ڕاپۆرتی کوردستانی

01:29 - 22/04/2019

له‌ مه‌نفا نیشتیمانێكیان دروستكرد‌

پەیسەر

کەلاردەشت ناوچەیەکە لە پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران کە لە دووری ٤٨ کیلۆمەتری شاری چالووس و ١٧٠ کیلۆمەتری تارانی پایتەخت هەڵکەوتووە. کەلار دەشت، دەشتاییەکی بەرینە لە بەرزایی چیاکان کە ناوەندەکەی (حەسەن کیف)ە و پانتاییەکەی نزیک ١٠٥٩ کیلۆمەتر سێجایە.

زۆرینەی دانیشتوانی رەسەنی ناوچەکە بە زاراوەی مازەندەرانی و کوردانی کۆچپێکراویش کە لە رابردووی دوورەوە لەو ناچەیە نیشتەجێ بوون بە زاراوەکانی لەکی و گەڕووسی قسە دەکەن.

لە بارەی ژمارەی کوردانی کەلار دەشت ئامارێکی فەرمی لە بەر دەست نییە، بەڵام بە پێی هەندێک سەرچاوە ٧٠%ی دانیشتووانی ناوچەکە کوردان پێکی دەهێنن، چەند سەرچاوەی نافەرمیش ژمارەیان لە ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار کەس مەزەندە دەکەن.

ئەوە لە حاڵێکدایە بە پێی دەیڤد نیڵ مەکێنزی مێژوونوووس و زمانناسی بەریتانی، لە ساڵی١٨٦٠دا زیاتر لە ٦ هەزار خێزانی کورد لە ١٠٠ گوندی ئەو ناوچەیە نیشتەجێ بوون.

کۆچی خێڵە کوردەکان بۆ کەلاردەشت
کورد لە چەند قۆناغێکی جیاجیادا بەرەو کەلاردەشت کۆچی پێ کراوە. یەکەم قۆناغی کۆچی کورد بۆ ئەو ناوچەیە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی شاعەباسی سەفەوی دەگەڕێندرێتەوە کە یەکەم بە مەبەستی قوتکردنەوەی کوردە جەنگاوەرەکان لە بەرامبەر دەسەڵاتدارە سەرکێشەکانی ناوچەکە خۆی بووە کە پێملی فەرمانەکانی نەبوون، دووەم بە مەبەستی ئەوەی بەرەوڕووی هێرشی قزڵباشەکان بۆ سەر ناوچەی گیلان لە باکووری ئێرانیان بکاتەوە.

قۆناغێکی دیکەی کۆچی کوردان بۆ سەردەمی نادرشای ئەفشار دەگەڕێندرێتەوە، نادرشا کە دەبینێ بە هۆی بۆشایی دەسەڵاتی سەفەوییەکان دوای روخانیان، کورد لەو ناوچەیە سەرقاڵی پێکهێنانی کیانێکی سەربەخۆیە، بۆ ئەوەی بیانخاتە بەرامبەر یەکدی و وەک دوو هێزی جەنگاوەر بە گژ یەکتریاندا بکات، چەند خێڵێکی دیکەی کورد لە ناوچەکانی کرماشان (لەکەکان) و بیجاڕەوە (گەڕووسەکان)  بۆ کەلاردەشت دەگوازێتەوە.

لە قۆناغێکیشدا کە کەریمخانی زەند وەک کوردێک فەرمانڕەوایی ئێران بە دەست دەگرێت، هەندێک لە کوردە کۆچپێکراوەکان رێگەی گەڕانەوە بۆ ناوچەی خۆیان پێ دەدرێت، بەڵام چەند خێڵێکی دیکە بۆ سەرکوتکردنی سەرکردەیەکەی رەسەنی ناوچەکە کە گوێڕایەڵی کەریمخان نابن رەوانە دەکرێن و دەمێننەوە.

لە سەردەمی قاجارەکاندا، ئاغا محەمه‌د خانی قاجار بە مەبەستی پەرتەوازەکردنی خێڵە کوردەکانی زەند و وەند، کۆچی زۆرە ملێیان پێ دەکا 

هەروەها لە سەردەمی قاجارەکاندا، ئاغا محەمه‌د خانی قاجار بە مەبەستی پەرتەوازەکردنی خێڵە کوردەکانی زەند و وەند، کۆچی زۆرە ملێیان پێ دەکا و ١٢ هەزار خێزان لە خێڵەکانی کەلهوڕ، خاجەوەند، مافی و عەبدولمەلەکی بۆ ناوچەی ئەستەرئابادی باکووری ئێران دەگوازێتەوە، کە دواتر زۆربەیان دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و تەنیا خێڵی خاجەوەند لە کەلاردەشت دەمێننەوە.

لە بارەی هۆکاری کۆچی کوردان بۆ کەلاردەشت و لە سەردەمی فەرمانرەوایی کەریماخانی زەنددا، توێژەران باس لەوە دەکەن کە لەو قۆناغەدا کەسێک بە ناوی نەعیم شا لە سەر گردی ناسراو بە کەلار کۆشکێکی بۆ خۆی دروست کردووە و حوکمی ناوچەکە دەکات، تەنانەت دراوی تایبەت بە خۆی دروست کردووە. کەریمخان سەرەتا فەرمان بە خێڵی عالی قەلەندەر و لەکەکان دەکات بۆ دەستگیرکردنی نەعیم شا، بە دوای ئەواندا خێڵی دێلفانیش دەنێرێت بۆ ئەوەی پێکەوە نەعیم شا بشکێنن، کە بەو شێوەیە لە ئەستۆی دەستگیرکردنی دێن و بە قۆڵبەستکراوی رادەستی کەریمخانی دەکەن.

بەڵام لە بارەی ئەو کوردانەی لە سەردەمی نادرشادا کۆچیان پێ کراوە، لەگەڵ ئەوەی بە کوردانی ئەهلی حەق ناویان دەهێندرێ هۆکاری کۆچپێکردنیان جگە لە پاراستنی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە، بۆ ئەوەیش گەڕێندراوەتەوە کە نادرشا ترسی بووژانەوەی توانای سیاسی و سەربازییانی هەبووە، بۆیە جگە لە کەلاردەشت چەند بەشێکی کوردانی ئەهلی حەقی بە زۆر گواستووەتەوە بۆ ئازەربایجان و عێراق.

هەندێک سەرچاوەی دیکە و شوێنەواری ناوچەکەش هەن کە ئاماژەن بۆ هەبوونی کورد لە رابردوویەکی زۆر دوورتر لەوەی باس دەکرێت، وەکوو قۆناغی دەسەڵاتدارێتی شەرەفخانی بەدلیسی لە بارەگای شا تەهماسبی سەفەویدا کە وەک بڕواپێکراوی شا لەگەڵ خێڵەکەی (روزکی) دەچنە باکووری ئێران و دەمێننەوە و حوکمڕانی دەکەن.

 (زورکی) خێڵی شەرەفخان بووە کە لە ئەنجامی ململانێی سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتی تورکیا، باکووری کوردستان بەجێ دێڵن و لە ئێران نیشتەجێ دەبن، دواتریش تێکەڵ بە دەسەڵاتدارێتی بنەماڵەی سەفەوی دەبن و دەبنە کاربەدەست و خاوەن دەسەڵات.

لە ناوچەی کەلاردەشت کۆمەڵێک گۆڕ بەدی کراون کە مێژوویان بۆ سەدان ساڵ پێشتر دەگەڕێتەوە و گۆڕی باو باپیرانی خێزانە کورده‌كانن

لە ناوچەی کەلاردەشت کۆمەڵێک گۆڕ بەدی کراون کە مێژوویان بۆ سەدان ساڵ پێشتر دەگەڕێتەوە و گۆڕی باوباپیرانی ئەو خێزانە کوردانەن کە نەیانهێشتووە ناسنامە و داب و نەریت و زمان و تەنانەت مەزارگەی باو و باپیرانیان فەرامۆش بکرێت.

کۆچپێکراوان بۆ کەلاردەشت لە نێوان کورد و لوڕدا
هەر ئەو مێژووە ئاڵۆزەی کوردانی کەلاردەشت وای کردووە، لە بارەی رەچەڵەکیان مشت و مڕ و بۆچوونی جیاجیا بێتە ئارا. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە کۆچپێکراوان لە دوو رەچەڵەکی جیاوازی کورد و لوڕن، ئەوەی زیاتر مشت و مڕ و ناکۆکی لە سەرە، جوگرافیای رەسەنی خێڵە کۆچپێکراوەکان و شێوە زارەکەیانە.

ئەو سەرچاوانەی جەخت لە لوڕ بوونی هەندێک لە خێڵە کۆچپێکراوەکان دەکەن پشت بە چەند فاکتەرێکی جوگرافی و مێژوویی و ناو و نیشان دەبەستن کە لە راستیدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تێکەڵکاری و دابەشکاریانەی حکومەتەکان لە ناوچەکاندا کردوویانە ناتوانن فاکتەری سەلمێنەر بن، یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆر پشتی پێ دەبەستن جوگرافیا و مێژوو و ناو و نیشانی خێڵی دێلفانی کۆچپێکراوە بۆ کەلاردەشت.

خێڵی دێلفان بە گشتی لە ناوچەکانی کرماشان، ایلام، لۆڕستان و هەمەدان، نیشتەجێن. بە زاراوەی لەکی قسە دەکەن و پێڕەوانی ئایینی ئەهلی حەقیان تیادایە، هەرچەند زۆرینەیان پێڕەوی شیعەی دوازدە ئیمامن. هەروەها کەسایەتی گەورەی وەکوو شاخوشینی دامەزرێنەری ئایینی ئەهلی حەق، باوە تاهیری عوریان، خان ئەڵماس و .. یان تیادا هەڵکەوتووە.

تەنیا فاکتەری بوونی ئەوان لە سنووری لوڕستاندا بە واتای لوڕ بوونیان نایەت

ئەو خێڵە لە رووی نیشتەجێبوونەوە لەو ناوچانەدایە ئاماژەیان پێکرا، کە ناوچە گەلێکن بە پێی دابەشکاری حکومی دیاری کراون و ناویان لە سەر داندراوە و لەو دابەشکارییەدا هەندێکیان خراونەتە سەر سنووری ناوچەی دراوسێ. وەک بەشێک لە توێژەران ئاماژەی پێ دەکەن لەکەکان لە ناوچەی رەسەنی خۆیان واتە کرماشان نیشتەجێن، بەڵام دابەشکارییە حکومییەکان دایبڕیون و خستوونییەتە سنووری لوڕستان، بەو پێیە تەنیا فاکتەری بوونی ئەوان لە سنووری لوڕستاندا بە واتای لوڕ بوونیان نایەت. بەو شێوەیە فاکتەری جوگرافیا ناتوانێ فاکتەرێکی سەلمێنەر بێت.

بوونی شارۆچکەیەکی لەکنشین بە ناوی دێلفان لە ناو پارێزگای لوڕستاندا کە هاوناوی خێڵەکەیە، وەک بەڵگەیەکی دیکە بۆ لوڕبوونی لەکەکان پشتی پێ دەبەسترێت کە ئەویش هەر بە لەبەرچاوگرتنی دابەشکارییە حکومییەکان ناتوانێ فاکتەری سەلمێنەر بێت، بە تایبەت کە ئەو شارۆچکەیە بە مەودایەکی کەم نزیکە لە کرماشان.

ئاماژەدان بە هەندێک سەرچاوەی مێژوویی کە باس لە کۆچپێکردنی لەکەکان لە لۆڕستانەوە بۆ کەلاردەشت دەکەن، وەک فاکتەرێکی دیکەی لۆڕبوونیان پشتی پێ دەبەسترێت، کە دیسان بە لەبەرچاوگرتنی دابەشکارییە حکومییەکان و ئەوەی لە بارەیانەوە روون کراوە، ناتوانێ فاکتەری سەلمێنەر بێت. چونکە ئەو سەرچاوانە تەنیا بە شێوەیەکی رووکەشی لوڕستانیان کردووەتە ئەو شوێنەی کۆچی لێوە کراوە و گرنگییان بە وردەکاری سنوورەکان نەداوە. 

لە بەرامبەردا ئەو بۆچوونەی پێداگری لە کوردبوونی لەکەکان دەکات و رەتی دەکاتەوە کەلاردەشت لوڕی بۆ گوازرابێتەوە و تیایدا نیشتەجێ بێت، پشت بە لێکدانەوەی شێوەزارەکان دەبەستێت و بە هێنانەوەی بەڵگه‌ی ئاخاوتن و زمانیان، کورد بوونی سەرجەم کۆچپێکراوانی کەلاردەشت دەسەلمێنێت.

ئەم بۆچوونە باس لە جیاوازی شێوەزاری کۆچپێکراوان بۆ کەلار دەشت دەکات و ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە بە گشتی لە ناو کۆچپێکراواندا بە دوو شێوەزاری جیا لە یەک قسە دەکرێت، بەڵام بەڵگە دەهێنێتەوە کە ئەو شێوەزارانە هیچیان لۆڕی نین و دوو شێوەزاری سەر بە زمانی کوردین کە بریتین لە شێوەزاری لەکی و شێوەزاری گەڕووسی. لە راستیدا ئەم بۆچوونە لە واقیع نزیکتر دەردەکەوێت، چونکە زۆرینەی زۆری توێژەران هاوڕان لە سەر ئەوەی ناوچەی رەسەنی کۆچپێکراوان، ناوچەی لەکەکان (کرماشان) و ناوچەی گەڕووسەکان (بیجاڕ) ە.

بابەتێک کە نابێ لەم باسەدا فەرامۆش بکرێ، بە کورد زانینی لور خۆیەتی کە تەنانەت هەندێک لە لورەکان خۆشیان پێداگری لە سەر دەکەن، بەڵام وەک یەکلابوونەوەی ناسنامەی کۆچپێکراوان بۆ کلاردەشت گرنگە وردەکارییەکان روون بن.

لە سەرەتادا رکابەری و تێکگیرانی زۆر لە نێوان دانیشتووانی رەسەنی ناوچەکە و کۆچپێکراواندا هەبووە

کوردانی کەلاردەشت بە تێکەڵبوون ناسنامەیان لە دەست نادەن
لە کەلاردەشتدا خەڵکی رەسەنی ناوچەکە و کۆچپێکراوان بە (ایل و گیل) ئیل و گیل لە یەک جیا کراونەتەوە، ئیل بە واتای خێڵەکان (کوردەکان) و گیل – یش بە واتای گیلەکییەکان یا گیلانییەکان دێت. گیل ناسناوی دێرینی دانیشتووانی رەسەنی ناوچەکەیە.

لە سەرەتادا رکابەری و تێکگیرانی زۆر لە نێوان دانیشتووانی رەسەنی ناوچەکە و کۆچپێکراواندا هەبووە، هۆکارەکەیشی ئەوە بووە کە حکومەتی ئەو کات لەوەڕگە و زەوییە باشەکانی داوە بە کۆچپێکراوان، بۆیە سوپاسالاری ناوچەکە بە هاوکاری دانیشتووانی رەسەن، فشاری لە کۆچپێکراوان کردووە لە بەرامبەر زەوییەکاندا بڕە پارەیەک بدەن، پاشان قەباڵەیان پێ بدەرێت.

ناکۆکی نێوان ئیل و گیل رۆژ لە دوای رۆژ قووڵتر دەبێ تا دەگاتە ئەوەی رێگە بە ژنخوازی لە نێوان یەکتر نادەن، ئەو بارودۆخە ساڵانێکی زۆر دەخایەنێت تا نزیک ٥٠ ساڵ پێشتر پیاوێکی کورد بە ناوی موسا کە لە ناو خێڵەکەی خۆیدا شوێن و پێگەت باشی دەبێ، لەگەڵ کچێکی گیل بە ناوی کوبرا ژیانی هاوبەشی پێک دێنێ و هەواڵەکەی وەک رووداوێکی چاوەڕواننەکراو بە سەرجەم ناوچەکەدا بڵاو دەبێتەوە.

ئەو رووداوە لە ناو هەر دوو لادا ناڕەزایی و سڵەمینەوەی لێدەکەوێتەوە، کوردان لەوە نیگەران دەبن کە چۆن کوردێک خوێنی خۆی تێکەڵ بە بێگانە کردووە و، گیلەکانیش ئەوە بە رووداوێکی نەهات دەبینن کە دەبێتە مایەی بەسەردا بارینی بەڵا و نەهامەتی. لە دوای ئەو ژنخوازییە هێشتا ماوەی نزیک لە ١٠ ساڵ دەخایەنێت کە دروستکردنی خزمایەتی لە نێوان ئیل و گیلدا هێدی هێدی ئاسایی بێت. 

وەک ئاماژەی پێ کرا زۆرینەی کوردانی کەلاردەشت پێڕەوی ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامین و ژمارەیەکیان لە سەر ئایینی ئەهلی حەقن، کە ساڵانە بۆ زیارەتی شوێنە پیرۆزەکانیان سەردانی ناوچەکانی هەورامان و کرماشان دەکەن. لەگەڵ ئەوەیش پابەندی نەریتە کوردەوارییەکانی خۆیانن و جگە لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ، فه‌رشیش ده‌چنن و لە سەر فەرشەکانیان نەخش و نیگاری کوردی وێنا دەکەن. هەروەها ساڵانە رێورەسمە ئایینی و نەریتەکانیان بە شیوەیەکی سەرنجڕاکێش بەڕیوە دەبن.

لە راستیدا کەلاردەشت تەنیا ناوچەیەکی باکووری ئێران نییە کە کوردی تێدا نیشتەجێیە، بە تایبەت لەو ناوچە دێرین و بەرینەی بە مازەندەران ناسراوە لە زۆر شار و گوندیدا کورادن هەن و سەرباری مانەوەی بە سەدە و ساڵانیان لەگەڵ ئەوەی تێکەڵ بە کەلتوور و داب و نەریتی خەڵکی رەسەنی ناوچەکان بوون، هێشتا ناسنامە و تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانیان پاراستووە و هەر سوور و پێداگرن لە سەر کوردبوونیان و لەگەڵ دەرەوەی خۆیان بە هەر زمانێک قسە بکەن لە ناو خۆیاندا هەر بە کوردی دەدوێن و بە کوردی دەژین. ئەمەیش وایکردووە دیار و بەرچاو بن و بە پێی واقیع و تایبەتمەندییەکانی خۆیان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت.

ئەو ناوچانەی مازەندەران کە کوردیان تیادا نیشتەجێیە بە پێی هەندێک سەرچاوە بریتین لە : ناوچەکانی خۆرئاوای مازەندەران، شارۆچکەی بێهشەهر، قائیم شەهر، نەوشەهر، ناوچەکانی باکووری مازەندەران – شارەکانی جویبار و ساری. لە کەلاردەشت و کجوریش جگە لە ناو شارەکەی، کورد لە گوندەکانی: کلنو، پیمبور، عوسمان، کلا، کوتیر، تویدە، سنک سرک، بنەفشە دێ، تبرسو، ویجدان، تلوچاڵ، کورد محەلە، تایب کلا، کەریم ئاوا، فسیب دێ، ئیمام روود و ... نیشتەجێن.

ئەوەی لە ناو کوردانی کەلاردەشتدا زۆر شوێنی سەرنجە، ئەوەیە کە سەرباری ئەوەی لەچەند خێڵی جیاجیا پێکهاتوون، هەمووان بە خاجەوەند ناویان دەهێندرێ، ئەمەیش باس لە یەکگرتوو بوونیان دەکات کە خۆی بابەتێکی پڕبەهایە، جگە لەوەیش خۆیان تەنیا بە کورد پێناسەی خۆیان دەکەن و هەر پێناسەیەکی دیکە رەت دەکەنەوە.