ڕاپۆرتی کوردستانی

03:15 - 06/05/2019

هەرێمی كوردستانی سوریا لەلێواری لەدایبكووندایە‌

پەیسەر

كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان لە هێزێكی ئازای شەڕكەر بەرامبەر بە توندڕەوترین گروپی تیرۆرستی سەدەی 21، بەرەو دروستكردنی هەرێمێكی سەربەخۆ لەنێو خاكی سوریا هەنگاودەنێن، بۆ ئەو مەبەستەش عەرەبە عەشایەرەكان كە بەلایەنێكی سەرەكی بۆ سەركەوتنی ئەو خەونەی كوردەكان دادەنرێت، بانگهێشتی كۆنگرەی عەرەبە عەشایەرەكان كردووە.


وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا چاودێری دۆخەكە دەكات
جموجوڵەكانی چەند هەفتەی ڕابردووی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) جیاوازترە لە جمجوڵە سەربازییەكانی ڕابردووی هەسەدە دژ بەداعش، ئەمجارە ئەو هێزە دەیەوێت لەسەر هاوكێشەی سیاسی سوریا پێگەی گەورەی هەبێ، هەر ئەوەشە وایكردوە دیمەشق لەهەنگاوەكانی ئێستای هەسەدە نیگەران بێت.

بەدیاریكراوی هەسەدە دەیەوێت بەر لەوەی ئەمریكا خاكی سوریا بەجێبهێڵێ، هاوكات بەسود وەرگرتن لە ناكۆكییەكانی ئێستای ئەمریكا ‌و توركیا، لەپاڵیشیدا ململانێی ڕوسیا و ئێران، گەورەترین هەنگاوی سیاسی خۆی بنێت، كە ئەویش بریتییە لە دروستكردنی "هەرێمی كوردستانی سوریا".

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لەڕاپۆرتەكانیدا لەبارەی ڕەوشی سوریا بە ڕوونی نیگەرانی خۆی لەهەنگاوەكانی هەسەدە نیشانداوە‌و بەدەستەواژەی "كوردەكان دەیانەوێت دەوڵەتێكی نیمچە سەربەخۆ" لەسوریا دروستبكەن، بۆئەوەش لەگەڵ دیمەشق لەسەر خەتن تا ڕێگە لەو هەوڵەی هەسەدە بگرن.

هەسەدە ئامادەكاریی نێو دەوڵەتی كردووە
جگە لەپاڵپشتییە بەردەوامەكانی ئەمریكا بۆ هەسەدە ‌و ڕێگریكردنی واشنتۆن لە هێرشی توركیا بۆسەر ڕۆژهەڵاتی فورات، هەسەدە لەڕێگەی دیبلۆماتیشەوە هەنگاوی گرنگی ناوە كە دیارترینیان كۆبوونەوەی شاندێكی هەسەدە بوو لە هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ ئەمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لەنێو كۆشكی ئیلیزێ.

دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ شاندەكەی هەسەدە، ماكرۆن بەڵێنی هاوكاریی بە كوردانی سوریا دابوو بۆ قۆناغی پاش داعش‌و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانكراوەكان، ئەوەش بەڕوونی نیشانیدەدات كە فەرەنسا نایەوێت لە هەر گۆڕانكارییەكی سیاسی كە ئەگەر لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕووبدات بەبێ ڕۆڵ بێت.

كوردانی سوریا كۆنتڕۆڵی ئاسمانەكەیان بۆ كراوە
هاوشێوەی باشووری كوردستان كە لەساڵانی نەوەدەكانەوە ناوچەكەیان وەك ناوچەی دژە فڕین لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دیاریكراوە، ئێستاش لە ڕۆژئاوای كوردستان ئاسمانی ناوچەكە لەلایەن ئەمریكاوە كۆنتڕۆڵكراوە‌و ڕێگە بە فڕۆكەكانی توركیا‌و ڕوسیا نادرێت كە بەو ئاسمانەدا بسوڕێنەوە.

چاودێرانی سیاسی وایدەبینن ئەوە یەكێكە لەچەكە گەورەكانی بەردەست كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان، چونكە لەداهاتوودا ئەگەر هەرێمی كوردستانی سوریا دروستببێت، ئەوا ئاسمانەكەی هاوشێوەی باشووری كوردستان لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەك ناوچەی دژە فڕین دەستنیشاندەكرێت.


ئەسەد هەوڵدەدات كوردەكان بە پۆست پەشیمانبكاتەوە
لەماوەی ڕابردوودا دیمەشق بەئاشكرا هەوڵی دانوستانی لەگەڵ هەسەدە ڕاگەیاند، بەوتەی بەرپرسانی كورد، بەشار ئەسەد-ی سەرۆكی سوریا چەند بەڵێنێكی داوە لەپێناو ملدانی هەسەدە بۆ داواكارییەكانی دیمەشق، لەپاڵ ئەوەشدا ئەسەد زمانی هەڕەشەی بەرامبەر هەسەدە بەكارهێناوە، بەڵام تا ئێستا هەڕەشەكان هەر لەچەند وشەیەكدا ماونەتەوە‌و نە دیمەشق توانی بە هێز بچێتەوە ڕۆژئاوای كوردستان، نە كوردەكانیش ملیان بۆ داواكارییەكانی هەسەدە دا.

حكومەتی سوریا: كوردەكان خیانەتیان كرد
لەڕابردوودا حكومەتی سوریا بە زیرەكانە هۆزە عەشایەرە عەرەبەكانی سوریای بۆ لێدان لەكوردەكان بەكاردەهێنا، بەڵام ئێستا یارییەكە پێچەوانە بووەتەوە، چونكە هەسەدە لەڕۆژانی ڕابردوودا ئامادەكاریی تەواوی كرد بۆ كۆنگرە عەرەبە عەشایەرەكان، كە لەو كۆنگرەیەدا عەرەبە عەشایەرەكانیش بەشداریدەكەن‌و ڕاستەوخۆش ئەمریكا پاڵپشتیدەكات‌و لەشاری كۆبانێ بەڕێوەدەچێت،  كە چاودێران بە زیرەكانەترین هەنگاوی هەسەدە تەماشایدەكەن.

هەر دوای ئەو هەنگاوەی هەسەدە سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دەرەوەی سوریا بە ئاژانسی (سانا)ی فەرمی حكومەتی سوریای وت"ئەو هەنگاوەی كوردەكان خیانەت بوو".

لەدوای وەزارەتی دەرەوەی سوریا، وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا بۆ هەمان بابەت هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندو وتی:"كوردەكان بەهاوكاریی ئەمریكا دەیانەوێت بەربەرست بۆ لوتكەی (ئاستانە) دروستبكەن".

فەرماندەی گشتی هەسەدە: بەبێ داننان بەمافی كورد شتێك نابێت بەناوی دیموكراتیەت لەسوریا
مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات جیاواز لە وەزارەتەكانی دەرەوەی ڕوسیا‌و سوریا، باس لەگرنگی ئەو كۆنگرە عەشایەرییە دەكات‌و پێی وایە لەپێناو بەرژەوەندی ‌و كردنە ئامانجی لایەنێك ئەو هەنگاوە نەنراوە.

كۆبانێ ئەوەشدەخاتەڕوو، تاكە ڕێگە كە لەبەردەم حكومەتی سوریادا مابێت ئەوەیە، دان بەمافەكانی كورد دا بنێت‌و خۆسەری كورد لە ڕۆژئاوا قبوڵبكات، ئەگەر نا شتێك لەسوریادا نابێ بەناوی دیموكراتیەت.

توركیا بەهێرشی سەربازیی وەڵامی جموجوڵە سیاسیەكانی هەسەدە دەداتەوە
لەچەند كاتژمێری ڕابردوەوە سوپای توركیا بەهاوكاری هێزە توندڕەوەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا هێرشی بۆسەر تەلڕەفعەت‌و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەستپێكردووە، چاودێرانیش وایدەبینن ئامانج لەو هێرشە سەربازییانەی توركیا سەرقاڵكردنی كوردەكانە بەشەڕێكی نوێوە، بۆئەوەی لە ئامانجە گەورەكەیان دوربكەونەوە كە دروستكردنی هەرێمێكی كوردییە لەسوریا.

هەرچەندە ماوەی چەند مانگێكە توركیا هێزێكی سەربازیی گەورەی بردوەتە سەر سنورەكانی لەگەڵ توركیا‌و دەیەوێت هێرشبكاتە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات، بەڵام ئەنقەرە تەنیا خەرجی ئەو هێزانەی بۆ ماوەتەوە چونكە ئەمریكا بە ئێستاشەوە گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا هەڵنەكردوە تا هێرشبكاتە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات.

وه‌رگێرانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌... ڕێژەن جەمال