ڕاپۆرتی کوردستانی

05:39 - 07/05/2019

په‌رله‌مان مشتومڕى زیادكردنى جێگرى بڕانده‌وه‌‌

پەیسەر

جێگره‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم جارێكى دیكه‌، له‌ناو په‌رله‌مان مشتومڕى دروستكرد، ئه‌گه‌رچى یه‌كێتى و پارتى سێیه‌م رێككه‌وتنى خۆیان واژۆكردبوو، له‌كۆتاییدا دارشتنێك رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه‌ كه‌ نه‌شیش بسوتێت نه‌ كه‌باب، هه‌م دڵى فراكسیۆنى سه‌وزى تێدا رازیكراوه‌ به‌بوونى جێگرێكى زیاتر، هه‌م فراكسیۆنى زه‌ردیش خواستى خۆیان جێكرده‌وه‌. نێچیرڤان بارزانى ئه‌ندازیارى ئه‌و یارییه‌ بوو بۆ زیادكردنى جێگرێك ده‌ستیپێكردبوو له‌كۆتاییدا زیادكرا.

دواى دوورۆژ له‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، واژۆیان له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوان هه‌ردوو حزب كرد، له‌په‌رله‌مان فراكسیۆنى پارتى رایگه‌یاند، ده‌یانه‌وێت هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ جۆرێك تێپه‌ڕێت ئاماژه‌ به‌ ژماره‌ى جێگر نه‌كات، به‌ڵكو ئه‌و مادده‌یه‌ كه‌  له‌ مادده‌ى سێى پرۆژه‌ یاساكه‌یه‌ بڵێت،(سه‌رۆك بۆى هه‌یە جێگرى هه‌بێت) یه‌كێتى دژى ئه‌مه‌بوو له‌به‌رئه‌وه‌ى دره‌فه‌تى به‌ سه‌رۆك ده‌دا تا پابه‌ند نه‌بێت به‌ زیادكردنى جێگرێك، ئه‌گه‌رچى پارتى گوتبوویان به‌پێى رێككه‌وتنى یه‌كێتى و پارتى جێگر به‌ یه‌كێتى ده‌درێت و خه‌میان نه‌بێت، له‌كۆتاییدا هه‌ردوولا گه‌یشتن به‌ داڕشتنێك.

جه‌لال محه‌مه‌د بڕیارده‌رى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان بۆ په‌یسه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، ئه‌وه‌ى هه‌ر سێ لایه‌نى یه‌كێتى و گۆڕان و پارتى له‌سه‌رى رێككه‌وتوون، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (سه‌رۆكى هه‌رێم دوو جێگرى ده‌بێت و خۆى ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیاریده‌كات) ئه‌وه‌ش به‌شێكى خواستى پارتى تێدا جێكراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ماوه‌ى 15 رۆژه‌كه‌ى تێدا نییه‌، كه‌ پێشتر واباس ده‌كرا ده‌قى مادده‌كه‌ى به‌وجۆره‌ بێت، كه‌ ده‌بێت له‌ماوه‌ى 15 رۆژدا له‌رۆژى هه‌ڵبژاردنیه‌وه‌ سه‌رۆك، جێگر و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان دیارى بكات، به‌ڵام لابردنى ماوه‌كه‌ ده‌ستكراوه‌یى زیاتر به‌سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌دات كه‌ كه‌ى بیه‌وێت ئه‌و كاته‌ جێگر و ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیارى بكات.

خواستى یه‌كێتیش جێكراوه‌ته‌وه‌ له‌ پرۆژه‌كه‌دا به‌ زیادكردنى جێگر، فراکسیۆنی پارتیش توانى بێ دیاریكردنى ماوه‌ مادده‌كه‌ جێگر بكات به‌وشێوه‌ ساده‌ى ئێستا كه‌ ورده‌كارى كات و ده‌سه‌ڵات و ناونیشانى تێدا نییه‌، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى پرسى ژماره‌ى جێگره‌كان و چۆنێتى داڕشتنى مادده‌كه‌ى وروژاند و وه‌ك كێشه‌یه‌كى نوێ هێنایه‌وه‌ سه‌رمێز، به‌ڵام فراكسیۆنى یه‌كێتى هه‌ر پێشتر به‌رێككه‌وتنى سیاسى جێگرێكى بۆ خۆى بردبوو، جێكردنه‌وه‌ى له‌ مادده‌كه‌دا ده‌ستكه‌وت نه‌بوو بۆى، به‌وپێیه‌ى پێشتر ئه‌مه‌ بڕابووه‌وه‌.

جه‌لال محه‌مه‌د ده‌ڵێت"سبه‌ینێ هه‌موو مادده‌كان و ئه‌وپێشنیارانه‌ى له‌سه‌ر مادده‌كان ئاماده‌كراون، ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌"به‌پێى پرۆژه‌كه‌ له‌ سێ رۆژدا سیڤى پێشكه‌ش ده‌كرێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ئاره‌زووى خۆ پاڵاوتنیان هه‌یه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌ سێ رۆژدا ناوه‌كان په‌سه‌ندده‌كرێن و دواتر دوو رۆژ ماوه‌ له‌به‌رده‌م كاندیده‌كان ده‌بێت، بۆ تانه‌ دان له‌بڕیارى په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر سیڤییه‌كانیان په‌سه‌ندنه‌كرا، دواتر ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى ماوه‌ داده‌نێت كه‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم".

ئه‌و جێگرانه‌ى له‌ پرۆژه‌كه‌ باسكراون، ناونیشانیان نییه‌و بڕیاره‌ سه‌رۆكى داهاتووى هه‌رێم ناونیشانیان بۆ دابنێت، تا ئێستا روون نییه‌ پێگه‌ى جێگره‌گان چۆن ده‌بێت، شۆرش حاجى ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى گۆڕان دوێنێ رایگه‌یاند، كه‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى لاى جێگره‌كه‌ى گۆڕان ده‌بێت نه‌ك جێگره‌كه‌ى یه‌كێتى، له‌ به‌رامبه‌ردا یه‌كێتى پێداگریكردبوو كه‌ له‌رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌وه‌ دیاریبكرێت كه‌ جێگره‌كه‌ى یه‌كێتى له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كاروبارى سه‌ربازى لاده‌بێت، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانى كه‌ له‌ناو پارتى به‌ خه‌تى نزیك له‌ یه‌كێتى ناسراوه‌، به‌ جۆرێك ئه‌مه‌ى چاره‌كردووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ نێچیرڤان بارزانى رۆڵى هه‌بووه‌ له‌وه‌ى ئه‌و جێگره‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بۆ یه‌كێتى زیادبكرێت، به‌ جۆرێك به‌رپرسێكى باڵاى پارتى نزیك له‌ نێچیرڤان بارزانى په‌یوه‌ندى به‌ یه‌كێتییه‌وه‌ كردووه‌و پێى گوتوون، كه‌ به‌بێ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم رازى مه‌بن بێنه‌ حكومه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش زیاتر یه‌كێتى سور كرد له‌وه‌ى داواى ئه‌و پۆسته‌ بكات و نێچیرڤان بارزانیش خۆى ئه‌ندازیارى لۆبیكردن بۆ ئه‌م داواكارییه‌ بووه‌، له‌ناو پارتى، ئه‌و كاته‌ى كه‌ پارتى داواكه‌ى یه‌كێتى بۆ زیادكردنى جێگر ره‌ت ده‌كرده‌وه‌، فازڵ میرانى به‌رپرسى نزیكى نێچیرڤان بارزانى گوتى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ یاریده‌ده‌رێك بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم زیاد بكرێت و بدرێته‌ یه‌كێتى". 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى رابردوو ئه‌م بابه‌ته‌ نزیك بووه‌ له‌وه‌ى رێككه‌وتنى یه‌كێتى و پارتى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دوو قۆڵى نێچیرڤان بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ كێشه‌كه‌ى ره‌واندووه‌ته‌وه‌، نێچیرڤان بارزانى به‌ به‌رپرسانى یه‌كێتى گوتووه‌، ئه‌گه‌ر جێگره‌كه‌ى ئه‌وان بۆ كاروبارى سه‌ربازى دیاریبكرێت، ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى كه‌مى لاده‌بێت و ناچارده‌بێت ده‌سه‌ڵاتى زیاتر به‌ جێگره‌كه‌ى گۆڕان بدات و له‌كاتى ئاماده‌نه‌بوونى ئه‌ویشدا جێگره‌گشتییه‌كه‌ جێگه‌ى ده‌گرێته‌وه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ى بۆ كاروبارى سه‌ربازییه‌، نێچیرڤان گوتویه‌تى، پێویسته‌ جێگره‌كه‌ى یه‌كێتى ناونیشانى نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت ده‌سه‌ڵاتى پێبدات، به‌وجۆره‌ ده‌سه‌ڵاتى زیاترى ده‌داتێ كه‌ ناونیشانى نه‌بێت، یه‌كێتى به‌م روونكردنه‌وانه‌ى نێچیرڤان بارزانى قایل بووه‌و كێشه‌كه‌ چاره‌بووه‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆكراوه‌.

پێده‌چێت ئه‌وه‌ یه‌كه‌م و كۆتا هه‌ماهه‌نگى نێچیرڤان بارزانى و یه‌كێتى نه‌بێت، بارزانى داواى له‌ یه‌كێتى كردووه‌ كه‌ رێگرى دروست نه‌كه‌ن له‌ دانانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى به‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان، كه‌ ئێستا گۆڕان و به‌شێكى پارتیش به‌ تایبه‌ت مه‌سرور بارزانیش دژى دانانه‌وه‌ى ئه‌و وه‌زیره‌ى نزیك له‌ نێچیرڤان بارزانین، یه‌كێتى داواكه‌ى په‌سه‌ند كردووه‌و به‌ڵێنى داوه‌ دژى دانانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى نه‌بێت.

ئه‌و هه‌ماهه‌نگى و نزیكییه‌ى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى هه‌یه‌تى، واى له‌ یه‌كێتى كرد بێ خه‌م بێت له‌ ده‌سه‌ڵاتى جێگره‌كه‌ى له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانى له‌م قۆناغه‌دا كه‌ هه‌ست ده‌كات ئیتر هه‌ژمون و پێگه‌ى جارانى له‌نێو ده‌سه‌ڵاتى حزبه‌كه‌ى نامێنێت و ركابه‌رى بۆ په‌یدابووه‌، ده‌زانێت كه‌ به‌كارهێنانى یه‌كێتى وه‌ك قه‌ڵغان له‌هاوكێشه‌كانى ناو حزبه‌كه‌یدا رێگه‌یه‌كى گونجاوه‌ بۆ پاراستنى هه‌ژمونى خۆى، به‌جۆرێك زۆرجار ده‌توانێت له‌رێگه‌ى یه‌كێتییه‌وه‌ سه‌رئێشه‌ دروست بكات تا خۆى ببێته‌وه‌ به‌ فریاد ره‌س و رۆڵى كاریگه‌رى خۆى نمایش بكات.

له‌م دانوستانانه‌ى دوایى ئه‌مه‌ به‌ روونى ده‌ركه‌وت، كاتێك نێچیرڤان بارزانى وه‌ستا، به‌ره‌وپێشچوون له‌گه‌ڵ یه‌كێتى وه‌ستا دواى چه‌ند مانگێك كاتێك ده‌ستیپێكرده‌وه‌، گه‌یشته‌ سلێمانى و به‌رۆژێك كۆتایى به‌ گفتوگۆكان هێنا، له‌كاتێكدا پێشتر به‌هۆى نیگه‌رانییه‌كانیه‌وه‌ له‌ دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى پارتى له‌ دانوستانه‌كان دووركه‌وتبووه‌وه‌، به‌وجۆره‌ش وادێته‌ پێش چاو نێچیرڤان بارزانى فشاره‌كان له‌سه‌ر حزبه‌كه‌ى بۆ قایمكردنى پێگه‌ى خۆى به‌كاربهێنێت و بیقۆزێته‌وه‌، له‌كۆتاییدا له‌رێگه‌ى ئه‌مه‌وه‌ یه‌كێتى داواكه‌ى بۆ به‌ركه‌وتنى جێگرێك هاته‌دى و ئیستاش یه‌كێتى چاوى له‌وه‌یه‌ نێچیرڤان بارزانى جێگره‌كه‌ى له‌ ده‌سه‌ڵات بێ به‌ش نه‌كات و پێگه‌ى باشى پێ بدات.