ڕاپۆرتی کوردستانی

03:50 - 22/04/2019

تاوانه‌ ترسناكه‌كان فشار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى سێداره‌ زیاتر ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

جارێكى دیكه‌ تاوانى ترسناك مشتومڕى بۆ جێبه‌جێكردنى سزاى له‌ سێداره‌دان له‌ هه‌رێمى كوردستان دروستكرده‌وه‌، كه‌سوكارى ئه‌و دووكه‌سه‌ى به‌ ده‌ستى بانده‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌ى سلێمانى كوژران، ده‌ڵین دادپه‌روه‌رییان دەوێت و مه‌رگ بۆ بكوژه‌كان داوادەکەن، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ڵمه‌تیان ده‌ستپێكردووه‌ تا خه‌ڵك به‌ واژۆ پشتیوانى ئه‌و داوایایه‌یان بێت.

سزاى له‌ سێداره‌دان له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 2008 ه‌وه‌ جێبه‌جێكردنى راگیراوه‌، ناوبه‌ناو كاتێك تاوانێكى گه‌وره‌ خه‌ڵكى راده‌چڵه‌كێنێت، ده‌نگ و داواكارى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى سزاى له‌ سێداره‌كان به‌رزده‌بێته‌وه‌، لاى یاساناسان ئه‌م بابه‌ته‌ مایه‌ى دوودڵى زۆره‌، چونكه‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ راگرتن و جێبه‌جێكردنیشى لێوردبوونه‌وه‌و ئاماده‌كارى زۆرى پێویسته‌ و له‌ هه‌رێمى كوردستان هیچ ئاماده‌كارییه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌، هه‌رچه‌ند راگرتنى سزاكه‌ بنه‌ماى یاسایى نییه‌ و هیچ پاڵپشتێكى یاسایى نییه‌ و به‌پێى یاسا ده‌بێت سزاكه‌ جێبه‌جێبكرێت، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌و كاره‌ى راگرتووه‌.

تاوانه‌كانى ئه‌م دواییه‌ و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى تاوان پرسیارى زۆرى دروستكردووه‌، كه‌ ئایا كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان پێویستى به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى سزاى له‌ سێداره‌دانه‌؟ ئایا بێ سزاى له‌ سێداره‌دان كۆمه‌ڵگه‌ پارێزراو ده‌بێت له‌ تاوان؟ ئایا له‌ سێداره‌دانى تاوانباران واده‌كات تاوانباران زۆرتر ده‌ست به‌ تاوان به‌رن؟ ئایا كۆمه‌ڵگه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سزاى له‌سێداره‌دان له‌سه‌ر تاوانباره‌كانى هه‌ڵبگیرێت؟ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى سزاى له‌ سێداره‌دان تاوان له‌ناو ده‌بات؟

به‌پێى یاساى سزادانى عێراقى ژماره‌ 111ى ساڵى 1969 كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستان كارى پێده‌كرێت، 49 تاوان سزاى له‌ سێداره‌دانیان هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌ 29 حاڵه‌تیان دادوه‌ر سه‌رپشكه‌ له‌نێوان سزاى له‌ سێداره‌دان و زیندانى هه‌تاهه‌تایى كامیان هه‌ڵده‌بژێرێت، له‌ 20 تاوانه‌كه‌ى دیكه‌ ته‌نها سزاى له‌ سێداره‌دان هه‌یه‌، دیاریترین ئه‌و تاوانانه‌ى كه‌ سزاكه‌یان له‌ سێداره‌دانه‌ بریتین له‌.

-كوشتنى به‌ ئه‌نقه‌ست
-تاوان دژى ئاسایشى ده‌وڵه‌ت
-ده‌سترێژى سێكسى
-كرده‌وه‌ى تیرۆرستى
-جاسوسى و خیانه‌تى گه‌وره‌
-رفاندن
-بازرگانى به‌ مادده‌ى هۆشبه‌ر
-دزى ئه‌گه‌ر به‌ زۆرلێكردن كرا

-چه‌ندین تاوان و حاڵه‌تى دیكه‌، ئه‌گه‌ر دۆخى توندكارییان له‌گه‌ڵ بێت سزاى له‌سێداره‌دانیان تێدایه‌، بۆ چه‌ند تاوانێك داواى جێبه‌جێكردنى سزاى له‌ سێداره‌دان كراوه‌، له‌ هه‌مان كاتیش فشارى نێوده‌وڵه‌تى و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى هه‌یه‌ بۆ لابردنى یه‌كجاره‌كى سزاكه‌.

له‌ دۆسیه‌ى كوشتنى مامۆستاى ئاینى هۆشیار ئیسماعیل له‌ هه‌ولێر دادگا سزاى له‌سێداره‌دانى بۆ تۆمه‌تباران ده‌ركرد، كه‌سوكاره‌كه‌ى چه‌ندین جار داواى جێبه‌جێكردنى سزاكه‌یان كرد و نه‌كرا، به‌ هه‌مان شێوه‌ كه‌سوكارى ئه‌و پاسه‌وانه‌ى مه‌ڵبه‌ندى كۆمه‌ڵ كه‌ له‌ مانگى نیسانى 2014 كوژرا دادگا سزاى له‌ سێداره‌دانى بۆ چوار كه‌س ده‌ركرد به‌ڵام سزاكه‌ جێبه‌جێنه‌كرا، له‌ دۆسیه‌ى گیان له‌ ده‌ستدانى فه‌ره‌یدون جوانرۆییش دادگا بڕیاری له‌ سێداره‌دانى بۆ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك ده‌ركرد، له‌م دۆسیه‌یه‌دا كه‌سوكارى تاوانباران ناره‌زاییان ده‌ربڕى و داوایانكرد سزاكه‌ جێبه‌جێنه‌كرێت، ساڵى 2016 مه‌سعود بارزانى واژۆ له‌سه‌ر له‌سێداره‌دانى بكوژی (مینا مێڤان محەممەد)ى تەمەن 18 مانگ كرد كه‌ له‌لایه‌ن خزمێكى خۆیه‌وه‌ پارچه‌ پارچه‌ كرابوو، ئێستا داواكارى و فشار هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تاوانبارانى بانده‌ تاوانكارییه‌كه‌ى سلێمانى كه‌ سه‌ره‌تایى ئه‌م مانگه‌ ده‌ستگیركران و دوو كه‌سیان كوشتووه‌و 40 تاوانیان كردووه‌ له‌ سێداره‌ بدرێن.

به‌پێى دوایین ریزبه‌ندى راپۆرتی ئەمینستی ئینتەرناشناڵ لەبارەی سزای لەسێدارەدان لە 2018 عێراق پێنجه‌م وڵاتى جیهانه‌ بۆ سزاى له‌ سێداره‌دان و له‌و ساڵه‌دا 52 كه‌سى له‌ سێداره‌داوه‌، له‌ جیهاندا نزیکەی 170 وڵات سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندووەتەوە، یاخود وەستاندویانه‌، له‌ هه‌رێمى كوردستان ناو به‌ناو فشار دروست ده‌كرێت بۆ كاراكردنه‌وه‌ى سزاكه‌، به‌پێى ئاماره‌كان نزیكه‌ى 300 كه‌س ئێستا بڕیارى له‌ سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌ له‌ سێداره‌دانیان راگیراوه‌ لە زیندانەکانی هەرێمن.

ئه‌وانه‌ى دژى له‌ سێداره‌دانن ده‌ڵێن، پێچه‌وانه‌ى پره‌نسیپه‌كانى مافى مرۆڤ و مرۆڤایه‌تییه‌ و ناكرێت ده‌وڵه‌ت هیچ كه‌سێك بكوژێت، ئه‌وانه‌شى لایه‌نگرى سزاكه‌ن ده‌ڵێن نه‌مانى له‌ سێداره‌دان تاوان زۆرتر و كۆمه‌ڵگه‌ش شڵه‌ژاوتر ده‌كات، هێمن عه‌بدوڵا مامۆستاى زانكۆو پسپۆڕى یاساى تاوانى پێى وایه‌، ده‌كرێت به‌ شێوه‌یه‌كى رێژه‌یى سزاكه‌ جێبه‌جێبكرێت، به‌ جۆرێك بۆ ئه‌وانه‌ى كه‌ بۆ تاوانى سیاسییان كردووه‌ سزاكه‌ نه‌مێنێت چونكه‌ تاوانى سیاسى بوونى نییه‌ و ترس هه‌یه‌ ئه‌م سزایه‌ وه‌ك هۆكارى سیاسى به‌كاربهرێندرێت، به‌ڵام بۆ تاوانه‌كانى دیكه‌ى دژ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ تاوانه‌ ناسیاسییه‌كان سزاى له‌ سێداره‌دان جێگره‌وه‌ى نییه‌.

ئه‌و پسپۆره‌ سه‌باره‌ت به‌ راگرتنى سزاى له‌ سێداره‌دان ده‌ڵێت، راگرتنه‌كه‌ بنه‌ماى یاسایى نییه‌ و ناكرێت هیچ ده‌ستكارییه‌كى سزابكرێت ته‌نها به‌ یاسا نه‌بێت"پێم وایه‌ راگرتنى سزاى له‌ سێداره‌دان سلبیاتى زیاتره‌ له‌ ئیجابیات یاسا ده‌بێت، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ تاوان تێیدا رێژه‌ى زۆره‌و رۆحى شه‌ڕانى له‌ تاوانبارانى ئێمه‌ زۆره‌و دیارده‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ تاوان زۆره‌، سزادان به‌رژه‌وه‌ندى گشتى كۆمه‌ڵگا ده‌یخوازێت".

بۆچوونى دیار له‌نێو یاساناسان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هاوسه‌نگى هه‌بێت له‌نێوان تاوان و ئه‌و سزایه‌ى بۆ تاوانبار ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ پره‌نسیپى یاساییه‌، واته‌ كاتێك تاوانبارێك كه‌سێك ده‌كوژێت، پارچه‌ پارچه‌ى ده‌كات یاخود كۆمه‌ڵێك كه‌س ده‌كوژێت، له‌ به‌رامبه‌ردا سزایه‌كى توندى پێویسته‌ هاوتاى تاوانه‌كه‌ى بێت، واته‌ چۆن سه‌یرى سزاكه‌ ده‌كرێت ئاواش سه‌یرى تاوان بكرێت و هه‌ردووكیان له‌به‌رچاوبگیرێت.

به‌پێى یاساى سزادانى عێراق چه‌ندین كرده‌وه‌ى زۆر كراوه‌ به‌ تاوان، كه‌ زۆرتر تاوانى سیاسین و به‌شێكیان بڕیارى ئه‌نجومه‌نى باڵاى شۆڕشن له‌ عێراق، ئه‌وه‌ش مه‌ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌هه‌ر سه‌رده‌مێكدا ده‌سه‌ڵات ئه‌و ماددانه‌ به‌كاربهێنێت و له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆی ته‌فسیرى بكات، وه‌ك تاوانه‌كانى دژ به‌ ئاسایش و سه‌روه‌رى وڵات.

به‌پێى ئه‌و مه‌رج و رێوشوێنانه‌ى بۆ سزادان دیاریكراوه‌، سزا ده‌بێت له‌ماوه‌یه‌كى كورت و به‌زوویى جێبه‌جێبكرێت ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى قۆناغى بڕیاردان له‌ سزا تا جێبه‌جێكردنى ماوه‌یه‌كى هه‌ستیاره‌ بۆ تاوانبار و دووچارى حاڵه‌تى ده‌رونى تایبه‌ت ده‌بێت بۆیه‌ ده‌بێت به‌ زوویى جێبه‌جێبكرێت، هێمن عه‌بدوڵا ده‌ڵێت"سزاى له‌ سێداره‌دان له‌ هه‌موو سزاكانى دیكه‌ كاریگه‌رتره‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى تاوان، ئه‌گه‌ر سزاكه‌ى نه‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ته‌شه‌نه‌ بسێنێت ئه‌مه‌ش مه‌ترسیداره‌".

بۆچوونى زاڵ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیدا ئێستا به‌ره‌و هه‌ڵگرتنى یه‌كجاره‌كه‌ى سزاكه‌یه‌و پێیان وایه‌ ئه‌و سزایه‌ له‌گه‌ڵ به‌هاو كه‌رامه‌تى مرۆڤانه‌ى مرۆڤ یه‌كناگرێته‌وه‌، به‌ڵام بۆچوونیش زۆرن كه‌ پێیان وایه‌ رۆحى تاوان به‌ سزاى مه‌رگ نه‌بێت راناگیرێت و كۆمه‌ڵگه‌ پارێزراو نابێت، له‌ ئێستادا سزاى له‌ سێداره‌دان له‌ یاساكانى وڵاتانى ئه‌وروپادا بوونى نییه‌، و له‌ په‌یماننامه‌ى بنه‌ڕه‌تى یه‌كێتییه‌كه‌دا داواى هه‌ڵگرتنى یه‌كجاره‌كى سزاكه‌كراوه‌، زۆربه‌ى بڕیاره‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاڕاسته‌یان به‌وه‌یه‌ وڵاتان هان به‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م سزایه‌ رابگرن.

به‌ڵام پێده‌چێت هه‌ڵگرتنى سزاكه‌ بێ رێوشوێن و ئاماده‌كارى زۆر ئه‌گه‌رى سه‌ركه‌وتنى كه‌م بێت، هیوا حسێن مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕى یاسایى پێى وایه‌ بارودۆخى كۆمه‌ڵگه‌ى هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌ڵگرتنى سزاى سێداره‌ له‌بارنییه‌، و هه‌ڵگرتنى یاخود جێبه‌جێكردنى ئاماده‌كارى زۆر زیاترى ده‌وێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێكى چاره‌نوسسازه‌و په‌یوه‌ندى به‌ ئاسایشى كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌و پسپۆره‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵگرتنى سزاكه‌ ده‌ڵێت"ئه‌گه‌ر بڕیارماندا ده‌بێت خه‌ڵك تێیدا به‌شداربێت و دیراسه‌ بكرێت ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك تاقیبكرێته‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى له‌ بار نییه‌ بۆ راگرتنى، كۆمه‌ڵێك تاوانبار تاوان تێكه‌ڵى خوێنیان بووه‌، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌و سزایه‌ نه‌هێڵین ده‌بێت جۆرێك له‌ سه‌روه‌رى یاسا و ئاشته‌وایى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌راهه‌م بكرێت له‌ كۆمه‌ڵگا، راگرتنى ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی پره‌نسیپى سه‌روه‌رى یاسادا بێت، یاخود بۆ هەمووی رابگیرێت یاخود بۆ هه‌مووى جێبه‌جێبكرێت".

به‌پێى ئه‌و هه‌موو نا ئاماده‌كارییه‌ى له‌لایه‌ن حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یه‌، پێده‌چێت هه‌ڵگرتنى سزاكه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ى ئێستا زیانى زۆرى هه‌بن، به‌ڵام جێبه‌جێكردنیشی به‌بێ رێكخستنه‌وه‌و نوێكردنه‌وه‌ى رێوشوێنه‌ یاساییه‌كان و هه‌مواركردنه‌وه‌ى مادده‌ یاساییه‌كان بێ مه‌ترسى نییه‌، له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا توێژینه‌وه‌و تاقیكردنه‌وه‌ى پێویسته‌ به‌ جۆرێك كه‌ به‌ پرۆسه‌یه‌كى ورد ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام راگرتنه‌كه‌ى ئێستاشى یاسایى نییه‌، پێده‌چێت جێبه‌جێكردنى له‌ هه‌ندێك بارودۆخدا پێویستى بێت و ده‌ستپێكردنه‌وه‌شى به‌ فراوانى دیسانه‌وه‌ بێ گرفت نابێت، نه‌كۆمه‌ڵگا به‌ ته‌واوى ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌ڵگرتنى سزاكه‌و نه‌ ده‌سه‌ڵاتیش ئاماده‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و سزایه‌ .