ڕاپۆرتی کوردستانی

05:15 - 18/04/2019

بۆچى گۆڕان له‌ تێپه‌ڕاندنى یاساى چاكسازى په‌له‌یه‌تى؟‌

پەیسەر

پێده‌چێت گۆڕان په‌له‌په‌لى زۆرى هه‌بێت كه‌ هه‌ر له‌ده‌ستپێكى حكومه‌تى نوێوه‌ وه‌ڵامى به‌شێك لە ناڕەزایی خەڵک و ئه‌و پرسیار و ره‌خنانه‌ بداته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارى حكومه‌ت، بۆیه‌ش ده‌ستپێكى دانوستانه‌كانى به‌ پرسى چاكسازى له‌گه‌ڵ پارتى ده‌ستیپێكردوو كۆتایى دانوستانەكانیشى هه‌ر به‌ پرۆژه‌یاساى چاكسازى قوفڵ كرد كاتێك، رازیبوونى خۆى بۆ زیادكردنى جێگرێك بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم به‌سته‌وه‌ به‌ تێپه‌ڕاندنى یاساى چاكسازى له‌ سه‌ره‌تاى كابینه‌ى نوێدا و هه‌روه‌ها به‌ نیشتیمانیكردنى هێزى پێشمه‌رگه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس له‌ كۆتاییدا گرێى مه‌سه‌له‌ى ژماره‌ى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم یه‌كلابووه‌ته‌وه‌، گۆڕان رازیبووه‌ به‌زیادكردنى جێگرێك به‌ڵام مه‌رجى ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ پرۆژه‌یاساى چاكسازى به‌وجۆره‌ى كه‌ گۆڕان ده‌یه‌وێت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان تێپه‌ڕێت له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌م و كارى ده‌ستپێكى حكومه‌تدا، هه‌روه‌ها هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ به‌ نیشتیمانى بكرێن و هێزه‌كانى حزب هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، به‌وه‌ش گۆڕان ده‌یه‌وێت هه‌م وه‌ڵامى نیگه‌رانییه‌كان بداته‌وه‌، هه‌م تێپه‌ڕاندنى چاكسازیش به‌وجۆره‌ى كه‌ خۆى ده‌یه‌وێت ته‌نها له‌ناوچاوى ئه‌و بناسرێت كه‌ له‌ مێژه‌ داواى چاكسازى ده‌كات.

بۆچى سه‌ره‌تاى كارى حكومه‌ت بێت؟
یه‌كه‌م: متمانه‌ى خه‌ڵك به‌ ده‌سه‌ڵات به‌رێژه‌یه‌كی ئێجار زۆر لاوازو بووه‌، ئه‌گه‌ر كابینه‌ى نوێ له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌نگاوێك به‌ ئاڕاسته‌ى چاكسازى نه‌نێت و نێتى خۆى پیشان نه‌دات ئه‌وا میراتگیرى كێشه‌كانى كابینه‌كانى رابردوو ده‌بێت و خه‌ڵكى بێبڕواتر ده‌بن له‌ ده‌سه‌ڵات.

دووه‌م: گۆڕان له‌ناو رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌ى تێپه‌ڕاندنى یاساى چاكسازى جێكردووه‌ته‌وه‌، دیسانه‌وه‌ بۆ نێت باشى له‌ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ لاى گرنگه‌ راسته‌خۆ ئه‌نجامى به‌شێك له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ خه‌ڵكى به‌رچاوبێت و لە سەرەتاوە بێتە دی.

سێیه‌م: مووچه‌نایاساییه‌كان بارى حكومه‌تیان گران كردووه‌و خه‌ڵك و مووچه‌خۆرانى راسته‌قینه‌ باجه‌كه‌یان داوه‌ له‌ رابردوو، بۆیه‌ به‌ تێپه‌ڕاندنى یاساى چاكسازى هه‌م دڵنیایى بۆ مووچه‌ خۆران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌م بارى حكومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ى پێشوو قورس نابێت و له‌ ده‌ستپێكه‌وه‌ به‌شێكى زۆرى له‌مپه‌ره‌كانى به‌رده‌مى لاده‌بات.

چواره‌م: نادادپه‌روه‌رى زۆر له‌ سیسته‌مى مووچه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان له‌ حكومه‌ته‌كه‌ به‌رده‌وام بێت بێ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌تادا چاكسازى بكرێت، ئه‌وا وادێته‌ پێش چاو له‌ناو هه‌مان سیسته‌م به‌رده‌وامه‌ بێ ئه‌وه‌ى چاكسازى بكات به‌ پێش مه‌رج، بۆیه‌ش پێداگیره‌ له‌ ده‌ستپێكه‌وه‌ جێپه‌نجه‌ى دیار بێت.

پێنجه‌م: چاكسازى له‌ سه‌ره‌تاى كابینه‌كه‌وه‌ یاریده‌ده‌رێكى باش ده‌بێت بۆ ئه‌و كه‌سه‌ى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌بێت بۆ كاروبارى چاكسازى و به‌رچاو روونیه‌كى ده‌بێت و هه‌نگاوێكى پێشوه‌ختى ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌ پرۆسه‌ى چاكسازى بكات.

شه‌شه‌م: یاساكه‌ له‌و یاسایانه‌ ده‌بێت لێكه‌وته‌ى راستەوخۆى له‌سه‌ر ژیانى خه‌ڵك ده‌بێت، به‌وپێیه‌ى به‌ جێبه‌جێكردنى راسته‌وحۆ سیسته‌مى مووچه‌ رێكده‌خرێته‌وه‌و هه‌ندێك له‌ كه‌مه‌كان زۆر ده‌بن و ئه‌وه‌ى نایاساییه‌ چیتر نابێته‌ بارگرانى به‌سه‌ر مووچه‌ خۆرانى دیكه‌وه‌، كه‌ به‌پێى زانیارییه‌كان مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت 70 هه‌زار مووچه‌ خۆرى نایاسایى به‌ربكه‌ون.

هاوار شێخ ره‌ئوف شاره‌زاى كاروبارى دارایى پێى وایه‌ دۆخى حكومڕانى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك، بێ ئه‌نجامدانى چاكسازى حكومه‌ت ناتوانێت به‌رده‌وام بێت، بۆیه‌ چاكسازى بووه‌ته‌ شتێكى حه‌تمى و ده‌بێت له‌ ده‌ستبردن بۆ رێكخستنه‌وه‌ى مووچه‌ له‌ ده‌ستپێكى كارى حكومه‌تى نوێوه‌ ده‌ستپێبكات، ئه‌گینا چیتر كات نه‌ماوه‌.

شێخ ره‌ئوف بۆ په‌یسه‌ر گوتى"ئه‌گه‌ر چاكسازى نه‌كرێت ته‌واوى ره‌هه‌نده‌كانى ئیداره‌ى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ونه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ى زیاتر له‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌، ئه‌و پرۆژه‌ چاكسازییه‌ ده‌بێت مه‌سه‌له‌ى مووچه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان رێكبخاته‌وه‌، وه‌ موڵكى گشتى ئه‌وه‌ى به‌ ناحه‌ق رۆیشتووه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ى زیاده‌ڕەویش زۆر گرنگه‌ چارەسه‌ربكرێت له‌ پرۆژه‌كه‌دا، چاكسازى مه‌سه‌له‌یه‌كى فراوانه‌".

خولى پێشووى په‌رله‌مانى كوردستان پرۆژه‌یه‌ك بۆ چاكسازى له‌ مووچه‌ په‌سه‌ندكراو دواتر گه‌ڕێندرایەوه‌ په‌رله‌مان به‌هۆى نیگه‌رانى خه‌ڵك، گۆڕان له‌م خوله‌ چاوى له‌ زیاتره‌، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس ئه‌و پرۆژه‌ى گۆڕان ده‌یه‌وێت له‌م خوله‌دا تێپه‌ڕێت ته‌نها مه‌سه‌له‌ى مووچه‌و دارایى نییه‌ به‌ڵكو پرۆژه‌یه‌كى گشتگیره‌ بۆ چاكسازى له‌ كۆى سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردنداو باس له‌ چاكسازى له‌ كه‌رته‌كانى دیكه‌ش به‌ دادگا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیشه‌وه‌ كراوه‌، بۆیه‌ چاوى له‌وه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ پرۆژه‌كه‌ تێبپه‌ڕێت و چاكسازى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت بكاته‌ یاسا بۆیه‌ش كۆتایى دانوستانه‌كان به‌ مه‌رجى په‌سه‌ندكردنى ئه‌و پڕۆژه‌ كۆتایى هات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس یه‌كێتى بۆچوونى خۆى له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى چاكسازى له‌ مووچه‌ به‌ پارتى و گۆڕانیش گه‌یاندووه‌و گوتوویه‌تى هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك له‌و باره‌وه‌ ده‌ربچوێندرێت ده‌بێت بۆچوونى ئه‌ویش به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و بێ ره‌زامه‌ندى ئه‌و تێنه‌په‌ڕێت، ئه‌وه‌ش به‌شێكى زۆرى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ناو خانه‌نشینه‌ نایاساییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى به‌شى زۆرى بۆ یه‌كێتى كراوه‌و ئه‌و حزبه‌ ژماره‌یه‌كى به‌رچاوى كادیره‌كانى خۆى له‌ پله‌ى سه‌ربازى جیاجیا خانه‌نشین كردووه‌، ئێستاش دوو دڵه‌ به‌ تێپه‌ڕینى پرۆژه‌كه‌ به‌ پله‌ى یه‌كه‌م كادیره‌كانى ئه‌و زیانمه‌ندبن.

رۆژی 30-12-2017 ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیاسایەكی بەناوی (چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق) پەسەندكرد و رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ پەسەندكردنی، دواى ساڵێك له‌ ته‌مووزى 2018 یاساكه‌ په‌سه‌ندكراو دواتر له‌ژێر فشارى خه‌ڵكى ناڕازیدا له‌ یاسا نوێیه‌كه‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان واژۆیان نه‌كردوو گێڕایانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانى كوردستان.

عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكى فراكسۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، ئه‌وان سوورن له‌سه‌رئه‌وه‌ى دواى پێكهێنانى حكومه‌ت یه‌كه‌م یاسا په‌رله‌مان ده‌ستى بۆ به‌رزبكاته‌وه‌ یاساى چاكسازى بێت، بۆ ئه‌وه‌ش پرۆژه‌ یاساكه‌یان ئاماده‌یه‌و به‌شێوه‌یه‌كى وردتر له‌ پرۆژه‌ یاساى پێشوو ئاماده‌كراوه‌، دوومانگى سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نى كابینه‌ى نۆیان دیاریكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یاساکە دەربچێت.

له‌ پرۆژه‌كه‌دا ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ مووچه‌وه‌ هه‌یه‌، چه‌ند جۆرێك خانه‌نشینى نا یاسایى هه‌یه‌ كه‌ مووچه‌كانیان پێوه‌ده‌بێت و دواى تێپه‌ڕبوونى یاساكه‌ یاخود ده‌بڕێت یاخود كه‌م ده‌بێته‌وه‌، وا باس ده‌كرێت هه‌ندێكیش به‌تایبه‌ت ئه‌و خانه‌نشینانه‌ى مووچه‌ى كه‌میان هه‌یه‌ زیاد بكرێت.

-خه‌ڵكانێك به‌ وه‌زیر یاخود راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى خانه‌نشین بوون و ساڵى خزمه‌تیان نه‌بووه‌.
-به‌ لیواو عه‌مید و موقه‌ده‌م و پله‌ سه‌ربازییه‌كانى دیكه‌ خانه‌نشین كراون بێ ئه‌وه‌ى خزمه‌تیان هه‌بێت.
-ئه‌وانه‌ى دوو مووچه‌و سێ مووچه‌یان هه‌یه‌.
-ئه‌وانه‌ى به‌پێشمه‌رگه‌ى دێرین خانه‌نشین كراون و پێشمه‌گه‌رگایه‌تییان نه‌كردووه‌.
-به‌ كه‌مئه‌ندامى سه‌نگه‌ر مووچه‌ بۆ خه‌ڵكی بڕدراوه‌ته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى كه‌مئه‌ندامى سه‌نگه‌ر بێت.
-به‌شێك له‌ خانه‌نشینان خزمه‌تیان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ پله‌ى باڵاتر له‌ پله‌ى خۆیان خانه‌نشین كراون.
كۆى ژماره‌ى ئه‌م جۆرانه‌ى خانه‌نشینى به‌پێى ئاماره‌كانى په‌رله‌مانتاران ٧٠ هه‌زار مووچه‌ خۆرن، به‌ چاكسازیكردن له‌ مووچه‌كانیان وه‌ك ده‌گوترێت بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و به‌وجۆره‌ش ئاسانتر حكومه‌ت ده‌توانێت ده‌ره‌قه‌تى كێشه‌ى مووچه‌ بێـت، به‌ تایبه‌ت ئێستا خه‌ڵكانێكى زۆر چاوه‌ڕێى دامه‌زراندن و چه‌ند ساڵێكه‌ دامه‌زراندن بۆ ده‌رچووانى زانكۆ نه‌ماوه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت به‌ واسیته‌ى حزب خه‌ڵك داده‌مه‌زرێندرێت.

پاشكه‌وتى مووچه‌.

به‌پێى پرۆژه‌كه‌ میكانیزمى دانه‌وه‌ى قه‌رزى فه‌رمانبه‌ران لاى حكومه‌ت به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك دیاریكراوه‌.
-ژماره‌ حسابى بۆ مووچه‌ خۆران بكرێته‌وه‌و كۆى قه‌رزه‌كه‌ى تێدا دابنرێت.
-مووچه‌خۆر بتوانێت قه‌رزه‌كانى حكومه‌ت له‌و هه‌ژماره‌ بانكییه‌ بداته‌وه‌.
-قۆناغى سێیه‌م حكومه‌ت به‌شێك له‌ قه‌رزه‌كان بگێڕێته‌وه‌ بۆ مووچه‌خۆران.

به‌شێكى دیكه‌ى پرۆژه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چاككردنى مووچه‌ی ئه‌و خانه‌نشینانه‌ى مووچه‌ى كه‌میان هه‌یه‌، عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح ده‌ڵێت، خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر خانه‌نشینى وه‌رده‌گرێت و له‌ سلێمانیش، چونكه‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كى خانه‌نشینى هه‌یه‌، به‌ڵام به‌پێى پرۆژه‌ یاساى چاكسازى ده‌زگایه‌كى خانه‌نشینى یه‌كگرتوو بوونى ده‌بێت، به‌ سیسته‌مێك هه‌ر خانه‌نشینێك دۆسیه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ده‌بێت و هه‌موو زانیارییه‌كانى تێدا ده‌بێت.

شه‌مه‌نده‌فه‌رى حكومڕانى له‌ هه‌رێمى كوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ تونێلێك بێ ئه‌نجامدانى چاكسازى مه‌حاڵه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، گه‌نده‌ڵى زیاتریش مه‌ترسى ته‌قینى تونێله‌كه‌ى زیاتر كردووه‌، بۆیه‌ش پێده‌چێت یاساكه‌ ده‌رفه‌تێك بدات به‌ حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ناسه‌یه‌ك بدات و هه‌ندێك خۆى له‌ خه‌ڵك نزیك بكاته‌وه‌، به‌وه‌ش هه‌م وه‌ك كابینه‌یه‌كی جیاواز خۆى بخاته‌ به‌رچاو هه‌م نێتى خۆشى وا بخاته‌ڕوو كه‌ به‌دواى چاكسازییه‌وه‌یه‌.

پاره‌ى ته‌رخانكراو بۆ مووچه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان دواى هه‌ڵگرتنى پاشكه‌وتى مووچه‌ نزیكه‌ له‌ ٩٠٠ ملیار دینار، به‌ گوته‌ى په‌رله‌مانتاران به‌ تێپه‌ربوونى پرۆژه‌ یاساى چاكسازى ئه‌م رێژه‌یه‌ بۆ خوار ٨٠٠ ملیار داده‌به‌زێت، سه‌رچاوه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم ئێستا نزیكه‌ى ٧٢٠ ملیار دینار داهاتى مانگانه‌ى نه‌وت و ٥٢٢ ملیارى به‌غدایه‌. به‌ڵام له‌ پاره‌ى نه‌وت ٣٧٨ ملیارى بۆ مووچه‌ ره‌وانه‌ده‌كرێت و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ گوته‌ى خۆى ئه‌وه‌ى دیكه‌ى به‌ قه‌رز ده‌داته‌وه‌.

ره‌نگه‌ گونجاوترین رێگه‌ له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌كانى ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیۆنیش ئه‌وه‌بێت كه‌ پشتیوانى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بن بۆ چاكسازى هه‌نگاوى بۆ نراوه‌و به‌وه‌ش گۆڕان هه‌م به‌ پشتیوانى ئۆپۆزسیۆن قسه‌ى زیاتر ده‌یخوات و هه‌م به‌ پشتیوانى یه‌كێتى و پارتیش ده‌توانێت ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م پرۆژه‌ى چاكسازى لابه‌رێت، بۆ هه‌ركام له‌و دووبه‌ره‌یه‌ش چاكسازى ده‌ستكه‌وتى سیاسى ده‌بێت و خه‌ڵكیش براوه‌ى یه‌كه‌م له‌ ئه‌گه‌رى ئه‌نجامدانى چاكسازى راسته‌قینه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ قۆناغى داهاتوو بۆ ئۆپۆزسیۆن و بۆ ده‌سه‌ڵاتیش بێ ده‌ستكه‌وت ده‌بێت و هه‌ردوولا شتێكى ئه‌تۆیان لانابێت به‌ خه‌ڵكى بڵێن"ئه‌وه‌مان كرد".