ڕاپۆرتی کوردستانی

06:21 - 24/04/2019

پێگەی ئۆپۆزسیۆن لاوازترە لە ساڵانی بەر لە ٢٠٠٩‌

پەیسەر

هەرچەندە کابینەی نۆیەم هێشتا لە دایک نەبووە و پرۆسەی لە دایکبوونەکەی لە حەوت مانگی رابردوودا بە ژانێکی قورسدا تێپەڕبووە، بەڵام بەپێی هەندێک لە پێشهاتەکان ئەم کابینەیە کە بڕیارە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی بکات، کابینەیەکە لە سەرەتاوە شانس ڕووی تێکردووە، هەربۆیە رەنگە گونجاوبێت ئەگەر بڵێن مەسرور بارزانی لە یەکەم ئەزمونی حکومڕانیدا کەسێکی بە شانسە و مەسرورە.

 

رەنگە یەکەم و گەورەترین ئامانجی مەسرور بارزانی لە کابینەی داهاتوودا ئەوەبێت کە جۆرێک حکومەتەکە بەڕێوە ببات کە بە لایەنی کەمەوە لە ناو لایەنگرانی پارتیدا نێچیرڤان بارزانی تێپەڕێنێت و لە دەرەوەی پارتیشدا بیسەلمێنێت کە توانای بەڕێوەبردنی حکومەتی هەیە و ئەو بۆچوونە لەناو رای گشتیدا لەسەر خۆی بسڕێتەوە کە دەڵێن " مەسرور بارزانی کەسێکی توندڕەو و ئەمنییە و توانای هەڵکردنی لەگەڵ ئەو کەسانە نییە کە وەکخۆی بیر ناکەنەوە".

ئەوەی کە توانای بەڕێوەبردنی حکومەتی هەیە یان نا ئەوە لە داهاتوودا دەردەکەوێت، بەڵام دەرفەتێکی ئاڵتونی بۆ هەڵکەوتووە ئەگەر بێتو بتوانێت ئەو دەرفەتانە بقۆزێتەوە.

شانسەکان
یەکەم شانسی مەسرور بارزانی ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠١١وە تا ئێستا هەرگیز پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا وەک ئێستا باش نەبووە، لە بەغدا کەسێک سەرۆکوەزیرە کە میانڕەوە و حکومەتی هەرێم دەتوانێت هیوای لەسەر هەڵبچنێت کە بەشێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکات، جگە لەوەش دوای چوار ساڵ بەغدا رازی بووە موچە بنێرێت کە لە چوار ساڵی رابردوودا قەیرانی دارایی و بێ موچەیی گەورەترین هەڕەشە بوو لەسەر حکومەتی هەرێم، بە دەیان خۆپیشاندان و مانگرتن بەڕێوەچوو، بەڵام کابینەکەی مەسرور بارزانی وادیارە ئەم کێشەیەی نابێت کە خەڵک لەبەر بێ موچەیی خۆپیشاندان بکەن و فەرمانبەران مان بگرن.

شانسێکی دیکەی مەسرور بارزانی ئەوەیە کە بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حکومەت دەکات و ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی نابێت کە کێشەی گەورە بۆ حکومەتەکەی دروست بکات، لەو کاتەوە کە گۆڕان دروست بووە تا ئەم قۆناغە سەرکردایەتی بەرەی ناڕازی کردووە، بەڵام ئێستا ئەم دەنگە ناڕازییە بەهێزە بڕیاری داوە بەشداری لە حکومەتدا بکات، هەربۆیە ئەگەر بێتو مەسرور بارزانی و پارتی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ گۆڕان بۆ چاکسازی جێبەجێ بکەن ئەوا تا رادەیەکی زۆر گەرەنتی ئەوە دەکرێت کابینەی نۆیەم رووبەڕووی سەرهەڵدان و ناڕەزایی شەقام نەبێتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە پێگەی ئۆپۆزسیۆن بەبێ گۆڕان زۆر لاوازە هەرچەندە سەرووی ٢٠ کورسی لە پەرلەمان ئۆپۆزسیۆنن بەڵام ئەم ئۆپۆزسیۆنە کێشەی قوڵی هەیە و تەنانەت دەتوانین بڵێن پێگەی ئۆپۆزسیۆن لاوازترە لە ساڵانی بەر لە ٢٠٠٩ کە ئۆپۆزسیۆنێکی جدی لە پەرلەمان نەبوو.

نەوەی نوێ کە بە ژمارەی کورسی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنە هەر لە سەرەتاوە بووە بە دوو بەشەوە، تەقینەوەی ناکۆکییەکانی ناو نەوەی نوێ لە چەند رۆژی رابردوودا کە پەلی کێشا بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانی حیزبەکە سەرۆکی حیزبەکەیان بە باند و مافیا ناوببەن و بڵێن هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی فیلمی رووتی لێکردووین، تەواو ئەو کەسانەی بێهیوا کرد کە پێیانوابوو نەوەی نوێ دەتوانێت رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێکی ئازا و بوێر ببینێت، تەنانەت لەوەش زیاتر ئەم رووداوانە پێگەی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی لاوازکرد و شکۆی ئۆپۆزسیۆنی شکاند، لەوانەیە لەمەودوا خەڵک بە ئاسانی بڕوا بەو پەرلەمانتارانەی ئۆپۆزسیۆن نەکەن کاتێک دەنگی ناڕەزایی بەرز دەکەنەوە.

کۆمەڵی ئیسلامیش وەک دووەم هێزی ئۆپۆزسیۆن لە دۆخێکی باشدا نییە و کێشەی ناوخۆییان هەیە، لە چەند رۆژی رابردوودا کۆمەڵێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و کادیرانی ئەو حیزبە لە ئەندامێتی حیزبەکە کشانەوە، جگە لەوە کۆمەڵی ئیسلامی زیاتر لە شەش مانگ چاوەڕوانی دەستپێشخەرییەکی پارتی بوو بۆ ئەوەی لە حکومەتدا بەشداری بکات، لێدوانەکەی عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵ کە لە وەڵامی فازڵ میرانیدا بە کەناڵی رووداوی راگەیاند " هیوادارین پارتی سڵاوێکی گەرممان لێ بکات بۆ ئەوەی ئێمەش وەڵامێکی گەرمیان بدەینەوە" دەربڕی حەزی زۆری کۆمەڵ بوو بۆ بەشداری لە حکومەت، ئەم لێدوانەی عەلی باپیریش کاریگەری خراپی هەبوو لەسەر پێگەی ئۆپۆزسیۆنی داهاتوو.

یەکگرتووی ئیسلامیش کە لەماوەی دە ساڵدا پێگەی لە هێزی سێیەمی هەرێمەوە لاوازبووە بۆ هێزی سێیەمی ئۆپۆزسیۆن هەرچەندە لەوانەیە بتوانێت پێگەی خۆی بەهێزتر بکاتەوە بەڵام بەپێی سرووشتی میانڕەوانەی یەکگرتوو تەنانەت ئەگەر ئەم حیزبە پێگەی دوو ئەوەندەی ئێستاش بەهێزتر بێت ئەوا دیسانەکە نابێتە سەر ئێشەیەکی گەورە بۆ حکومەتی داهاتوو.

هەرچەندە کابینەکەی مەسرور بارزانی ئەم دەرفەتانەی لەبەردەمدایە کە ئاماژەیان پێدرا و لەم ڕووەشەوە کابینەیەکی بەختەوەر و بە شانسە بەڵام لەبەردەم کۆمەڵێک هەڕەشەشدایە کە ئەگەر بێتو بە وردی مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت لەوانەیە تووشی کێشەی جدی بێت.

بەشێک لەو هەڕەشانە بریتین لە:
هەڕەشەی یەکەم: مەترسی هەڵوەشانەوەی رێککەوتنەکانی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی، پارتی لە دانووستانەکانی لەگەڵ گۆڕان زۆر بە گەرمی هاتەپێشەوە و زووش رێککەوتن، بەڵام بەشداری گۆڕان مەرجدارە لە حکومەت، مەرجەکەشی چاکسازییە و ماوەی ١٠٠ رۆژی داناوە، ئەگەر لەو ١٠٠ رۆژەدا کابینەکەی مەسرور بارزانی نەتوانێت بایی ئەوەندە چاکسازی بکات کە دڵی گۆڕان و جەماوەرەکەی رازی بکات، ئەوا ئەگەری کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت بەهێز دەبێت لەو حاڵەتەشدا قورسایی بۆ ئۆپۆزسیۆن دەگەڕێتەوە.

سەبارەت بە یەکێتیش، پارتی و یەکێتی زنجیرە دانووستانێکی زۆر قورسیان ئەنجامدا، یەکێتی ئەمجارەیان دەیەوێت بە شێوەیەک لە حکومەت بەشداربێت کە رۆڵ و قورسایی دەربکەوێت، ئەگەر بێتو رۆڵی یەکێتی پەراوێزخراوبێت ئەوا هیچ گەرەنتی ئەوە نییە یەکێتی لە رێککەوتنەکە بکشێتەوە، هەربۆیە پارتی و مەسرور بارزانی دەبێت بتوانن لەلایەکەوە جدی بن لە ئەنجامدانی چاکسازی و لەلایەکی دیکەوە دوو جۆر هاوسەنگی رابگرن هاوسەنگی لەنێوان یەکێتی و گۆڕان  و هاوسەنگی لەنێوان یەکێتی _ گۆڕان و پارتی.

هەڕەشەی دووەم: هەڕەشەی هەرێمایەتییە کە ئەم هەڕەشەیە بۆسەر کۆی کیانی هەرێمی کوردستانە، لەئێستادا کە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا قوڵ بووەتەوە و عێراق و هەرێمیش ناوەندێکی گرنگی ململانێی ئەو دوو وڵاتە، هەربۆیە ئەرکێکی قورس لەبەردەم حکومەتی داهاتوودایە کە بتوانێت بە جۆرێک رەفتار بکات کە بە ئاگری ئەم ململانێیەوە نەسووتێت، داڕشتنی سیاسەتێکی یەکگرتوو بەرامبەر بە هەڕەشە هەرێمایەتییەکان ئەرکێکی سەرەکی حکومەتی داهاتوویە کە پارتی زۆرترین پشکی تێداهەیە، پارتی دەبێت لەم چەند ساڵەدا بە جۆرێک رەفتار بکات کە متمانەی تەواو لەنێوان هەر سێ لایەنەکەدا دروست بێت بۆ ئەوەی بە سیاسەتێکی یەکگرتووانەوە رووبەڕووی هەڕەشەکان ببنەوە، چونکە جیا لەوە دەرفەتی دەستێوەردانی دەرەکی لەناوخۆی هەرێم زیاتر دەبێت و بەمەش کابینەی داهاتوو دەکەوێتەوە مەترسییەوە.