ڕاپۆرتی کوردستانی

04:32 - 05/05/2019

رۆژنامه‌نوسان له‌ قۆناغى ترس و بۆنى مه‌رگدا‌

پەیسەر

نۆ ساڵى ته‌واو به‌سه‌ر شه‌هیدكردنى رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسماندا تێپه‌ڕى، كه‌ دۆسیه‌كه‌ى بۆ خه‌ڵكى و كه‌سوكارى هێشتا كراوه‌یه‌و لاى ده‌سه‌ڵاتیش دۆسیه‌كه‌ داخراوه‌، ئه‌و رۆناژمه‌نوسه‌ى له‌ هه‌ولێر رفێندراو ته‌رمه‌كه‌ى له‌ موسڵ دۆزرایه‌وه‌، دواى نۆ ساڵ زه‌مینه‌ى كارى رۆژنامه‌نوسى هێشتا پڕ مه‌ترسییه‌ و رۆژنامه‌نوسان ده‌ستكراوه‌ نین، هه‌ندێك ده‌ڵێن، له‌و ماوه‌دا ئازادى كارى راگه‌یاندن زیاتر پاشه‌كشه‌ى كردووه‌و هه‌ندێكیش پێیان وایه‌ مه‌ترسى مه‌رگ نه‌ماوه‌.

شه‌هیدكردنى سه‌رده‌شت عوسمان كاردانه‌وه‌ى زۆرى له‌ناوخۆى كوردستان و ده‌ره‌وه‌ش لێ كه‌وته‌وه‌، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى زۆرى دروستكرد و سه‌دان كه‌مپه‌ینى ئیدانه‌كردن دروستكران، ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌وته‌ ژێر ره‌خنه‌و لۆمه‌ى زۆرى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نییه‌وە دۆسیه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى كاردانه‌وه‌ى لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵام دواى پێنج ساڵ له‌و رووداوانه‌، كاوه‌ گه‌رمیانى رۆژنامه‌نوس له‌ ماڵه‌كه‌یدا خۆیدا له‌به‌رده‌م دایكیدا شه‌هید كرا.بۆیه‌ رۆژنامه‌نوسان پێیان وایه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى تیرۆرى رۆژنامه‌وانان شتێكى چاوه‌ڕواننه‌كراو نییه‌.

شۆرش خالید رۆژنامه‌نوس، ده‌ڵێت، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا حكومی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ كه‌ له‌سایه‌یدا سه‌رده‌شت و دواتر كاوه‌ گه‌رمیانیی و ویدات حسێن تیرۆركران، هه‌مان ئه‌قڵییه‌ته‌ و هه‌مان مامه‌ڵه‌ و تێڕوانینی هه‌یه‌ بۆ رۆژنامه‌نوسان و میدیا به‌گشتی.‌ شۆڕش پێى وایه‌، له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا دۆخه‌كه‌ ئێستا خراپتره‌، بۆ په‌یسه‌ر بۆچوونه‌كه‌ى روونكرده‌وه‌"بۆ نمونه‌ كاتێك سه‌رده‌شت تیرۆر ده‌كرێت سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ناڕه‌زایی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه ئه‌و هه‌موو فشاره‌‌، به‌ڵام رووداوێكی هاوشێوه‌ له‌ گه‌رمیان و دواتر له‌ دهۆك دوباره‌ده‌بنه‌وه‌‌، كه‌واته‌ ئه‌م ئه‌قڵیه‌تیه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌ له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ و باكی نه‌ به‌ ناڕه‌زاییه‌كان هه‌یه‌‌ نه‌ به‌ له‌كه‌داربونی ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان‌ له‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ پێمان ئه‌ڵێ مه‌ترسییه‌كانی ئێستای سه‌ر رۆژنامه‌نوسان و ئازادی راده‌ربڕین ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغی پێش تیرۆركردنی سه‌رده‌شت خراپتر نه‌بێت باشتر نییه‌".

له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دواییى به‌كارهێنانى چه‌ك و هێز بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ململانێ سیاسییه‌كان و توانه‌وه‌ى خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان، دیمه‌نى دیارى گۆڕه‌پانى سیاسى بوو، له‌ دۆخێكى وادا رۆژنامه‌نوسان له‌هه‌ركه‌س زیاتر له‌ پێشن رووبه‌ڕووى مه‌ترسى ببنه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت ده‌سه‌ڵات به‌ ئاسانى رۆژنامه‌نوسان ده‌ستگیرده‌كات و به‌ گره‌نتى قورس ئازاد ده‌كرێن، شۆڕش پێى وایه‌، مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان به‌تایبه‌ت رۆژنامه‌نوسانی ئازاد و ئه‌وانه‌شی له‌ ده‌زگاكانی ئۆپۆزسیۆن و ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات كارده‌كه‌ن به‌رده‌وامه‌، لێدان، رێگریی، سوكایه‌تی و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیش هه‌یه‌.

مه‌ترسى گه‌وره‌ى به‌رده‌م رۆژنامه‌وانان ته‌نها ده‌سه‌ڵات و حزبه‌ چه‌كداره‌كان نییه‌، رۆژنامه‌نوسان باس له‌ مه‌ترسییه‌كى نوێ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش مامه‌ڵه‌ى تایبه‌تى به‌رپرسه‌كانه‌ كه‌ چه‌ك و هێزیان هه‌یه‌، به‌ جۆرێك ئه‌گه‌ر به‌دواداچوونێكى رۆژنامه‌وانى زیان له‌پێگه‌و به‌رژه‌وه‌ندى بازرگانى و سیاسى ئه‌و به‌رپرسانه‌ بدات، ئه‌وه‌ رووبه‌ڕووى سزاى ئه‌و به‌رپرسانه‌ ده‌بنه‌وه‌، شۆرش ده‌ڵێت،"ئه‌گه‌ر ده‌یه‌یه‌ك پێش ئێستا دوو حزبی زۆنی سه‌وز و زه‌ردمان به‌ رووداوه‌كان تۆمه‌تبار بكردایه‌، ئێستا له‌ نێو ئه‌و دوو حزبه‌دا ده‌یان لێپرسراوی چه‌ك به‌ده‌ستی بێباكتر به‌ بێ گوێدانه‌ بڕیاری سه‌ركردایه‌تیان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حزب  هه‌ڕه‌شه‌ن‌ بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان و ئه‌وه‌شمان به‌ روونى بینیوه‌. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی میدیای ئازاد و رۆژنامه‌نوسانی ته‌واو له‌ پاشه‌كشێ و كه‌مبونه‌وه‌دان".

له‌ دواى سه‌رهه‌ڵدانى ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات به‌رێگه‌ى جیاجیا ده‌ستى بۆ دروستكردنى میدیاى سێبه‌ربرد، بۆ ئه‌وه‌ش زۆربه‌ى كاره‌كته‌ره‌كانى پێشووى میدیاى ئه‌هلى خسته‌ نێو پرۆژه‌ى سێبه‌ره‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ش بۆچوونێك پێى وایه‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌مجاره‌ له‌ برى كوشتنى رۆژنامه‌نوس و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى میدیاكاران به‌ چه‌ك هه‌وڵى دا له‌ ره‌گه‌وه‌ پێگه‌ى میدیا سیس بكات و میدیاى به‌دیل دروست بكات، به‌ڵام جۆرو شێوازى دیكه‌ى وه‌ك گرتن و هه‌ڕه‌شه‌ رێگرى له‌ رۆژنامه‌وانانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات هه‌ر بوونى ماوه‌.

به‌پێی راپۆرتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ ساڵی 2018 تایبه‌ت به‌ كارى میدیایى  هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌"راگەیاندنە گەورەکانی حیزبە سیاسییەکان و بەرپرسەکان، رۆژنامەنووسان بەکاردەخەن و لە راگەیاندنی سەربەخۆ دوریان دەخەنەوە، ئەمەش بۆتە هۆی لاوازتربونی راگەیاندنی سەربەخۆ".هه‌روه‌ها ده‌ڵێت"له‌ ترسی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان، میلیشیاكان و رێكخراوه‌ تاوانكارییه‌كان، راگه‌یاندنه‌كان روماڵی لایه‌ندار ده‌كه‌ن".

ئه‌نوه‌ر حسێن بازگر ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكاى پارێزه‌ران پێى وایه‌، ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستان مه‌ترسى مه‌رگ نه‌ماوه‌، به‌ڵام كا رى رۆژنامه‌وانى له‌ هه‌موو جیهاندا كارێكى پڕ مه‌ترسییه‌ و له‌و وڵاتانه‌ش كه‌ دیموكراسین رووبه‌ڕووى كێشه‌ و سزادان بوونه‌ته‌وه‌"ئه‌و فشارانه‌ى كه‌ هه‌بوو پێم وایه‌ تاڕاده‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ى به‌ حكومه‌ت كردووه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانى دیکەی دژ بە میدیاكاران".

بازرگر بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ٩٠٠ شوێن له‌ هه‌رێمى كوردستان مۆڵه‌تى میدییان هه‌یه‌ و هیچ كام له‌و میدیایانه‌ له‌ژێر فشاردا دانه‌خراون،"به‌ڵام به‌بڕواى من فه‌وزایه‌ك هه‌یه‌، ئه‌م فه‌وزایه‌ى كه‌ هه‌یه‌ پابه‌ندى ئیتیك و بنه‌ماكانى كارى رۆژنامه‌وانى نابێت، ئه‌وه‌ى واده‌كات ئازادى كارى رۆژنامه‌وانى كێشه‌ى بۆ دروست بێت سه‌ره‌ڕاى رێگرییه‌كانى ده‌سه‌ڵات، میدیاكاران خۆیانن به‌و فه‌وزایه‌ى دروستیان كردووه‌، من بۆخۆم ئێستا مه‌ترسى دووباره‌بوونه‌وه‌ى رووداوى هاوشێوه‌ى سه‌رده‌شت عوسمانم نییه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌، سه‌د له‌ سه‌د یه‌قینم هه‌بێت به‌داخه‌وه‌ حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ بكوژانى ئه‌وانه‌ى پێشوو بدۆزێته‌وه‌، فشار له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌بووه‌ له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ش حكومه‌تیش گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى كوشتنى رۆژنامه‌نوس زۆر له‌سه‌رى ده‌كه‌وێت".

شه‌هیدكردنى هه‌ردوو رۆژنامه‌نوس كاوه‌و وه‌دات ساڵانێكى زۆر دواى شه‌هیدكردنى سه‌رده‌شت بوو تا ئێستا ئه‌نجامى دۆسییه‌كانیان له‌ دادگا ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خه‌ڵك و كه‌سوكارى قوربانییه‌كان ده‌یانه‌وێت، ئه‌وه‌ش دوودڵى دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و رووداوانه‌ى له‌ دڵى رۆژنامه‌واناندا چاندووه‌، كه‌ هه‌موو كات ئه‌وان ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ رووبه‌ڕووى مه‌رگ ببنه‌وه‌، زەمینه‌ى ده‌ركه‌وتنى دیارده‌ى چه‌كدارانه‌ى ده‌سه‌ڵاتیش له‌ ساڵانى دواى مه‌رگى سه‌رده‌شتدا زیاتر بووه‌و قورسایى میدیا و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى پاشه‌كشه‌ى كردووه‌.