ڕاپۆرتی کوردستانی

10:07 - 30/04/2019

راپۆرتێكی مێژوویی ده‌گمه‌ن له‌سه‌ر كیمیابارانی دۆڵی بالیسان‌

پەیسەر

په‌یسه‌ر- زه‌مه‌ن

وه‌رگێرانی: هیوا ناسیح

گوینه‌ ڕۆبێرتس
رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی به‌ریتانی گوینی رۆبێرتس (Gwynne Roberts) له‌ رۆژنامه‌ی (نۆیه‌ تسویرخه‌ تسایتونگ) که ‌پڕفرۆشترین رۆژنامه‌ی ئه‌ڵمانیزمانه‌و له‌ سویسرا ده‌رده‌چێ، ٣٢ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٧ راپۆرتێکی له‌سه‌ر کیمیابارانی دۆڵی بالیسان نووسیوه‌. پێده‌چێ یه‌که‌م ڕاپۆرت یان وتاربێ له میدیای بیانییدا له‌سه‌ر کیمیابارانی گونده‌کانی باشووری کوردستان. چونکه‌ ئه‌و کات میدیای ئه‌وروپاو جیهان به‌پێچه‌وانه‌ی ئێستاوه‌ زۆر ده‌گمه‌ن گرنگییان به‌ هه‌واڵ و رووداوه‌کانی کورد ده‌دا.

 
راپۆرته‌كه‌ به‌ناوی (سكاڵای قورسی کورده‌کان له‌ ده‌ست به‌غدا، هێرشی کیمیایی بۆ سه‌ر گونده‌ کوردنشینه‌کانی عێراق) که‌ باس له‌ سه‌ره‌تای هێرشه‌ کیمیاییه‌کانی سوپای به‌عس بۆ سه‌ر کوردستان له‌ ده‌ستپێکی ئه‌نفاله‌کاندا ده‌کات و مه‌رگه‌ساتی هێرشه‌کان ده‌گێڕێته‌وه‌. به‌پێی زانیارییه‌کان کۆمپانیاو پسپۆڕانی وڵاتانی جۆراوجۆر که‌ زۆربه‌یان هی ئه‌ڵمانیا بوون، راسته‌وخۆو هاوکارو یاریده‌ده‌ری به‌رهه‌مهێنانی چه‌که‌ کیمیاییه‌کان بوون‌ له‌ عێراقدا، هه‌روه‌ها فڕۆكه‌ی سویسری له‌ بۆمبابارانی گونده‌کاندا به‌کار هاتووه‌. بۆ زانیارییه‌کان لێدوانی له‌ هه‌ر یه‌ک له‌ نه‌وشیروان مسته‌فاو مه‌سعود بارزانی وه‌رگرتووه‌.

نه‌وشیروان مسته‌فا: پسپۆڕه‌ ئه‌ڵمانییه‌کان له‌ نێو به‌رهه‌مه‌کانیاندا گازی ئه‌عساب و خه‌رده‌ل به‌رهه‌م دێنن

 راپۆرته‌كه‌..
سه‌رکرده‌یه‌کی به‌رهه‌ڵستکاری چه‌کداریی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان که پارتێکه نزیکه‌ له‌ ئێران، رایگه‌یاند: زانیاریمان هه‌یه‌‌ ئێستا شاره‌زایانی ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا له‌ کارخانه‌یه‌کی دروستکردنی گازی کیمیایی عێراقدا له‌ نزیک سامه‌ڕا کار ده‌که‌ن. جێگری سه‌رۆکی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: پسپۆڕه‌ ئه‌ڵمانییه‌کان له‌ نێو به‌رهه‌مه‌کانیاندا گازی ئه‌عساب و خه‌رده‌ل به‌رهه‌م دێنن، ئه‌و هه‌رچه‌نده‌ ناوی که‌سه‌کان نازانێ به‌ڵام ناوی دامه‌زراوه‌ و کۆمپانیاکه‌ ده‌زانێ که‌ کاری لێ ده‌که‌ن. ئه‌و چه‌که‌ کیمیاییانه‌ له‌ لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ دژی کورده‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌کان به‌کارده‌هێنرێن.

بانگه‌واز و هاوار 
بۆ حکومه‌تی بۆن(*)

کورده‌کان له‌و باوه‌ڕه‌دان، که‌ حکومه‌تی بۆن له‌سه‌ر‌ تێوه‌گلانی کۆمپانیاکانی له‌ عێراقدا ئاگاداره‌. بۆیه‌ ئه‌وان نائومێدن که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا هاوڵاتییه‌کانی خۆیان له‌ کارگه‌‌کانی به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی کیمیاییدا ناچار به‌ کشانه‌وه‌ بکه‌ن‌.


وه‌ک نوێنه‌ری کورده‌کان ده‌ڵێت: حکومه‌تی عێراق له‌ چەند مانگی پێشوودا به‌ گازی ژه‌هراوی خه‌رده‌ل، هێرشی کردووەتە سه‌ر چه‌ندین ناوچه‌ و دۆڵی‌ کوردستانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی لادێکان ده‌رپه‌ڕێنن. به‌م هۆیه‌وه‌ ده‌یان پیاو، ژن و منداڵ کوژراون و سێ سه‌د که‌سی تر به‌ سەختی بریندار بوون.

کورده‌کان وا رایده‌گه‌یه‌نن که‌ پسپۆڕانی ئه‌رجه‌نتینی و به‌رازیلی له‌ کارگه‌ی گازی ژه‌هراوی له‌ نێو عێراقدا کار ده‌که‌ن. دوو له‌و کارگانه‌ش کاتی خۆی جێگه‌ی دروستکردنی په‌ینی کیمیایی بوونه‌ له‌ دواترین ناوچه‌کانی خۆرئاوای عێراق له‌ عه‌کاشات و قائیم. یه‌کێکی تریان نزیکی ئه‌لبوسه‌یه‌، له‌ ناوچه‌ی بێلایه‌ن(**)دایه‌.


نوێنه‌رانی هه‌ندێک حکومه‌ت له‌ژنێڤ جه‌ختیان له‌ راستی به‌شێک له‌ زانیاری و تۆمه‌تباری کورده‌کان کرده‌وه‌. پاش ئه‌وان حکومه‌تەکانی به‌ریتانیا و ویلاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ چاودێری هاریکاری و کاری هاوبه‌شی نێوان کۆمپانیاکانی که‌ جێگه‌ی گومانن له‌‌گه‌ڵ عێراق بۆ دروستکردنی چه‌کی کیمیایی کرد. دیپلۆماته‌ خۆرئاواییه‌کان له‌ به‌غدا وایده‌بینن که‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێکه، جموجوڵی نائاسایی و هاتوچۆی ته‌کینکارانێکی زۆری ئه‌ڵمانی ‌له‌ کارگه‌ نهێنیه‌کانی عێراق هه‌یه‌. واپێده‌چێ گازی ژه‌هراوی به‌رهه‌م بهێنن. به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌به‌ر موراعاتی بۆن (حکومه‌تی ئه‌‌ڵمانیای خۆرئاوا – و.) به‌ ئاشکرا قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌کردووه‌.
 
پسپۆڕانی ئه‌ڵمانیا له‌ سامه‌ڕا
کارمه‌ندێکی باڵا لە پێنتاگۆن پێیراگه‌یاندم که‌ مرۆڤ ده‌زانێ دوو کۆمپانیای ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا هاوکاری عێراق بۆ دروستکردنی چه‌کی کیمایی ده‌کەن. یه‌کێکیان ده‌بێ رۆڵێکی پێشه‌نگ و سه‌ره‌کی هه‌بێ و به‌رده‌وام له‌ عێراق کار ده‌کات “ئه‌م کۆمپانیایه‌ له‌ ژێر ناوێکدایه‌ و کار بۆ کۆمپانیایه‌کی تر ده‌کات” وه‌ک کارمه‌نده‌که‌‌ی پێنتاگۆن جه‌ختی لێده‌کاته‌وه‌ “ده‌بێ خه‌ڵک له‌ پێنج ساڵیه‌وه‌ ئه‌و راستییه‌ بزانن، که‌ چ ئامانجێک له‌و هاوکارییه‌ هه‌یه‌ و خزمه‌تی کێ ده‌کات” ئه‌مریکییه‌کانیش ده‌یانه‌وێت ناوی ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ ئه‌ڵمانیانه‌ بزانن، که له‌ سامه‌ڕا کار ده‌که‌ن و له‌ دروستکردنی کارگه‌که‌دا یان له‌ به‌هه‌مهێنانیدا هاوکارن.


پێده‌چێ له‌وێدا له پاڵ به‌رهه‌مهێنانی (ده‌رمانی قه‌ڵاچۆکه‌ری مێروودا) گازه‌کانی خه‌رده‌ل و ئه‌عسابیش دروست بکه‌ن، چونکه‌ وه‌ک دیاره‌، ئه‌و گازه‌ی بۆ مه‌به‌ستی چه‌کسازیی به‌کارده‌برێت هه‌ر خه‌‌رده‌له‌.
کۆمپانیایه‌کیان ناوی کارل کۆلب (Karl Kolb)ه‌ له‌ نزیکی فرانکفۆرته‌ و له‌لایه‌ن دیپلۆماسییه‌ ئه‌مریکییه‌کانه‌وه‌ وه‌ک سه‌رچاوه‌ی ئامێرسازیی ناوده‌برێت که‌ ده‌بێ له‌ عێراق دروستکردنی ده‌رمانی مێروو بووبێ و دواتر چه‌کی گازی کیمیاییان به‌رهه‌مهێنابێ. 

حکومه‌تی (بۆن) نکۆڵی له‌م زانیارییانه‌ ده‌کات و ده‌ڵێت: رێکاره‌ یاساییه‌کانی گرتووەته‌به‌ر به‌رامبه‌ر کۆمپانیا هاوکاره‌کان. له‌ یه‌که‌م پرۆسه‌ی دادگادا کۆمپانیاکه‌ بردییه‌وه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌ره‌سه‌ و مادانه‌ی ناردویه‌تی بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی کیمیایی، به‌کارناهێنرێن. 

حکومه‌تی بۆن داوای پێداچوونه‌وه‌ی بڕیاره‌که‌ی کرده‌وه‌ و بڕیاری وه‌ستاندنی هه‌ناردنی شته‌کانی دا. به‌ڵام به‌ڵگه‌ی ڕوونی پێشکه‌ش نه‌کردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رله‌نوێ دووباره‌ کۆمپانیاکان تۆمه‌تبار ده‌کرێنه‌وه‌.

هێرشی کیمایی بۆ سه‌ر باکووری خۆرهه‌ڵاتی عێراق
کورده‌کان وای ڕاده‌گه‌یه‌نن که‌ فــڕۆکـــه‌ی جۆری پیلاتۆز پ – ٧ (Pilatus–p-7)ی دروستکراوی سویسرا له‌م نزیکانه‌ له‌ بۆمبارانکردنی گونده‌کانی کورد به‌ گازی کیمیایی به‌کارهێنرابن.
به‌پێی هه‌واڵگریی کورده‌کان سه‌ره‌ڕای گرتنه‌به‌ری رێگیریی فه‌رمی، به‌ڵام کۆمپانیای وڵاتانی هۆڵه‌ندا، ویلاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا ماده‌ی خاویان بۆ به‌رهه‌مهێنانی گازی کیمیایی بۆ عێراق ‌ناردووه‌.

ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی جه‌نگی که‌نداوی فارسدا (جه‌نگی ئێران – عێراق) که‌وتۆته‌وه‌، چاوتێبڕینی کۆمپانیاکانی خۆرئاوایه‌ که‌ بێویژدانانه‌ خه‌ریکن. ئه‌مه‌ش وادیاره‌ به‌ره‌به‌ره‌ بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا روون ده‌بێته‌وه‌، چونکه‌ ئەو وڵاتانەی تۆمه‌تبار ده‌کرێن، خۆیان دووره‌په‌رێز ده‌گرن له‌و‌ رۆژنامه‌نوسانه‌ی له ناوچه‌ کوردییه‌کاندا کار ده‌که‌ن.

ئێمه‌ نه‌ ماسکی دژە کیمیاییمان هه‌یه‌ نه‌ به‌دله‌ی خۆپاراستن

به‌پێی زانیارییه‌کانی نوێنه‌رانی کورد، سوپای عێراق به‌ به‌رده‌وامی و به‌ چه‌کی کیمایی هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر مۆڵگه‌کانی پێشمه‌رگه‌ کورده‌کان. سه‌رکرده‌یه‌‌کی پارتی دیموکراتی کوردستان له ئێرانه‌وه‌ به‌ ته‌له‌فۆن رایگه‌یاند:” ئێمه‌ نه‌ ماسکی دژە کیمیاییمان هه‌یه‌ نه‌ به‌دله‌ی خۆپاراستن.‌ کیسه‌ی نایلۆن ده‌ده‌ین به‌سه‌ر سه‌ر و باڵ و قاچماندا کە ئەمە تۆزێک ده‌مانپارێزێت. ئینجا ئاگر ده‌که‌ینه‌وه‌ و له‌ ده‌وری داده‌نیشین تا هه‌وا گه‌رمه‌که‌ پاڵ به‌ گازه‌ قورسه‌که‌وه‌ ده‌نێ. چه‌کداره‌کانمان خۆیان له‌ ئاویشدا نقوم ده‌که‌ن”.

بەپێی زانیارییه‌کانیان زۆربه‌ی هێرشه‌کان له‌ هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر ئه‌نجام دراون، به‌ تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی که‌ لەژێر کۆنترۆڵی حکومه‌تی ناوه‌ندیدا نین. نزیکه‌ی په‌نجا گوند به‌مجۆره‌ هێرشیان کراوه‌ته‌ سه‌ر. پێشتر سوپای عێراق هه‌وڵیدا، که‌ خه‌ڵکی گونده‌کانی ناوچه‌کان کۆچ پێبکات و بیانگوێزێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی، که‌ ئیتر نه‌توانن پشتیوانی و هاوکاری شۆڕشگێره‌کان بکه‌ن.


نه‌وشیروان مسته‌فا جێگری سه‌رۆکی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ده‌ڵێت: له‌ دۆڵێکدا که‌ ناوی بالیسانه‌ نزیکه‌ی ٣٢ فڕۆکه‌ بۆمبابارانی نزیکه‌ی بیست گوندی ناوچه‌که‌یان کردووه‌‌. خه‌ڵکه‌که‌ چاوه‌ڕوانی بۆمبی کلاسیکی ته‌قینه‌وه‌یان ده‌کرد، له‌ پڕ هه‌ستیان کرد بۆمبه‌کان هی چه‌کی کیمیایین. دکتۆرێکی سه‌ر به‌ رێکخراوه‌که‌، که‌ له رووداوه‌که‌دا بووه‌ ده‌ڵێت: “فڕۆکه‌وانه‌ عێراقییه‌کان یه‌که‌مجار هاتن هێرشی کیماییان کرده‌ سه‌ر گرده‌کانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و شوێنانه‌ و کردیان به‌ ته‌م، تا رێگه‌ له‌ ڕزگاربوونی خه‌ڵکه‌که‌ بگرن، ئینجا هاتن بۆمبابارانی گونده‌کانیان کرد و به‌رمیله‌ خه‌رده‌له‌‌کانیان به‌سه‌ردا خستنه‌ خواره‌وه‌.

ئه‌و گوتی: زۆر له‌ دانیشتوانه‌کان چاویان ئاوسا، ئازاری زۆریان بۆ هات و به‌ تیشکی ڕووناکی هه‌ستیار بوون. پێستیان ده‌خورا و سور ده‌بۆوه‌ و په‌ڵه‌ی ڕه‌شی له‌‌سه‌ر دروست ده‌بوو. هه‌ناسه‌یان به‌ ئاسته‌م بۆ ده‌درا و به‌به‌رده‌وامی ده‌کۆکین. من بێده‌سه‌ڵاتانه‌ ده‌بوو لێیان بنواڕم، که‌ چۆن مناڵه‌کان کوێر ده‌بوون و خه‌ڵکێکی زۆر به‌وهۆیه‌وه‌ دەکەوتنە گیانەڵڵا. ئێمه‌ هه‌وڵماندا که‌ داروده‌وه‌نی ده‌وروبه‌ر بسوتێنین تا پاشماوه‌ی گازه‌که‌ لاببه‌ین، به‌ڵام بۆنی ترسێنه‌ری گازه‌که‌ هه‌ر ده‌مایه‌وه‌.” 

ئه‌و هه‌روه‌ها وتی: لاشه‌ی سه‌دان گیانه‌‌وه‌ری مرداره‌وه‌ بوو له‌و ده‌وروبه‌ره‌ که‌وتبوو، چه‌ند دانه‌ مه‌ڕو مانگا به‌ ده‌ست سوتانه‌وه‌ی پێستیانه‌وه‌ ده‌تلانه‌وه‌.

بانگه‌واز بۆ رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان
یه‌ک له‌‌و گوندانه‌ی به‌سه‌ختی به‌رکه‌وتووه‌ (شێخ وه‌سان)ه‌ که له‌ نزیکی به‌نداوی دوکانه‌ و که‌وتووەته‌ باکوری خۆرهه‌ڵاتی وڵاته‌که‌وه‌. مه‌سعود بارزانی سه‌رکرده‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان که لەلایه‌ن ئێرانه‌وه پشتگیری ده‌کرێت، له‌ بانگه‌وازێکدا بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان رایده‌گه‌یه‌نێ: ‌ له‌و هێرشانه‌دا ٣٣ ژن و منداڵ و خه‌ڵکی به‌ته‌مه‌ن تێداچوون‌. رێکخراوه‌کانی تر ژماره‌ی تری قوربانییه‌کان ده‌خه‌نه‌ڕوو. به‌ پێی قسه‌ی دوو شایه‌تحاڵی جیاواز، دوو که‌سی به‌رکه‌وتوو به‌و چه‌که‌ له‌ خه‌سته‌خانه‌‌ی ناوه‌ندیی سلێمانی به‌دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕان، چه‌ند سه‌عاتێک دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشکی، هێزه‌ ئەمنییەکانی عێراق کۆیکردنه‌تەوه‌ و بە لۆرییەک باریان کردوون. خه‌ڵکێکی زۆر له‌ شه‌قامه‌که‌ له‌ ده‌وری کۆببوه‌وه‌، به‌ پێی قسه‌ی شایەتحاڵێک، هێزه‌که‌ کوڕێکیان که‌ به‌سه‌ختی له‌شی سوتا بوو، له قادرمه‌کانی خه‌سته‌خانه‌که‌‌وه‌ فرێدایه‌ خواره‌وه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌و له‌ به‌ر ئازار ده‌یزریکاند. دواتر ئه‌‌و بریندارانه‌ی به‌و جۆره‌ بردرا بوون، له‌ به‌رده‌م مزگه‌وتێکدا داگیران، که‌ به‌س چار‌ه‌سه‌رییه‌کی کاتی و ساده‌ کرابوون.

سه‌رجه‌م پارته‌ کوردییه‌ گه‌وره‌کان له‌ بانگه‌وازیاندا ڕوو له‌ رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌‌کانی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان ده‌که‌ن، که‌‌ هێرشی چه‌کی کیمیایی له‌ عێراق بوه‌ستێنن. به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ کۆمه‌‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتگوێیان خستون و چه‌کی کیمایی به‌رده‌وام له‌ کوردستانی عێراقدا به‌کارده‌هێنرێت.