ڕاپۆرتی کوردستانی

03:57 - 04/05/2019

كۆتایى دانوستانه‌كان به‌ كێشه‌ و سه‌رئێشه‌ى نوێوه‌‌

پەیسەر

دواى ١٩٧رۆژ له‌و به‌رواره‌ى نوێنه‌رانى یه‌كێتى و پارتى له‌ ئه‌نجومه‌نى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى ٣٠ ئه‌یلولیان په‌سه‌ندكرد، چاوه‌ڕوانده‌كرێت سبه‌ینێ رۆژى كۆتایى دانوستانه‌كانى پێكهێنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى حكومه‌ت بێت، شاندى پارتى به‌سه‌رۆكایه‌تى نێچیرڤان بارزانى دڵنیایى وه‌رگرتووه‌ بۆ پێكهاتنى كۆتایى و بڕیاره‌ سبه‌ى به‌ره‌و سلێمانى به‌ڕێبكه‌ون بۆ لاى گۆڕان و یه‌كێتى.

چه‌ند مانگى رابردوو دانوستانه‌كان بە قۆناغى سه‌خت و ئاڵۆزدا تێپه‌ڕین، هه‌م نێوانى لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ك جاروبار دانوستانه‌كانى سڕ ده‌كرد، هه‌م نێوخۆى لایه‌نه‌كان به‌ تایبه‌ت یه‌كێتى و پارتى نێوماڵى خۆیان تا ئه‌م ساته‌ش له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كانى ده‌سه‌ڵات له‌نێو خۆیاندا سازنین و ئه‌مه‌یان هه‌ڵگرتووه‌ بۆ رۆژانى دواتر، ماوه‌ى مانگ و نیوێكه‌ دانوستان وه‌ستاوه‌، نێچیرڤان بارزانى ده‌یه‌وێت جوڵه‌ بخاته‌وه‌ دۆخه‌كه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش سه‌رپه‌رشتى تیمى پارتى ده‌كات، بۆ قسه‌ى كۆتایى له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتى.

سبه‌ینێ شاندى پارتییه‌كان ده‌چێته‌ى لاى گۆڕان و دواتریش له‌گه‌ڵ یه‌كێتى مقۆمقۆى واژۆكردن له‌سه‌ر لیستى پۆسته‌كانى یه‌كێتى ده‌بڕێننه‌وه‌، به‌ڵام هێشتاش ئه‌وه‌ بێ له‌مپه‌ر نییه‌، هه‌رچه‌ند نێچیرڤان بارزانى پێشوه‌خت ئاماده‌سازى بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى كردووه‌ به‌جۆرێك سه‌ردانێكى سه‌ركه‌وتووبێت و رێككه‌وتنى كۆتایى لێبكه‌وێته‌وه‌، ئه‌وجا بكه‌وێته‌ڕێ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بۆ سلێمانى.

نێچیرڤان ده‌یه‌وێت خۆى وێستگه‌ى كۆتایى دانوستانه‌كان بێت، به‌ڵام بێ له‌مپه‌ر نییه‌، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ یه‌كێتییه‌وه‌ ئه‌و حزبه‌ په‌له‌په‌لى زۆرى پێوه‌دیاره‌ بۆ واژۆكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ى و ده‌ڵێت به‌ پۆسته‌كانى رازییه‌، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانى ده‌بێت سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئه‌وه‌ ببڕێنێته‌وه‌ كه‌ ئایا جێگره‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم جێگرى یه‌كه‌م و دووه‌م بن یاخود هه‌ردووك هاوتا بن، ئایا سه‌ربازى و ئیدارى بن، یاخود هه‌ردووكیان جێگرى گشتى بن، ئه‌مه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ساغ بكرێته‌وه‌ تا ئه‌مساته‌ش ناروونه‌، جگه‌ له‌مه‌ پارتى گوتویه‌تى دانوستانى دیكه‌ ناكات و پێشتر هه‌موو مه‌سه‌له‌كانى بڕاندووه‌ته‌وه‌، یه‌كێتیش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌رێگه‌ى چه‌ند به‌رپرسێكییه‌وه‌ په‌یامى ئه‌وه‌ى داوه‌ كه‌ دانوستان ناكاته‌وه‌ به‌ڵكو ته‌نها واژۆ ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌سه‌رى رێككه‌وتوون.

گرفتێكى دیكه‌ خواستى یه‌كێتییه‌ به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى رێككه‌وتنى پارتى و گۆڕان، یه‌كێتى له‌ هه‌فته‌ى رابردوو داواى له‌ پارتى كردبوو ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌، داواكه‌ى راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌، یه‌كێتى زیاد له‌ مه‌به‌ستێكى هه‌بووه‌، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مه‌ى وه‌ك كارتى فشار له‌سه‌ر پارتى به‌كارهێنابێت تا پارتى زوو بێت و واژۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات كه‌ له‌سه‌رى رێككه‌وتوون، وه‌ یه‌كێتیش وا ده‌رنه‌كه‌وێت كه‌ چاوه‌ڕوانى واژۆیه‌كه‌، به‌ڵكو خۆى پێشنیارى نوێى پێیه‌، ئه‌گه‌ر داواكه‌شى قبوڵبكرایه‌ ئه‌وا ده‌یتوانى نێوانى پارتى و گۆڕان بشێوێنێت ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كێتى نمایشى هێزوبازووبوو كه‌ ده‌توانێت ده‌ستكارى هه‌ر رێككه‌وتنێك بكات ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر نه‌بێت، به‌ڵام بارزانى ئه‌مه‌ى په‌سه‌ندنه‌كرد، دیار نییه‌ یه‌كێتى له‌سه‌روبه‌ندى واژۆكردنه‌كه‌دا ئه‌مه‌ ده‌داته‌وه‌ به‌ گوێى پارتیدا یاخود ته‌نها فشارێك بووه‌ نایه‌وێت لیستى پۆسته‌كان له‌خۆى بشێوێنێت.

ئاسته‌نگى دیكه‌ى به‌رده‌م كابینه‌ى نوێ نێوخۆى یه‌كێتى و پارتییه‌، پێشووتر ته‌نها باسوخواس له‌سه‌ر نێوماڵى یه‌كێتى بوو، ئێستا نێوماڵى پارتیش به‌ ئاسانى ناسازێن، مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر كاندیده‌كان رێكنه‌كه‌وتوون، سه‌رۆكى داهاتووى حكومه‌ت سوره‌ كه‌ وه‌زیره‌كانى ئێستا له‌ كابینه‌كه‌ى ئه‌و بوونیان نه‌بێت، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانى عه‌وداڵى دانانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامییه‌ و چه‌ند پۆستێكى دیكه‌ش هه‌ر مشتومڕى له‌سه‌ره‌ له‌وانه‌ وه‌زیرى ناوخۆ، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش، سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ش، نێچیرڤان بارزانى به‌هۆى نیگه‌رانییه‌كانى له‌ شێوازى دیاریكردنى كاندیدى پۆسته‌كان له‌ دانوستان كشابووه‌وه‌، به‌ڵام زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌ناوخۆى پارتى به‌وجۆره‌ پێك هاتوون نێچیرڤان بارزانى ده‌ست به‌ دانوستانه‌كان بكاته‌وه‌و كۆتاییان پێ بهێنێت دواتر ئه‌م ورده‌كارییانه‌ى پۆسته‌كان له‌ ٣٠ رۆژى پێكهێنانى حكومه‌تدا له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سێ قۆڵى، مه‌سعود بارزانى و كوڕه‌كه‌ى و برازاكه‌ى یه‌كلاى بكرێنه‌وه‌.

ناوخۆى یه‌كێتیش دیسان ئاماده‌ نییه‌، ئه‌و حزبه‌ كاندیدى هیچ پۆستێكى یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت كه‌سێكى پارتى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى بۆ به‌ڕێوه‌ده‌بات، بۆیه‌ش جارێ دیارنییه‌ ئه‌و حزبه‌ چه‌ندى دیكه‌ كاندیدى پۆسته‌كان پێشكه‌ش ده‌كات، هه‌رچه‌ند له‌دواى ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم سه‌رۆكى حكومه‌ت راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى حكومه‌تو ئه‌وا كات كراوه‌ نابێت بۆ لایه‌نه‌كان بۆ دیاریكردنى كاندیده‌كان.

ئاسته‌نگێكى دیكه‌ ڤیتۆى لایه‌نه‌كانه‌ له‌سه‌ر كاندیده‌كانى یه‌ك دى هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌ له‌سه‌ر چه‌ند كاندیدێكى یه‌ك ڤیتیۆیان هه‌یه‌، پێده‌چێت یاخود هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌ پێكه‌وه‌ ڤیتۆكانیان جێبه‌جێبكه‌ن له‌سه‌ر یه‌ك یاخود هه‌رسێ لایه‌ن ڤیتۆكانیان بكێشنه‌وه‌، به‌پێى زانیارییه‌كان ئاشتى هه‌ورامى له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ ڤیتۆى له‌سه‌ره‌و گۆڕان به‌ فه‌رمى داواى له‌ پارتى كردووه‌ ئه‌و وه‌زیره‌ بگۆڕێت، له‌نێو پارتیش به‌شێكیان له‌گه‌ڵ دانانه‌وه‌ى نین و به‌غداش دژیه‌تى به‌ڵام توركیا بۆ دانانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى به‌ چڕى له‌سه‌ر خه‌ته‌.

هه‌رچۆنێك بێت لایه‌نه‌كانى پێكهێنه‌رى حكومه‌ت كۆڕاییه‌كیان پێوه‌دیاره‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌ به‌و كونوكه‌له‌به‌رانه‌ى كه‌ هه‌یه‌، پێناچێت هه‌رگیز گرفت و له‌مپه‌ره‌كان ته‌واوبن، بۆیه‌ش ته‌نها بژارده‌ تێپه‌ڕاندنى قۆناغه‌كانه‌ به‌و ئاسته‌نگانه‌ى كه‌ هه‌ن، سبه‌ینێ ئه‌وه‌ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئایا لایه‌نه‌كان خاڵ له‌سه‌ر دێڕه‌كانى پێشوو داده‌نێن یاخود مانۆڕ و نمایشه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن.