ڕاپۆرتی کوردستانی

04:24 - 24/04/2019

حه‌وت ساڵه‌ به‌ردى بناغه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى دهۆك نه‌بووه‌ به‌ دیوار‌

پەیسەر

حه‌وت ساڵه‌ به‌ردى بناغه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى دهۆك دانراوه‌، به‌ڵام به‌رده‌كه‌ هه‌ر نه‌بووه‌ دیوار و پڕۆژه‌كه‌ سه‌دا حه‌وتى ته‌واوكراوه‌و راگیرا، دهۆكییه‌كان ساڵانێكى زۆره‌ چاوه‌ڕێن ده‌رگایه‌كى ئاسمانى به‌رووى شاره‌كه‌یاندا بكرێته‌وه‌، كه‌مته‌رخه‌مى حكومه‌ت هاوڵاتیانى ئه‌و شاره‌ى بێهیواكرد به‌م زووانه‌ ببنه‌ خاوه‌نى فرۆكه‌خانه‌.

له‌ مانگى ١١ی ساڵی ٢٠١٢ له‌ گوندی سمائیل ئاڤاى سەر بە قەزای سێمێل لە پارێزگای دھۆک، به‌ردى بناغه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى دهۆك دانرا، بڕیاربوو ٢٠١٥ فڕۆكه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ بنیشێته‌وه‌ و گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانى ده‌ستپێبكات، پڕۆژه‌كه‌ به‌ گوژمه‌ى ٤٥٠ ملیۆن دۆلار ده‌ستیپێكرد و رووبه‌ره‌كه‌ى ١٨ هەزار مەتر دووجایە، حكومه‌ت ده‌ڵێـت، هۆكارى راوه‌ستانه‌كه‌ى قه‌یرانى دارییه‌ ئه‌گه‌رچى هه‌رێمى كوردستان ساڵى ٢٠١٤ كه‌وته‌ قه‌یرانى داراییه‌وه‌، واته‌ ساڵێك پێش ئه‌و واده‌یه‌ى كه‌ بڕیاربوو فڕۆكه‌خانه‌كه‌ تێیدا ته‌واو بكرێت.

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ساڵى رابردوو له‌ وه‌ڵامى گه‌نجێكدا كه‌ له‌رێگه‌ى گرته‌یه‌كى ڤیدیۆییه‌وه‌ داواى روونكردنه‌وه‌ى لێكردبوو له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى فرۆكه‌خانه‌كه‌، بارزانى گوتى"فڕۆکەخانەی دھۆک وەک ھەموو  پڕۆژەکانی دیكه‌، دوای ئەو قەیرانە داراییەی سەر بە ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، بە داخەوە ئەو پڕۆژەیەش وەستاوە، ئێمە راده‌ستى کۆمپانیایه‌كمان کردووە بۆ جێبەجێکردنی و پلانیش ھەیە ، و کەمێک کاریشى لەسەر پڕۆژە کردووە".به‌ڵام سه‌رۆكى حكومه‌ت روونینه‌كرده‌وه‌ كه‌ بۆچى دووساڵى ده‌ستپێكى پرۆژه‌كه‌دا كار نه‌كراو به‌شێكى زۆر كه‌مى تێدا جێبه‌جێكراوه‌، نه‌شى گوت چه‌ندى جێبه‌جێكراوه‌و ئه‌وه‌ى كه‌ماوه‌ كه‌ى جێبه‌جێده‌كرێت له‌ بوودجه‌ى پێویست چه‌ندى بۆ ته‌رخانكراوه‌و چه‌ندى ماوه‌ بۆى ته‌رخانبكرێت، ئه‌و زانیارییانه‌ تا ئێستا به‌رده‌ست نین. به‌ڵام گوتى، پرۆژه‌كه‌یان له‌بیرنه‌كردووه‌و دواى قه‌یرانى دارایى ده‌ستده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ته‌واوكردنى.

عیماد شوکر ئەندامی ئه‌نجومه‌نى پارێزگای دھۆک بۆ پەیسەر دەڵێت، هۆكارى سه‌ره‌كى راوه‌ستانى پرۆژه‌كه‌ كه‌مته‌رخه‌مى ئیداره‌ى پارێزگاكه‌یه‌، كۆمپانیاكه‌ سه‌دا حه‌وت بۆ سه‌دا ١٠ی پرۆژه‌كه‌ى ته‌واوكردووه‌"به‌ڵام ئیداره‌ى دهۆك كه‌مته‌رخه‌مه‌ کاری ئێمە تەنیا بەدواداچوون و چاودێریکردنە، زۆرجار بەرێگەی نوسراو و راگەیاندن داوامان لە حکومەت کردووە کە جارێکی تر دەست بە پڕۆژەکە بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستاش کاری لەسەر ناکرێت". 

ئیدارەی ئێستای پارێزگای دھۆک، خۆى بێ به‌ریده‌كات له‌ پرۆژه‌كه‌و له‌ ئه‌ستۆگرتنى كێشه‌كانى، ده‌ڵێت وه‌زاره‌تى پلاندانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌رپه‌رشتى ده‌كات و په‌یوه‌ندى به‌وانه‌وه‌ نییه‌، بناغه‌كه‌شى له‌سه‌رده‌مى پارێزگارى پێشووى دهۆك دانراوه‌و هى سه‌رده‌مى ئه‌وان نییه‌.

ھەژار محه‌مه‌د بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای دھۆک بۆ پەیسەرپرێس گوتى" جێبەجێکردنی پڕۆژەی فڕۆکەخانە لەسەردەمی ئیدارەی ئێستای پارێزگادا نەبووە و ئەم پڕۆژەیه‌ ئێستا تەنیا لەلایەن وەزارەتی پلاندانانه‌وه‌ بەرێوەدەبرێت".له‌ نیسانى ٢٠١٥ بڕیارى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ درا كه‌ زه‌وییان به‌ر پرۆژه‌كه‌ كه‌وتووه‌و بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێكرا.

ته‌واوكردنى پرۆژه‌كه‌ بۆ دهۆكییه‌كان گرنگى تایبه‌تى هه‌یه‌، جموجوڵى ئابورى و كار له‌ شاره‌كه‌ زیاتر ده‌كات و ده‌رفه‌تى كار له‌ شاره‌كه‌ زیاتر ده‌ره‌خسێنێت، رەنج محه‌مه‌د پرۆفیسۆر لە بواری ئابوری و مامۆستای زانکۆ بۆ پەیسەر گوتى"فڕۆکەخانە بۆ پارێزگای دھۆک زۆر گرنگە چونکە ناوچەیەکی سەر سنورییە و دەبوایە زوتر ئەم پرۆژە جێبەجێبکرایه‌ کۆتایی ھاتبا، پارێزگای دھۆک خاوەنى ژێرخانێکی ئابوری باش ده‌بوو".

ئه‌و ئابوریناسه‌ گوتیشى، فڕۆکەخانە جموجوڵی بازاڕ و بازرگانی و گەشتوگوزاری و تەندورستی زیاد دەکات، ھاوکات کەلوپەل و شمەکی ناوخۆیی بەشێوەیەکی زیاتر رەوانەی دەرەوە دەکەن و کەلوپەل و شمەکی دەرەوەش ھاوردە دەکرێت، ئەمە دەبێتە ھۆکاری ھەرزانی کەلوپەلەکان لەناو بازاڕ. 

وه‌رزشكارانیش له‌ دهۆك چاویان له‌وه‌یه‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ جوڵه‌ى زیاتر بخاته‌ وه‌رزشى شاره‌كه‌وه‌ و خه‌ڵكى زیاتر رووبكاته‌ خول و چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كان و یارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دهۆك ئاوه‌دان بكاته‌وه‌، سەردار رەشید شارەزای وەرزش و مامۆستای زانکۆ بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى" یەکێک له‌ مه‌رجه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى یارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ فڕۆكه‌خانه‌ى لێبێت، ئەگەر فڕۆکەخانەی دھۆک ته‌واوبێت، لەپارێزگای دھۆک دەتوانێت یارییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامبدرێت".

فڕوکەخانەی دھۆک سێییەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتییه‌ كه‌ لە ھەرێمی کوردستان دروست بكرێت دواى فڕۆکەخانەكانى ھەولێر و سلێمانی، دھۆک پارێزگایه‌کی ستراتیژییە له‌رووى جموجوڵى ئابورییه‌وه‌و دەکەوێتە سەر سنوری تورکیا و سوریا، ژمارەی دانیشتوانى زیاتره‌ له‌ ملیۆنێك.