04:45 - 30/04/2019
حه‌وت هۆكار وایكردووه یه‌كێتى دردۆنگ بێت له یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه
هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م قۆناغێكى دیكه‌ى ململانێى سیاسیدایه، كه پێده‌چێت قۆناغێكى سه‌خت و ئاڵۆزبێت به‌وپێیه‌ى هێزه چه‌كبه‌ده‌سته‌كان پێیان وایه سه‌ره‌تاى كۆتایى هه‌ژمونى سیاسى و سه‌ربازى ئه‌وانه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یه‌كه‌كانى 70 و 80 دوودڵى زۆرى لاى ده‌سه‌ڵات دروست كردووه، یه‌كێتى زۆرتر له پارتى خه‌مى توانه‌وه‌ى هێزه چه‌كداره‌كانیه‌تى دردۆنگه له بابه‌ته‌كه، گۆڕانیش له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتیمانى بۆ به‌شداربوونى له حكومه‌ت مه‌رجى ئه‌وه‌ى داناوه یه‌كه سه‌ربازییه حزبییه‌كان هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌و پارتیش به‌ڵێنى داوه.
له هه‌رێمى كوردستان هێزه چه‌كداره‌كانى یه‌كێتى و پارتی ژماره‌یان زیاترە له‌وانه‌ى سه‌ر به وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ن، به‌وپێیه‌ى یه‌كێتى 54 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى یه‌كه‌ى 70 و پارتیش 60 هه‌زار پێشمه‌رگه یه‌كه‌ى 80ى هه‌یه، وه‌زاره‌ت پێشمه‌رگه زیاتر له 40 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى هه‌یه، ئێستا به‌پێى ئه‌نجامى دانوستانه‌كانى گۆڕان و پارتى، پارتى رازى بووه به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یه‌كه حزبییه‌كان و یه‌كخستنى هێزى پێشمه‌رگه، هه‌ردوولایه‌ن رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كردووه، ته‌نانه‌ت گۆڕان رازى بوونى به زیادكردنى جێگرێك بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم به‌وه‌وه به‌سته‌وه كه هێزه‌كانى 70 و 80 هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه، پارتیش دڵنیایى داوه كه ئه‌و هێزانه نامێنن. جگه له‌مه‌ش هه‌وڵێكى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه و هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر هێڵن بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه و فشاره‌كانیان زیاتر كردووه بۆ ئه‌وه‌ى هێزى حزبى نه‌مێنێت.
به‌راورد به پارتى یه‌كێتى زیاتر به‌م هه‌نگاوانه دردۆنگه‌و دوودڵه له یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه، گۆڕانیش پێداگرى ده‌كات له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یه‌كه سه‌ربازییه حزبییه‌كان، بۆیه چاوه‌ڕوانى گه‌رێكى دیكه‌ى ململانێ له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نه‌كه ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر یه‌كێتى به راشكاوى بۆچوونى خۆى به پارتى گه‌یاندووه كه دژی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و هۆشداری دەدات لەو هەنگاوە و پێی وایە پلانی هێزێكی دەرەكیە و به"مه‌ترسى" وه‌سفیكردووه.
یەكێتی رایگەیاندووە یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، پلانی دەرەكییە بۆ بەكارهێنانی ئەو هێزانە دژی وڵاتێكی دراوسێ. هه‌روه‌ها گوتویه‌تى مەبەستی سەرەكی لەپرۆژەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە بۆ بێهێزكردنی یەكێتیە. بۆیه پێده‌چێت پلانى یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه رووبه‌ڕووى ئاسته‌نگ ببێته‌وه.
به‌پێى پرۆژه‌یه‌كى هاوبه‌شى گۆڕان و پارتى، هێزەكانی 70 و 80 هەڵدەوەشێندرێنەوە و لەژێر ناوی هێزەكانی نیشتمانی كوردستان یەك دەخرێن، كۆگاكانی چەك و هێزەكانیش لەدەستی شەخس و حزب دەردەهێندرێن، و هەڵگرتنی چەكیش دوای دەوام سنورداردەكرێت و دەبێت هێزە ئەمنییەكانیش لەتەواوی شارەكان بازاڕی كڕین و فرۆشتنی چەك كۆنتڕۆڵ بكەن، لەبەرامبەردا یەكێتی رایگەیاندووە ئەو پرۆژەیە بەلای ئەوانەوە سفرە و لەگەڵی نین.
یه‌كێتى بۆچى دژى یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانه؟
-پێگه‌ى یه‌كێتى له‌نێو حكومه‌تدا وه‌ك پێگه‌ى پارتى نییه، بۆیه له ئه‌گه‌رى به نیشتیمانیكردنى هێزه‌كانى یه‌كێتى له‌نێو حكومه‌ت و ده‌زگاکانى دیكه‌دا ناتوانێت هاوتاى پارتى هه‌ژموونى بمێنێت به‌سه‌ر هێزه‌كانه‌وه بەوپێیەی هەردوو پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم لای پارتییە.
-یه‌كێتى له هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆى ده‌ركه‌وتووه پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى ئه‌وه‌نده نییه، ته‌نها به ده‌نگى نێو سندوق پشت به مانه‌وه ببه‌ستێت، بۆیه بایه‌خێكى تایبه‌ت به‌و هێزو چه‌كه ده‌دات كه له‌به‌رده‌ستییه‌تى.
-سیاسه‌تى یه‌كێتى به‌وجۆره‌یه كه ده‌بێت سه‌نگ و قورسایى و جوگرافیاكه‌ى له‌به‌رچاو بگیرێت، نه‌ك ته‌نها ژماره‌ى كورسییه‌كان، بۆیه‌ش هه‌میشه پێى وایه ده‌بێت پۆستى زیاترى لابێت و ژماره‌ى كورسییه‌كانى پێوه‌رنه‌بێت، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و سه‌نگ و پێگەى یه‌كێتى ده‌یدات به گوێى لایه‌نه‌كاندا به‌نده به‌و هێزه‌ى كه هه‌یه‌تى به‌پێچه‌وانه‌وه له هێزه‌كه‌ى دابماڵرێت ئه‌و حزبه ترسى هه‌یه به ته‌واوى بچوک ببێته‌وه پێگه‌ى نه‌مێنێت، و لایه‌نه‌كانیش ناچار نابن سازش بۆ یه‌كێتى بكات له دانوستانه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هێزى لایه.
-ململانێى باڵه‌كانى نێو یه‌كێتى ئاڵۆز‌و سه‌خته، له‌نێو ئه‌م ململانێیه‌شدا هێز بڕیار ده‌دات، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى مه‌کته‌بى سیاسى كه هێزى چه‌كداریان نییه له‌نێو ململانێكاندا ژماره نین و به ئاسانى ده‌توانرێت په‌راوێزبخرێن، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و به‌رپرسانه‌ى یه‌كێتى كه لیواو هێزى تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه هه‌میشه له‌نێو ململانێكانى نیو خۆى یه‌كێتى حسابیان بۆ ده‌كرێت و پێگه‌یان له‌به‌رچاو ده‌گیرێت.
-له‌نێو یه‌كێتى جیاواز له پارتى، هێزه‌كان هه‌مووى به‌سه‌ر به‌رپرسه‌كاندا دابه‌شبوون له‌نێو پارتى هیچ به‌رپرسێكى سه‌ربازى واده‌رنه‌کەوتووه كه رۆڵى گه‌وره‌ى هه‌بێت به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌موو هێزه‌كه‌و فه‌رمانده‌كانى یه‌ك ناوه‌ندى بڕیاریان هه‌یه كه مه‌سعود بارزانى یاخود كوڕه‌كانیه‌تى و كه‌متریش نێچیرڤان بارزانییه تا ئێستا، به‌ڵام پێده‌چێت نێچیرڤان بارزانى دواى بوونى به سه‌رۆكى هه‌رێم پێگه‌ى زیاترى هه‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌وه، به‌ڵام له‌نێوان یه‌كێتى هێزه‌كانى هى به‌رپرسه‌كانن، به جۆرێك هه‌ر به‌رپرسێك لیوایه‌ك یاخود هێزێكى تایبه‌تى به‌خۆى هه‌یه مه‌رجه‌عى ئه‌م هێزه تایبه‌تانه خودى ئه‌و به‌رپرسانه‌ن و گوێ بۆ هیچ كوێ ناگرن، ئه‌و به‌رپرسانه باش ده‌زانن سه‌نگ و پێگه‌یان به‌نده به‌و هێزه‌ى كه هه‌یانه ئه‌گه‌ر هێزه‌كان له‌ده‌ست بده‌ن خۆرى سیاسی‌یان ئاوا ده‌بێت.
-له رابردوودا كاتێك ململانێ سیاسییه‌كان ده‌چوونه سه‌ر شه‌قام و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى گه‌وره دژى ده‌سه‌ڵات دروست ده‌بوو، یه‌كێتى به هێزه‌چه‌كداره‌كانى خۆى كۆنتڕۆڵى دۆخه‌كه‌ى ده‌كرد، له‌دوایین خۆپیشاندانه‌كان كه له به‌هارى 2018 دروست بوون، یه‌كێتى حوكمى سه‌ربازى راگه‌یاند و لیژنه‌ى هێزه‌كانى پێكهێنا و ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى پێدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنى دۆخه‌كه چه‌ند گه‌نجێكیش شه‌هید بوون، یه‌كێتى ده‌زانێت ئه‌گه‌ر هێزى لانه‌بێت ناتوانێت هیچ ناڕه‌زاییه‌كى خه‌ڵك كپ بكاته‌وه واته ئه‌وه روونه لاى كه به‌هێزه‌كه‌ى ماوه‌و به‌و هێزه‌ش ده‌توانێت گره‌نتى مانه‌وه‌ى بدات، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر لایه‌نێكى ده‌سه‌ڵات ره‌خنه‌ى زۆرى له‌سه‌ر بێت و هێزى چه‌كدارى لانه‌بێت خۆپیشانده‌ران به ئاسانى له ده‌سه‌ڵات لاى ده‌به‌ن.
- له سه‌رووى ئه‌مانه‌شه‌وه پێده‌چێت ئێران رۆڵى سه‌ره‌كى هه‌بێت، به‌وپێیه‌ى هاوپه‌یمانان كه ئه‌مریكا سه‌رمه‌شقى پرۆژه‌كه‌یانه به چڕى سه‌رقاڵى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ن، دروستبوونى هێزێك له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكا بۆ ئێران مایه‌ى دڵخۆشى نییه و پێناچێت به ئاسانى گڵۆپى سه‌وز بۆ یه‌كێتى هه‌ڵبكات تا هێزه‌كان یه‌ك بخرێته‌وه، به تایبه‌ت ئێستا ناكۆكى تاران و واشنتن گه‌یشتووه‌ته لوتكه‌و ئێران به هه‌ستیارییه‌وه له‌هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌ڕوانێت.
گۆڕان بۆچى پێداگرى ده‌كات؟
-گۆڕان له‌سه‌ره‌تاوه له‌وه تێگه‌یشتبوو كه‌له ژینگه‌یه‌كى سیاسى به سه‌ربازكراودا هێزى مه‌ده‌نى ریفۆرمخواز ئه‌سته‌مه گۆڕانكارى بكات، بۆیه‌ش هه‌ر له ده‌ستپێكه‌وه دروشمى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هێزى حزبى به‌رزكرده‌وه، تا ئێستا ئه‌مه نه‌هاتووه‌ته دى به‌ڵام ئێستا كه پشتیوانى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه و پارتیش ئاماده‌یى پیشانداوه گۆڕان به هه‌لى ده‌زانێت پێداگرى بكات و بیكاته مه‌رج بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌م هێزانه.
-له رابردوودا یه‌كێتى و پارتى له چه‌ند قۆناغێكدا له‌گه‌ڵ گۆڕان ململانێكانیان به‌هێز یه‌كلایى كردووه‌ته‌وه، گۆڕانیش كه هێزى نه‌بووه راوه‌ستاوه، گه‌شه و به‌رده‌وامى هێزى مه‌ده‌نى له به‌رداشى هێزه چه‌كداره‌كاندا قورسه‌و قوربانى ده‌وێت و سه‌رئێشه‌ى زۆره.
-له هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ردوو حزبى چه‌كدار هێزه‌كانى خۆیان به‌كارده‌هێنن، ده‌توانن ئه‌نجام بگۆڕن یاخود ته‌زویر بكه‌ن، یاخود فشار له‌سه‌ر ده‌نگده‌رى لایه‌نه‌كانى كه دروست بكه‌ن و له كۆتاییدا ئه‌نجامه‌كان بگۆڕن له‌سه‌ر هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانى رابردوو ئه‌م حاڵه‌ته كاریگه‌رى به‌رچاوى هه‌بووه‌و بینراوه.
-گۆڕان ده‌زانێت، له‌نێو سیسته‌مێكدا كه هێزو چه‌ك لاى حزب بێت چاكسازى مه‌حاڵه، له‌كاتێكدا ئه‌و هێزه دروشمى چاكسازى به‌رزكردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌م خوله به‌ڵێنى چاكسازى داوه.
-له رابردوودا هه‌ركاتێك ئۆپۆزسیۆن له‌رێگه‌ى خۆپیشاندانه‌وه فشارى دروست كردبێت یه‌كێتى و پارتى به هێز كۆتاییان پێهێناوه، گۆڕان ئه‌زمونێكى تاڵى له به‌كارهێنانى هێز هه‌یه بۆ كپكردنه‌وه‌ى ناڕه‌زیاییه‌كان.
-گۆڕان ده‌زانێت له حكومه‌تێكدا ده‌بێت كه دوو حزبه‌كه‌ى دیكه هێزو چه‌كیان لایه به‌ڵام ئه‌م هێزى لانییه، بۆیه ئۆتۆماتیكى گۆڕان پێگه‌و سه‌نگى كه‌م ده‌بێت له ده‌سه‌ڵات و یه‌كێتى و پارتى پێگه‌یان له حكومه‌ته‌كه‌دا به‌هێزترده‌بێت و به ئاسانى نایه‌نه ژێر بارى گۆڕانكارى.
به‌پێى ئه‌و واقیعه‌ى كه هه‌یه پێده‌چێت یه‌كێتى به ئاسانى نه‌یه‌ته ژێر بارى یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانه‌وه، بۆیه‌ش گه‌رێكى دیكه‌ى ململانێى و ناكۆكى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له داهاتوودا چاوه‌ڕوانكراوه‌و كێشه‌كه‌ش به پله‌ى یه‌كه‌م له‌نێوان گۆڕان و یه‌كێتى رووده‌دات، به‌وپێیه‌ى گۆڕان پێداگیره‌و یه‌كێتى ره‌تیده‌كاته‌وه.