ساڵ لەمەوبەر توانیویەتی پێشەنگایەتی زانست بکات و ٥٠ ئامێری هایدرۆ – ئۆتۆماتیک بەرهەم بهێنێت، ئەوە سەرچاوەی ئیلهامە بۆ هەموو زاناکانی بواری میکانیکی جیهان.
ماکۆیی دەشڵێت ١٦ نوسخەی دەستنووسی جزیری لە مۆزەخانەکانی لەندەن، پاریس، دوبلین، بەرلین، لیدن، لینینگراد، ئەستەنبول و ئەمریکا پاڕێزراون، لێکۆلینەوەیەکی زۆر لە سەر داهێنانەکانی کراوە و سودی زۆری لێ بینراوە، لە بەر ئەوە وەرگێڕانی کتێبەکە بۆ سەر زمانی کوردی ئەرکێکی زۆر گەوەرەیە و پێویستە لە ناو سیستمی خوێندنی کوردی لە باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دا باسی بکرێت.
ئارامگای ئیسماعیل جزیری لە شاری جزیری بۆتان لە باکوری کوردستانە و مۆزەخانەی تایبەتی شاری جزیریش هەر بە ناوی ئەو زانا کوردەوەیە.
لە ناو سیستەمی خوێندنی تورکیادا باس لە جزیری و داهێنانەکانی کراوە بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە کوردبوونی نەدراوە، هەروەها ژمارەیەک فیلم کارتۆنیش بۆ منالان لە تورکیا لە سەر داهێنانەکانی جزیری دروست کراوە.