ڕاپۆرتی کوردستانی

06:18 - 01/05/2019

حكومه‌ت بۆ له‌دایك نابێت؟‌

پەیسەر

مه‌ته‌ڵى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ، هه‌ر قۆناغه‌و به‌ مشتومڕ و ناكۆكى لایه‌نێكه‌وه‌ ئاڵۆزتر ده‌بێت، دواى حه‌وت مانگ هێشتاش ململانێى و ركابه‌رییه‌كان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ناهێڵن كابینه‌كه‌ له‌ دایك بێت، پێشتر رووى تانه‌ رووه‌و یه‌كێتى بوو، ئێستا ئه‌و حزبه‌ش له‌ به‌ره‌ى ناڕازییه‌كانه‌وه‌ داواى زوو پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌كات، پارتیش نهێنیگرانه‌ جموجوڵه‌كانى سڕكردووه‌ و په‌یامى روونى نییه‌ كه‌ هۆكارى دواكه‌وتنه‌كه‌ به‌ راشكاوى به‌یان بكات، كابینه‌كه‌ له‌نێوان ئه‌و دووحزبه‌دا هه‌ربه‌ ساوایى خه‌ریكه‌ ده‌پروسێكندرێت.

له‌ ده‌ستپێكى دانوستانه‌كانه‌وه‌ تاوێك یه‌كێتى به‌ربه‌ستى دروست ده‌كرد و تاوێك پارتى دانوستانى دواده‌خست و یارى كاتى ده‌كرد، هه‌ردوولا هه‌رچى پێیان كرا كارت و گوشاره‌ سیاسییه‌كانیان به‌رامبه‌ر یه‌ك تاقیكرده‌وه‌، چه‌ند مانگێك به‌ به‌هانه‌ى نه‌بوونى شه‌راكه‌تى راسته‌قینه‌ ئاماده‌ نه‌بوو بچێته‌ پێشه‌وه‌، تا له‌ كۆتاییدا له‌گه‌ڵ پارتى پێك گه‌یشت، دواتر واپیشاندرا گرفتى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم ئاسته‌نگى نوێیه‌و نزیكه‌ى مانگێك ئه‌م كێشه‌یه‌ش دانوستانه‌كانى سڕ كرد، ئێستاش گرفتى ناوخۆى پارتى جوڵه‌كانى به‌ ئاڕاسته‌ى دروستكردنى كابینه‌كه‌ وه‌ستاندووه‌، ئه‌گه‌رچى یه‌كێتیش هیچ كاندیدێكى حازر نییه‌ به‌ڵام دواكه‌وتنى زیاترى كابینه‌كه‌ ده‌خاته‌ ئۆباڵى پارتى، ئه‌و كابینه‌ كه‌ هێشتا له‌ دایك نه‌بووه‌ بووه‌ته‌ دیلى كێشه‌ى لایه‌نه‌كان و به‌رپرسانى نێو لایه‌نه‌كان و باڵ و به‌ره‌و ته‌كه‌توله‌كان.

ئێستا به‌رپرسانى یه‌كێتى به‌وجۆره‌ قسه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ى هۆكارى دواكه‌وتنه‌كه‌یه‌ ئه‌وان نین و پارتییه‌، ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بۆ ده‌نگى ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد"كێشەی ناوخۆیی پارتی نەبوایە دەمێك بوو حكومەتی نوێی هه‌رێم پێكهاتبوو، له‌سه‌ره‌تای مانگی نیسانه‌وه‌ تا ئێستا  پێكهێنانی حكومه‌ت له‌سه‌ر پارتی وه‌ستاوه‌، واته‌ ڕێككه‌وتن بكرێت یا نا هیچ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌". هاوكات حاكم قادر كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حزبه‌ بۆ راگه‌یاندنه‌كان گوتى"دواكەوتنی رێككەوتن بۆ پێكھێنانی حكوومەت ھیچ پەیوەندییەكی بە یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە نییە".

هه‌رچه‌ند ئێستا یه‌كێتى چاوه‌ڕێى واژۆكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌یه‌تى له‌گه‌ڵ پارتى و رێككه‌وتنى زاره‌كى كردووه‌، به‌ڵام ماوه‌یه‌كى زۆر پێكهێنانى حكومه‌ت له‌سه‌ر داواكارییه‌كانى یه‌كێتى و مه‌سه‌له‌ى یه‌ك پاكێجى كه‌ركوك و به‌غدا و هه‌ولێر دواخراو تا ئێستا ئه‌و حزبه‌ كاندیده‌كانى خۆى بۆ پۆسته‌كان یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام تۆپه‌كه‌ ئێستا له‌ گۆڕه‌پانى پارتییه‌ و ئه‌و حزبه‌ش بێده‌نگه‌. فرسه‌ت سۆفى ئه‌ندامى شاندى دانوستانكارى پارتى بۆ په‌یسه‌ر گوتى، له‌سه‌ر هۆكارى دواكه‌وتنى حكومه‌ت بڕیاری داوه‌ هیچ قسه‌یه‌ك نه‌كات و ئاماده‌ نه‌بوو لێدوان بدات.

له‌دواى ئه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ره‌زامه‌ندى خۆى پیشاندا، بۆ زیادكردنى جێگرێك بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم بە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠، به‌رپرسانى پارتى چه‌ند جارێك گوتوویانه‌ كه‌ به‌ربه‌ست نه‌ماوه‌و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا رێككه‌وتنى كۆتایى ده‌كرێت، له‌ دوایین لێدوانیدا له‌ ٢٥ى مانگى رابردوو گوته‌بێژى پارتى گوتى هه‌فته‌ى داهاتوو رێككه‌وتنى پارتى و یه‌كێتى واژۆده‌كرێت، به‌ڵام سبه‌ینێ كۆتایى هه‌فته‌یه‌ و رێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆنه‌كرا، پێشتریش له‌ ٢٢ى مانگ گوتى"له‌ له‌م یه‌ك دوو رۆژه‌دا كۆتایی به‌ هه‌موو شتێك دێنین".

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، ئێستا گرفته‌ ناوخۆییه‌كانى پارتى هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌و حكومه‌تى نوێ راگرتووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى تا ئێستا رێككه‌وتن له‌نێوان نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی وه‌زیری سامانه‌سروشتییه‌كان و وه‌زیری ناوخۆ و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نه‌كراوه‌.

بڕیاربوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵی له‌نێوان نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی بكرێت بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ به‌ڵام تائێستا ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ نه‌كراوه‌، به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندووه‌ تا ئه‌و پۆستانه‌ یه‌كلایی نه‌بنه‌وه‌ به‌شداری هیچ دانوستانێك ده‌رباره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت ناكات.

په‌یسه‌رپرێس زانیویه‌تی بڕیاربووه‌ ئه‌مڕۆ وه‌فدێكی پارتی بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتی سه‌ردانی سلێمانی بكات، به‌ڵام ئێواره‌ی دوێنێ په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كێتی و گۆڕانه‌وه‌ كردووه‌ و پێیان راگه‌یاندوون كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ كاتێكی نادیار دواخراوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی پارتی هۆكاره‌كه‌ی بۆ گۆڕان و یه‌كێتی ئاشكرا بكات.

كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت له‌ قۆناغى ده‌ستپێك و ئێستاشدا گیرۆده‌ى ناكۆكییه‌كانى یه‌كێتى و پارتییه‌، به‌جۆرێك سه‌ره‌تا یه‌كێتى ئاراسته‌ى جیاوازى تێدابوو بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی، له‌ چوار مانگدا چه‌ندین جار داواكارییه‌كانى خۆیان گۆڕى، له‌ كۆتاییدا سه‌ره‌تاى مانگى رابردوو له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتن، ئێستاش پارتى ماوه‌ى مانگێكه‌ دانوستانه‌كانى سڕكردووه‌ به‌وپێیه‌ى له‌ناوخۆیدا له‌سه‌ر كاندیده‌كان رێكنه‌كه‌وتووه‌، ئه‌گه‌رچى یه‌كێتیشە تا ئێستا هه‌مان گرفتى هه‌یه‌ و هیچ كام له‌ كاندیده‌كانى ساغ نه‌بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پارتى خانه‌ خوێیه‌ كێشه‌كه‌ له‌وێ كاریگه‌رتره‌و راستەوخۆ دانوستانه‌كانى راگرتووه‌.

گۆڕان له‌ ده‌ستپێكى دانوستانه‌كانه‌وه‌ زۆرى نه‌خایه‌ند رێككه‌وتنى سیاسى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ پارتى واژۆكرد و داواى زوو پێكهێنانى حكومه‌تی كرد، به‌ڵام ئه‌وكات لاى یه‌كێتییه‌وه‌ گرفت هه‌بوو بۆیه‌ش دۆخه‌كه‌ كه‌وته‌ هه‌ڕه‌شه‌و قسه‌ى توند و ماوه‌یه‌ك زۆر كۆبوونه‌وه‌كان وه‌ستان، له‌ قۆناغى ئێستاش كه‌ كلیلى دانوستانه‌كان به‌ ده‌ستى پارتییه‌وه‌یە گۆڕان په‌له‌ى زوو پێكهێنانى كابینه‌كه‌یه‌تى، له‌ رۆژى جیهانى كرێكاراندا گۆڕان ده‌رفه‌تى به‌یاننامه‌یه‌كى قۆسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نێتى خۆى بۆ زوو پێكهێنانى حكومه‌ت به‌یان بكات، گوتى"داواده‌كه‌ین پەلە بکرێت لەپێکهاێنانی کابینەی نوێ حکومەت و چی تر دوانەخرێت، لە پێناو ئەنجامدانی چاکسازی و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم، بەشێوەیەک کە کرێکاران سومەندی سەرەکی بن".ئاراس وه‌لى ئه‌ندامى شاندى دانوستانكارى گۆڕان بۆ په‌یسه‌ر گوتى"گرفتى دواكه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌ت هیچ په‌یوه‌ندى به‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌ نییه‌".

له‌ به‌ختى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى چاوه‌ڕوانكرا و كابینه‌كه‌ى به‌ كێشه‌و ململانێى تولانى و تاقه‌تپڕوكێندا تێده‌په‌ڕێت، تاوێك گیرۆده‌ى دانوستانى لایه‌نه‌كان و تاوێكیش كابینه‌كه‌ گیرۆده‌ى كێشه‌ى ناوخۆیى پارتی و یەکێتییە، به‌ڵام له‌م گرفته‌ى دواییان مه‌سرور بارزانى خۆى جه‌مسه‌رێكه‌ له‌ كێشه‌كه‌ و نایه‌وێت خواستى خۆى بۆ زووتر پێكهێنانى حكومه‌ت له‌سه‌ر حسابى پێگه‌كه‌ى بێت و هه‌ر له‌سه‌رتاوه‌ په‌روباڵى بكرێت و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى لێ دوربخرێنه‌وه‌، نێچیرڤان بارزانیش یارى به‌كات ده‌كات و سه‌برى به‌رامبه‌ره‌كه‌ى تاقیده‌كاته‌وه‌، تا گره‌نتى وه‌ربگرێت به‌ دانانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى و چه‌ند به‌رپرسێكى دیكه‌ى نزیك له‌ خۆى له‌ كابینه‌ى نوێ. پێشتر په‌یسه‌ر زانیارى هه‌بوو نێچیرڤان بارزانى لیستێكى ئاماده‌ كردووه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ كابینه‌ى نوێ پۆست وه‌ربگرن به‌ڵام مه‌سرور بارزانى ١٥ ناوى نێو لیسته‌كه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش جێگرى سه‌رۆكى پارتى نیگه‌ران كردووه‌.

كاتێك له‌ ئه‌رشیفى چه‌ند مانگه‌ى دانوستانه‌كان ده‌ڕوانیت و سه‌رنجى دۆخى ئێستاى دانوستانه‌كان ده‌ده‌یت به‌روونى ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتى وپارتى و به‌رپرسه‌كانیان له‌سه‌ر لاشەى حكومه‌ت و كابینه‌ى نوێ شه‌ڕى گه‌وره‌ى پاراستنى پێگه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانیان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ش كابینه‌كه‌ له‌نێو ئه‌و كێشانه‌دا به‌دیل گیراوه‌و حكومه‌تى نوێ له‌ رۆژی ئه‌وه‌ڵه‌وه‌ گیرۆده‌ى ركابەرى و قورس و ئاڵۆزه‌و پێده‌چێت ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌داى چوار ساڵى داهاتووى كابینه‌كه‌ دابنێت .