ڕاپۆرتی کوردستانی

08:36 - 24/04/2019

له‌ كوردستان كێ خانمه‌ سیاسییه‌كان ده‌پارێزێت؟‌

پەیسەر

بۆیه‌كه‌م جار له‌ مێژووى كارى په‌رله‌مانى و كارى ژنه‌ سیاسییه‌كاندا، كچه‌ په‌رله‌مانتارێك له‌ حه‌وشه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ زمانێكى جیاواز كۆژان و گرفته‌كانى خۆى وه‌ك سیاسییه‌ك دا به‌گوێى خه‌ڵكدا، شادى به‌ ده‌نگى به‌رز له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ گوتى، هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى گرته‌ى دروستكراوى سێكسى لێده‌كرێت له‌ لایه‌ن سه‌رۆكى نه‌وه‌ى نوێ و تیمه‌كه‌یه‌وه‌، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌ى ده‌یان خانمى سیاسى بێت كه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان له‌ناو سیاسه‌تدان و له‌ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كاندا ده‌بنه‌ قوربانى، به‌ڵام كێ ئه‌وان ده‌پارێزێت له‌و گوشارانه‌ى سیاسین و بۆسه‌ر كه‌سایه‌تى و كه‌رامه‌تى خانمه‌ سیاسییه‌كانن.
 
كچه‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى نه‌وه‌ى نوێ له‌پێش چاوى زومى كامێراكان ده‌رده‌دڵى خۆى به‌یان كردو هه‌ڕه‌شه‌كانى بۆ نه‌شاردرایه‌وه‌ گوتى، كه‌ پێى گوتراوه‌ چاوه‌ڕێى بڵاوكردنه‌وه‌ى گرته‌ى سێكسى خۆى بێت، ئه‌و كچه‌ پرسى ئه‌گه‌ر ئاوا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ ژنه‌كان بكرێت ده‌بێت ئه‌و كچه‌ تازه‌پێگه‌یشتووانه‌ى روویان له‌ نوسینگه‌ى شاسوار عه‌بدولواحید كردووه‌ چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت؟ له‌ كوردستان بازاڕى سیاسه‌ت جه‌نجاڵ و ئاڵۆز و بێ گره‌نتییه‌و خاڵییه‌ له‌ دڵنیایى له‌ دۆخێكى وه‌هادا چالاكى سیاسى بۆ خانمان مایه‌ى دوودڵى زۆره‌، هه‌ر ناكۆكییه‌کى سیاسى ئه‌وان رووبه‌ڕووى ئه‌گه‌رى بوونه‌ قوربانى ده‌كاته‌وه‌، له‌رێگه‌ى فشارى له‌وجۆره‌ى كه‌ له‌سه‌ر ئه‌خلاق و كه‌سایه‌تییانه‌، ره‌نگه‌ زۆربه‌ى خه‌ڵك جاروبار چیرۆكى كۆژان و رێگرییه‌كانى خانمێكى سیاسى به‌رگوێ كه‌وتبێت، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ى له‌وجۆره‌و به‌یانكردنى بۆ هه‌موو خه‌ڵكى به‌ته‌واوى شتێكى نامۆبوو په‌رده‌ى له‌سه‌ر حاڵه‌تێكى تایبه‌ت لابرد كه‌ ژنان تێیدا نێچیر و قوربانى ده‌ستوپێسپى ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانن.

له‌پاڵ ئه‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌و ئه‌و ناكۆكییه‌ زۆرى له‌ گۆڕه‌پانى سیاسى هه‌یه‌، ژنه‌ سیاسییه‌كان له‌ كوردستان چۆن ده‌پارێزرێن له‌ هێرش و تۆمه‌ته‌ دروستكراوه‌كان؟ كێ ئازادى ئه‌و خانمانه‌ ده‌پارێزێت؟ بۆچى ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر حسابى ژنان و كه‌سایه‌تییان یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌؟ له‌كاردانه‌وه‌ى ده‌رده‌دڵییه‌كانى شادیدا به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چه‌نده‌ رووى ره‌خنه‌یان له‌ سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ێ نوێ بووه‌، ئه‌وه‌نده‌ش روویان له‌ یاساو داواكارى گشتى و شوێنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بوو به‌ مافى ژنان، به‌شێكى زۆرى ئه‌وانه‌ى سه‌رنجیان داوه‌ پێیان وایه‌ لاوازى ئه‌و ده‌زگایانه‌ هه‌میشه‌ رێگه‌ى بۆ ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ خۆشكردووه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر خانمه‌ سیاسییه‌كان بكرێت.

دڵشاد فائیز گوته‌بێژى داواكارى گشتى هەرێمی کوردستان، بۆ په‌یسه‌ر پرێس سه‌باره‌ت به‌ قسه‌كانى شادى نه‌وزاد كه‌ گوتبووى كامێراى چاودێرى له‌نێو شوقه‌كانى گوندى ئه‌ڵمانى و كابینه‌كانى چاڤى لاند دانراوه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد"به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ بهێنن بۆ لیژنه‌ى داواى مافى گشتى داواكارى گشتى كه‌ له‌هه‌ر شارێك هه‌یه‌ ئه‌وه‌ به‌دواداچوون ده‌كه‌ین و ده‌یكه‌ین به‌ داواى یاسایى و كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌پێى یاساى سزادانى عێراق ئه‌نجامده‌رى ئه‌و كاره‌ رووبه‌ڕووى به‌رپرسیارێتى یاسایى ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ شوێنى گشتى كامێرا دانرابێت وه‌ك له‌ناو شوقه‌ى نیشته‌جێبوون ده‌كرێت سكاڵاى له‌سه‌ر بجوڵێندرێت، پاش ئه‌وه‌ى به‌ڵگه‌مان بۆ بێت ئێمه‌ ده‌كرێت سكاڵا بجوڵێنین".

گوته‌كانى شادى نه‌وزاد چه‌ند تاوانێك له‌یه‌ك كاتدا روون ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ دادگا بسه‌لێمێندرێت ئه‌وا ئه‌نجامده‌رى رووبه‌ڕووى سزاى توند ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ى كه‌ له‌په‌رله‌مانتاره‌كه‌ كراوه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى ڤیدیۆى به‌پێى مادده‌ى دووى یاساى ژماره‌ى شه‌شى ساڵى 2008(یاساى خراپ به‌كارهێنانى ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندیكردن) تاوانه‌و سزاكه‌ى تا پێنج ساڵ ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ سزاى مادى پێنج ملیۆن دینار، هه‌رچى په‌یوه‌ندى به‌ دانانى كامێرا له‌ناو ماڵ و شوێنى كه‌سێك بێ ئاگادارى ئه‌و وه‌ تۆماركردنى ژیانى تایبه‌ت به‌پێى یاساى ژماره‌ 111ى ساڵى 1969 تاوانى گه‌وره‌یه‌ و سزاكه‌ى له‌نێوان سێ بۆ 15 ساڵه‌.

گوته‌بێژى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ ده‌ڵێت، هه‌روه‌ك چۆن هێزه‌ئه‌منییه‌كان له‌ماوه‌كانى پێشوودا چه‌ندین تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركرد كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌یان له‌ كچان كردووه‌، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ش له‌ شادى نه‌وزادى په‌رله‌مانتار ده‌ستگیربكرێن، چونكه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كه‌ روونه‌ و خۆى باسیكردووه‌، محه‌مه‌د گۆمه‌شینى بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى"ئه‌مه‌ له‌چه‌ند روویه‌كه‌وه‌ پێشێلكارییه‌، له‌رووى یاساییه‌وه‌ پێشێلكارییه‌و كه‌ ئه‌ندامێكى په‌رله‌مان تاوانى به‌رامبه‌ر كراوه‌و به‌یاساى خراپ به‌كارهێنانى ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندیكردن تاوانى به‌رامبه‌ر كراوه‌، هه‌روه‌ها ئازادى و ژیانى تایبه‌تیشى له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌".

گۆمه‌شینى"ده‌بێت په‌ڕله‌مانى كوردستان به‌په‌له‌ بێته‌ ده‌نگ ئه‌ندامێكى خۆى هه‌ڕه‌شه‌ى له‌سه‌ر و سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كه‌ش دیاره‌، داواكارى گشتى و رێكخراوه‌كانى تایبه‌ت به‌ مافى ژنان بێنه‌ سه‌رخه‌ت، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ هه‌ڕەشه‌ى له‌سه‌ره‌و ناوى ئه‌و كه‌سه‌شى هێناوه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كه‌ى لێكردووه‌و سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كه‌ش دیاره‌". پێشتر ده‌زگا ئه‌منییه‌كان دانپێدانانى چه‌ندین تۆمه‌تبارى جۆراوجۆریان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌و ڤیدۆیان له‌ كچان كردووه‌ تا پاره‌ له‌و كچانه‌ وه‌ربگرن، له‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش ئه‌م حاڵه‌ته‌ بینراوه‌، به‌ڵام بۆیه‌كه‌م جار له‌ناو ململانێ سیاسیه‌كانى حزبدا هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى ڤیدیۆى خانمه‌ سیاسییه‌كان كه‌وته‌ به‌رگوێى خه‌ڵك، پێشتر سیاسییه‌كان به‌ڕێگه‌ى جۆراوجۆر په‌یام و هۆشدارى و هه‌ڕه‌شه‌ ركابه‌رییان كردووه‌ ناكۆكى نێوخۆشیان كێشمه‌كێشى زۆرى تێدابووه‌، به‌ڵام حاڵه‌تى له‌وجۆره‌ى تێدا نه‌بینرابوو كه‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى نه‌وه‌ى نوێ رووبه‌ڕووى بووه‌وه‌.

په‌خشان زه‌نگه‌نه‌ سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان ده‌ڵێت، ئه‌و به‌بینینى حاڵه‌تى له‌وجۆره‌ زۆر بریندارده‌بێت چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌بڕواى ئه‌و ناشیرینترین چه‌كه‌ دژى خانمه‌كان به‌كارده‌هێنرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و خانمانه‌ى به‌رپرسن و له‌ناو كاروبارى سیاسیدان، زه‌نگه‌نه‌ بۆ په‌یسه‌ر گوتى"ئێمه‌ دژى هه‌موو ناوزڕاندنێكین به‌ تایبه‌تى ناوزڕاندنى ژن له‌بوارى ژن و ئه‌وه‌ى كه‌ پێى ده‌ڵێن مه‌سه‌له‌ى ئه‌خلاق، وه‌ به‌كارهێنانى ئه‌و چه‌كه‌ بۆ ناوزڕاندنى ژن سوكترین چه‌كه‌". 

هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌ر شادى په‌رده‌ى له‌سه‌ر راستى دۆخێكى دژوار بۆ كارى سیاسی ژنان لابرد، به‌ڵام ئه‌و دۆخه‌ پێده‌چێت لاى گروپه‌ نوێیه‌كان كه‌ ناسنامه‌یان روون نییه‌و له‌پڕ دروست ده‌بن و خامۆش ده‌بن بۆ ئه‌و ژنانه‌ دژوارتر و قورستربێت، رووداوه‌ سیاسییه‌كان لاى ئه‌و هێزانه‌ به‌خێرایى دێن و ده‌ڕۆن و ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستاڕى ئه‌و هاتن و چوونانه‌دا ده‌هاڕدرێت كه‌سایه‌تى ئه‌و ژنه‌ سیاسییانه‌ن كه‌ خه‌ونى سیاسییان هه‌یه‌ و له‌و هێزانه‌دا كارى سیاسى ده‌كه‌ن .