ڕاپۆرتی کوردستانی

06:37 - 08/05/2019

ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مان چى روویدا؟‌

پەیسەر

ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى كوردستان پڕ مقۆمقۆبوو، ده‌نگدان له‌سه‌ر یاساى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كۆتاییهات، ئه‌و هه‌شت مادده‌ى ئه‌مڕۆ خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌، حه‌وت مانگه‌ دانوستانه‌كانى گیردابوو، له‌كۆتاییدا ئه‌مڕۆ ته‌نگه‌ژه‌كان ره‌وینه‌وه‌، به‌ڵام نیگه‌رانى و ره‌خنه‌ى زۆریشى دروستكرد، مادده‌كانى دوو، سێ، چوار، پێنج، زۆرترین مشتومڕى له‌سه‌ر بوو به‌ڵام له‌كۆتاییدا زۆرینه‌یه‌كى ره‌ها یه‌كلایی كردنه‌وه‌.

ده‌ستپێكى دانیشتنه‌كه‌ به‌ ره‌خنه‌ى په‌رله‌مانتارانى ئۆپۆزسیۆن ده‌ستیپێكرد، ئه‌وان گوتیان دواكه‌وتنى دانیشتنه‌كه‌ بۆ زیاتر له‌ مانگێك پێچه‌وانه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆیه‌، ده‌بوو هه‌فته‌یه‌ك زیاترى نه‌خایه‌ندایه‌، به‌ڵام ڤالا فه‌رید سه‌رۆكى په‌رله‌مان وه‌ڵامی ئه‌وه‌ بوو، كه‌ كاتێك مه‌ترسی بۆ سه‌قامگیرى سیاسى دروست ده‌بێت، نه‌ك په‌یڕه‌و ده‌ستور و یاساكانیش ده‌وەستن، ئه‌و گوتى ئه‌مه‌ پره‌نسیپێكى ده‌ستورییه‌ و ئه‌وان به‌پێى ئه‌و پره‌نسیپه‌ ده‌ستورییه‌ دانیشتنه‌كیان دواخستووه‌ له‌پێناو سه‌قامگیرى كات به‌ لایه‌نه‌كان دراوه‌.

ناونیشانى یاساكه‌

مشتومڕه‌كان هه‌ر له‌ ناونیشانى یاساكه‌وه‌ ده‌ستیان پێكرد، سێ پێشنیارى جیاواز هه‌بوون، به‌ڵام یه‌كه‌م و دووه‌م ده‌نگیان نه‌هێناو ناونیشانه‌كه‌ وه‌ك خۆى په‌سه‌ندكرا، به‌ ده‌نگى ٨٨ په‌رله‌مانتار و ٢٠ په‌رله‌مانتاریش دژى بوون، به‌وجۆره‌په‌سه‌ندرا كه‌ بۆچوونى فراكسیۆنه‌كانى ئاماده‌كارى پرۆژه‌كه‌ى تێدا جێكرابووه‌وه‌(پێشنیارى یاساى كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، هه‌موارى شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنى  ده‌ستوور).

مادده‌ى یه‌كه‌م، ناكۆكى له‌سه‌ر نه‌بوو به‌وپێیه‌ى ته‌نها یه‌ك پێشنیار هه‌بوو، كه‌ ده‌ڵێت( یاساى هه‌ڵپه‌ساردنى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ژماره‌ ١٠ن ٢٠١٨ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كارا ده‌كرێته‌وه‌) ٨٨ په‌رله‌مانتار ده‌نگیان به‌م مادده‌یە داو حه‌وت ده‌نگیش دژى مادده‌كه‌ بوون.

ناكۆكییه‌كان له‌ مادده‌ى دووه‌وه‌ ده‌ستیان پێكرد، كاتێك دوو پێشنیار هه‌بوو، یه‌كه‌میان ده‌ڵێت، یاساى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌موارده‌كرێته‌وه‌، به‌ جۆرێك ده‌سه‌ڵاته‌كانى پرۆتۆكۆلى بێت، ته‌نها ٢٠ په‌رله‌مانتار پشتیوانى ئه‌م مادده‌یان كرد و به‌ ٨٣ ده‌نگ ره‌تكرایه‌وه‌. ده‌قى مادده‌كه‌ وه‌ك خۆى په‌سه‌ندكرا كه‌ ده‌ڵێت،(یاساى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كان ژماره‌ ٢ى ٢٠١٨هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌)٨٨ ده‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌م مادده‌یه‌ بوون.

ئه‌وانه‌ى ره‌خنه‌یان لە ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و پێشنیاره‌ كرد، ده‌ڵێن له‌ سیسته‌مى په‌رله‌مانیدا ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌بێت پرۆتۆكۆلى بن، به‌ڵام ئه‌وانه‌شى دژى ئه‌و بڕگه‌یه‌ بوون، بۆچوونیان وایه‌ له‌ ئێستادا گونجاو نییه‌ تێكڕاى ده‌سه‌ڵاته‌كان لاى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كۆببێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پێشنیاره‌كه‌ تێپه‌ڕێت ده‌بێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت بگوازرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا په‌رله‌مانى كوردستان تواناى لێپرسینه‌وه‌ى نییه‌، به‌وجۆره‌ش هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان لاى یه‌ك كه‌س كۆده‌بنه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى زه‌مینه‌ سازى بۆ كرابێت مه‌ترسى تاكڕه‌وى و خراپ به‌كارهێنانیان زیاتره‌.

مادده‌ى سێ ناوه‌رۆكى كێشه‌كه‌

كرۆكى ئه‌و كێشه‌ سیاسییانه‌ى له‌ 2015 ه‌وه‌ یه‌خه‌ى سیستمى سیاسییان گرت، له‌سه‌ر ئه‌م ناوه‌رۆكه‌ بوو كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ مادده‌ سێ دا جێكرایه‌وه‌، ئه‌ویش شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك بوو، كه‌ به‌پێى مادده‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت، ساڵى ٢٠١٥ هه‌ر چوار لایه‌نى گۆڕان، یه‌كێتى، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ، وه‌ك چاره‌سه‌رێك دوایین ده‌ستپێشخه‌رییان كرد بۆ پارتى، كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت با ده‌سه‌ڵاتى لابێت، به‌ڵام پارتى ئه‌و پێشنیاره‌ى په‌سه‌ندنه‌كردوو له‌ كۆتاییدا په‌رله‌مان داخرا.

مادده‌ى سێ، دوو بڕگه‌یه‌و به‌وجۆره‌ په‌سه‌ندكرا، بڕگه‌ى یه‌ك:(به‌ده‌ر له‌ حوكمى مادده‌ى دووه‌م له‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان، په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رۆكێك بۆ هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێردرێت به‌و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى كه‌ له‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم دیاریكراوه‌، تا په‌سه‌ندكردنى ده‌ستوور كه‌ تێیدا شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیاریده‌كرێت و سه‌رۆك له‌ ئاستى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵك ده‌كات و هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان دامه‌زراوه‌كان ده‌كات).
بڕگه‌ى دوو: دووه‌م:(به‌ده‌ر له‌ حوكمى بڕگه‌كانى دوو، سێ، له‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، سه‌رۆكى هه‌رێم دوو جێگرى ده‌بێت وه‌ ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان له‌لایه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمه‌وه‌ دیاریده‌كرێت) هه‌ردوو بڕگه‌كه‌ى ئه‌م مادده‌یه‌ به‌ ده‌نگى ٨٦ ئه‌ندام په‌رله‌مان قبوڵكرا، ٢١ دەنگ دژی بوون. بڕگه‌ى دووه‌م له‌دوایین جار به‌ رێككه‌وتنى پارتى و یه‌كێتى و رازیبوونى گۆڕان به‌ زیادكردنى جێگرێك بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم تێپه‌ڕى، له‌ بڕگه‌ى یه‌كه‌میش تێیدا هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك هێندراوه‌ته‌ په‌رله‌مان كه‌ پێشتر ناكۆكى و سه‌ختى له‌سه‌ربوو پارتى پێداگرى ده‌كرد كه‌ سه‌رۆك له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت. له‌ مادده‌ سێ پێشنیارێكى دیكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌(رسته‌ى تاپه‌سه‌ندكردنى ده‌ستوور لاببرێت) به‌ڵام تا ته‌نها ١٤ ئه‌ندام پشتیوانی ئەمەبوون به‌ ده‌نگى ٨٨ په‌رله‌مانتار ره‌تكرایه‌وه‌.

كاردانه‌وه‌كان له‌سه‌ر مادده‌ چوار

ده‌رچواندنى مادده‌ى چوار زۆرترین كاردانه‌وه‌ى لێكه‌وته‌وه‌، به‌وپێیه‌ى زۆرترین پێشنیارى تێدا ره‌تكرایه‌وه‌، پێشنیارى یه‌كه‌مى مادده‌كه‌ زۆرترین كاردانه‌وه‌ى لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت، مه‌رجى بڕوانامه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم زیاد بكرێت، به‌ جۆرێك له‌ به‌كالۆریۆس كه‌مترى نه‌بێت، به‌ڵام ٦٩ په‌رله‌مانتار دژى ئه‌م پێشنیاره‌ بوون، ٢٢ په‌رله‌مانتار پشتیوانییان كرد و په‌سه‌ند نه‌كرا، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌و نیگه‌رانى زۆرى خه‌ڵكى لێكه‌وته‌وه‌، كه‌ چۆن ده‌بێت مه‌رجى بڕوانامه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم دانه‌نرێت له‌كاتێكدا پۆستى باڵایه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا بۆچوونى دیكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پۆسته‌ مادده‌م به‌ دامه‌زراندن نییه‌ و به‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بێت هه‌موو هاوڵاتییه‌كى خاوه‌ن بڕوانامه‌ و بێ بڕوانامه‌ مافى ئه‌وه‌یان هه‌بێت خۆیان كاندید بكه‌ن.

پێشنیارى دووه‌مى مادده‌ى چواریش هه‌ر ره‌تكرایه‌وه‌ كاتێك ده‌ڵێت، ده‌بێت سه‌رۆك ده‌ست له‌ كارى حزبى بكێشێته‌وه‌، ٦٩ په‌رله‌مانتار دژى ئه‌مه‌ بوون و ته‌نها ٢٤ په‌رله‌مانتار پشتیوانى پێشنیاره‌كه‌یان كرد، بۆیه‌ ره‌تكرایه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى په‌سه‌ندكردنى ئه‌م مادده‌ به‌ سودى سیسته‌مى گشتى ده‌شكایه‌وه‌ به‌وپێیه‌ى ده‌بێت سه‌رۆك رۆڵێكى نیشتیمانى بگێڕێت، بۆ ئه‌وه‌ش گرنگه‌ ده‌ستى به‌ كارى حزبیدا نه‌مێنێت، به‌ڵام ده‌نگى زۆرینه‌ دژى ئه‌مه‌بوون. پێشنیارى سێیه‌مى مادده‌ چواریش كه‌ ده‌ڵێت، ده‌بێت ده‌نگدان به‌ نهێنى بێت له‌ناو په‌رله‌مان نه‌ك به‌ ئاشكرا به‌ ده‌نگى ٧١ په‌رله‌مانتار ره‌تكرایه‌وه‌، ته‌نها ٢٠ په‌رله‌مانتار پشتیوانییان له‌م پێشنیاره‌ كرد، ئه‌وانه‌ى داوایان كرد پرۆسه‌كه‌ نهێنى بێت، ده‌ڵێن، پره‌نسیپى سه‌ره‌كى هه‌ڵبژاردنى دیموكراسییانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نهێنى بێت نه‌ك به‌ ئاشكرا. پێشنیارى چواره‌میش كه‌ ده‌ڵێت ته‌نها ئه‌وه‌ له‌مادده‌ى پێنج بگۆڕێت كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێ بێت، به‌ڵام به‌ ده‌نگى ٦٩ په‌رله‌مانتار ره‌تكرایه‌وه‌و ٢٢په‌رله‌مانتار پشتیوانى ئه‌مه‌یان كرد، ئه‌گه‌رچى دانیشتنى پێشوو فراكسیۆنى یه‌كێتى ئه‌م پێشنیاره‌ى خسته‌ڕوو به‌ڵام ئه‌مڕۆ فراكسیۆنه‌كه‌ ئاماده‌ نه‌بوو ده‌نگى پێ بدات.

له‌ كۆتاییدا مادده‌ى چوار وه‌ك خۆى په‌سه‌ند كرا به‌ ده‌نگى ٨٦ په‌رله‌مانتار به‌رامبه‌ر ١٨ ده‌نگى نه‌خێر، ده‌قى مادده‌كه‌ش به‌وجۆره‌یه‌ كه‌.
بڕگه‌ى یه‌كه‌م:
1-له‌ماوه‌ى 30 رۆژ له‌دواى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان، په‌رله‌مان ده‌رگاى خۆپاڵاوتن ده‌كاته‌وه‌.
2- خوازیارانى خۆ كاندیدكردن له‌ماوه‌ى سێ رۆژ له‌ به‌روارى كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى خۆپاڵاوتن سیڤى پێشكه‌شى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن.
3-سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان له‌ماوه‌ى دوو رۆژى له‌ رۆژى داخستنى ده‌رگاى خۆپاڵاوتن ناوى ئه‌و كاندیدانه‌ راده‌گه‌یه‌نێت كه‌ مه‌رجه‌كانیان تێدایه‌.
4-هه‌ر كاندیدێك تانه‌ى هه‌بوو بۆى هه‌یه‌ له‌ماوه‌ى دوو رۆژ تانه‌ بدات، له‌ دادگاى ته‌میز دادگاش له‌ دوو رۆژدا وه‌ڵام بداته‌وه‌، وه‌ڵامى دادگا بنبڕه‌.
5-سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ ده‌نگدانێكى ئاشكرا به‌ ده‌نگى زۆرینه‌ى ره‌ها هه‌ڵده‌بژێردێت، له‌ ماوه‌ى سێ رۆژ له‌ رۆژى ده‌ركردنى بڕیارى بنبڕ له‌ سه‌ر تانه‌كان.
6- ئه‌گه‌ر هیچ كاندیدێك زۆرینه‌ى ره‌هاى نه‌هێنا دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ى جارى دووه‌م زۆرینه‌ى ساده‌ى به‌ ده‌ستهێنا ده‌بێته‌ براوه‌.

بڕگه‌ى دووه‌م: به‌ ده‌رله‌ حوكمى خاڵى یه‌كى بڕگه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌م مادده‌یه‌، په‌رله‌مان ته‌نها بۆ ئه‌م خوله‌ له‌ماوه‌ى سێ رۆژ له‌ به‌روارى ده‌رچواندنى ئه‌م یاسایه‌ ده‌رگاى خۆ پاڵاوتن ده‌كاته‌وه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم.

مادده‌ى پێنجى یاساكه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ناكۆكى له‌سه‌ر بوو، دوو پێشنیار هه‌بوون یه‌كه‌میان به‌ده‌نگى٧٧  په‌رله‌مانتار ره‌تكرایه‌وه‌ و ته‌نها شه‌ش په‌رله‌مانتار پشتیوانییان كرد كاتێك ده‌ڵێت،(ماوه‌ى سه‌رۆكى هەرێم به‌ ته‌واوبوونى ماوه‌ى په‌رله‌مان كۆتایى بێت، وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم بۆى نییه‌ جارێكى دیكه‌ خۆى كاندید بكاته‌وه‌).به‌ڵام ئه‌و پێشنیاره‌ په‌سه‌ند كرا كه‌ ده‌ڵێت،(ماوه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ كۆتایى ماوه‌ى په‌رله‌مان كۆتایى دێت و سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت تا به‌پێى حوكمه‌كانى ئه‌م یاسایه‌ كه‌سێك هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم) ٨٩ په‌رله‌مانتار ده‌نگیان به‌م مادده‌یه‌ دا و ١٢ په‌رله‌مانتار دژى بوون.

مادده‌كانى شه‌ش و حه‌وت مادده‌ى رۆتینى ناو هه‌موو یاساكان بوون بۆیه‌ش ناكۆكیان له‌سه‌ر نه‌بوو، له‌ كۆتا مادده‌ش ئه‌و پێشنیاره‌ په‌سه‌ندكرا كه‌ یاساكه‌ له‌رۆژى ده‌رچوونییه‌وه‌ جێبه‌جێبكرێت نه‌ك له‌ رۆژى بڵاوكردنه‌وه‌ى له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمى.

به‌ گشتى مادده‌كان قسه‌وباسى زۆر هه‌ڵده‌گرن، بۆ یه‌كه‌م جاره‌ زۆرینه‌یه‌كى وه‌ها زۆر له‌ په‌رله‌مان دروست ده‌بێت بۆ تێپه‌ڕاندنى یاسایه‌كى له‌وجۆره‌، زۆرینه‌كه‌ تایبه‌ته‌و له‌ سه‌رووى ره‌هاوه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى پرسیاره‌ ئایا هه‌مان زۆرینه‌ له‌پرسى ده‌ستوور كۆك ده‌بن و پێكه‌وه‌ ده‌ستووره‌كه‌ هاوشێوه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى به‌ سازان تێده‌په‌ڕێنن یاخود ته‌قه‌یان تێده‌كه‌وێت و پرسى دانانى ده‌ستوور بۆ ساڵانێكى زیاتر دواده‌كه‌وێت.