ڕاپۆرتی کوردستانی

10:42 - 21/04/2019

دوایین پێشهاته‌كانى دانوستانى لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت‌

پەیسەر

دوایین پێشهاتى دانوستانه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت له‌نێوان لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى پێكهێنه‌رى حكومه‌تدا، له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندى قسه‌ى كۆتایى گۆڕان و پارتى و واژۆكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ى یه‌كێتى و پارتى وه‌ستاوه‌، كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ دوورۆژى داهاتوو هه‌نگاوه‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌ به‌پێى ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شه‌ى له‌نێوان لایه‌نه‌كان درووستبووه‌. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردووه‌وه‌ لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى حكومه‌ت درووستبووه‌ بۆ رێككه‌وتنى كۆتایى و پێكهێنانى حكومه‌ت، كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیش په‌یامى كۆتایى بۆ پارتى ره‌وانه‌كردووه‌ كه‌ ئاماده‌ن بۆ رێككه‌وتن.

به‌پێى زانیارییه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى، ئه‌و حزبه‌ له‌رێگه‌ى سه‌عدى پیره‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتییه‌وه‌ په‌یامى ئه‌وه‌ى به‌ پارتى گه‌یاندووه‌، كه‌ ئاماده‌ن بۆ رێككه‌وتن و مه‌رجه‌كانى گۆڕانیان قبوڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ پۆسته‌كه‌یان له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم.

گۆڕان نه‌رمى نواندبوو له‌ به‌رامبه‌ر چه‌ند مه‌رجێك رازى بێت به‌ زیادكردنى جێگرێك بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، ئه‌ویش په‌یوه‌ندى به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌و جێگره‌وه‌ هه‌بوو له‌گه‌ڵ پێشخستنى چاكسازى و یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، یه‌كێتى به‌ پارتى گوتووه‌ ئه‌وان به‌و مه‌رجانه‌ رازین و ئاماده‌ن رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ پارتى واژۆ بكه‌، ئێستا یه‌كێتى چاوه‌ڕێى پارتییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى شاندێك ره‌وانه‌ بكات یاخود كاتى واژۆكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ دیاریبكات.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ پارتى گوتویه‌تى هه‌موو رێككه‌وتنى یه‌كێتى و پارتى، ده‌خاته‌ به‌رده‌م گۆڕان، ئه‌وه‌ له‌ رێگه‌ى شاندێكه‌وه‌ ده‌كات یاخود رێككه‌وتنه‌كه‌یان به‌ رێگه‌یه‌كى دیكه‌ بۆ ده‌نێرێت، ئه‌وه‌ش بۆ دڵنیایى دانه‌ به‌ گۆڕان و هه‌م بۆ ره‌زامه‌ندى گۆڕانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌نگاوه‌كانى دواتر گرفت دروست نه‌بێت.

پارتى په‌یامى ئه‌وه‌ى به‌ گۆڕان گه‌یاندووه‌، كه‌ ده‌قى رێككه‌وتنه‌كه‌یان ده‌خاته‌ به‌رده‌ست ئه‌گه‌ر تێبینییان له‌سه‌ر خاڵێك هه‌یه‌ و پێیان وایه‌ ئه‌و خاڵه‌ دژى رێككه‌وتنى پارتى و گۆڕانه‌ ئه‌وا با له‌ ئێستاوه‌ گفتوگۆى له‌سه‌ربكه‌ن ئه‌گه‌ریش ره‌زامه‌ندن به‌ كۆى رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وا رێككه‌وتنه‌كه‌ى یه‌كێتى و پارتى راسته‌وخۆ واژۆده‌كرێت و راده‌گه‌یه‌ندرێت.

چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ دوورۆژى ئاینده‌ پارتى و گۆڕان كۆتایى به‌ گفتوگۆكانیان بهێنن سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ى پارتى و یه‌كێتى له‌و دوو رۆژه‌دا ده‌قى رێككه‌وتنه‌كه‌ بخرێته‌ به‌رده‌ستى گۆڕان، ئه‌گه‌ر گۆڕان لارى نه‌بێت له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وا راسته‌وخۆ واژۆكردنى راده‌گه‌یه‌ندرێت، ئێستا واته‌ یه‌كێتى چاوه‌ڕوانى پارتى ده‌كات بۆ واژۆكردن و په‌یامى داوه‌ یه‌ پارتى، له‌ به‌رامبه‌ردا پارتیش چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌یه‌ قسه‌ى كۆتایى له‌گه‌ڵ گۆڕان بكات و ره‌زامه‌ندى گۆڕان له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌ربگرێت.

پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وه‌، گۆڕان به‌رامبه‌ر رازیبوونى به‌ زیادكردنى جێگر بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم مه‌رجى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ كه‌ له‌ ده‌ستپێكى حكومه‌ته‌وه‌ چاكسازى ئه‌نجامبدرێت و یاساى چاكسازى له‌ په‌رله‌مان تێبپه‌ڕێت، هه‌روه‌ها هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ به‌ نیشتیمانى بكرێن و هێزى حزبى نه‌مێنێت، پارتیش به‌و مه‌رجانه‌ رازى بووبوو، هه‌روه‌ها به‌پێى ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ى له‌نێوان گۆڕان و پارتى دروست بووه‌ له‌سه‌ر زیادكردنى جێگر بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم پارتى دڵنیایى داوه‌ كه‌ پۆسته‌كه‌ى یه‌كێتى له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتى فراوانى لانابێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانى سنوردار ده‌بێت و سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ نوسراو بۆى دیاریده‌كات.

چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌ هه‌نگاوى كرده‌یى به‌ره‌و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ بنرێت، به‌پێى ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شه‌ى به‌ زاره‌كى دروستبووه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى پێكهێنه‌رى حكومه‌ت.