09:43 - 24/04/2019
عێراقو هەرێم بوونەتە جێگەی ساغكردنەوەی پارچەی ئۆتۆمبیلی بەكارهاتووی ئەوروپی
بەپێی راپۆرتێك، عێراقو هەرێمی كوردستان بوونەتە شوێنێكی باش بۆ ساغكردنەوەی بۆ پارچەی ئۆتۆمبیلی بەكارهاتووی ئەوروپی.
ئەو دیاردەیە بەشێوەیەكە، ئەو ئۆتۆمبیلو پارچەی ئۆتۆمبیلانەی لەئەوروپا بەهۆی رووداوەكانەوە رەشكراونەتەوەو بەكارهێنانیان قەدەغەیە، لەعێراقو هەرێمی كوردستان بەكاردەهێننەوەو لێرە خەڵكی تر دەكەن بەقوربانی.
راپۆرتەكە كەناڵی "دۆیچە فیلە"ی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوەو لەزاری یەكێك، كە بارزگانی بەئۆتۆمبیلو چارچەكانی دەكات گواستوویەتییەوە، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لەوڵاتانی رۆژئاوا، كە تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبن، خۆیانو پارچەكانیان دەهێنرێنە عێراقو هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنرێنەوە.
ئەو كەسە خەڵكی شاری هەولێرەو لەراپۆرتەكە بە "بەكر" ناوی هاتووەو باسی لەوەش كردووە، عێراقو هەرێمی كوردستان بوونەتە ناوەندێكی باش بۆ بازرگانی بەو ئۆتۆمبیلو پارچەكانیان، بەشێوەیەك تەنیا لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 200 بازرگان لەو رێگەیەوە دەوڵەمەند بوون.
هەروەها ئاماژەی بەو قازانجە زۆرەش كردووە، كە لەو رێگەیەوە دەست بازرگانەكانی عێراقو هەرێم دەكەوێت، ئاشكراشیكردووە، لەسەر سنوورەكان هیچ چاودێرییەكی كوالێتی نییەو گومرگەكانیش تەنیا لەوە دەكۆڵنەوە، كە ئەو ئۆتۆمبیلانە قاچاغن، یان بەشێوەی بازرگانی هاتوون.
بەپێی كەناڵەكە، ئۆتۆمبیلو پارچەكان لەدوو ڕێگاوە دێنە ناو عێراقو هەرێم، یەكێكیان دوبەیە، ئەوی تریش بەندەر عەباسی ئێران، بەشێكی تریش لەرێگەی توركیاوە دێنە هەرێمی كوردستان و دواتر بۆ خوارووی عێراق
هەر بەپێی راپۆرتەكە ساڵانە بە بڕی ٤ ملیار دۆلار بازرگانی بەو ئۆتۆمبیلانەوە لەعێراقو هەرێمی كوردستان دەكرێتو هەولێریش ناوەندی بازرانەی شارەكانی بەغداو موسڵو بەسرەو شوێنەكانی تری عێراق دەكرێت.