05:54 - 11/05/2019
هەرێمی کوردستان لە کوێی شەڕی ئەمریکا و ئێراندایە؟
لە ماوەی ٤٠ ساڵی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەرگیز گرژییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و ئەمریکا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستا، لە هەر دوو لاوە رۆژانە لێدوانی توند لە دژی یەکتر دەدەرێت، ئەمریکا گەمارۆکانی سەر ئێرانی ئەوەندە توند کردووە کە فشارێکی بێ وێنەی ئابووری کەوتووەتە سەر ژیانی هاوڵاتیانی ئێرانی، بەپێی راپۆرتێکی بلۆمبێرگ لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە کرداردا هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی راوەستاوە و هیچ کەشتییەکی نەوت هەڵگر لە بەندەرەکانی ئێرانەوە نەڕۆیشتووە بەرەو وڵاتێکی دیکە.
سەرباری فشارە ئابوورییەکە، دوو کەشتی جەنگی گەورەی ئەمریکا بەرەو کەنداو بەڕێکەوتوون کەشتییەکیان کە ٩٠ فڕۆکەی جەنگی لەسەرە و ئەویتریشان ٧٠ فرۆکە و سیستمی بەرگری پاتریۆتی لەسەرە، جگە لەمەش پێشکەوتووترین جۆری فڕۆکەی بی ٥٢ لە قەتەر جێگیرکردووە و هێزی دیکەشی هێناوەتە وڵاتانی دراوسێی ئێران، دوای ئەم هەموو فشارە یان ئەوەیە ئێران تەسلیم دەبێت و سەرۆک کۆمار یان رێبەری ئێران پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفۆنەوە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ داویەتی بە باڵیۆزخانەی سویسرا لە ئێران، یان دوور نییە لەدوای فشارێکی زۆر و لاوازبوونی ئێران بە رووداوێکی بچوک ئاگری جەنگێکی گەورە لەناوچەکە هەڵبگیرسێت.
لەم راپۆرتە باس لە ئەگەرەکانی روودان یان روونەدانی جەنگ ناکرێت، بەڵکو باسی ئەوە دەکرێت ئەگەر جەنگەکە هەڵگیرسا چ کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت؟ رەنگە ئەمە پرسیاری زۆرێک لە هاوڵاتیانی هەرێم بێت.
چارەنووسی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری شەڕی ئەمریکا و ئێران
لەم شەوانەدا مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆی کرد بە عێراقدا، وتی مەبەستی سەردانەکە ئەوەبوو پەیامێکی ڕوون بداتە بەرپرسانی ئێران، ئەمەش خۆی واتای ئەوەیە ئامانجی سەردانەکە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبووە، بەپێی زانیارییەکانیش پۆمپیۆ راشکاوانە بە عادل عەبدولمەهدی وتووە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا لایەنێک هەڵبژێرن، یان ئەمریکا و یانیش ئێران، ماوەیەکیشی بۆ دیاریکردوون بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە، ئەگەر ئەمریکایان هەڵبژارد ئەوا دەبێت بە تەواوی پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بۆ سەر ئێران، ئەگەر ئێرانیش هەڵبژێرن ئەوا دەبێت چاوەڕوانی ئەوەبن ئەمریکا ئەمانیش سزا بدات.
ئەم سەردانە دواتر هەر شتێکی دیکەی لێ بکەوێتەوە گرنگ نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی گرنگی ئەم سەردانە ئەوەبوو کە عێراق و هەرێمی کوردستان ناتوانن خۆیان لە لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئێران بە دوور بگرن، بە واتایەکی دیکە قورسە بێ هەڵوێست یان بێ لایەن بن.
لە بەرامبەریشدا ئێرانیش هەمان چاوەڕوانی لە بەرپرسانی عێراقی هەیە، هەندێک لەو بەرپرسانەی ئێستای عێراق یان پەروەردەکراوی ئێرانن یان ئەوەی ئێران دەرفەتی ئەوەی پێداون بە دەسەڵات بگەن، هەربۆیە ئاسان نییە بە ئاسانی واز لە ئێران بهێنن، بۆ نمونە لە دواین هەڵوێستیدا هادی عامری کە سەرۆکی بەرەی فەتحە و کەسێکی دەستڕۆیشتووی ناو حەشدی شەعبییە بە ئاشکرا هەڕەشەی لە هێزەکانی ئەمریکا کرد لە عێراقدا، زۆرێکیش لە شرۆڤەکارانی سیاسەتی ئێران پێیانوایە لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ ئەوا ئێران زۆرترین هەوڵی ئەوەدەبێت شەڕەکە لە خاکی خۆی دوور بخاتەوە و عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان وەک حەوشەی پشتەوەی ماڵی خۆی سەیر دەکات و لەو وڵاتانەدا کێشە بۆ هێزەکانی ئەمریکا دروست بکات، بۆ نمونە دوای ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە سوپای پاسداران بە فەرمی خرایە لیستی تیرۆرەوە هەندێک لە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران بە راشکاوی هەڕەشەیان کرد کە لەمەودوا هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پارێزراو نابن، مەبەستیشیان ئەوەیە کە ئێران دەتوانێت لە عێراق و سوریا و... لەڕێی گروپە ملیشیاکانی خۆیەوە وەک حیزبوڵا و هەندێک گروپی حەشدی شەعبی هێرش بکاتە سەر سەربازەکانی سوپای ئەمریکا.
بەرپرسانی ئەمریکایش دیارە پێشبینی ئەم حاڵەتەیان کردووە و لە لێدوانەکانیاندا بە ئاشکرا باسی ئەوەیان کردووە کە ئامادەکارییان هەیە بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێکەوە ئێران هەڕەشە بێت بۆ سەر هێزەکانیان ئەوا بە توندترین شێوە وەڵامیان دەدەنەوە.
کەواتە ئەگەری بەهێز ئەوەیە عێراق بە گشتی ببێتە مەیدانێکی گرنگی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەڵام قسەکە ئەوەیە کە ئەگەر بەم نزیکانە شەڕ رووبدات لەوانەیە ئێران بتوانێت گروپەکانی نزیک لە خۆی لە دژی ئەمریکا بەکاربهێنێت، بەڵام بە پێچەوانەشەوە هەرچەندە شەڕەکە بە درەنگتر بکەوێت ئەوا ئێران زیاتر لاواز دەبێت و هەژمونیشی لە ناوچەکە لاوازتر دەبێت و توانای بەکارهێنانی گروپەکانی نزیک لە خۆی کەمتر دەبێتەوە بۆ ئەوەی لە دژی ئەمریکا بەکاریان بهێنێت.
بەڵام لەوانەیە لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە زۆر جیاواز بێت لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، راستە ئێران لەماوەی ٢٨ ساڵی رابردوودا هەوڵی زۆری داوە بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی لە هەرێمدا، لەگەڵ هەندێک لە حیزبەکانیش بە تایبەتیش لەگەڵ یەکێتی پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵی هەیە، بەڵام جیاوازی پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ ئێران لەگەڵ گروپە شیعەکان ئەوەیە کە یەکێتی لەڕووی ئایدولۆژییەوە بەستراوە بە ئێران نییە، بەڵکو ئەوەی زیاتر یەکێتی لە ئێران نزیکتر کردووەتەوە بەرژەوەندی زۆری یەکێتی بووە لەگەڵ ئێران، بۆ نمونە سنورێکی هاوبەشی زۆری هەیە لەگەڵ ئێران، ڕکەبەرە مێژووییەکەشی واتە پارتی پەیوەندییەکی بەهیزی هەیە لەگەڵ تورکیا، هەربۆیە ئاساییە لە بەرامبەر پارتیدا یەکێتی زیاتر لە ئێران نزیک بووتەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا لەکاتی هەڵگیرسانی شەڕیشدا یەکێتی هەر وەک هاوپەیمانێکی ئێران دەمێنێتەوە یان نا بەپێی بەرژەوەندی خۆی مامەڵە دەکات؟
لەناو سۆشیال میدیادا لەم ساڵانەی رابردوودا زۆر جار باس لە یارییەکی کۆمپیوتەری دەکرێت کە ئەمریکا و ئێران لەناو سلێمانییەوە شەڕەکەیان دەست پێ دەکەن، کەمیش نین ئەو کەسانەی کە بڕوایان بەوە کردووە کە ئەم یارییە کۆمپیوتەرییە شتێکی ئاسایی نییە و بەڵکو لەوانەیە رۆژێک بێتەدی، بەڵگەشیان ئەوەیە ئێران بە ئاسانی واز لە هەژمونی خۆی بە تایبەت لە سلێمانی ناهێنێت.
بەڵام ئەم بۆچوونە زیاتر لە خەیاڵ دەچێت تا لە راستی چونکە لەلایەکەوە بەبۆچوونی زۆربەی شارەزایانی سیاسەتی ئەمریکا ئەو وڵاتە کاتێک دەچێتە جەنگەوە کە دڵنیابێت جەنگەکە دەباتەوە، هەربۆیە تا ئەو کاتەی ئێران بەهۆی فشاری ئابورییەوە تەواو لاواز نەبووبێت و هەژمونی لە ناوچەکەدا لاواز نەبووبێت ئەوا ئەستەمە جەنگێک ڕووبدات، لەو حاڵەتەشدا کورد دەڵێت کەس گرەو لەسەر ئەسپی دۆڕاو ناکات، حیزبەکانی هەرێم و یەکێتیش ئەوەندە بێ ئەزمون نین لەبەر ئێران خۆیان بخەنە بەر مەترسی ئەمریکاوە، لە خراپترین حاڵەتدا بێ لایەن و بێ هەڵوێست دەبن، لەم حاڵەتەشدا ئێران توانای ئەوەی نییە سلێمانی یان خاکی هەرێم بەکاربهێنێت بۆ لێدانی ئەمریکا، جگە لەوەش ئەمریکا لە ئەگەری شەڕدا ئەوەندە سیستمی بەرگری خۆی لە عێراق و بە تایبەتیش لە کوردستان بەهێز دەکات کە بتوانێت هێزەکانی خۆی بپارێزێت.
هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە یەکێتی دەرفەتی ئەوەی بۆ دروست دەبێت خۆی لە هەژمونی ئێران رزگار بکات، هەروەها یەکێتی ناتوانێت بە ئاشکرا پشتی ئێران بگرێت، یەکەم لەبەر ئەوەی دەکەوێتە بەر رقی ئەمریکا و ئەمەش پێگەی ئەو حیزبە بە تەواوی دەخاتە مەترسییەوە، دووەمیش لەبەر ئەوەی پشتگیریکردنی ئێران بە واتای دژایەتیکردنی چەندین ملیۆن کوردی رۆژهەڵات لێکدەدرێتەوە لەم حاڵەتەشدا ئەوا یەکێتی بە تەواوی لەناو رای گشتیدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و پێگەی جەماوەری لە دەست دەدات و رکەبەرەکانی بەهێز دەبن، هەربۆیە پێشبینی ناکرێت نە یەکێتی و نە هیچ حیزبێکی هەرێم ئامادەبن لە ئەگەری جەنگی ئێران و ئەمریکادا خۆیان لە بەرەی ئێراندا ببیننەوە.
هەروەها ئێرانیش ناتوانێت بە ئاسانی خاکی هەرێم بەکاربهێنێت ئەگەر حیزبەکانی هەرێم یارمەتی نەدەن، هەربۆیە ئەگەری بەهێز ئەوەیە خاکی هەرێمی کوردستان لە حاڵەتی هەرڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئێران ئارامترین شوێنی عێراق بێت.
بەڵام ئەم جەنگە لە دوو ڕووەوە کاریگەری لەسەر هەرێم دەبێت، یەکەم لەو ڕووەوە کە سنوورەکانی ئێران دادەخرێن، پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێران نامێنێت، ئەمەش لە کورتدا ماوەدا کاریگەری لەسەر بازاڕ دادەنێت تا ئەو کاتەی بازرگانانی هەرێم بتوانن لە تورکیا یان وڵاتێکی دیکەوە قەرەبووی کاڵای ئێرانی لەناو بازاڕەکانی کوردستاندا بکەنەوە، ئەمەش پێناچێت مەترسییەکی ئەوتۆ دروست بکات، چونکە سنووری دیکە و وڵاتی دیکە هەن کە دەیانەوێت ئەم شەڕە وەک هەلێک بقۆزنەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لەناو هەرێم و عێراقدا، بە تایبەتیش تورکیا و ئۆردون.
کاریگەری دووەمی جەنگی ئەمریکا و ئێران لەسەر هەرێم ئەوە دەبێت کە پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی گەورەی ئاوارە روو لە هەرێم بکەن، هێشتا هیچ ڕووینەداوە دەوترێت رۆژانە لەنێوان ٨٠٠ بۆ ١٠٠٠ کەس بۆ کارکردن دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە کە زۆرترین رێژەشیان ئێرانین جا کوردی رۆژهەڵات یان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێرانن، ئەم ژمارە زۆرە ئاوارە بێ گومان کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە لەوانەیە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کەمێک قورساییەکە لەسەر شانی حکومەتی هەرێم کەم بکەنەوە.