ڕاپۆرتی کوردستانی

03:24 - 09/05/2019

خۆبه‌خشان سزا وه‌رده‌گرن و دادگا قه‌ره‌ى سه‌رۆك ناكه‌وێت‌

پەیسەر

  "تاوانێكى رێكخراو"به‌گوته‌ى دادگاى سلێمانى، له‌ قۆناغى قورسى لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌، چاوى زۆر له‌سه‌ر دۆسیه‌ى تۆمه‌تبارانى نه‌وه‌ى نوێ هه‌ن، ١٠ ئه‌ندامى جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌ستگیركراون و دووانى دیكه‌ش فه‌رمانى ده‌ستگیركردنیان هه‌یه‌، دوان له‌وانه‌ى راگیراون سكرتێرى شاسورا عه‌بدولواحیدن دادگا ده‌ڵێت، ده‌ستگیركراوه‌كان له‌ تاوانه‌وه‌ تێوه‌گلاون و به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ره‌ كه‌ له‌گرته‌ ڤیدیۆییه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌ستیان هه‌یه‌، به‌ڵام لاى سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌ هیچ باس نییه‌ و دادگا بانگى ناكات، خۆبه‌خشان به‌ تۆمه‌تبارى له‌ زیندانن و دادگا قه‌ره‌ى سه‌رۆك ناكه‌وێت هه‌رچه‌ند سكاڵاكه‌ له‌سه‌ر خودی سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌یه‌ . 

به‌پێى یاساى شێوازى دادگاییكردنى سزایى، هه‌ر كه‌سێك به‌ تۆمه‌تێك سكاڵاى له‌سه‌ر تۆماركرابێت، ده‌بێت له‌به‌رده‌م دادگا ئاماده‌بێت و روونكردنه‌وه‌ى خۆى بدات له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌ى ئاڕاسته‌ی كراوه‌، عومەر ئه‌حمه‌د گوته‌بێژى دادگاى سلێمانى له‌ دوایین ژماره‌ى رۆژنامه‌ى زه‌مه‌ن رایگه‌یاندبوو"ئەوەی روویداوە لەناو نەوەی نوێ، تاوانێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوەو بەگوێرەی یاساش، كەیسی لەمجۆرە دەكەوێتە چوارچێوەی كارەكانی ئاسایشەوە، ئەمە جەریمەیەكی عەفەوی نییە تاكەكەسێك ئەنجامیدابێت، یان ئەوە نییە لەنێوان دوو كەسدا یان دووگەنجدا ئەنجامدرابێت و هەڕەمەكی بێ، ئەم تاوانە جەریمەیەكی مونەزەم و ڕێكخراوە".



حاكم عومه‌ر رۆژى 5ى ئه‌م مانگه‌ش واته‌ چوار رۆژ پێش ئێستا دواى گه‌ڕانى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌دواى چه‌ند كادیرێكى نه‌وه‌ى نوێدا رایگه‌یاند،"ئەو شەش داواكراوە دەستیان هەیە لەگرتەی ڤیدیۆیی و هەڕەشەكردن لەو كەسانە له‌سه‌ر بنه‌ماى دانپێدانانى ئه‌وانه‌ى ده‌ستگیركراون، بۆ جێبەجێكردنی فەرمانی دادوەریش هێزەكەی ئاسایش چوون و كەسێكیان لێدەستگیركردون و پێنجەكەی دیكەیان هەڵاتون بۆ شوێنێكی نادیار".

ئه‌وه‌ى مایه‌ى سه‌رنجه‌ تا ئێستا دادگا خۆى له‌ قه‌ره‌ى بانگهێشتكردنى شاسوار عه‌بدولواحید نادات، گوته‌بێژى دادگا له‌دوایین چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى ئه‌گه‌رچى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌ڵگه‌یان ده‌ستكه‌وتووه‌و دانپێدانانى تۆمه‌تباره‌كانیش هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ سكاڵاكه‌ى په‌رله‌مانتار شادى نه‌وزاد له‌سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید، ده‌ڵێت"ئەو کە سکاڵاکه‌ی کردووە، دەڵێت(من لەم رێکخراوە جیابوومەتەوە سکاڵاکەشم لە شاسوار عبدالواحید و ئەوکەسانەشه‌ کە ئەو هەڕەشەیەیان ئاڕاستەی من کردووە) بەڵام تائێستا دادگا نەگەیشتووەتە ئەو بڕیارەی کە ئەوکەسە دەستی تیاهەبێت و بانگی بکات  تەنانەت پێویستمان بەروونکردنەوەی ئەویش نەبووە".

دادگا له‌كاتێكدا ده‌ڵێت، ته‌نانه‌ت پێویستى به‌ روونكردنه‌وه‌ى شاسوار عه‌بدلواحید نییه‌، خۆى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌وانه‌ى ده‌ستگیركراون به‌ڵگه‌ى زۆریان پێگراوه‌و دانپێدانانى تۆمه‌تباره‌كانیش هه‌یه‌ له‌سه‌ر تاوانه‌كه‌، جگه‌ له‌وه‌ گوته‌بێژى دادگا ده‌ڵێت خاوه‌نى ئه‌و ژماره‌ مۆبایله‌ش له‌ناو ده‌ستگیركراوه‌كاندایه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى گرته‌ى سێكسى له‌ په‌رله‌مانتار شادى نه‌وزاد كردووه‌ له‌ناو ئۆفیسى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ ده‌ستگیركراوه‌، له‌ رێوشوێنه‌كانى دادگادا زۆرجار ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌نوسێك له‌ ده‌زگایه‌ك سكاڵاى له‌سه‌ره‌ به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگاكه‌ راسته‌وخۆ ده‌خرێته‌ ناو ته‌ونى لێكۆڵینه‌وه‌و بانگهێشتى دادگا ده‌كرێت، یاخود ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سكاڵاكه‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكى نه‌وه‌ى نوێ نه‌بووایه‌ هێشتاش تۆمه‌تباره‌كان له‌ناو ئۆفیسه‌كه‌ى ئه‌و ده‌ستگیركراون و به‌ڵگه‌كان وه‌ك دادگا باسیان ده‌كان له‌ ئۆفیسه‌كه‌ى سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌، به‌ڵام دادگا ده‌ڵێت، پێویستیان به‌ روونكردنه‌وه‌ى سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌ نییه‌.



جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ردوو سكرتێرى شاسوار عه‌بدولواحید كه‌ نزیكترین كه‌سن له‌ سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌، تۆمه‌تبارن و ده‌ستگیركراون، به‌پێى زانیارییه‌كان له‌رێگه‌ى دانپێدانانى یه‌كێك له‌ سكرتێره‌كانه‌وه‌ ئه‌و مۆبایله‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شەى پێكراوه‌، به‌ڵام دیسان دادگا خۆى له‌ قه‌ره‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ئۆفیسه‌كه‌ نادات به‌ڵام سكرتێره‌كانى ئۆفیسه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ كارێكیان كردبێت هیچ په‌یوه‌ندى به‌ سه‌رۆكى جوڵانه‌كه‌و به‌ڕێوه‌به‌رى ئۆفیسه‌كه‌وه‌ نه‌بووبێت، دادگا ته‌نها لێكۆڵینه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئەوان ده‌كات.

ئه‌گه‌رچى خاوه‌نى سكاڵاكه‌ ده‌ڵێت، سكاڵاكه‌ى له‌سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید و نزیكه‌كانیه‌تى، به‌ڵام دادگا به‌ره‌و نزیكه‌كانى ده‌ڕوات و بانگهێشى سكاڵا له‌سه‌ر كراوى سه‌ره‌كى ناكات، له‌كاتێكدا به‌پێى یاسا هه‌موو سكاڵا له‌سه‌ر كراوێك ده‌بێت بچێته‌ به‌رده‌م دادوه‌رو روونكردنه‌وه‌ى خۆى بدات له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌ى ئاڕاسته‌ى كراوه‌، دادوه‌ر دواتر بڕیار ده‌دات كه‌ داوا له‌سه‌ر كراو ئازادبێت تا رۆژى دادگاییكردن یاخود چه‌ند رۆژێك رابگیرێت، به‌ڵام له‌ دۆسیه‌ى تۆمه‌تبارانى نه‌وه‌ى نوێ دادگا نزیكى سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌ نه‌كه‌وتووه‌.

بەپێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس كه‌ له‌سه‌رچاوەى ئاگادار له‌ دۆسیه‌كه‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ستیكه‌وتوون، بەهۆی لێكۆڵینەوە لەو كەسانەی تائێستا دەستگیركراون، دەست بەسەر دەیان بەڵگەنامەدا گیراوە، كە دەیسەلمێنن، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌‌و كەسە نزیكەكانی، هەڕەشەیان لەچەندین كەس كردووە. هەر بەپێی سەرچاوەكە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوو چەند دادوەرێك بە بەردەوامی لێكۆڵینەوەیان لەكەسە دەستگیركراوەكان كردووەو ئەوانیش دانیان بە چەندین شت ناوەو بەڤیدیۆش دانپێدانانەكەیان تۆماركراوە.

پێشتر په‌یسه‌رپرێس ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ شاسوار عه‌بدولواحید پێش گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ سلێمانى، گره‌نتى له‌ باڵێكى یه‌كێتى وه‌رگرتووه‌ كه‌ ده‌ستگیر ناكرێت، ئاماژه‌كانى دۆسیه‌كه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌ پشت راست ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ گره‌نتییه‌كه‌ى پێدرابێت به‌وپێیه‌ى تەنانه‌ت بۆ روونكردنه‌وه‌ش بانگهێشتى دادگا نه‌كرا، زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ یه‌كێتى ده‌یه‌وێت دۆسیه‌كه‌ به‌ ئاڕاسته‌یه‌ك بڕوات كه‌ نه‌ك هیچ زیانێكى بۆ حزبه‌كه‌ نه‌بێت به‌ڵكو سودى لێ ببینێت، بۆیه‌ش چه‌ندین پێشنیارى جیاواز بۆ سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌ كراوه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌.

له‌ ئێستادا میدیاى نه‌وه‌ى نوێ هه‌ڵمه‌تى توند له‌سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات، له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنى ئه‌ندامه‌كانى جوڵانه‌وه‌كه‌، ته‌نانه‌ت له‌ میدیاى جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌زگاى ئاسایش به‌"ئه‌منى عامه‌"ى سه‌رده‌مى به‌عس ناو ده‌بات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى سه‌رنجه‌ ئه‌و "ئه‌منى عامه‌" قه‌ره‌ى سكاڵا له‌سه‌ر كراوى سه‌ره‌كى كه‌ شاسوار عه‌بدولواحیده‌ ناكه‌وێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ى دانه‌ دانه‌ ئه‌ندامانى جوڵانه‌كه‌و كه‌سه‌ هه‌ره‌ نزیكه‌كانى شاسوار عه‌بدولواحید راپێچى لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ش گومانه‌كان زیاتر ده‌كات كه‌ یه‌كێتى نایه‌وێت سه‌رۆكى نه‌وه‌ى نوێ رێوشوێنى یاسایى دژ بگیرێته‌به‌ر بۆیه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌ سكاڵا له‌سه‌ركراوى سه‌ره‌كى بێده‌نگن و دادگاش ده‌ڵێت پێویستیان نییه‌.

ئه‌وانه‌ى له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ ده‌ناسن، به‌ جۆرێك باسى ده‌كه‌ن كه‌ شێوازى كاركردنى به‌ جۆرێكه‌ هیچ شتێك بێ پرس و ئاگادارى ئه‌و تێناپه‌ڕێت له‌ حزبه‌كه‌دا، به‌ تایبه‌ت ئه‌و كارانه‌ى سكرتێره‌كانى ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، ئه‌و تیمه‌شى كه‌ ده‌ستگیركراون راستەوخۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌ به‌ركه‌وتنیان هه‌بووه‌و خۆى سه‌رپه‌رشتى ئیشو كارى سۆشیال میدیاو سكرتێره‌كانى كردووه‌، به‌ڵام دیسان ئاڕاسته‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن سه‌رۆكى نه‌وه‌ى نوێ له‌ ناوى تۆمه‌تباران به‌ده‌ربكرێت.



ره‌نگه‌ چه‌ند رۆژى ئاینده‌ رووناكى رووداوه‌كان زیاتر ده‌ربكه‌ون، ئایا دۆسیه‌كه‌ رێڕه‌ى راسته‌قینه‌ى خۆى وه‌رده‌گرێت، یاخود به‌ مامه‌ڵه‌ى سیاسى سه‌وداى پێوه‌ده‌كرێت و بۆ مه‌به‌ست و ئه‌جێنداى شاراوه‌ى سیاسى به‌كارده‌هێندرێت، له‌كۆتاییدا تۆمه‌ته‌كان به‌سه‌ر چه‌ند ئه‌ندامێكى خواره‌وه‌ى حزبه‌كه‌دا قڵپ ده‌بێته‌وه‌، و سه‌ره‌وه‌ى حزبه‌كه‌ و تۆمه‌تبارانى سه‌ره‌كى لێ به‌ده‌رده‌كرێن.