06:46 - 22/04/2019
یادی ١٢١ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی پیرۆز بێت
ئەو کاتەی میقداد مەدحەت بەدرخان لە قاهیرەوە بەردی بناغەی یەکەمین رۆژنامەی کوردی دانا، ئامانجی یەکەمی رۆشنگەری بوو، دەیویست لەڕێی رۆژنامە و میدیاوە کۆمەڵگای کوردستان و خەڵکی کورد سەبارەت بە مافەکانیان وشیار بکاتەوە، دەیەویست لەڕێی رۆژنامەوە خەڵکی کورد شارەزای گۆڕانکارییەکانی جیهان بن و لە کاروانی پێشکەوتن جێ نەمێنن، دەیویست زمانی کوردی لە نەمان و سڕینەوە رزگار بکات، دەیویست هەست و شعور و تێگەیشتنی نیشتمانی و نەتەوەیی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا دروست بکات و لە بەرامبەریشدا ئینتیما بۆ خێڵ و ناوچە و شار لاواز بکات.
بە داخەوە دوای تێپەڕبوونی ١٢١ ساڵ هەرچەندە میدیای کوردی لە سایەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە لەڕووی تەکنیکییەوە هەندێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا خەونەکانی میقداد مەدحەت بەدرخان و گەورەپیاوانی وەک حسێن حوزنی موکریانی و پیرەمێرد و عەبدولڕەحمان زەبیحی و ئیبراهیم ئەحمەد و دەیان گەورە پیاوی دیکەی بواری رۆژنامەگەری بەدی نەهاتووە و خەونی رۆژنامەنووسە خەمخۆرەکانی ئێستای کورد هەمان خەونی میقداد مەدحەت بەدرخانە و ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی هێشتا لە هەنگاوی یەکەمداین.
ئەگەر لە ڕووی چەندایەتی و لەڕووی تەکنیکییەوە میدیای کوردی هەندێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە شانازییەکەی ناگەڕێتەوە بۆ رۆژنامەنووسی کوردی بەڵکو شانازییەکەی بۆ داهێنانەکانی وڵاتانی دیکە دەگەڕێتەوە کە ئێمەش لێی بەهرەمەند بووین، ئەوەی ئێمەی رۆژنامەنووسی کورد دەبوایە شانازی پێوە بکەین دەستکەوتەکانمان بوو کە بێ گومان دەستکەوتەکانمان بەراورد بە دەستکەوتی رۆژنامەنووسی گەلانی دیکە زۆر کەمە و ئێمە هێشتا لە هەندێک بەها و پرەنسیپی زۆر سادەی رۆژنامەگەریدا گیرمان کردووە.
ئەگەر رۆژنامەگەری کوردی توانیوویەتی لە چەند قۆناغێکدا لەسەر دەستی گەورەپیاوانێکدا خزمەتی گەورە بە پێشخستنی زمانی کوردی بکات، ئەوا بە بۆچوونی هەندێک لە شارەزایانی زمانی کوردی لەم قۆناغەدا میدیا بەهۆی خەمساردی و کەمتەرخەمی بەرامبەر پرسی زمان زیانیشی بە زمانی کوردی گەیاندووە.
لە رابردوودا رۆژنامەنووس و میدیا رۆڵیان هەبووە لە گەرمکردنی ئاگری شەڕە ناوخۆییەکان و لەم ساڵانەی دوایشدا رۆڵیان هەبووە لە بڵاوکردنەوەی رق و نەفرەت لە کۆمەڵگای کوردستان تا ئەو ئاستەی کە بە داخەوە ئاشتی کۆمەڵایەتیش کەوتووە مەترسییەوە، هەستی شارچێتی و ناوچێتی پەرەی سەندووە، دەستێوەردانی حیزبەکان و ئەوەیکە هەر حیزبێک و هەر کەسێکی ناو حیزب خۆی بووەتە خاوەنی میدیای خۆی دۆخەکەی وەها شێواندووە کە بەها و ئیتیک و پرەنسیپەکانی کاری رۆژنامەگەری لەناو میدیای کوریدا بە رادەیەک کاڵ بووەتەوە سنوورێک نەماوە لەنێوان کەسێکی جنێوفرۆش و رۆژنامەنووسێکی راستەقینە.
لەم ساڵانەی دواییدا بۆ هەموو لایەک ئاشکرابوو کە ئەگەر خەمێکی جدی لە دۆخی میدیا و رۆژنامەگەری کوردی نەخۆین، ئەوا میدیای کوردی نەک خزمەت بە هاوڵاتی و بەها نیشتمانییەکان ناکات بەڵکو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیش دەخاتە مەترسییەوە، کاتێک شەڕی داعش بوو کەناڵەکانی راگەیاندن بەبێ بیرکردنەوە لە ئاکامە مەترسیدارەکان و تەنیا لەپێناو کۆکردنەوەی بینەردا راستەوخۆ بەرەکانی شەڕیان دەگواستەوە و کەموکوڕی و خاڵە لاوازەکانی پێشمەرگەیان بۆ لایەنی بەرامبەر ئاشکرا دەکرد، میدیای کوردی بەبێ بوونی هیچ ستراتیژێکی ڕوون بووەتە مینبەرێک بۆ بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا، کەناڵەکان بەبێ بیرکردنەوەی لە دەرەنجامە مەترسیدارەکان و تەنیا لەپێناو کۆکردنەوەی بینەردا دەرفەت دەدەنە کەسانێک کە هەڵگری بیری توندڕەوین و دژی پێکەوژیانی ئاشتیانەی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستانن.
بە ئاشکرا رۆژانە دەبینرێت کە چۆن میدیا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ریکلام بۆ کلتوری بێگانە دەکەن، ریکلام بۆ سەرکردەی ئەو وڵاتانە دەکەن کە دژی کورد قسە دەکەن، هەموو ئەمانەش بە پاساوی گواستنەوەی بێ لایەنانەی زانیارییەکان دەکرێن.
رۆژانە هەندێک هەواڵ و راپۆرت لە میدکانەوە بڵاودەکرێتەوە کە بێ متمانەیی بەرامبەر هەندێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دروست دەکات، بۆ نمونە هەڵەی پزیشکێک بە شێوەیەک گەورە دەکرێتەوە کە خەڵک متمانەیان بە هەموو پزیشکانی کوردستان لاوازبێت.
زۆربەی کەناڵ و میدیاکانی ئێستا بەهۆی ئەوەی سەر حیزبەکانن یان هەندێک کەسایەتی ناو حیزبەکانن، بە داخەوە ئامادەن لەپێناوی بەرژەوەندی تەسکی حیزبێک یان کەسێکی ناو حیزبێک بە ئەندازەیەک رق و نەفرەت و ڕەشبینی و بێهیوایی بڵاوبکەنەوە کە ریزەکانی گەلی کورد ئەوەندەی دیکە پەرتەوازە بکەن.
هۆکاری هەموو ئەم کەموکوڕییە گەورەیەی لەناو میدیای کوردیدا هەیە لە قۆناغی یەکەمدا دەکەوێتە ئەستۆی حیزبەکان و سەرکردەکانیان، چونکە لە کوردستان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەوانن بڕیاردەری سەرەکین لە هەموو شتێکدا، لە قۆناغی دووەمدا دەکەوێتە سەر حکومەت و پەرلەمان و لە قۆناغی سێیەمیشدا دەکەوێتە سەر خودی رۆژنامەنووسان و میدیاکان.
لە سۆنگەی خەمخۆریمانەوە لەم رۆژەدا رووی قسەمان دەکەینە هەموو بەڕێزان حیزبەکان و حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری، ئاکادیمیای کوردی و هەموو میدیا و میدیاکاران کە هەرچەندە تا رادەیەکی زۆریش بێهیواین لەوەی هیچ لایەنێکیان بە دەم داواکەمانەوە بێن، بەڵام بەو حاڵەشەوە ڕووی قسەمان دەکەینە هەموویان و دەڵێین:
کاتی ئەوە هاتووە هەموو ئەم لایەنانە بە خەمخۆرییەوە هەوڵ بدەن کۆنفڕاسێک ببەسترێت و تیایدا پلان و ڕێوشوێن دابنرێت بۆ دروستکردنی میدیایەکی نیشتمانی کە متمانەپێکراوی خەڵک بێت، لەڕێی ئەو میدیایەوە بەبێ ئەوەیکە سنوورەکانی ئازادی کاری رۆژنامەوانی بەرتەسک بکرێتەوە هەموو ئەو ڕێوشوێن و هێڵی سورانە دیاری بکرێن کە نابێت میدیا پێشێلیان بکات و ببێتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی.
پێویستە هەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە کۆنفڕانسێک ببەستن و تیایدا بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت یان میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی چۆن پرسی زمان لەڕێی میدیاوە پێش بخرێت؟ چی بکرێت کە هەموو میدیاکان بکەونە خزمەت پشخستنی زمانی کوردییەوە نەک تێکدان و لاوازکردنی و چۆن ناوەندێکی هاوبەشی زمان دروست بکرێت کە ناوبەناو ڕێنمایی بداتە هەموو میدیاکان کە لەبەکارهێنانی هەندێک وشە خۆببوێرن یان هەندێک وشە بەکاربهێنن.
پێویستە حکومەت و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆببنەوە بۆ ئەوەی ڕێوشوێن و میکانیزیمی گونجاو دیاری بکرێت کە چۆن دەبێت حکومەت بەرپرسیار بکرێت لە پاراستنی گیان و ئازادی رۆژنامەنووسان و لە بەرامبەریشدا چۆن رۆژنامەنووسانیش پیشەییانە مامەڵە بکەن و دوور بکەونەوە لە تەشهیر و ناوزڕاندن.
ئەگەر ئێمە ڕەخنە لە خۆمان و کاری میدیایی دەگرین، سەد ئەوەندەش رەخنەمان لە حکومەت و حیزبەکان و ئەو بەرپرسانە هەیە کە بەبێ حیسابکردن بۆ یاسا لە بیانوویەک دەگەڕێن بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی کاری رۆژنامەنووسی، هێشتا بەرپرسانێک لەم وڵاتەدا هەن کە ئامادەن بە رۆژنامەنووس بدەنە بەر شەق و حیزبەکانیشیان پشتیان دەگرن بۆ ئەوەی نەبرێنە بەردەم یاسا، بکوژی رۆژنامەنووسان سزا نادرێن، رۆژنامەنووس هیچ گەرەنتییەکی نییە کە ساڵێکی دیکە کارەکەی خۆی لە دەست نەدات، ئەمانە و دەیان کێشەی دیکە کە دەسەڵات لێی بەرپرسیارە.
بەڵام دوا قسە ئەوەیە پەیوەندییەکی تەندروست لەنێوان رۆژنامەنووس و دەسەڵات لە بەرژەوەندی هەر دوو لادایە، دەسەڵات بە پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان و رۆژنامەنووسانیش بە پیشەیی بوون و دوورکەوتنەوە لە تەشهیر و ناوزڕاندن.